تابلۆی قیژە

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-05-15-21:24:00 - کۆدی بابەت: 8654
تابلۆی قیژە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تابلۆی قیژە (بە ئینگلیزی: The Scream، بە عەرەبی: الصرخة) بەناوبانگترین کاری ئێدڤارد مەنکی نیگارکێشی نەرویجییە، لە ساڵانی ١٨٩٠ لە شارەکانی بەرلین و ئازگارسترند کێشاویەتی. تابلۆکە ئاوێنەدانەوەی هەستەکانی هونەرمەندەکەیە دەربارەی بارودۆخی مرۆڤ و سەدەی نوێ و مۆدێرنی ساڵانی ١٩٠٠. تابلۆی قیژە ئایکۆنی هونەری مۆدێرنە، بە مۆنالیسای سەردەم ناسراوە. مەنک لە تابلۆکەیدا تێڕوانین و دۆخی ئێمەی سەبارەت بە سەردەمی خۆمان نەخشاندووە کە بە دڵەڕاوکێ، ترس و نادڵنیایی وێران بووە.

ئێدڤارد مەنک کێیە؟

ئێدڤارد مەنک وێنەکێش و هونەرمەندێکی نەرویجی سەر بە ڕێبازی دەربڕینگەرایی (ئێکسپرێنشیزم) بوو، بەناوبانگترین کاری تابلۆی قیژەیە کە بووەتە یەکێک لە ئایکۆنەکانی جیهانی هونەری. ئێدڤارد لە ساڵی ١٨٦٣ لە نەرویج لەدایکبووە و لە شاری کریسچیانیا (ئۆسلۆی نوێ) گەورەبووە. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا دایکی بە نەخۆشی سیل کۆچی دوایی کرد. باوکیشی بەدەست نەخۆشی دەروونییەوە ناڵاندوویەتی، ئەوەش کاریگەری هەبووە بەسەر شێوازی پەروەردەکردنی خۆی و خوشک و براکانییەوە. باوکیان بە ترسان لە نەگۆڕانی هەست و بیروباوەڕ بەخێوی کردوون، ئەمەش هۆکارێکە ئەوە ڕووندەکاتەوە بۆچی ئێدڤارد تۆنی تۆخ و تاریکی بەکارهێناوە و کێشەی کپکردنی هەستەکانی هەبووە لەکاتی گەورەبووندا. 
ئێدڤارد کەوتووەتە ژێر کاریگەری هونەرمەندەکانی سەر بە ڕێبازی ئیمپرێشنیزم و پۆست-ئیمپرێشنیزم بوون. بەشێک لە کارەکانیشی سەر بە ڕێبازی سیمبولیزمن و بە یەکێک لە دیارترین وێنەکێشەکانی ڕێبازی سیمبولیزمی سەدەی ٢٠ دادەنرێت.
زۆربەی کارەکانی مەنک دەربڕین و پیشاندانی دیمەنی ژیان و مردن، خۆشەویستی، ترس و هەستی تەنهاییە، کە لەلایەن بینەرانەوە هەست بەوە کراوە هەستی تەنهایی زۆر سەرنجی خراوەتە سەر لەلایەن هونەرمەندەکەوە.
ئێدڤارد لە ساڵی ١٩٤٤ لە شارۆچکەیەکی نزیک ئۆسلۆ کۆچی دوایی کردووە.

سەبارەت بە تابلۆکە

تابلۆی قیژە یەکێکە لە ناسراوترین تابلۆکانی سەردەمی هونەری مۆدێرن. ئەم تابلۆیە لە جۆری خود-ژیاننامەیە، سەر بە ڕێبازی هونەری دەربڕینگەراییە و لە ئەزموونێکی ڕاستەقینەی مەنک خۆیەوە هاتووەتە بوون. تابلۆکە ئەزموونی نۆرەیەکی تۆقینە کە لە ساڵی ١٨٩٢ هونەرمەند خۆی تووشی بووە و بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکە دەکات کاتێک لە قەراغی شاری کریسچیانیا (ئۆسلۆی ئێستا) پیاسەی دەکرد: "لە دەرەوە لەگەڵ دوو هاوڕێمدا پیاسەم دەکرد، خۆر خەریک بوو ئاوا دەبوو، لەناکاو ڕەنگی ئاسمان بوو بە سوورێکی خوێنین، وەستام. هەستم بە ماندوویەتی دەکرد، خۆم دا بەسەر شیشەبەندی قەراغی شەقامەکەدا. زمانەی ئاگر و خوێنم بەسەر تەنگەبەرە شین و ڕەشباوەکە و شارەکەدا دەبینی. هاوڕێکانم بەردەوام بوون لە ڕۆشتن و منیش لە ترسدا دەلەرزیم و هەستم بە دەنگی قیژەیەکی دوورودرێژ کرد لە هەوادا. بەشێوەیەک هەستم پێ کرد وەکوو ئەوەی هەر لە ڕاستیدا گوێم لێی بێت. ئەم وێنەیەم کێشا، ڕەنگی هەورەکانم بە ڕەنگی سووری خوێنین ڕەنگکردووە. ڕەنگەکان هاوار دەکەن"
مەنک لە تابلۆکەیدا زنجیرەیەک لە هێڵی شەپۆلداری کێشاوە وەکوو هێمایەک بۆ قیژەکە، ئەم زنجیرە شەپۆلدارانە وەکوو شەپۆلی شۆکاوی ئەو دەمووچاوە باریک و بچووک دەکەنەوە کە لە وێنەکەدایە وەکوو ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێکە بنچینەیی بێت و لەناخی فیگەرە بێ ڕەگەز و کەسایەتییەکەوە هەڵقوڵابێت. ئەم کاریگەرییە لەسەر کەسایەتی ناو تابلۆکە بەوە دووپات کراوەتەوە کە ئەو دوو هاوڕێیەی لەگەڵیدان کە دوورکەوتوونەتەوە لێی، ساغ و بێ کێشەن، ئەمەش بەو واتایەی تراوماکە لەناو مێشکی خۆیدایەتی نەک لە جیهانی دەرەوەدا بێت. 
لە تابلۆکەدا دوو بەلەمی تێدایە، لەوانەیە مەبەست لەو دوو بەلەمە ئەو هێمنی، ئارامی و یەکگرتووییەی ئەورووپا بێت پێش ساڵانی ١٩٠٠. ئەم هێما ئارامانە لەناو باکگراوندەکەدا دیار نامێنن و بەرەو کاڵبوونەوە دەچن، لەکاتێکدا هێڵە تیژ و دیارەکان فیگەرە سەرەکییەکە دەهێننە پێشی پێشەوە. مەنک لە تابلۆکەیدا ترسی زۆر و تۆقینی مرۆڤی بەستووەتەوە بە چوونە ناو سەردەمی نوێ و تۆقێنەری مۆدێرن کە بە سەردەمی شەڕ و ناکۆکی و پیشەسازی ئامێر ناسراوە.

چەند وەشانێکی تری هەیە

مەنک چەند وەشانێکی تری تابلۆی قیژەی کێشاوە، بە پێی سەرچاوەکان چوار وەشانی هەیە. دووانیانی لە ساڵی ١٨٩٣ کێشاوە، یەکێکی تر لە ساڵی ١٨٩٥ و دانەیەکی تر لە ساڵی ١٩١٠. لە ئێستادا یەکێکیان لە مۆزەخانەی نەتەوەیی ئۆسلۆیە و یەکێکی تریشیان لە مۆزەخانەی مەنکە.
لە دانەیەک لە تابلۆکاندا بە دەستوخەتی خۆی لەسەری نووسیوە: "تەنها شێتێک دەتوانێت شتێکی ئاوا بکێشێت"

دەرئەنجامەکانی تابلۆکە

بیرۆکەکە بە بەردەوامی لەبەرگیراوەتەوە، کراوە بە وێنەی کارتۆنی و بەچەندەها شێوە بازرگانی پێوەکراوە، و بەبێ هیچ گومانێک یەکێکە لە بەناوبانگترین وێنەکان لە جیهانی هونەریدا. بووە بە وێنەیەکی جیهانی و نەمر بۆ دەربڕینی دۆخی ترسی مرۆڤ.


سەرچاوەکان



805 بینین