ئەی سەییادی باکەماڵە، هێندە دڵ نەخجیر مەکە - شێخ ئەحمەدی کۆر

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-05-15-21:29:00 - کۆدی بابەت: 8655
ئەی سەییادی باکەماڵە، هێندە دڵ نەخجیر مەکە - شێخ ئەحمەدی کۆر

ناوه‌ڕۆك

ئەی سەییادی باکەماڵە، هێندە دڵ نەخجیر مەکە‌

شاعیر: شێخ ئەحمەدی کۆر 

بەرهەم: دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر 

هۆنراوە: ئەی سەییادی باکەماڵە، هێندە دڵ نەخجیر مەکە‌

ئەی سەییادی باکەماڵە، هێندە دڵ نەخجیر مەکە‌
کوشتنی عاشق حەڵاڵه، ‌ لەو ڕەقیبە بیر مەکە

چی ڕەقیبە ڕەدد و ئینکار، نین له ‌دەردی دڵ خەبەردار
هەر دەڵێ عوششاقی بێکار، بیکووژە تەقسیر مەکە

تۆ لە قەتڵیت خێر دەگاتێ‌، مەیدەیە ئاوی حەیاتێ
ئەرزێکی نەفعت نەداتێ، ماڵی لێ تەعمیر مەکە

لێی مەکە تەعمیر بە جارە، زەحمەت و ڕەنجت خەسارە
یا مەدە تۆ کەس جغارە، یا لە خۆی دڵگیر مەکە

هەر کەسێک بێ‌بیروڕا بێ، شیبهی دار وشک و ڕەها بێ
حەز دەکەم عەیشی نە چا بێ، کاری بێ تەدبیر مەکە

کار و ئەسبابی جیهانی، جوملە بێ نەفعی‌یو فانی
لەفزێکی مەعنی نەزانی، مەعنی‌یی تەفسیر مەکە

وەک خەلیلی پاک دین بە، ساحێبی سیدق و یەقین بە
(لَا أُحِبُّ الْآفِلِين) بە، خۆفێ ئەز ئاگر مەکە

ئاگری نەمروود و شەیتان، بۆ خەلیلی بوو بە ڕەیحان
گەر تۆ هەی ساحێبی ئیمان، قەلبی خۆت کافر مەکە

زەخمی پەیکان تیری مەستان، خەلعەتن بۆ دڵ دروستان
تۆ میسالی تەن پەرستان، پارێز ئەز شمشیر مەکە

زەربێکی شمشیر بارە، قاتڵی چەندین هەزارە
نایچێژێ تیری لە ژارە، فکری شەکر و شیر مەکە

فکری شەکر و شیر شیرینە‌، ئایینەی قەلبت ببینە
تۆ لە بوخڵ و بوغز و کینه، ‌ جان و دڵ ماهیر مەکە

ماهیری فیعلی بەتاڵە، دڵ بە دنیا ئیشتیغاڵە
دەم لە عیلمی قیل و قاڵە، شیبهەتی شاعیر مەکە

شاعیری‌یو تەڕزبانی، خاسە وەسفی یاری جانی
کیمیایی دڵ نەزانی، تەن وەکی ئیکسیر مەکە

'ئەحمەدی کۆر' بەهری جانان، بەس بکە داد و فوغانان
تۆ ڕەئیسی حیلەزانان، هێندە دەم تەزویر مەکە


سەرچاوەکان



279 بینین