بەرگریی ئەنسۆلین

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-05-15-23:54:00 - کۆدی بابەت: 8666
بەرگریی ئەنسۆلین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەرگریی ئەنسۆلین (بە ئینگلیزی: Insulin resistance) کاتێک ڕوودەدات کە خانەکانی ماسولکە، چەوری و جگەر بەباشی وەڵامدانەوەیان بۆ ئەنسۆلین نەبێت و نەتوانن گلوکۆزی خوێن بۆ وزە بەکاربهێنن، پەنکریاسیش وەک ڕێگەچارەیەک بەردەوام ئەنسۆلینی زیاتر بەرهەم دەهێنێت بۆ ئەوەی کار بکات بەڵام ئەنسۆلینەکە کار ناکات و لە ئەنجامدا ڕێژەی گلوکۆزی خوێن بەرز دەبێتەوە و دەبێتە هۆی چەند نەخۆشییەکی مێتابۆلیکی، وەکوو نەخۆشیی شەکرەی پشتنەبەستوو بە ئەنسۆلین (شەکرەی جۆری دوو)، قەڵەوی، بەرزەپەستانی خوێن، بەرزیی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵی خراپ. بەرگریی ئەنسۆلین کێشەیەکی زۆر باوە و لە هەر سێ کەسێکدا لە ئەمریکا کەسێکیان بەرگریی ئەنسۆلینی هەیە.

چۆن بەرگریی ئەنسۆلین نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو دروست دەکات

کاتێک کەسێک بەرگریی ئەنسۆلینی هەبێت، پەنکریاس ئەنسۆلینی زیادە دروست دەکات بۆ ئەوەی ناتەواوییەکە ڕاست بکاتەوە، بەمەش بۆ ماوەیەکی کاتی ئاستی شەکری خوێن ئاسایی دەبێتەوە. لەگەڵ تێپەڕینی کات پەنکریاس ناتوانێت هەروا بەردەوام بێت لە زیاد بەرهەمهێنانی ئەنسۆلیندا، ئەگەر کەسەکە گۆڕانکاری لە شێوازی خواردن و کردنیدا نەکات ئەوا ئاستی شەکری خوێن بەرزدەبێتەوە تاوەکوو دەگاتە حاڵەتی شەکرەی پێشوەختە (Prediabetes)، کە لێرەدا ئەنجامی پشکنینی خوێن بەم شێوەیە دەبێت:

  • پشکنینی گلوکۆزی لەخورینیی (برسیەتی)ـی خوێن: لە نێوان ١٠٠ - ١٢٥ بێت
  •  پشکنینی بەرگەگرتنی گلوکۆزی دەمی: لە نێوان ١٤٠ - ١٩٩ بێت، دوای دووەم پشکنین
  • پشکنینی شەکرەی سێ مانگی (HbA1c): لە نێوان ٪٥.٧ - ٪٦٠٤ بێت

ئەگەر هاتوو کەسەکە نەیتوانی شەکرەی پێشوەختە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو دەستنیشان دەکرێت کە لەم حاڵەتەدا ئەنجامی پشکنینی خوێن بەم شێوەیە دەبێت: 

  • پشکنینی گلوکۆزی لەخورینیی خوێن: ١٢٦ یان زیاتر بێت
  • پشکنینی بەرگەگرتنی گلوکۆزی دەمی: ٢٠٠ یان زیاتر بێت دوای دووەم پشکنین
  • شەکرەی سێ مانگی (A1c): ٪٦.٥ یان زیاتر بێت

نیشانەکان

ناتوانرێت هەست بە بوونی بەرگریی ئەنسۆلین بکرێت لە کەسێکدا، بەڵکوو پێویستە پشکنینی گلوکۆزی خوێنی بۆ ئەنجام بدرێت. 

هەندێک لە هێماکانی بەرگریی ئەنسۆلین بریتین لە:

  • بوونی کەمەرێک کە زیاتر  لە ١٠٢ سانتیمەتر بێت لە پیاواندا و زیاتر لە ٨٩ سانتیمەتر بێت لە ژناندا
  • پەستانی خوێن ١٣٠/٨٠ یان بەرزتر بێت
  • ئاستی گلوکۆزی برسییەتی (لەخورینی) لە ١٠٠ ملیگرام لەسەر دیسیلیتر بەرزتر بێت
  • ئاستی چەوریی سیانەگلیسرایدی لەخورینی لە ١٥٠ ملیگرام لەسەر دیسیلیتر بەرزتر بێت
  • ئاستی کۆلیستڕۆڵی باشی خوێن (HDL) بۆ پیاوان لەژێر ٤٠ ملیگرام لەسەر دیسیلیتر بێت و بۆ ئافرەتانیش لەژێر ٥٠ ملیگرام لەسەر دیسیلیتر بێت
  • بوونی زیادە گۆشت (Skin tags)
  • دروتسبوونی پەڵەی ڕەش و چرچ و گڕنیبوونی پێست بە ناوی (Acanthosis nigricans)

هۆکار

توێژەرەوەکان تا ئێستا بە تەواوی نازانن هۆکاری بەرگریی ئەنسۆلین و شەکرەی پێشوەختە چییە، بەڵام پێیان وایە کە قەڵەوی و ناچالاکیی جەستەیی سەرەکیترین هۆکار بن.

قەڵەوی: شارەزایان پێیان وایە کە قەڵەوی، بەتایبەتیش بوونی چەورییەکی زۆر لە سک و دەوری ئەندامەکان سەرەکیترین هۆکاری بەرگریی ئەنسۆلینە، بوونی کەمەرێک زیاتر لە ١٠٢ سانتیمەتر بۆ پیاوان و زیاتر لە ٨٩ سانتیمەتر بۆ ئافرەتان پەیوەندیی بە بوونی بەرگریی ئەنسۆلینەوە هەیە، تەنانەت ئەمە لەو حاڵەتەشدا ڕوودەدات کە کێشی کەسێک لە ئاستی ئاساییدا بێت. هەرچەندە توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە ئەمریکییە ئاسیایییەکان ئەگەری تووشبوونیان زیاترە. توێژەرەوەکان پێیان وابوو کە چەورییە شانەکان تەنیا شوێنی هەڵگرتنی وزە بوون، بەڵام توێژینەوەکان دەریان خستووە کە چەوریی کەمەر هۆڕمۆن و ماددەی تر دروست دەکات کە دەبێتە هۆی هەوکردنی درێژخایەن لە جەستەدا، ئەم هەوکردنەش ڕۆڵی هەیە لە دروستبوونی بەرگریی ئەنسۆلین، شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشییەکانی دڵەلوولە کۆئەندام. قەڵەوی دەبێتە هۆی بەرگریی ئەنسۆلین کە لە ئەنجامیشدا هۆکارێکە بۆ نەخۆشیی چەوریی جگەر

ناچالاکیی جەستەیی: نەبوونی چالاکیی جەستە بەپێی پێویست دەبێتە هۆی بەرگریی ئەنسۆلین و شەکرەی پێشوەختە. وەرزشکردن و چالاکیی جەستە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە جەستەدا کە توانایەکی باشتر بۆ بەهاوسەنگی هێشتنەوەی ئاستی گلوکۆزی خوێن دابین دەکات.

هۆکارە جێی مەترسییەکان

دەستنیشانکردن و پشکنینی بەرگریی ئەنسۆلین

پزیشک بەم ڕێگەیانەی خوارەوە بەرگریی ئەنسۆلین دەستنیشان دەکات:

١. پرسیار لە بارەی مێژووی نەخۆشیی خێزان دەکات

٢. پشکنینی جەستەیی دەکات، کێشی جەستە و پەستانی خوێن دەپێوێت

٣. پشکنینی بەرگریی ئەنسۆلین لە خوێن ئەنجام دەدات کە بریتین لە:

پشکنینی گلوکۆزی لەخورینیی خوێن: ئەم پشکنینە ئاستی شەکری خوێن هەژمار دەکات دوای ئەوەی کەسەکە بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر یان زیاتر خواردنی نەخواردبێت.

پشکنینی بەرگەگرتنی گلوکۆزی دەمی: سەرەتا پشکنینی گلوکۆزی لەخورینی دەکرێت، دواتر گیراوەیەکی شەکراو دەخورێتەوە و دوای دوو کاتژمێر پشکنینێکی تری شەکری خوێن دەکرێت.

پشکنینی شەکرەی سێ مانگی (HbA1c): ئەم پشکنینە تێکڕای ئاستی شەکری خوێن لەماوەی دوو بۆ سێ مانگی ڕابردوو پیشان دەدات، پزیشکەکان ئەم پشکنینە بۆ دەستنیشانکردنی شەکرەی پێشوەختە یان نەخۆشیی شەکرە بەکاردەهێنن. ئەگەر کەسەکە شەکرەی هەبێت، ئەم پشکنینە یارمەتیدەرە لەوەی بزانێت شەکرەکەی کۆنتڕۆڵکراوە یاخوود نا.

کێشە و لێکەوتەکانی بەرگریی ئەنسۆلین

چارەسەر و ڕێگریکردن

ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەرن لە ڕێگریکردن و پێچەوانەکردنەوەی بەرگریی ئەنسۆلین، هەروەها ڕێگریکردن لە تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو:

ڕاهێنانی وەرزشی: ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە نیو کاتژمێر وەرزشێکی مامناوەند بکرێت، وەکوو پیادەڕەوی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ یان زیاتر لە هەفتەیەکدا. 

هەبوونی کێشی جەستەیەکی تەندروست: بە ڕاوێژکردن لەگەڵ پسپۆڕی خۆراک و پزیشک دەتوانرێت کێشی گونجاوی جەستە دیاری بکرێت و هەوڵی بۆ بدرێت. 

پەیڕەوی خواردنی تەندروست: وەکوو میوە، سەوزە، دانەوێڵە، بوندقەکان، پاقلەمەنییەکان، ماسی و پڕۆتینە سووکەکان.

دەرمان: هەندێک دەرمانانی دژەشەکرە هەن کە پزیشک ڕەچەتەیان دەکات بۆ بەهاوسەنگی هێشتنەوەی ئاستی شەکری خوێن، وەکوو میتفۆڕمین.


سەرچاوەکان



560 بینین