بەکارهێنانەکانی بۆدرەی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-05-20-22:20:00 - کۆدی بابەت: 8721
بەکارهێنانەکانی بۆدرەی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆدرەی منداڵ تۆزێکی نەرمی سپییە، بۆ ڕێگریکردن لە خوران و سووتانەوەی پێستی منداڵ بەکاردێت. ئەم بەرهەمە بەهۆی تایبەتمەندییە فیزیایی و کیمیاییە ناوازەکانییەوە چەندین بەکارهێنانی هەیە لە پیشەسازی جوانکاریدا، هەرچەندە بەکارهێنانی سەرەکی ئەم بۆدرەیە بۆ منداڵە، بەڵام چەندین بەکارهێنانی تری هەیە کە ڕەنگە ئاگاداری نەبیت.

بەکارهێنانە جیاوازەکانی بۆدرە

بۆنخۆشکردنی جێگای خەوتن: ئەگەر هەستت کرد جێگاکەت بۆنی ئارەقی لێدێت دەتوانیت بە چارەسەری جۆراوجۆر ئەم کێشەیە نەهێڵیت، جگە لەو شێوازە جۆراوجۆرانەی کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی جێگاکە، دەتوانیت بە بۆدرەی منداڵانیش ئەم بۆنە ناخۆشە نەهێڵیت، پێش خەوتن و دوای هەستانەوە لە جێگاکەت، تەنها کەمێک بۆدرە بڕێژە بەسەر جێگاکەدا، بۆدرەکە شێ و بۆنە ناخۆشەکان هەڵدەمژێت و وادەکات جێگای خەوتن و دۆشەکەکەت بۆنێکی زۆر خۆشی هەبێت.

کردنەوەی گرێی خشڵ و زنجیر: ئەگەر ملوانکە، دەست بەند یان تاقمی خشڵەکەت گرێدراوە یان ئاڵۆز بووە، کەمێک بۆدرەی منداڵ بەسەر ئەم گرێیانەدا بڕژێنە و بە نەرمی لە نێوان پەنجەکانتدا مەساجیان بکە بۆ ئەوەی وردە وردە گرێکان شل ببنەوە، بە توندی ئەم کارە ئەنجام مەدەن چونکە ڕەنگە دەست بەند یان ملوانکەکەت بپچڕێت هەروەها دەتوانیت ئەم گیراوەیە بۆ گرێ کوێرە جۆراوجۆرەکان بەکاربهێنیت، لەوانە گرێ کوێرەکانی قەیتانی پێڵاو.

پاککردنەوەی کتێبە چەورەکان: زۆرجار ئەو کتێبی خواردن دروستکردنانەی بەکاردەهێنرێن لە کاتی چێشتلێناندا چەور دەبن، ئەگەر ئەم کێشەیەت هەیە بۆدرە بەکار بهێنە، کەمێک بۆدرە بڕێژە بەسەر لاپەڕەکانی کتێبەکەدا کە پێت وایە چەورن و چاوەڕێ بکە تا بۆدرەکە چەورییەکان هەڵدەمژێت، بەم شێوەیە کێشەکەت چارەسەر دەبێت.

پاککردنەوەی پێڵاو و پێ: بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی پێڵاوەکان پێویست ناکات زوو زوو فڕێیان بدەیتە ناو جل شۆڕەوە، بۆ ئەوەی لەو بۆنە ناخۆشە ڕزگارت بێت، تەنها هەموو بەیانییەک کەمێک بۆدرە بڕێژە ناو پێڵاوەکانتەوە و تەنانەت کەمێک بۆدرە بخەرە سەر پێت، ئەمەش وا دەکات بۆدرەکە ئارەقەی پێ هەڵبمژێت و لە هەمان کاتدا بۆنێکی خۆش بە پێڵاو و پێیەکانت دەدات، ئەمەش بە تایبەتی بەسوودە ئەگەر گۆرەوی لەپێ نەکەیت.

هەڵمژینی شێی شلەمەنیەکان: لەسەر قوماش یان فەڕش ئەگەر هەر خواردنەوەیەک یان هەر شلەمەنییەک لەسەر جلەکانت یان بە تایبەتی فەڕش و قەنەفەدا ڕژان، بۆدرەی منداڵ یارمەتیت دەدات بۆ نەهێشتنی کاریگەرییەکانی شێ و بۆنی ئەم خواردنەوەیە، سەرەتا پەڵەکە پاک بکەرەوە و دواتر کەمێک بۆدرە بکەرە سەر جێگاکەی، چاوەڕێ بکە تا وشک دەبێتەوە و پاشان گسکی کارەبایی لێبدە.

لێکردنەوەی پەڵەی ڕۆن لە جلوبەرگ: بۆ لێکردنەوەی پەڵەی ڕۆن لەسەر جلوبەرگەکان تەنها کەمێک بۆدرە بڕێژە بە هەردوو لای پەڵەکە و بە پەنجەکانت بە نەرمی مەساج بۆ پەڵەکە بکە، دواتر بە ئاو بیشۆ و دوای شۆردن و وشککردنەوەی جلەکان دەبینیت پەڵەکە نامێنێت.

دوور خستنەوەی مێروو: بە وتەی توێژەران، مێروولەکان حەزیان لە پێکهاتە و بۆنی بۆدرەی منداڵ نییە، کەواتە بۆ ئەوەی مێروولەکان لە ماڵ دوور بخەنەوە، تەنها کەمێک بۆدرە لەسەر زەوییەکە بڕێژن بەتایبەت ئەگەر منداڵی بچووک یان ئاژەڵی ماڵیتان هەیە، ئەمە دەتوانێت هۆکارێکی سەلامەتی بێت بە بەراورد بە بەکارهێنانی ماددە ژەهراوییەکان و کیمیاییەکان.

نەهێشتنی پێکەوەنووسانی دەستکێشەکانی چێشتخانە: ئەگەر هەستت کرد دەستکێشی چێشتخانەکە بەیەکدا چەسپاوە، پێش بەکارهێنانی کەمێک بۆدرە بڕێژە ناو دەستکێشەکە بۆ ئەوەی نەرم بێت و ئەم چەسپاوییە نامێنێت، دەستەکانیشت دوای کارکردن بۆن خۆش دەبن.

نەرمکردنەوەی پێستی وشک و دەرمانی ئەکزیما: دەتوانرێت بۆدرەی منداڵ وەکوو شێدارکەرەوە بۆ پێستی وشک بەکاربهێنرێت، هەر کاتێک هەستت کرد پێستت دەسووتێتەوە بۆدرەی منداڵی لێ بدە، لە هاوین و زستاندا کاتێک پێست زیاتر وشک دەبێتەوە، بەکارهێنانی بۆدرەت لە بیر نەچێت.

ڕێگڕی لە ئارەقکردنەوە: بە تایبەت لە وەرزی هاوین یان پێش وەرزشکردن، کەمێک پاودەری منداڵ بدە لەسەر ئەو شوێنانەی کە ئارەقە بەرهەم دەهێنن.

بۆنخۆشکردنی دۆڵابی جل: ئەگەر دۆڵابەکەت بۆنێکی ناخۆشی لێهات، دەتوانیت کەمێک بۆدرەی منداڵ بڕێژیتە ناو دەفرێک یان پەرداخێک و بیخەیتە ناو دۆڵابەکەتەوە، بۆ ئەوەی شێ و بۆنەکان بۆخۆی ڕابکێشێت.

بۆنخۆشکردنی توالێت: دەتوانیت بۆدرە بڕێژیتە ناو دەفرێکی بچووکەوە، چەند دڵۆپێک بۆنی تێبکەیت و لە تەوالێتەکە دایبنێیت بۆ ئەوەی بۆنە ناخۆشەکەی نەهێڵێت.

چۆنیەتی بەکارهێنانی دروست بۆ منداڵان

  • هەرگیز ڕاستەوخۆ بۆدرەکە مەڕێژە سەر پێستی منداڵەکەت باشتر وایە کەمێک دوورتر لە منداڵەکە بۆدرەکە لەسەر لەپی دەستت دابنێیت، هەتا کێشەی هەناسەدان بۆ منداڵەکە دروست نەبێت.
  • قتوی بۆدرەکە دوور لە دەستی منداڵ دابنێ، چونکە لەوانەیە منداڵەکە فڕێی بداتە سەر زەوی و تۆزی بۆدرەکە بڵاو ببێتەوە، ئەمەش کێشە بۆ هەناسەدانی منداڵەکە دروست بکات.
  • لەکاتی گۆڕینی دایبیدا دڵنیابە کە بۆدرەکەی پێشوو بە باشی بشۆیت و بۆدرەی نوێ بەکاربهێنیت


سەرچاوەکان



610 بینین