کاسیمیرۆ

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-22-00:48:00 - کۆدی بابەت: 8740
کاسیمیرۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کارلۆس ئێنریکی کاسیمیرۆ (بە ئینگلیزی: Carlos Henruque Casemiro، بە عەرەبی: کارلوس أنركوي كاسيميرو) لە ٢٣\٢\١٩٩٢ لە ناوچەی ساو خۆسێ دێس کامپۆسی شاری ساو پاولۆی وڵاتی بەڕازیل لەدایکبووە. یاریزانی بەرگری ناوەندی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی و تیمی نێوەدەوڵەتیی بەڕازیلە. بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی بەرگری ناوەندی جیهان دادەنرێت و هەندێک هاندەری تۆپی پێ وەکوو یەکێک لە یاریزانە ئەفسانەکانی بەرگری ناوەندی دادەنێن.

زانیاری گشی

ناوی تەواوەتی کارلۆس ئێنریکی کاسیمیرۆ
ناوی کورتکراوە کاسیمیرۆ
کاتی لەدایکبوون ٢٣\٢\١٩٩٢
شوێنی لەدایکبوون ساو خۆسێ دێس کامپۆس، سو پاولۆ، بەڕازیل
باڵا ١٨٥ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن بەرگری ناوەند
یانە ڕیاڵ مەدرید

ژیانی وەرزشی لەگەڵ یانە

ساو پاولۆ

بەپێی ئەوەی کە لە ناوچەی ساو خۆسێی شاری ساو پاولۆی بەڕازیل لەدایکبووە، لە ساڵەکانی سەرەتای دەستکردن بە تۆپی پێ پەیوەندی بە یانەی ساو پاولۆی سەروو تەمەن ١١ ساڵان کرد. کاسیمیرۆ هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ڕۆحی سەرکردایەتی تیابووە و وەکوو سەرکردە مامەڵەی کردووە. یاریزانە منداڵەکان بە کارلاو کە ناوە پورتوگالییەکەیەتی بانگیان کردووە.
لە ٢٥\٧\٢٠١٠ و لە خوولی ژمارەی یەکی بەڕازیلی یەکەم یاری فەرمی خۆی ئەنجامدا. لە ١٥\٨\٢٠١٠ و لە یارییەکەیاندا بەرامبەر یانەی کروزێیرۆ ئیسپۆرتی بەڕازیلی یەکەم گۆڵی فەرمی خۆی تۆمارکرد.
لە وەرزی ٢٠١٢ - ٢٠١٣ توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و یانەی ساو پاولۆ نازناوی جامی سودێمیریکانای بردەوە.

ڕیال مەدرید

لە گواستنەوەی زستانەی وەرزی ٢٠١٢ - ٢٠١٣ کاسیمیرۆ پەیوەندی بە یانەی ژمارەی دووی ڕیاڵ مەدریدەوە کرد و لە ١٦\٢\٢٠١٣ یەکەم یاری خوولی ژمارە دووی ئیسپانی ئەنجامدا.
کاسیمیرۆ لە ٢٠\٥\٢٠١٣ و لە یەکەم یاری لالیگای یاریزانەکەدا، لە یاری ڕیاڵ مەدرید بەرامبەر یانەی ڕیاڵ بیتس بۆ ماوەی ٩٠ خوولەکی تەواوەتی بەردەوامبوو لە یاریکردن و یانەکەی بە ئەنجامی ٣-٠ یارییەکەیان بردەوە.
لە ساڵی ٢٠١٤ بە گرێبەستكی کاتی پەیوەندی کرد بە یانەی پۆرتۆی پورتووگالی و لە ٤٠ یاریدا توانی ٤ گۆڵ تۆماربکات و ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات.
لە ٢٠١٥ گەڕایەوە یانەی ڕیاڵ مەدرید و گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٢١ درێژکردەوە. کاسیمیرۆ لەژێر دەستی ڕاهێنەر ڕافاێل بێنیتێز وەکوو یاریزانێکی یەدەگ بەکاردەهێنرا و نەیدەتوانی توانای تەواوەتی خۆی دەربخات بەڵام کاتێک زینەدین زیدان بوو بە ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید کاسیمیرۆ وەکوو یاریزانی سەرەکی یاری پێ دەکرا. لە خوولی یانە پاڵەوانەکانی ٢٠١٦ کاسیمیرۆ لە ١١ یاریدا وەکوو یاریزانی سەرەکی بەژداریکرد و بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی یانەکە بۆ بردنەوەی نازناوی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ساڵی ٢٠١٦ دادەنرێت. مارسێلۆی هاوپیشەو یاریزانی هەمان یانە لە دوای یارییەکە دەڵێت: کاسیمیرۆ؟ ئەو ژیانی ڕزگارکردم وا بیردەکەمەوە ئەگەر لەگەڵ کاسیمیرۆدا لە هەمان یانە بم دەتوانم تا تەمەنی ٤٥ ساڵی لە یاریکردن بەردەوامبم. 
- وەرزی ٢٠١٦ - ٢٠١٧: لەم وەرزەدا کاسیمیرۆ یاریزانێکی سەرەکی بوو و لە زۆربەی یارییەکانی یانەی ڕیاڵ مەدریددا تا کۆتا خوولەکی یاری بەردەوام دەبوو. کاسیمیرۆ دووبارە بە هۆکارێکی گرنگی بردنەوەی نازناوی خوولی یەکەمی ئیسپانی (لالیگا) و خوولی یانە پاڵەوانەکان بۆ ئەو وەرزە دادەنرێت. لە یاری کۆتایی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ساڵی ٢٠١٧ یانەی ڕیاڵ مەدرید ڕووبەڕووی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بووەوە و توانی بە ئەنجامی ٤-١ کە کاسیمیرۆ گۆڵێکی نایابی تێدا تۆمارکرد نازناوەکە بەدەست بهێنێت.
- وەرزی ٢٠١٧ - ٢٠١٨: لەم وەرزەدا کاسیمیرۆ وەرزێکی نایابی پێشکەش کرد. لە خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا بەژداری ١٣ یاری کرد و توانی گۆڵێک تۆماربکات. ڕیاڵ مەدرید بۆ جاری سێیەمی بەدوای یەک و سێزدەیەمین نازناوی خوولە یانە پاڵەوانەکانی لە مێژووی یانەکەدا بەدەست هێنا. 
- ٢٠١٩ - ٢٠٢٢: وەرزی ٢٠١٩ - ٢٠٢٠ کاسیمیرۆ ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی بەرگری ناوەند هەژمار دەکرا. توانی یارمەتی یانەکەی بدات نازناوی لالیگا بەدەست بهێنێت. لە ٢٠٢١ گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٢٥ درێژکردەوە. بۆ وەرزی ٢٠٢١ - ٢٠٢٢ کاسیمیرۆ سەرەڕای تەمەنەکەی ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و یانەی ڕیاڵ مەدرید نازناوی لالیگای بۆ ئەم وەرزە بەدەست هێنا.

ژیانی وەرزشی لەگەڵ تیمی نێودەوڵەتی

لە ساڵی ٢٠١١ بەژداری تیمی نێودەوڵەتیی بەڕازیل بۆ خوار تەمەن ٢٠ ساڵان، لە جامی ئەمریکای باشوور و جامی جیهانی بۆ خوار تەمەن ٢٠ ساڵان دەکات.
لە ٥\٥\٢٠١٦ بۆ جامی کوپا ئەمریکا کە لە وڵاتی ئەمریکا ئەنجامدرا بانگهێشت دەکرێت بەڵام ناتوانێت هیچ یارییەک ئەنجام بدات.
لە ٢٠١٨ و لەلایەن ڕاهێنەری تیمی نێودەوڵەتیی بەڕازیل تیتێ وەکوو یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی تیمەکە دەستنیشان دەکرێت. لە ١٧\٦\٢٠١٨ یەکەم یاری فەرمی بۆ تیمی نێودەوڵەتیی بەڕازیل، بەرامبەر تیمی نێودەوڵەتیی سویسرا ئەنجام دەدات.
لە ٢٠١٩ وەکوو یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی تیمی نێودەوڵەتیی بەڕازیل بۆ جامی کۆپا ئەمریکا دەستنیشانکرا. لە یارییەکەیاندا بەرامبەر تیمی نێوەدەوڵەتیی پێرو توانی یەکەم گۆڵی ژیانی وەرزشی بۆ تیمی نێودەوڵەتی تۆماربکات بەڵام بەهۆی وەرگرتنی ٢ کارتی زەردەوە لە یارییەکە دوورخرایەوە. بەڕازیل توانی جامی کۆپا ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠١٩ بەدەستبهێنێت.
لە ساڵی ٢٠٢١ کاسیمیرۆ وەکوو یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی کۆپا ئەمریکای ئەو ساڵە دەستنیشان کرا.

شێوازی یاریکردن

شوێنی سەرەکی یاریکردنی کاسیمیرۆ بەرگری ناوەندە بەڵام هەندێک کات وەکوو یاریزانێکی ناوەندی تەواوەتی یاخوود بەرگریکار یاری دەکات. لەگەڵ ئەوەی لە شوێنی یاریکردنیی تایبەت بەخۆی توانیویەتی خۆی بسەلمێنێت بە تایبەتی لەژێر ڕاهێنەرایەتی زینەدین زیدان کە بەتەواوەتی تواناکانی پەرەپێدا و بەهۆی زیرەکی لە بڕیاردان و توانا جەستەییەکانییەوە توانی بگاتە ئەوپەڕی ئاستی خۆی، توانای جەستەیی، خێرایی و توانای یاریکردی بۆ ماوەیەکی زۆر بێ هیلاک بوون وایلێکردووە یاریزانێکی تەواو بێت و لە چەندین شوێنی جیاوازی یاریگادا بتوانێت یاری بکات. کاسیمیرۆ بە کلیلە یاریزان و بە یاریزانی ڕێکخستن دادەنرێت. توانایەکی ئێجگار سەرسوڕهێنەری هەیە لە لێسەندنی تۆپ بە خێرایی، خوێندنەوەی یاریزانی هێرشبەری یانەی بەرامبەر و کاردانەوە خێراکانی کە وای لێ دەکەن بتوانێت ڕۆڵی بەرگریکارێکی بەتوانا ببینێت و توانایەکی زۆری هەیە لە یاری دروستکردن، دیاریکردنی شوێنی یاریزانەکانی نزیک لێیەوە و توانای شووت لێدان لە دەرەوەی ناوچەی سزا، هەموو ئەمانە هۆکارن کە کاسیمیرۆ یاریزانێکی ناوەندی تەواوەتییە.
٢٠١٦ لە پێش دەستپێکردنی یاری کۆتایی خوولە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دیێگۆ سیمیۆنی ڕاهێنەری یانەی ئەتلەتیکۆ وتی: کاسیمیرۆ گرنگترین یاریزانی یانەکەیە بۆ ڕێکخستنی شێوازی یاریکردنی ڕیاڵ مەدرید، ئەو توانیویەتی ڕوویەکی جیاوازی یارکردنی یانەی ڕیاڵ مەدرید دەربخات.


سەرچاوەکان



422 بینین