لوکا مۆدریچ

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-28-14:46:00 - کۆدی بابەت: 8819
لوکا مۆدریچ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لوکا مۆدریچ (بە ئینگلیزی: Luka Modric, بە عەرەبی: لوکا مورديج). یاریزانێکی پیشەگەری هێڵی ناوەندی یانەی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی کرواتیایە. لە ٩\٩\١٩٨٥ لە ناوچەی زاداری کرواتیا لەدایکبووە. بە یەكێک لە باشترین یاریزانەکانی ناوەند و باشترین یاریزانی کرواتی لە مێژوودا دادەنرێت. 

زانیاری گشتی

ناوی تەواوەتی لوکا مۆدریچ
ناوی کورتکراوە مۆدریچ
بەرواری لەدایکبوون ٩\٩\١٩٨٥
شوێنی لەدایکبوون زادار، کرواتیا
باڵا ١٧٢ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن ناوەند  

مێژووی یاریکردن لەگەڵ یانە

دینەمۆ زاگرێب

سەرەتا مۆدریچ لەلایەن خێزانەکەیەوە پشتگیری دەکرا و هانیان دا بۆ ئەوەی بەژداری ڕاهێنانەکانی یانەی منداڵانی ناوچەکەی بکات. پاش یاریکردن بۆ زادار پەیوەندی بە دینەمۆ زاگرێبی هەرزەکاران کرد و پاشان بە گرێبەستێکی کاتی پەیوەندی بە یانەی زرینجسکی مۆستارەوە کرد و لە ساڵی ٢٠٠٥ گەڕایەوە بۆ یانەی دینەمۆ زاگرێب.
 
مۆدریچ لە ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندی بە یانەی دینەمۆ زاگرێبەوە کردەوە و گرێبەستێکی ١٠ ساڵییان کرد. بە درێژایی وەرزەکانی ٢٠٠٥-٢٠٠٨ مۆدریچ توانیویەتی ئاستێکی زۆر بەرز پێشکەش بکات بە دروستکردنی ٢٩ گۆڵ و تۆمارکردنی ٣١ گۆڵ. ئەم ئاستە بەرزەی وایلێکرد سەرنجی یانەکانی بەرشەلۆنە، ئەرسیناڵ، چێڵسی و تۆتنهام ڕابکێشێت.

تۆتنهام

مۆدریچ لە ٢٦\٤\٢٠٠٨ گرێبەستێکی بە بڕی ١٦ ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی ٥ ساڵ لەگەڵ یانەی تۆتنهامدا کرد. لە سەرەتادا مۆدریچ ڕووبەڕووی چەند کێشەیەک بووەوە، زۆربەی ڕاهێنەرەکانی پریمەر لیگ پێیان وابوو مۆدریچ بۆ ئەو خوولە ناگوونجێت بەهۆی کەمی کێش و نزمی باڵایەوە بەڵام مۆدریچ بەرپەچیان بووەوە و وتی: هیچ شتێک قورس نیە ئەگەر زۆر هەوڵی بۆ بدەیت من هەوڵی تەواوەتی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی لەگەڵ خوولەکەدا بگونجێم. دوای سەختییەکی زۆر و پاش ئەوەی چەندین جار شوێنی یاریکردنی گۆڕی. لە وەرزی ٢٠٠٩-٢٠١٠ گەڕایەوە شوێنی یاریکردنی سەرەکی خۆی و ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد. لە ساڵی ٢٠١١ یانەی چێڵسی چەندین ئۆفەریان پێشکەش بە تۆتنهام کرد بۆ گواستنەوەی مۆدریچ بەڵام ڕازی نەبوون. پاش پەستانێکی زۆر لەلایەن یاریزانەکەوە لە ساڵی ٢٠١٢ یانەی تۆتنهام ڕازیبوون کە مۆدریچ ڕیزی یانەکەیان جێبهێڵێت.

گواستنەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید

مۆدریچ لە ٢٧\٨\٢٠١٢ گرێبەستێکی بە بڕی ٣٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی ٥ ساڵ لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدریددا کرد. لە ساڵی ٢٠١٢ کێشەی لەگەڵ خۆ ڕێکخستن بۆ بەژداری کردنی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بۆ دروست بوو. لە وەرزی ٢٠١٣ بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەبینرا و لەژێر دەستی کارلۆ ئەنچێلۆتی، جۆسێ مۆرینیۆ و بێنیتێزدا وەکوو یاریزانی سەرەکی یاری دەکرد. سەرەڕای پێکانەکەی لە وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥ توانی کاریگەری هەبێت لەو یارییانەی بەژداربوو. لە ساڵی ٢٠١٨ بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە و بردنەوەی نازناو لەگەڵ یانەکەیدا توانی نازناوی باشترین یاریزانی ساڵ و تۆپی زێڕین بباتەوە و ببێت بە یەکەم یاریزانی کرواتی کە ئەو نازناوانەی بەدەست هێنابێت. لە وەرزەکانی ٢٠١٨-٢٠٢٢ بە بەردەوامی وەکوو یاریزانی سەرەکی لەپێکهاتەکەدا بووە و سەرەڕای تەمەنەکەی ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەش کردووە. بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی یانەی ڕیاڵ مەدرید لە مێژوودا دادەنرێت.

مێژووی یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردە

مۆدریچ لە ساڵی ٢٠٠٦-٢٠٢٠ وەکوو یاریزانی سەرەکی هەڵبژاردە بەژداربووە. لە ساڵی ٢٠٠٨ وەکوو یۆهان کرۆیفی کرواتی ناسرا. لە جامی جیهانیی ٢٠١٨ بە باشترین یاریزانی جامەکە هەڵبژێردرا. لە ساڵی ٢٠١٥ مۆدریچ بۆ یەکەم جار وەکوو کاپتنی هەڵبژاردەکەی دەستنیشانکرا. بە باشترین یاریزانی کرواتی لە مێژوودا دادەنرێت. 

ژیانی تایبەتی

مۆدریچ لە ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ خۆشەویستەکەی ڤانجا بۆسنیچ ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێنا، خاوەنی دوو کچ و کوڕێکن. مۆدریچ جگە لە زمانی کرواتی دەتوانێت بە زمانەکانی ئیسپانی، ئینگلیزی و ڕۆمانیش قسە بکات.

شێوازی یاریکردن

مۆدریچ بە توانا زۆرەکانی ناسراوە. توانای ڕێکخستنی خێرایی یاریکردن، پاسدانی دروست، گۆڵ دروستکردن، لێسەندنی تۆپ، تێپەڕاندنی بەرگریکار و گۆڵ تۆمارکردن لە دەرەوەی ناوچەی سزا هەموو هۆکارن بۆ ئاستە نایابەکەی مۆدریچ. بەهۆی توانا زۆریەکانییەوە بە یەکێک لە نایابترین یاریزانەکانی ناوەندی مێژوو دادەنرێت.


سەرچاوەکان



690 بینین