موراد قەرەیلان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-28-17:43:00 - کۆدی بابەت: 8822
موراد قەرەیلان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

موڕاد قەرەیلان (بە کورمانجی: Mirad Qarayîlan، بە ئینگلیزی: Murat Karayılan) یەکێکە لە هاودامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان. لەو کاتەوەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەر و سەرکردەی ڕەسەنی ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن کارمەندانی هەواڵگری تورکیاوە دەستگیرکراوە، سەرکردەی بە وەکالەتی ئەو ڕێکخراوە بووە. لە ساڵی ٢٠١٤دا پۆستی سەرکردایەتی پەکەکە بەجێدەهێڵێت و وەک فەرماندەی گشتیی نوێی باڵی چەکداری پەکەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل ڕاسپێردرا.

ژیان

موراد قەرەیلان لە ساڵی ١٩٥٤ لە شارۆچکەی بێرەجووگی سەر بە شاری ئورفا لە باکووری کوردستان لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگەی تەکنیکییە لە بەشی میکانیک. لە ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە، لە ساڵی ١٩٨٠ تورکیا بە جێدەهێلێت و تاوەکو ساڵی ١٩٩٢ لە سووریا کاری ڕێکخستنی پارتەکەی بەڕێوەدەبات. لە ساڵی ١٩٩٢ دێتە شاخ و وەک فەرماندەیەکی کاریگەری گە‌ریلا دەردەکەوێت. دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکی پەکەکە بۆ ماوەی ساڵێک دەبێتە بەرپرسی ئەم پارتە لە ئەورووپا، دواتر جارێکی تر دەگەڕێتەوە شاخەکانی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆنگرەی گەل لە ساڵی ٢٠٠٠ و دواتریش دامەزراندنی کەجەکە (کۆما جڤاکێن کوردستان) لەلایەن پەکەکەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو بە سەرۆکی کۆنسەی سەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان و پەکەکە و لە ١٠ـی تەممووزی ٢٠١٣ دوای هەڵبژاردنی هەریەک لە جەمیل بایک و بەسێ هۆزان وەک هاوسەرۆکی کەجەکە، قەرەیلان دەستی لە کارەکەی کێشایەوه.

لە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە کوژرانی کەیمکامی دیریک و محەمەد فاتیح سەفیتورک، داواکاری گشتی ماردین فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ قەرەیلان و دووران کاڵکان دەرکرد. لە مانگی ئازاری ٢٠١٧دا هەواڵی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرنەکەوتووی قەرەیلان بڵاوبووەوە، بەڵام دیار نەبوو کە ئەو هەوڵە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە بووە یان گرووپێکی ناو پەکەکە.

موراد قەرەیلان و دوو سەرکردەی تری پەکەکە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و حکوومەتی تورکیاوە داواکراون، کە گوایە سەربازانی منداڵانیان دامەزراندووە، بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا و پۆلیس و هێزە چەکدارەکانیان کردووەتە ئامانج، هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی مەدەنی.  لە 28ی تشرینی یەکەمی 20١5ـەوە لە پۆلی سووری لیستی "زۆر داواکراوی تیرۆریستان"ـدایە کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی کۆماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە. وەزارەتەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاداشتێک تا ١٠ ملیۆن دەدرێت بەو کەسە یان ئەو کەسانەی کە دەیگرن یان زانیاری هاوبەش دەکەن کە لە ئەنجامدا دەستگیرکردنی لێدەکەوێتەوە.

بەرهەم

موراد قەرەیلان نووسەری کتێبێکە بە ناوی بیر ساڤاشین ئەناتۆمیسی (ئەنەتۆمی جەنگ).

گومان لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان

لە ١4ی تشرینی یەکەمی 200٩، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا (OFAC) سەرکردە باڵاکانی ڕێکخراوی پەکەکەی وەک بازرگانی بەرچاوی ماددە هۆشبەرەکانی بیانی دەستنیشان کرد؛ موراد قەرەیلان، بەرپرسی پەکەکە و ئەندامانی پلە باڵای وەک عەلی ڕەزا ئاڵتوون و زوبەیر ئایدار. بەپێی یاسای کینگپین، دەستنیشانکردنەکە پشت بە هەر سەروەت و سامانێک کە سێ کەسی دەستنیشانکراو لە ژێر دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکادا هەیانبێت، دەبەستێت. 

فەرمانگەی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی دەستوور لە هەمان ساڵدا ڕایگەیاند، کە هیچ بەڵگەیەکیان نییە کە پێکهاتە ڕێکخراوەییەکانی پەکەکە ڕاستەوخۆ دەستیان هەبێت لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئەڵمانیا.


سەرچاوەکان



828 بینین