ئەلێکساندەر ئارنۆڵد 

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-04-16:47:00 - کۆدی بابەت: 8893
ئەلێکساندەر ئارنۆڵد 

ناوه‌ڕۆك

 ناساندن

ترێنت جۆن ئەلێکساندەر ئارنۆڵد (بە ئینگلیزی: Trent John Alexander Arnold, بە عەرەبی: ترينت جون أليكساندر ارنولد). یاریزانی پیشەگەری باڵی ڕاستی بەرگریکردنی یانەی لیڤەرپووڵ و هەڵبژاردەی ئینگلترایە. لە ٧\١٠\١٩٩٨ لە شاری لیڤەرپووڵی وڵاتی بەریتانیا لەدایکبووە. بە یەکێک لە باشترین یاریزانە لاوەکان دادەنرێت. 

ناوی تەواوەتی ترێنت جۆن ئەلێکساندەر ئارنۆڵد
ناوی کورتکراوە ترێنت
بەرواری لەدایکبوون ٧\١٠\١٩٩٨
شوێنی لەدایکبوون لیڤەرپووڵ، ئینگلترا
باڵا ١٨٠ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن باڵی ڕاستی بەرگریکردن
   

مێژووی یاریکردن لەگەڵ یانە

لە سەرەتای یاریکردنیدا ترێنت وەکوو یاریزانی ناوەڕاست یاری دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی زانی کە ئەگەرەکانی بەژداری کردنی پێکهاتەی تیمی یەکەم وەکوو بەرگریکاری باڵی ڕاست زیاترە، بۆیە شوێنی یاریکردنێ گواستەوە. لە ٢٦\١٠\٢٠١٦ یەکەم یاری فەرمی خۆی بۆ یانی لیڤەرپووڵ ئەنجامدا. لە وەرزی ٢٠١٧-٢٠١٨ یاریزانی باڵی ڕاستی بەرگریکردنی سەرەکی لیڤەرپووڵ کڵاین تووشی پێکان هات و یاریزان ترێنت و گۆمێز جێگەی کڵاینیان گرتەوە. بە درێژایی وەرزەکە ترێنت هەم لە پریمەر لیگ و هەم لە خوولی یانە پاڵەوانەکان ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد. لە وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ ترێنت وەکوو یاریزانی سەرەکی پێکهاتەی لیڤەرپووڵ بەژداردەبوو. لەم وەرزەدا توانی ئاستێکی ئێجگار بەرز پێشکەش بکات. توانی ١٢ گۆڵ دروستبکات کە زۆرترین ژمارەی گۆڵی دروستکراوە لە یەک وەرزی پریمەر لیگدا ئەنجامدرابێت و ئاستێکی بەرزی لە خوولی یانە پاڵەوانەکان پێشکەشکرد. لە وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ بەهەمان شێوە ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەش کرد. توانی نازناوی باشترین یاریزانی مانگی ١١ و باشترین یاریزانی لاوی وەرزەکە بەدەستبهێنێت. لە وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ و دوای ئەوەی لیڤەرپووڵ توانی نازناوی جامی ئێف ئەی FA Cup بەدەستبهێنێت ترێنت بوو بە گەنجترین یاریزانی مێژوو کە بتوانێت ٦ نازناوە سەرەکییەکەی لەگەڵ یانەدا بەدەستبهێنێت. 

مێژووی یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردە

ترێنت لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئینگلترا بۆ خوار تەمەن ١٧، ١٩ و ٢١ ساڵان بەژداری کردووە. لە جامی یۆرۆی ٢٠٢٠ وەکوو یەکێک لە ٢٣ یاریزانی سەرەکییەکەی هەڵبژاردەکەی دەستنیشانکرا بەڵام بەهۆی پێکان لە ئەژنۆیدا نەیتوانی هیچ یارییەک لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجام بدات.

شێوازی یاریکردن

ترێنت بە یەکێک لە باشترین یاریزانە لاوەکان دادەنرێت. توانای جەستەیی و خێراییەکەی وای لێدەکەن بەرگریکارێکی تەواوەتی بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای یاریکردنیدا لە ناوەنددا یاریکردووە توانای گۆڵ دروست کرد و پاسدانی دروستی هەیە. 

ژیانی تایبەتی

ترێنت خاوەنی دوو برایە و لە منداڵییەوە بەیەکەوە یارییان کردووە، تاوەکو ساڵی ٢٠٠٤ کاتێک ترێنت بڕیاریدا ببێت بە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ و تۆپی پێی وەکوو پیشەیەک بینی. هەر لە منداڵییەوە ترێنت تواناکانی لە یاریزانە منداڵەکانی هاوڕێی زیاتر بووە و بەم هۆیەشەوە ڕاهێنەرەکە تواناکانی ڕەچاوکردووە و هەوڵیداوە یارمەتی بدات بۆ بەرەوپێشچوون. ئەفسانەی تۆپی پێی لیڤەرپووڵ دەربارەی ترێنت وتوویەتی: ترێنت دەکرێت ببێت بە یاریزانێکی مێژوویی، تواناکانی تایبەتن و کەم یاریزان هەن کە هەموو ئەو توانایەیان تیادا کۆببێتەوە.


سەرچاوەکان



231 بینین