درێژترین پردی هەڵواسراو لە کوێیە؟

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-12-21:59:00 - کۆدی بابەت: 8990
درێژترین پردی هەڵواسراو لە کوێیە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پردی هەڵواسراو (بە ئینگلیزی: suspension bridge) پردێکە کە بە گوریس هەڵواسراوە درێژترین پردی هەڵواسراو لە جیهاندا لە کۆماری چیک کرایەوە بە ناوی پردی ئاسمان ٧٢١ (بە ئینگلیزی: Sky Bridge 721)، پردەکە لەسەر چیای کڕالیکی سنیزنیکە، درێژییەکەی ٧٢١ مەترە، ١١٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، پردەکە بۆ پەڕینەوەی خەڵکە و لە یەک کاتدا ٥٠٠ کەس دەتوانن بەسەریدا تێپەڕبن.

دەربارەی پردەکە

درێژترین پردی هەڵواسراوی پیادە لە جیهاندا لە کۆماری چیک  لە ١٣ـی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢ کرایەوە کە دەکەوێتە سنووری نێوان چیک و پۆڵەندا، نزیکەی سێ کاتژمێر لە پراگی پایتەختی کۆماری چیکەوە دوورە، لەسەر چیای کڕالیکی سنیزنیک درێژییەکەی ٧٢١ مەترە و ٩٥ مەتر بەرزتر لە دۆڵەکەی ژێری هەڵواسراوە، ١١٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، هەروەها کۆی گشتی کێشی پردەکە ٤٠٥ تەنە. پردەکە بە درێژایی ٢٠٥ مەتر جێگەی خاوەنی ناسناوی درێژترین پردی جیهانی پێش خۆی دەگرێتەوە کە پردی ئارۆکا لە پورتوگال بوو بە درێژی ٥١٦ مەتر. سەردانکەران بە درێژایی پردە تەسک و هەناسەبڕکێکەدا دەڕۆن بۆ چێژبینین و پەڕینەوە لە لوتکەیەکەوە بۆ لوتکەیەکی تر. هەروەها بۆ پەڕینەوە لە پردەکە پێویستی بە نزیکەی کاتژمێر و نیوێک بە پێ ڕۆیشتن هەیە. لە هەندێک ڕۆژدا کاتێک تەمی چییاکان نزم دەبێتەوە وا هەست دەکەیت لە سەرو هەورەکانەوەیت و بە لوتکەی چییاکان دەورە دراویت. پردەکە بەشێکە لە هاوینەهەواری شاخاوی ناوچەی دۆلنی مۆراڤا، کە شوێنێکی بەناوبانگە بۆ خلیسکەوانان و خۆشەویستانی سروشت کە درێژترین ڕێڕەوی شاخاوی گالیسکەی بەفرین و هەروەها گەورەترین نموونەی ماموتی جیهانی تێدایە.

پێکهاتە و دروستکردنی پردەکە

پردەکە بە شەش گوریسی سەرەکی و ٦٠ گوریسی یاریدەدەر هەڵواسراوە و تەواوبوونی دوو ساڵی خایەند. بەڕێوبەری هاوینەهەوارەکە ڕایگەیاند، "لە کاتی دروستکردنی پردەکە دەیان ڕێوشوێنی پارێزراوی و تەکنیکی هەبوون کە پێویست بوو لە کاتی دانانی پردەکە بگیرێتەبەر و ڕەچاوبکرێت بۆیە دەبوایە کۆڵەکەکان لە قوڵایی سەختترین تاشەبەردەکان جێگیربکەین." هەروەها وتی " بەدەستهێنانی ئەو گوریسانەی پردەکەی پێهەڵواسراوە سەخت بوو چونکە هیچ کەسێک ئەو کێبڵانەی بەو درێژییە لێرە دروست نەدەکرد بۆیە ناچار بووین لە ئیتاڵیاوە هاوردەیان بکەین، هەروەها لە کاتی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بوو بۆیە دەبوایە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەربەستێکی یاسایی و ڕێکخستنی گواستنەوە و کارکردنەوە بکەین." تیمی بنیاتنانەکە ئامێری قورس و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان بۆ دروستکردنی پردە ٤٠٥ تەنییەکە بەکارهێناوە، بەرگەی بای بەهێز و بەستەڵەک مەترسییەکانی تر دەگرێت.

گەیشتن بە پردەکە

بۆ گەیشتن بە پردەکە پێویستە سەردانکەران کورسی گەڕۆک بۆ ڕۆشتنە لوتکەکە بەکاربهێنن یان بە  پێ یان بە پاسکیل بڕۆن، هەروەها سەردانکەران پێویستە پێشوەختە بە ڕێگای ئەلیکترۆنی بلیتی پردەکە بکڕن. پردی ئاسمان ٧٢١ تەنها پردێک نییە، بەڵکوو "بیرۆکەی کات" دەگەیەنێت و پێی دەوترێت پردی کات، بە هاوکاری کۆمپانیاکانی دارستانەکانی چیک و مۆزەخانەی خەندەکی چیکۆسلۆڤاکیا دوای پەڕینەوە بەسەر پرد و دۆڵە گەورەکە و چەمەکەی ملینسکیدا دەرفەت بە سەردانکەران دەدات بۆ ئاشنابوون بە لادێ و مێژووی ناوچەکە، هەروەها چۆنییەتی ڕەفتارکردن لە لادێکان و مێژوو و چیرۆکی ژیانی خێزانێکی خەڵکی دۆلنی مۆراڤا لە پاش ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٣٥ کە تا ئێستاش کاریگەییان لەسەر چیکۆسلۆڤاکیا و کۆماری چیک هەیە.


سەرچاوەکان



436 بینین