ئۆزپاکستان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-13-22:31:00 - کۆدی بابەت: 9007
ئۆزپاکستان

ناوه‌ڕۆك

 ناساندن

ئۆزپەکستان یان کۆماری کۆزپەکستان (بە ئینگلیزی Uzbekistan, بە عەرەبی أوزباكستان). دەوڵەتێکی سەر بە کیشوەری ئاسیایە کە لە باکوورەوە لەگەڵ کازاخستان، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ قیر‌غستان، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ تاجیکستان، لە باشوورەوە لەگەڵ ئەفغانستان و لە باشووری خۆرئاواوە لەگەڵ تورکمانستان هاوسنوورە. تەشقەند پایتەخت و گەورەترین شاری دەوڵەتەکەیە. ئۆزپەکستان یەکێکە لەو وڵاتانەی لەژێر دەستی دەسەڵاتی داگیرکەری یەکێتی سۆڤیەتدا بووە. 

پایتەخت تەشقەند
زمانی فەرمی ئۆزبێکی، کاراکەڵپاکی
بنەچە ٪٨٤.٤ ئۆزبێکی، ٪١٥.٦ بنەچەی تر
ئایین ٪٩٥ موسڵمان، ٪٣ مەسیح، ٪٢ ئایینی تر
سەرۆکی وڵات شەڤکەت میرزیۆیەڤ
سەرۆک وەزیران عەبدوڵا ئەریپۆڤ
ڕووبەر ٤٤٨،٩٧٨ کیلۆمەتر دووجا
دانیشتوان ٣٥،٣٠٠،٠٠٠
دراو ئوزبێک
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست ژمارەی نێودەوڵەتی تەلەفون: +٩٩٨

مێژوو

ئۆزپەکستان لەلایەن هۆزێک کە لە بەشی سەرەوەی ئۆزپەکستانی ئێستادا دەژیان بە ناوی سایزەکان دۆزراوەتەوە. کاتێک سایزەکان لەم ناوچەیەدا نیشتەجێبوون سیستمێکی کشتووکاڵی بەهێزیان دامەزراند و شاری بوخارە و سەمەرقەندی ئێستا بە گرنگترین شارەکان لە ڕووی کولتوور و سیاسەتەوە داندران، پاشان کاتێک ئێرانییەکان دەستیان بە بازرگانی ئاوریشم کرد، ئۆزباکییە کۆنەکان لاساییان کردنەوە و دەستیان بە هەمان بازرگانی کرد کە بەهۆیەوە شاری بوخارە و سەمەرقەند زۆر دەوڵەمەند بوون. لە پێش ساڵەکانی ٣٠٠ـی پێش زایین ئۆزپەکستان لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوەدەبرا, بەڵام لە ساڵی ٣٢٧ـی پێش زایین ئەسکەندەری مەقدۆنی هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ئاسیا و ئۆزپەکستان یەکێک بوو لەو ناوچانە، ئەسکەندەری مەزن توانی بە سەرکەوتوویی ئۆزپەکستان داگیربکات. لە سەدەی ٧ـی پێش زایین دەسەڵاتی موسڵمانەکان زیادی کرد و توانیان بگەنە ئۆزپەکستان، دانیشتوانی ئۆزپەکستان ئایینەکەیان قبوڵکرد و ئۆزپەکستان لەژێر دەسەڵاتی موسڵمانەکاندا مایەوە. لە سەدەی ١٣ جەنگیز خان بوو بە سەرۆکی مەغۆلەکان و دەسەڵاتی مەغۆلەکان بەشێوەیەک فراوان بوو کە هەموو وڵاتەکانی کیشوەری ئاسیایان داگیرکرد. سەرەڕای ئەوەی داگیرکردنی شارەکانی ئۆزپەکستان بە تایبەتی بوخارە و سەمەرقەند کوشتارێکی زۆری لێ کەوتەوە بەڵام جەنگیز خان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دەوڵەتەکەی بە تەواوەتی داگیر کرد. لە ساڵی ١٢٢٧ کاتێک جەنگیز خان کۆچی دوایی کرد ئیمپراتۆریەتەکەی بەسەر ٤ کوڕەکەیدا دابەشبوون و ئۆزپەکستان چووە ژێر دەسەڵاتی چاگاتای خان، تاوەکو سەدەی ١٤ لەژێر دەسەڵاتیدا مایەوە بەڵام لە سەدەی  ١٤ـدا کەسێک بە ناوی تەیمور ناوبانگی دەرکرد و توانی چەندین بەشی گەورەی ئاسیا بە ئۆزپەکستانەوە داگیر بکات. پاش مردنی تەیمور لە ساڵی ١٥٠١، ناکۆکی کەوتە نێوان تەیمورییەکانەوە و هۆزێکی ئوزبێکی توانی ئۆزپەکستان بخاتە ژێر دەستی ئۆزبێکییەکانەوە . لە سەدەی ١٩ زۆربەی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست کەوتە ژێر دەستی دەسەڵاتی ڕووسیاوە و لە ساڵی ١٩١٢ دانیشتوانی ڕووسی لە وڵاتی ئۆزپەکستاندا ٢١٠ هەزار کەسی تێپەڕاند. لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٢٠ هەموو ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست لەژێر دەسەڵاتی ڕووسییەکاندا بوو و سەرەڕای بەرەنگاربوونەوەی ڕووسییەکان لە ٢٧/١٠/١٩٢٤ هەموو ئاسیای ناوەڕاست بە بەشێک لە یەکێتی سۆڤیەت ناسرا. لە ٢٦/٦/١٩٩٠ ئۆزپەکستان لە ڕووسیا جیابووەو و لە ڕۆژی ٣١/٨/١٩٩١ سەربەخۆیبوونی ئۆزپەکستان ڕاگەیاندرا. ١/٩/١٩٩١ بە ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکە دادەنرێت. هەر لەگەڵ سەربەخۆبوونی ئۆزپەکستاندا ئیسلام کەریمۆڤ بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا پاشان لە ساڵی ٢٠١٦ شەڤکەت جێگەی ئیسلامی گرتەوە و وەکوو سەرۆک هەڵبژێردرا. 

جوگرافیا

ڕووبەری ئۆزپەکستان لە ٤٤٨.٩٧٨ کیلۆمەتر دووجا پێکهاتووە کە تەنها ٪٤.٩ـی ڕووبەرەکەی ئاوە. بەرزترین لوتکەی ناوی حەزرەتی سوڵتانە کە ٤،٦٤٣ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەش و هەوای ناوچەکە بە گشتی وشکە و ڕووبەری ئاوی کەمە. سەرەڕای ئەوەی خاوەنی چەندین بەرهەمی ڕووەکی جیاوازە بەڵام بەهۆی کەمی ڕووبەری ئاوەوە ناتوانرێت پەرەی پێ بدرێت. ئۆزپەکستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە توانای ژیانی تێدا نامێنێت ئەگەر گەرمبوونی زەوی بەردەوامبێت.

ئابووری

ئۆزپەکستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پشت بە چەندین شێوازی جیاواز دەبەستێت بۆ ئابووری، لەوانە کشتووکاڵ و پشتبەستن بە ماددەی سروشتی ژێر زەوی. ئۆزپەکستان بە حەوتەم وڵات دادەنرێت لەڕووی بەرهەمهێنانی زۆرترین ڕێژەی زێر و چەندین ماددەی تری وەکو یۆرانیۆم و زیو بەرهەم دەهێنێت و دەیفرۆشێت، هەروەها گاز و بەنزین دەفرۆشێت. کشتووکاڵ ٪٢٧ـی ئابووری وڵاتەکە دابین دەکات، کەتان بە گرنگترین بەرهەمی کشتووکاڵی ئۆزپەکستان دادەنرێت.    

کولتوور

ئۆزپەکستان چەندین بنەچەی جیاوزی تێدا دەژی لەوانە (ئۆزبێکی، تاجیکی، کازاخی و تاتاری). بەپێی ئەوەی زۆربەی دانیشتوانی وڵاتەکە موسڵمانن دەوڵەتەکە کاریگەری ئایینی ئیسلامی زۆر پێوە دیارە. مۆسیقای ئۆزپەکستان بە شەش مەقام ناسراوە کە لە سەدەی ١٦ لە شاری بوخارە بڵاوبووەوە، شەش مەقام زیاتر لە مەقامی ئازربایجانییەوە نزیکە و ناوەکەی بۆ شێوازی ڕێکخستنی هۆنراوەی مۆسیقاکە دەگەڕێتەوە. شێوازی خواردنەکەیان زیاتر بەرگێکی کشتووکاڵی پێوە دیارە و پالۆڤ بە دیارترین خواردنی ئۆزپەکستان دادەنرێت.


سەرچاوەکان



737 بینین