تی‌سی‌پی/ئای‌پی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-16-14:18:00 - کۆدی بابەت: 9034
تی‌سی‌پی/ئای‌پی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

TCP/IP یان تی سی پی/ئای پی، کورتکراوەی Transmission Control Protocol/Internet Protocolـە و کۆمەڵێک پڕۆتۆکۆڵی پەیوەندییە کە بەکاردێت بۆ بەستنەوەی ئامێرەکانی تۆڕ لە ئینتەرنێتدا. TCP/IP وەک پڕۆتۆکۆڵی پەیوەندییەکان لە تۆڕێکی کۆمپیوتەریی تایبەتدا (ئینترانێت یان ئێکسترانێت) بەکاردێت. 

تەواوی کۆمەڵە یاسا و ڕێکارەکانی IP بە شێوەیەکی باو بە TCP/IP ناودەبرێن. هەرچەندە هەندێکی تر لە پڕۆتۆکۆڵ لە پڕۆسەکەدا هەن، بەڵام TCP و IP دوو پڕۆتۆکۆڵی سەرەکین. کۆمەڵەی پڕۆتۆکۆڵی TCP/IP وەک چینێکی جیاکەرەوە لە نێوان بەرنامەکانی ئینتەرنێت و ڕێڕەوی نێتۆرک و ئاڵوگۆڕەکان کاردەکات. TCP/IP دیاری دەکات کە چۆن داتاکان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن، ئەمەش بە دابینکردنی پەیوەندییەکانی کۆتایی بە کۆتایی کە دیاری دەکات کە چۆن دەبێت داتا بشکێنرێت بۆ پاکێتەکان، ناونیشان وەربگرن و بگوازرێنەوە، ڕێڕەویان پێ نیشان بدرێت و لە شوێنی مەبەست وەربگیرێن. TCP/IP پێویستی بە بەڕێوەبردنی ناوەندیی کەم هەیە و بە شێوەیەک دروستکراوە کە تۆڕەکان جێی متمانە بن لەکاتی تێکچوون و نەمانی پەیوەندی ئامێرێک، یان نەگەیشتنی داتایەک، توانای چاکبوونەوەی خۆکارانەی لە تۆڕەکەدا هەیە.

دوو پڕۆتۆکۆڵە سەرەکییەکە

  1. TCP ئەوە پێناسە دەکات کە چۆن بەرنامەکان دەتوانن کەناڵەکانی پەیوەندی لە سەرانسەری تۆڕێکدا دروست بکەن و پەیوەندی بکەن بە یەکترییەوە. هەروەها بەڕێوەبەرایەتی چۆنیەتی بچووکردنەوەی نامەیەک دەکات بۆ پاکێتی بچووکتر پێش ئەوەی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بگوازرێتەوە و بە ڕێکوپێکی لە ناونیشانی مەبەستدا کۆبکرێتەوە و بکرێتەوە بە داتایەکە.
  2. IP پێناسەی چۆنیەتی ناونیشان و ڕێڕەوی هەر پاکەتێک دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەگاتە شوێنی گونجاو. هەر کۆمپیوتەرێکی دەروازەی سەر تۆڕەکە ئەم ئایپی ناونیشانە دەپشکنێت بۆ ئەوەی بزانێت نامەکە بۆ کوێ بنێرێت. ئەگەر ئایپی پاکێتەکە لەگەڵ ئایپی وەرگر گونجاوبوو، پاکێتەکە وەردەگرێت.
  • ماسکی سەبنێت (subnet mask) بە کۆمپیوتەرێک، یان ئامێرێکی تری تۆڕ دەڵێت، چ بەشێک لە ناونیشانی IP بەکاردێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی تۆڕەکە و چ بەشێک بەکاردەهێنرێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی هۆستەکان، یان کۆمپیوتەرەکانی تر، لەسەر تۆڕەکە.
  • وەرگێڕانی ناونیشانی تۆڕ (NAT) بریتییە لە وەهمیکردنی ناونیشانی ئایپی. نات، یارمەتی باشترکردنی ئاسایش و کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو ئایپییانەی کە ڕێکخراوێک پێویستی پێیەتی دەدات. 

پڕۆتۆکۆڵە باوەکانی TCP/IP ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:

  • پڕۆتۆکۆڵی گواستنەوەی هایپەرتێکست (HTTP): پەیوەندی نێوان ڕاژەکاری وێب (web server) و وێبگەڕێک (web browser) ڕێک دەخات.
  • HTTP Secure: پەیوەندی پارێزراو لەنێوان ڕاژەکاری وێب (web server) و وێبگەڕێک (web browser) ڕێک دەخات.
  • پڕۆتۆکۆڵی گواستنەوەی فایلەکان (FTP): مامەڵە لەگەڵ گواستنەوەی فایلەکان دەکات لە نێوان کۆمپیوتەرەکاندا.

TCP/IP چۆن کاردەکات؟

TCP/IP مۆدێلی پەیوەندیی کلاینت-سێرڤەر بەکاردەهێنێت کە تێیدا بەکارهێنەرێک یان ئامێرێک (کلاینت) خزمەتگوزارییەکی پێشکەش دەکرێت، وەک ناردنی وێب پەیجێک بۆی لەلایەن کۆمپیوتەرێکی دیکەوە (سێرڤەرێک) لە تۆڕەکەدا. کۆمەڵەی پڕۆتۆکۆڵەکانی TCP/IP وەک بێ دۆخ (stateless) پۆلێن دەکرێن، ئەمەش واتە هەموو داواکارییەکی بەکارهێنەر بە نوێ دادەنرێت چونکە پەیوەندی بە داواکارییەکانی پێشووەوە نییە. بێ دۆخبوون ڕێڕەوی تۆڕەکان ئازاد دەکات بۆ ئەوەی بتوانرێت بە بەردەوامی بەکاربهێنرێن.

بەڵام چینی گواستنەوە (transport layer) دۆخدارە (stateful). یەک پەیام دەگوازێتەوە، پەیوەندییەکەی لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە تاوەکو هەموو پاکێتەکانی ناو نامەیەک وەردەگیرێن و لە شوێنی مەبەست کۆدەکرێنەوە، ئەوکاتە تەواو دەبێت و دادەخرێتەوە.

مۆدێلی TCP/IP کەمێک جیاوازە لە مۆدێلی تۆڕی حەوت چینەی Open Systems Interconnection (OSI) کە دوای ئەو دیزاین کراوە. مۆدێلی OSI ئەوە دەردەخات کە چۆن بەرنامەکان لەڕێی تۆڕێکەوە پەیوەندی دەکەن بە یەکترییەوە.

بۆچی TCP/IP گرنگە؟

TCP/IP خاوەندارێتی نییە و لە ئەنجامدا لەلایەن هیچ کۆمپانیایەکەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت. بۆیە دەتوانرێت بە ئاسانی دەستکاری IP suite بکرێت. لەگەڵ هەموو سیستمەکانی کارپێکردن (OS) دەگونجێت، بۆیە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەموو سیستمێکی تردا بکات. هەروەها IP suite لەگەڵ هەموو جۆرە ڕەقەکاڵا و تۆڕەکانی کۆمپیوتەردا دەگونجێت. TCP/IP زۆر گەورە دەکرێت و وەک پڕۆتۆکۆڵێکی ڕێڕەو دەتوانێت کارامەترین ڕێگا لە ڕێگەی تۆڕەکەوە دیاری بکات (most efficient path). لە ڕێکخستنی ئینتەرنێتی ئێستادا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێت.

٤ چینەکەی مۆدێلی TCP/IP

کارایی TCP/IP بەسەر چوار چیندا دابەشکراوە کە هەریەکەیان پڕۆتۆکۆڵی تایبەت لەخۆدەگرێت:

چینی بەرنامە (application layer): ئاڵوگۆڕی داتا ستانداردەکان بۆ بەرنامەکان دابین دەکات. پڕۆتۆکۆڵەکانی بریتین لە (،HTTP، FTP POP3، پڕۆتۆکۆڵی گواستنەوەی پۆستی سادە (SMPT)، پڕۆتۆکۆڵی بەڕێوەبردنی تۆڕی سادە (SNMP)). لە چینی بەرنامەدا، بەرپرسی ڕاستەقینە خودی داتای بەرنامەکەیە.

چینى گواستنەوە (transport layer): بەرپرسیارە لە پاراستنی پەیوەندییەکانی کۆتایی بە کۆتایی لە سەرانسەری تۆڕەکەدا. TCP پەیوەندییەکانی نێوان هۆستەکان مامەڵە لەگەڵ دەکات و کۆنترۆڵی لێشاو، مالتیپلێکسکردن و متمانەپێکردن دابین دەکات. پڕۆتۆکۆڵەکانی گواستنەوە بریتین لە TCP و User Datagram Protocol (UDP)، کە دووەمیان هەندێک جار لەبری TCP بۆ مەبەستی تایبەت بەکاردەهێنرێن.

چینی تۆڕ (network layer): کە پێی دەوترێت چینی ئینتەرنێت، مامەڵە لەگەڵ پاکێتەکان دەکات و تۆڕە سەربەخۆکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە بۆ گواستنەوەی پاکەتەکان بەسەر سنوورەکانی تۆڕەکاندا. پڕۆتۆکۆڵەکانی چینەکانی تۆڕ بریتین لە IP و Internet Control Message Protocol کە بۆ ڕاپۆرتکردنی هەڵەکان بەکاردەهێنرێن و زۆرجار بە پینگ دەناسرێتەوە.

چینی فیزیکی (physical layer): کە بە چینی ڕووکاری تۆڕ یان چینی بەستەری داتایش ناسراوە، لەو پڕۆتۆکۆڵانە پێکدێت کە تەنها لەسەر بەستەرێک کاردەکەن، پێکهاتەی تۆڕەکە کە هۆستەکان لە تۆڕەکەدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. پڕۆتۆکۆڵەکانی ئەم چینە نزمە بریتیین لە ئیثەرنێت (Ethernet) بۆ تۆڕەکانی ناوچەی ناوخۆیی (LAN) و پڕۆتۆکۆڵی چارەسەرکردنی ناونیشان (ARP).

مێژوو

دەزگای پڕۆژەکانی توێژینەوەی پێشکەوتووی بەرگری، لقی توێژینەوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایە، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا مۆدێلی TCP/IPـی دروستکرد بۆ بەکارهێنان لە ARPANET کە تۆڕێکی ڕووبەری فراوانە و پێش ئینتەرنێت بووە. TCP/IP لە سەرەتادا بۆ سیستمی کارپێکردنی یونیکس دیزاین کراوە، دواتر لەناو هەموو ئەو سیستمی کارپێکردنانەدا دروستکراوە کە دوای ئەو هاتوون.

لایەنە باش و خراپەکانی TCP/IP

سوودەکانی بەکارهێنانی مۆدێلی TCP/IP ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:

  • یارمەتی دامەزراندنی پەیوەندی لە نێوان جۆرە جیاوازەکانی کۆمپیوتەر دەدات.
  • سەربەخۆ لە سیستەمی کارپێکردن کاردەکات.
  • پشتگیری زۆرێک لە پڕۆتۆکۆڵەکانی ڕێڕەوکردن دەکات.
  • شێوازی client-server بەکاردەهێنێت کە زۆر گەورە دەکرێت.
  • دەتوانرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاری پێبکرێت.
  • پشتگیری لە چەندین پڕۆتۆکۆڵی ڕێڕەوکردن (Routing) دەکات.
  • کێشی سووکە و فشارێکی ناپێویست ناخاتە سەر تۆڕێک یان کۆمپیوتەرێک.

زیانەکانی TCP/IP بریتین لەمانەی خوارەوە:

  • دانان و بەڕێوەبردنی ئاڵۆزە.
  • چینى گواستنەوە گەرەنتی گەیاندنی پاکەتەکان ناکات.
  • گۆڕینی پڕۆتۆکۆڵەکان لە TCP/IP ئاسان نییە.
  • بەباشی ڕووبەڕووی هێرشی هاوکاتکردن (synchronization attack) دەبێتەوە، کە جۆرێکە لە هێرشی ڕەتکردنەوەی خزمەتگوزاری (denial-of-service) کە تێیدا کاردانەوەیەکی خراپی هەیە بەرانبەری. 


سەرچاوەکان



811 بینین