گوڵی دەمەشێر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-06-16-17:37:00 - کۆدی بابەت: 9039
گوڵی دەمەشێر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی دەمەشێر (ناوی زانستی بە ئینگلیزی: Antirrhinum majus)ـە و جۆرێک ڕووەکی گوڵداری سەر بە ڕەگەزی (ئانتیراینەم)ـە. (ناوی باوی بە ئینگلیزی: snapdragon)، لە کاردانەوەی گوڵەکانەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەمی گوڵەکە وەکوو دەمی ئەژدیهایەک دەکرێتەوە. بەشێوەیەکی بەرفراوان وەکوو ڕووەکێکی ڕازاوە لە سنوورەکان و وەکوو گوڵێکی بڕاوە بەکاردێت. دەمەشێر گوڵێکی هەمیشەییە بەڵام بەزۆری وەکوو ڕووەکێکی ساڵانە دەچێنرێت. مێژووی بوونی ئەم جۆرانە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پازدەهەم.

پۆلێنزانی

پێنج جۆرۆکەی دەمەشێر هەن:

  • Antirrhinum majus subsp. majus لە باشووری فەڕەنسا، باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیا.
  • Antirrhinum majus subsp. cirrhigerum لە (فیکالهۆ) فرانکۆ. باشووری پورتوگال، باشووری ڕۆژئاوای ئیسپانیا.
  • Antirrhinum majus subsp. linkianum (Boiss. & Reut.) لە ڕۆتم. ڕۆژئاوای پورتوگال (تایبەت بە دەڤەرێک).
  • Antirrhinum majus subsp. litigiosum لە (پاو) ڕۆتم. باشووری ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیا.
  • Antirrhinum majus subsp. tortuosum لە (بۆسک) ڕۆی. بەدرێژایی ئەو ناوچە جوگرافییانەی کە جۆرەکانی دەمەشێریان لێیە.

وەسفی گوڵەکە

ڕووەکێکی شێوەگیایی چەند ساڵەییە، بەرزییەکەی دەگاتە نیو تا یەک مەتر، بەدەگمەن دەگاتە دوو مەتر. گەڵاکانی بەشێوەی لوولپێچیی ڕێکخراون، بە شێوەیەکی گشتی نوکتیژن، درێژیی گەڵاکانی ئەم گوڵە یەک بۆ حەوت سانتیمەترە و پانییەکەی دوو بۆ دوو سانتیمەتر و نیوە. لاسکە لووییەکەی بەشی سەرەوە لاسکێکی خڕە، هەندێک جار تا ناوەڕاستی لاسکەکە شێوەدارییە. ئەو گەڵانەشی کە بەرامبەر یەکترن سادە و هێلکەیی تا نوکتیژی پانن، هەندێک جار بەهێڵن و بەزۆری ڕەنگ زەردن. گەڵاکۆکەکانیشی لێبوونەتەوە.

گوڵەکان لەسەر ترۆپێکی بەرز بەرهەم دەهێنرێن، درێژیی هەر گوڵێک سێ سانتیمەتر و نیو بۆ چوار سانتیمەتر و نیوە و دووفلیقانەن، لەگەڵ ئەوەشدا دوو لێو کە بۆریی پلداری ڕەنگی پەڕەی گوڵەکە دادەخەن بەسەر سێ بەشدا دابەشکراون و ڕەنگەکەی سووری وەنەوشەییە، درێژییەکەشی نزیکەی پێنج سانتیمەترە. ڕەنگی گوڵی ڕووەکە کێوییەکان پەمەیی تا وەنەوشەیین، زۆرجار لێوی زەردیان هەیە. زۆربەی هەشت بۆ ٣٠ گوڵی کورتی لاسکدار پێکەوە لە دەستەیەکی گوڵی نووساو بە لاسکێکی تایبەتەوەن، تەوەرەی ئەو دەستە گوڵەی کە بە لاسکێکی تایبەتەوەیە لوویی تووکنە. درێژی ترۆپکەکە ٢٥ بۆ ٤٥ (بەدەگمەن دەگاتە ٧٠) ميلليمەتر دەبێت و ڕەنگی جیاوازە (سوور، پەمەیی، پرتەقاڵی، زەرد، سپی). گەرووی ترۆپەکە بە ئاوسانی لێوی خوارەوە دادەخرێت و کیسەیەکی هەڵگەڕاوە لە بەشی خوارەوەیە. بازنەیەک هەیە کە چوار نێرە ئەندامی گوڵی هەیە. ڕووەکەکان لەلایەن هەنگە گەورەکانەوە دەپیتێنرێن و لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک مێرووەکان دەچنە ژوورەوە و هەڵاڵە لەسەر جەستەیان دادەنێن گوڵەکان چواردەوریان دەدەن و بەسەر مێرووەکاندا دادەخرێن. درێژی بەرگی گوڵەکە تا هەشت ميلليمەتر دەبێت، درێژییەکەی لەگەڵ کاسەی گوڵەکاندا یەکسانە، شکڵی درێژۆکه تا پانە.

تۆودانی گوڵەکە لە بەرزترین شوێندایە. بەرەکە کیفێکی نیمچە هێلکەییە کە تیرەکەی ١٠-١٤ ميلليمەترە و لە شێوەی کەللەسەردایە، چەندین تۆوی بچووکی تێدایە.

ژینگەی دەمەشێر

گوڵێکی ڕەسەنی ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاستە، لە مەغریب و پورتوگالەوە لە باکوورەوە تا باشووری فەڕەنسا و لە ڕۆژهەڵاتەوە تا تورکیا و سوریا. زۆرجار لە ژینگەی نەگونجاودا گەشە دەکەن و تەنیا پێویستیان بە خاک و ئاوە.

چاندن

گوڵی دەمەشێر تا ڕادەیەک دەتوانێت لە بەستەڵەک و هەروەها پلەی گەرمی بەرزتردا بژی، بەڵام لە پلەی گەرمی نزیکەی ۱۷ بۆ ۲٥ پلەی سەدییدا بە باشترین شێوە گەشە دەکات. پلەی گەرمی شەوانە لە دەوروبەری ۱٥ بۆ ۱۷ پلەی سەدی هاندەری گەشەکردنە لە هەردوو دابەشانی ترۆپی و لقەکەیدا. جۆرەکە لە تۆوەکانەوە توانای گەشەکردنی باشی هەیە، لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگدا بەخێرایی گوڵ دەکات. هەروەها لە ڕێگەی بڕینیشەوە توانای گەشەکردنی هەیە.

هەرچەندە ئەم جۆرە گوڵە هەمیشەییە، بەڵام زۆرجار وەکوو ڕووەکێکی دوو ساڵە یان ساڵانە دەچێنرێت، بەتایبەتی لە ناوچە ساردترەکاندا کە لەوانەیە لە زستاندا بفەوتێت. دەتواندرێت بە چەندین شێوە بچێندرێت.

ناوە باوەکانی ڕابردووی دەمەشێر (Antirrhinum majus) بریتین لە: زارەگا، دەمی شێر، دەمی کەروێشک، کەروێشکی جوان، پۆزی گوێرەکە، دەمی بۆق، بۆلداگ، و زاری شێر.

سوودە تەندروستییەکانی دەمەشێر

گوڵی دەمەشێر چەند سوودێکی تەندروستی هەیە، لەوانە، هەوکردنی بۆری میز ناهێڵێت، ئازاری سووتانی بچووک کەم دەکاتەوە، خوێنی ژەهراوی خاوێن دەکاتەوە، چارەسەری زیپکە و دوومەڵ دەکات، جگەر پاک دەکاتەوە، یارمەتی کەمکردنەوەی تا دەدات، ڕێگری له هەوکردنی پێست دەکات، بۆ چارەسەرکردنی برینی سووتاوی سووک باشە و لە چارەسەرکردنی نەخۆشی مایەسیریدا بەسوودە.


سەرچاوەکان



662 بینین