سانۆس

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-06-16-18:28:00 - کۆدی بابەت: 9042
سانۆس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سانۆس (بە عەرەبی: ثانوس، بە ئینگلیزی: Thanos)، کەسایەتییەکی خەیاڵی و خراپەکارێکی مەزنە لەلایەن کۆمیکەکانی مارڤڵەوە بڵاودەکرێتەوە. سانۆس یەکێکە لە بەهێزترین بوونەوەرەکان لە جیهانی مارڤڵدا و هەڵگری جینی دیڤیانت و نەمرەکانە واتە دوو ڕەگە. کەسایەتی سانۆس لەلایەن نووسەر و هونەرمەند جیم ستارڵینەوە دروستکراوە و یەکەمین دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٣ لە کۆمیکی The Invincible iron man #55. ڕووبەڕووی چەندین پاڵەوان بووەتەوە لەوانە تۆڵەسێنەکان، پارێزەرانی گەلەئەستێرە، فانتاستیک فۆڕ و پیاوانی X.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

سانۆس کوڕی ئاڵارس و سوەی سانە، سەر بە خێزانی شاهانەی زەبەلاحەکانە کە بوونەوەری بەهێزن هاوشێوەی خواوەندەکان لەسەر مانگی تایتن پەرەیان سەندووە. سانۆس سەر بە خێزانی شاهانەی زەبەلاحەکانە و برایەکی هەڵگیراوەی هەیە کە سەر بە نەمرەکانە بە ناوی ئیرۆس کە لە دواییدا مانگی تایتن جێدەهێڵێت. سانۆس خاوەنی پێستێکی شێوە چەرم و ڕەنگ مۆرە، جەستەیەکی زەبەلاحی هەیە. کاتێک بۆ یەکەمجار دایکی بە کۆرپەیی چاوی پێی دەکەوێت، مێشکی لە دەست دەدات و هەوڵی کوشتنی کوڕەکەی دەدات. سانۆس وەکوو کەسێکی گۆشەگیر گەورە بوو، بەڵام سەرەڕای گۆشەگیری و شێوە نائاساییەکەی لەلایەن کەسە نزیک و ناسراوەکانییەوە قبووڵکراوە. کەسێکی زرنگی لەسەرخۆ بوو کە خەونی ئەوەبوو ببێت بە زانا وەکوو باوکە کەمتەرخەمەکەی. سەرەڕای ئەوەش هەر زوو نیشانەکانی سروشتە ڕاستەقینەکەی دەستیان بە دەرکەوتن کرد، بۆ نموونە حەزی بە کێشانی وێنەی ئاژەڵی مردوو بوو سەرەڕای ئەوەی لەکاتی ئەنجامدانی توێکاریدا تێکدەچوو و دەڕشایەوە. وەرچەرخانێکی گەورە بەسەر ژیانی سانۆسدا هات کاتێک کچێکی نەناسراو هەوڵی دەدا ڕازی بکات بەسەر ترسی کوشتندا زاڵ ببێت. لەوکاتەی گەیشتە تەمەنی هەرزەکاری، سانۆس لە ڕووی ئەکادیمییەوە بەرەوپێش چوو و زۆر بەخێرایی شتەکان فێر دەبوو. بە نهێنی دەستی کرد بە توێکاری بۆ زیندەوەران بە مەبەستی بە دەستهێنانی زانیاری سەبارەت بە پێکهاتە بۆماوەییە نائاساییەکەی. ئەو کچەی کە یارمەتی دا زاڵ ببێت بەسەر ترسی کوشتندا، بوو بە کەسی متمانەپێکراوی. گەڕانی سانۆس بەدوای وەڵامەکاندا گەیاندیە کوشتنی هاوڕەگەزەکانی خۆی کە زەبەلاحەکان بوون. سەرەڕای ئەوەی وتی دوو کوشتنی یەکەمی یەکەم و کۆتا جاری دەبێت، بەڵام دووبارە دەستی دایەوە کوشتن و بۆی دەرکەوت کە چێژی لێ دەبینێت. سانۆس عاشقی کەسە متمانەپێکراوەکەی بوو کە پاڵنەری کارەکانی بوو، بەڵام ڕازی نەبوو بە سانۆس و خۆشەویستییەکەی ڕەتکردەوە. دوای کوشتنی ١٧ کەس، سانۆس دایکی خۆیشی کوشت بە مەبەستی هەڵدڕینی لاشەکەی و گەڕان بەدوای وەڵامی ئەوەی کە ئەو کێیە، هەم لەلایەنی ڕۆحی و هەم جەستەییش. مفستۆ نزیک بووەوە لە سانۆس و ڕازی کرد بچێتە سەر زەوی بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تۆڵەسێنەکانی پێش مێژوو ببێتەوە. دوای ئەوە مانگی تایتنی بەجێهێشت و سوێندی خوارد واز لە کوشتن بهێنێت، کارێکی نۆکەریی دۆزییەوە لەگەڵ دەستەیەک لە چەتەکاندا کە بە گەردووندا گەشتیان دەکرد. لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵاندا سانۆس بوو بە کەسێکی دوورەپەرێز و بێ هەست. لە زۆر هەسارەی جیاوازدا کەسێکی دەدۆزییەوە و لەگەڵیاندا دەخەوت بەو هیوایەی دووبارە هەست بە شتێک بکاتەوە، بەڵام سوودی نەبوو. هەمیشە خۆیان و منداڵەکانیشی جێدەهێشت کە لە ئەو بوون. لە کۆتاییدا سانۆس کردی بە شەڕ لەگەڵ کاپتنی دەستەکەدا و سەری بڕی، خۆیشی جڵەوی دەستەکەی گرتە دەست. سانۆس بڕیاریدا سروشتی بکوژێتییەکەی خۆی قبووڵ بکات و بە نهێنی بگەڕێتەوە بۆ تایتن. لەلایەن کەسە متمانەپێکراوەکەیەوە ڕێگەی چوونە ناوەوەی بۆ دابینکرا و دووبارە هەوڵی دایەوە کچەکە ڕازی بکات. کەسە متمانە پێکراوەکەی داوای لە سانۆس کرد دەبێت بیسەلمێنێت کە هی ئەوە، بۆیە سانۆس دەستی کرد بە گەشتێک بۆ لەناوبردنی هەموو نەوە و بنەچەی خۆی، دەچووە سەر هەسارەیەک کاولی دەکرد بە مەبەستی سەلماندنی خۆشەویستییەکەی بۆ دێث (مردن). لەگەڵ ئەوەشدا سانۆس تاقیکردنەوەی لەسەر جەستەی خۆی ئەنجامدا و چەندین هێزی جۆراوجۆری بۆ خۆی زیاد کرد. کەسە متمانەپێکراوەکەی سانۆس بوو بە هاوڕێ و هاوبەشی و لە کۆتاییدا ددانی بەوەدا نا بۆ ئەوەی عاشقی ببێت دەبێت سانۆس ببێتە خواوەندێک، وێرانکەرێکی مەزن. دوای ئەوەی سانۆس بۆی دەرکەوت کە کەس لە دەستەکەی ناتوانن کچەکە ببینن، ئەویش سروشتی ڕاستەقینەی خۆی پیشاندا، بەوەی ئەو بەرجەستەکەری جەستەیی خودی مردنە (دێث - Death). ئەم زانینە سانۆسی بەرەو شێتبوون برد، بەڵێنی خۆشەویستی بە دێث دا و کەشتیگەلە جەنگییەکەی بەکارهێنا بۆ کاولکردنی تایتن. کاتێک کەشتیگەلەکە بە تەواوی بۆمبارانی تایتنیان کرد، سانۆس خۆی بە تایبەتی دابەزی بۆ کوشتی ئەو کەسانەی ڕزگاریان بووبوو. ئاڵارس ڕووبەڕووی بووەوە و وای لە سانۆس کرد گومان بکات لەوەی ئایا دێث بەڕاستی لەپشتیەتی یان شێت بووە. سانۆس بە تەنها ژیانی باوکی بەخشی بۆ ئەوەی بیبینێت کە گەردوون تێکدەدات و بۆی بسەلمێنێت کە شێت نییە. دێث لە کۆتاییدا ماچی سانۆسی کرد، بەڵام سانۆس هەستی بە ساردوسڕی کرد لە باوەشەکەیدا. سانۆس بەردەوام بوو لەسەر لەناوبردن و کاولکاری بێ ئەوەی تینوێتی بشکێت.

کەسایەتی

سانۆس کەسێکی زۆر لەخۆبایی، تووندوتیژ، فێڵباز، کیناوی، زۆردار و بێبەزەییە تا ئەو ڕادەیەی کە گوێ نادات بە کوشتن و لەناوبردنی ژمارەی بێشوماری خەڵک و هەسارە و تەنانەت خەڵکەکەی خۆیشی، بۆ ستایشکردنی دێث و بەدەستهێنانی سەرنج و سۆزی ئەو. سانۆس کەسێکە هەمیشە برسی دەسەڵاتە، هەمیشە بەدوای بەدەستهێنانی ئەو شتانەوەیە کە کاریگەری بێشوماریان هەیە وەکوو شەشپاڵووی گەردوونی و گەوهەرە ناکۆتاییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار بە شێوەیەکی هێمن و لەسەرخۆ قسە و ڕەفتار دەکات و جڵەوی خۆی لەدەست نادات. کەسێکە ئارەزووی لە گەڕان و بەدواداچوونی زانیاری و کشتوکاڵە.

هاوڕێ و دوژمنەکانی سانۆس

دۆست و هاوڕێکانی

١.ئادەم ۆرڵەک

٢.ئیجس

٣.ئانەهایڵس

٤.کۆزمیک گۆست ڕایدەر

٥.ئاتڵیزا

دوژمنەکانی

١.بڵاک پانثەر

٢.کاپتن ئەمریکا

٣.بڵاک ویدۆو

٤.دکتۆر سترەینج

٥.ئایرنمان

٦.کاپتن مارڤڵ

٧.گەڵاکتەس

٨.هیومن تۆرچ

٩.دراکسی وێرانکەر

تواناکانی سانۆس

سانۆس خاوەنی توانای فسیۆلۆجی زەبەلاحی نەمرە و تا ئێستا یەکێکە لە بەهێزترین نەمرەکانی جیهانی زەبەلاحەکان. سانۆس گۆڕاوێکی سەروومرۆییە کە جەستەیەکی بەهێز و قورسی هەیە بەو توانایەوە لە دایکبووە کە دەتوانێت وزەی گەردوونی دروست بکات بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکاری بهێنێت. سانۆس بەهۆی دوو ڕەگییەکەوە خاوەنی چەند توانایەکی تایبەتە وەکوو:

١.هێزی سەروومرۆیی بێ سنووری هەیە

٢.چوستی سەروومرۆیی هەیە سەرەڕای قەبارە گەورەکەی

٣.توانای پەرچەکرداری سەروومرۆیی

٤.توانای بەرگەگری سەروومرۆیی

٥.توانای بەرگەگرتنی هەیە بۆ هەموو زیانێک بە شێوەیەک هیچ شتێک ناتوانێت زیان بە جەستەی بگەیەنێت

٦.وەکوو هەموو نەمرەکانی تر، تووشی نەخۆشی نابێت و پیر نابێت، بوونەوەرێکی هەمیشەییە. دەمرێت بەڵام دووبارە زیندوو دەبێتەوە

٧.فاکتەری چاکبوونەوەی دووبارە دروستبوونەوە

٨.توانای دەستکاریکردنی وزەی هەیە

٩.توانای تەلەپاثی هەیە وەکوو خوێندنەوەی هزر و ئاڵوگۆڕی بیرکردنەوە لە ڕێگەی مێشکەوە بە بێ بەکارهێنانی هەستەکانی تر

١٠.توانای دەستکاریکردن و جڵەوکردنی ماددەی هەیە

١١.شارەزای جادووە

١٢.توانای فڕینی هەیە

١٣.کەسێکی بلیمەتە

خاڵی لاواز

زەبەلاحە شێتەکە سەرەڕای ئەوەی هەندێکجار وەکوو خواوەندێک سەیر دەکرێت، لەپاڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک خاڵی لاوازی هەیە وەکوو:

١.خودی خۆی: نادڵنیایی سەبارەت بە نرخ و گرنگی خۆی هەمیشە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی

٢.دکتۆر دووم

٣.ئادەم ۆرڵەک

٤.ئیگۆکەی (خۆپەسەندییەکەی)

٥.دراکسی وێرانکەر

٦.شێرپەنجەی خواوەند: سەرەڕای ئەوەی بوونەوەرێکە تووشی هیچ نەخۆشی و تووشبوونێکی ئاسایی نابێت، بەڵام نەخۆشییەکی نەناسراو و کوشندە هەیە تووشی دەبێت کە هیچ چارەسەرێکی نییە و لاوازی دەکات تا ڕادەی مردن

٧.دێث

٨.دایک و باوکی

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی سانۆس تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەندین ئەکتەری جیاواز جیاواز ڕۆڵەکەیان وەرگرتووە بە دەنگ، دیارترینیان بریتین لە:

١.جاش بڕۆڵن

٢.ئایزاک س. سینگڵتن جونیەر

٣.جیم کەمینگس

٤.دەیمیەن پواتیەی

یەکەم دەرکەوتنی کەسایەتی سانۆس لە جیهانی سینەمایی مارڤڵدا لە فیلمی (The avengers 2012) بوو. دیارترین ئەو فیلم و زنجیرانەی کە تێیاندا دەرکەوتووە بریتین لە:

١.فیلمی The avengers 2012

٢.فیلمی Avengers: age of ultron 2015

٣.فیلمی Avengers infinity war 2018

٤.فیلمی Avengers endgame 2019

٥.زنجیرەی What if..? 2021


سەرچاوەکان



896 بینین