سوپەرمان

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-06-16-20:26:00 - کۆدی بابەت: 9045
سوپەرمان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوپەرمان (بە عەرەبی: سوبرمان، بە ئینگلیزی: Superman) کەسایەتییەکی خەیاڵی و پاڵەوانێکی مەزنە لەلایەن کۆمیکەکانی دی سییەوە بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتی سوپەرمان لەلایەن جێری سیگڵ و جۆو شەستەرەوە دروستکراوە و یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٨ لە کۆمیکی  Action comics #1. سوپەرمان سەر بە ڕەگەزی کریپتۆنەکانە و خەڵکی هەسارەی کریپتۆنە. کەسایەتی سوپەرمان جگە لە کۆمیک لە زنجیرەی ڕادیۆیی، ڕۆمان، فیلم، زنجیرەی تەلەڤزیۆنی و شانۆییشدا بەکارهاتووە.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

سوپەرمان ناوی ڕاستەقینەی کاڵ ئێڵە و ناوی یاساییشی کڵارک کێنتە. کۆتا کوڕی هەسارەی کریپتۆنە. کوڕی زانا جۆو ئێڵ و ڵارا لۆر ڤانە. لەکاتی لەناوچوونی هەسارەکەی خۆیان دایک و باوکی بە موشەکێک کاڵیان ڕەوانەی زەوی کرد، موشەکەکە لە سمۆڵڤیڵی ویلایەتی کانساس نیشتەوە و لەلایەن جۆنەسن و مارتا کێنتەوە دۆزرایەوە کە لەدواییدا وەکوو کوڕی خۆیان هەڵیانگرتەوە و ناویان لێ نا کڵارک کێنت. لە سەرەتادا کاتێک کڵارک دەستی بە خوێندن کرد مارتا و جۆنەسن نیگەران بوون لەوەی نەتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ هاوپۆلەکانیدا و بەوشێوەیە ئامۆژگاریان کرد کە بە نوکتە یان قسەیەکی خۆش کەسەکانی چواردەوری بخاتە پێکەنین تا هاوڕێ پەیدا بکات. لە تەمەنی منداڵی کلارکدا مارتای دایکی تووشی شێرپەنجە دەبێت و چارەسەری کیمیایی وەردەگرێت. تەمەنی منداڵی لە سمۆڵڤیڵ بەسەردەبات و لەوێ دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی پەیدا دەکات کە ناویان ڵانە ڵانگ و پیت ڕۆسە. بووبوون بە سیانەیەک و هەمیشە بۆ هەموو کارێک پێکەوە بوون، تەنانەت بەیەکیشەوە خۆیان لە لێکس لوسەری گەنج دەشاردەوە.

ئێوارەیەک لە کاتی نانخواردنی ئێوارەدا، کڵارک هەستی کرد تەنێک لە بۆشاییەوە دێتە سەر زەوی، بەخێرایی ڕایکرد بۆ ئەوەی بزانێت چییە و دایک و باوکی ئامۆژگاریان کرد کە لەخۆیەوە دەستی لێ نەدات تا ئەوانیش دەگەنە شوێنەکە. کڵارک یەکسەر تەنە ئاسمانییە کریپتۆنییەکە دەناسێتەوە، کەشتییەکە دەکرێتەوە و سەگێکی بچووک لێوەی دێتە دەرەوە، باز دەدات بۆ لای کڵارک و هەمان ئەو هێزانەی هەیە کە کڵارکیش هەیەتی. کاتێک کڵارک دەبێتە کەسێکی پێگەیشتوو دەگوازێتەوە بۆ پایتەخت، لەوێ لە ڕۆژنامەی دەیڵی پلانێت دەبێتە پەیامنێر و هەر لەوێش ڵۆویس ڵەین دەناسێت. لە یەکەم ڕۆژی کارکردنیدا کڵارک لە ڕووداوێکی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەردا ژیانی ڵۆویس ڵەین ڕزگاردەکات و نازناوی سوپەرمان وەردەگرێت.

یەکەمین خراپەکار کە ڕووبەڕووی بووەوە ئەڵترا هیومەنایت بوو کە بوو بە دوژمنی هەمیشەیی. ئەو کەسەی بە منداڵی هەراسانی دەکرد و گاڵتەی پێ دەکرد، لێکس لوسەری پێگەیشتوو، ئەویش بوو بە دوژمنی. سوپەرمان و باتمان بۆ یەکەمجار کاتێک یەکیان ناسی کە سوپەرمان خەریکی لێکۆڵینەوە بوو لە زنجیرەیەکی کوشتن لە وەین ئینتەرپرایز.

لەدوای شەڕکردن لە دژی دارکساید و ڕزگارکردنی جیهان، کۆمەڵەی دادپەروەریان پێکهێنا کە ئەندامەکانیان پێکهاتبوو لە: باتمان، سوپەرمان، ۆندەر ومەن، فلاش، ئەکوامان و سایبۆرگ و هی تر.

کەسایەتی

لە چیرۆکە ڕەسەنەکەی سیگڵ و شەستەردا، سوپەرمان کەسێکی توند و شەڕانییە. لە سەرکێشییەکانی دواتردا بووە بە کەسێکی نەرم و نیان، ئایدیاڵیزم و ئەوپەڕی باوەڕی بە کۆدە ڕەوشتییەکان هەیە. سوپەرمان کەسێکە گرنگی بە ڕەوشت دەدات و پێی وایە کوشتنی هەر کەسێک لە هەر بارودۆخێکدا ئەوپەڕی ناڕەوشتییە، هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی خۆی لێ بەدوور بگرێت. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەخێوکردن و ئامۆژگارییەکانی ئەو دایک و باوکەی هەڵیان گرتووەتەوە. لە کۆمیکی سوپەرمان/باتمان #٣ دا، باتمان دەڵێت: "ناکۆکییەکی سەرنجڕاکێشە، لە زۆر ڕووەوە کڵارک لە هەموومان مرۆڤترە، پاشانیش... لە ئاسمانەوە ئاگر دەهاوێت، و قورسە وەکوو خوایەک بیری لێ نەکەیتەوە. چەند بە بەختین کە شتی وا بە بیری خۆیدا نایەت". سوپەرمان کەسێکی تەنهایە، لە زۆربەی ماوەی تەمەنیدا ناسنامە ڕاستەقینە و هێزەکانی بۆ کەس ئاشکرا نەکردووە. زۆربەی جار هاوڕێ نزیکەکانی نزیکبوونەتەوە لەوەی خۆیان ئاشکرای بکەن بەڵام هەر جارێک فێڵێک ڕێکدەخات بۆ ئەوەی باوەڕیان پێ بهێنێت کە کڵارک کێنت و سوپەرمان دوو کەسی جیاوازن.

هاوڕێ و دوژمنەکانی سوپەرمان

دۆست و هاوڕێکانی

١.مارشن مانهەنتەر

٢.فلاش

٣.کریپتۆ

٤.سوپەرگێڵ

٥.ستیڵ

٦.ڵانە ڵانگ

٧.جیمی ئۆڵسن

٨.ۆندەر ومەن

٩.باتمان

١٠.ڵۆویس ڵەین

دوژمنەکانی

١.مانگڵ

٢.پاراسایت

٣.مستەر مکسیەزپتڵک

٤.زاد

٥.دوومزدەی

٦.دارکساید

٧.بزارۆ

٨.برەینیاک

٩.لێکس لوسەر

تواناکانی سوپەرمان

سوپەرمان خەڵکی هەسارەی کریپتۆنە، ئەمەش وای کردووە فسیۆلۆجی جەستەیی کریپتۆنیی هەبێت، لەسەر زەویش لە ژێر کاریگەری تیشکی خۆردا چەند توانایەکی تایبەتی هەیە، وەکوو:

• توانای هەڵمژینی تیشکی خۆر و هەڵگرتنی هەیە لە کاتێکدا تیشکی خۆری لێوە دیار نەبوو وزەی لێ وەردەگرێت

• توانای هەڵمژینی وزەی گەردوونیی هەیە

• هێزی سەروومرۆیی هەیە

• خێرایی سەروومرۆیی هەیە کە ئەمەش توانای گەشتکردنی بە کاتدا پێدەدات

• چوست و چالاکی سەروومرۆیی

• توانای بەرپەرچدانەوەی سەروومرۆیی

• توانای بەرگەگری سەروومرۆیی

• توانای هەستکردنی سەروومرۆیی، لە ڕووی بینینەوە دەتوانێت تیشکی ژێرسوور، زیندەوەری وردبین، تەنی دوور (تەلیسکۆبی) و تیشکی ئێکس ببینێت

• توانای بیستنی زۆر بەهێزە

• دەتوانێت بفڕێت

• بە سەیرکردن دەتوانێت تیشکی ئاگر لە چاوییەوە دەربدات و ئەو تەنەی دەیکاتە ئامانج بیسووتێنێت

• توانای گەشتکردنی هەیە بەناو ئەستێرەکاندا

• توانای بەرگەگرتنی زۆرە

• تەمەنی درێژترە لە تەمەنی مرۆڤی ئاسایی

• پێویستی بە خەو و خۆراک و ئۆکسجین نییە هەتا ئەو کاتەی تیشکی خۆری هەبێت

• شارەزایی هەیە لە بواری لێکۆڵینەوەدا

• توانای سەرکردایەتی هەیە

• چەند زمانێک دەزانێت

• شارەزایی هەیە لە بواری ڕۆژنامەگەریدا

خاڵی لاواز

• جادوو

• تیشکی خۆری سوور

• ناتوانێت لە هەمان کاتدا لەیەک شوێن بێت

• کارەبا

ڤایرۆس

• تیشکدانەوەی ئەتۆمی

• لەرەلەری بەرز

• ناتوانێت ئەو تیشکانە ببینێت کە بەناو قوڕقوشمدا دەڕوات

• ماددەی کریپتۆنایت

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی سوپەرمان تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەندین ئەکتەری جیاواز جیاواز ڕۆڵەکەیان وەرگرتووە، دیارترینیان بریتین لە:

• کرک ئاڵن

• براندن ڕوث

• جۆرج ڕیڤز

• دین کەین

• تۆم وێڵین

• کریستۆفەر ڕیڤ

• هێنری کاڤڵ

دیارترین فیلم و زنجیرەکان بریتین لە:

• فیلمی Superman 1978

• فیلمی Superman II 1080

• فیلمی Superman III 1983

• فیلمی Man of steel 2013

• فیلمی Batman vs superman: dawn of justice 2016

• فیلمی Superman returns 2006

• فیلمی Justice league 2017

• فیلمی Zack snyder's justice league 2021

• زنجیرەی Smallville 2011

• زنجیرەی Superman & Lois 2021


سەرچاوەکان



498 بینین