زانکۆی شیکاگۆ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-16-22:13:00 - کۆدی بابەت: 9048
زانکۆی شیکاگۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانکۆی شیکاگۆ (بە ئینگلیزی: University of Chicago، بە عەرەبی: جامعة شيكاغو) زانکۆیەکی تایبەت و لێکۆڵینەوەیی و تێکەڵە دەکەوێتە باشووری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێکە لە زانکۆ باش و بەناوبانگەکانی ئەمریکا و جیهان. زانکۆی شیکاگۆ لە ساڵی ١٨٩٠ـی زایینی لەسەر دەستی جۆن دی ڕۆکیفیلەر دامەزراوە.

دەربارەی زانکۆکە

زانکۆی شیکاگۆ خاوەنی ١٣ سەرۆک بووە ویلیام ڕەینی هارپەر وەک یەکەم سەرۆک و پاشان لە یەکی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢١ پاوڵ ئەلیڤیساتۆس بووە ١٤ـەمین سەرۆکی زانکۆکە و دەرچووی هەمان زانکۆیە و کیمیازانێکی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک یۆنانییە. زانکۆی شیکاگۆ بە بەردەوامی لە ڕیزبەندی باشترین زانکۆکانی جیهاندایە، یەکێک لە باشترین هەڵبژاردەکانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. زانایانی زانکۆی شیکاگۆ ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە لە گەشەپێدانی چەندین لایەنی پەروەردەیی لەوانە ئابووری، یاسا، ڕەخنەی ئەدەبی، بیرکاری، فیزیا، ئایین، کۆمەڵناسی و زانستی سیاسی. زانکۆکە هەروەها خاوەنی چاپخانەی زانکۆی شیکاگۆیە کە گەورەترین چاپخانەی زانکۆیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاوکات خاوەنی یەکێک لە گەورەترن کتێبخانەکانی ئەمریکای باکوورە.

کۆلێجەکان

زانکۆکە خاوەنی هەشت کۆلێجە لەوانە کۆلێجی یاسا، کۆلێجی بازرگانی، کۆلێجی پزیشکی، کۆلێجی کاری کۆمەڵایەتی و ڕاهێنان و سیاسەت، کۆلێجی سیاسەتی گشتی، کۆلێجی بەردەوامی لیبڕاڵی و خوێندنی پیشەیی، ئەندازیاری گەردیلەیی و کۆلێجی ئایینناسی. زانکۆکە کەمپی لە شارەکانی لەندەن، پاریس، پەکین، دەلهی، هۆنگ کۆنگ و ناوجەرگەی شیکاگۆ هەیە.

خەڵاتەکان

خوێندکاران و کۆلێجەکان و ئەندامانی زانکۆی شیکاگۆ خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ خەڵاتی نۆبڵن، یەکێکە لە هەرە بەرزترین زانکۆکان لە جیهاندا کە خاوەنی زۆرترین خەڵاتی نۆبڵ بن، هەروەها دەستەی مامۆستایانی زانکۆ و دەرچووان خاوەنی ١٠ خەڵاتی فیڵدسن، براوەی چوار خەڵاتی تیورینگ، براوەی ٥٢ مەکئارسەر فیلۆوشیپ، ٢٦ خەڵاتی مارشاڵ، ٥٣ خەڵاتی ڕۆودز، ٢٧ خەڵاتی پولیتزەر، ٢٠ خەڵاتی مرۆڤایەتی نەتەوەیی، ٢٩ خەڵاتی ملیار دەرچوو و هەشت مەدالیای ئۆڵۆمپی.

مێژووی زانکۆی شیکاگۆ

زانکۆی شیکاگۆ وەک زانکۆیەکی تێکەڵ لە ساڵی ١٨٩٠ دامەزرا، ڕۆکیفیلەر و ویلیام ڕەینی هارپەر وەک یەکەم سەرۆکەکانی زانکۆکە هیوایان دەخواست زانکۆکە ببێتە پاڵنەرێک بۆ ڕەوشتخوازی و لە هەمان کاتدا گەشەیکرد و توێژینەوەی زانستی هاوچەرخی پێش خست. بازرگان مارشاڵ فیڵد ١٠ دۆنم زەوی بەخشی بە زانکۆکە پاشان لەگەڵ فراوانبوونی زانکۆکە زەوی زیاتری پێ فرۆشتن. تەلارساز هێنری ئایڤست کۆب نەخشەکێشانی زانکۆکەی لە شێوەی زانکۆی کامبریج و زانکۆی ئۆکسفۆرد کرد لە شێوەی چوارگۆشەیی داخراو کە هەستی دابڕان لە شارەکەی دەوروبەری دروستدەکات. هەروەها هەندێک لە بەناوبانگترین زانایانیان لە کۆلێج و زانکۆکانی سەرانسەری جیهان هێنایە زانکۆکە و وردە وردە کۆلێجەکانیان زیادکرد. ڕۆبێرت ماینار هاچینز لە ساڵی ١٩٢٩ بووە سەرۆکی زانکۆکە و چەندین کاری گرنگی ئەنجامدا.

پلەبەندییەکان

زانکۆی شیکاگۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بە زانکۆیەکی جیهانی و هەروەها بەپێی پلەبەندییەک بە پێنجەم باشترین زانکۆی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دادەنرێت و بە شێوەیەکی گشتی لە پلە بەرزەکاندایە، لە پلەبەندی باشترین زانکۆکانی جیهانی "QS" لە پلەی ١٠ـەمدایە، هەروەها بە پێی پلەبەندی "Times Higher Education" لە پلەی ١٠ـەمدایە، بە شێوەیەکی گشتی بە پێی پلەبەندییە جیهانییەکان ئەو پلەیەی گرتووە.

مەرجەکانی وەرگرتن لە زانکۆی شیکاگۆ

دەرفەتی وەرگرتن لە زانکۆی شیکاگۆ ئاسان نییە و پێویستە فێرخوازان داواکارییەکی بەهێز پێشکەش بکەن بۆ گرتنی کورسییەکی دڵخوازی خۆیان لە یەکێک لە بەشەکانی زانکۆکە، هەروەها مەرجە فێرخوازان بە لایەنی کەمەوە شارەزایی سەرەتایی لە زمانێکی تر نیشانبدەن بێجگە لە زمانی ئینگلیزی ئەگەر نا پێویستە ساڵێک زمان بخوێنێت، هەروەها هەندێک لە پسپۆڕییەکان پێویستیان بە ئاستی پێشکەوتوو لە زمانێکی دیاریکراو هەیە و زانکۆی شیکاگۆ بە ٥٠ زمان وانەی تێدا دەخوێندرێت. کۆنمرەی وەرگیراو لە زانکۆکە ٧.٣٪یە، مەرجە خوێندکار تاقیکردنەوەی "TOEFL"ـی ئەنجامدابێت و کۆنمرەی ٦٠٠ کەمتر نەبێت، مەرجە تاقیکردنەوەی "IELTS" ـی ئەنجامدابێت و کۆنمرەی ٧ یان زیاتر بێت، هەروەها مەرجە نمرەی "SAT" لە نێوان ١٥٠٠ـ١٥٧٠ بێت و چەندیین مەرجی تر.

بەناوبانگترین دەرچووەکانی زانکۆی شیکاگۆ

چەندین کەسایەتی دیار و بەناوبانگی جیهانی خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای زانکۆی شیکاگۆن، چەندیین براوەی خەڵاتی نۆبڵ، سیاسەتمەداران، ئەکتەران و بازرگانان لەوانە:

ڕۆجەر جۆسیف ئیبەرت: ڕەخنەگرێکی سینەمایی، مێژوونووسی فیلم، ڕۆژنامەنووس، سیناریۆنووس و نووسەرێکی ئەمریکییە، یەکەم ڕەخنەگری فیلمە بووەتە براوەی خەڵاتی پولیتزەر.

میڵتۆن فریدمان: ئابووریناس و ئامارناسێکی ئەمریکی خاوەن خەڵاتی نۆبلە لە زانستە ئابوورییەکان.

لویس واڵتەر ئەلڤارێز: فیزیازان و داهێنەر و پڕۆفیسۆرێکی ئەمریکی خاوەن خەڵاتی نۆبڵە لە فیزیا.

ویلیام لایۆن مەکێنزی: ١٠ـەمین سەروەزیرانی کەنەدا بوو.

گۆنزاڵۆ سانچێز دی لۆزادا: ٦٠ـەمین سەرۆکی بۆلیڤیا بوو.


سەرچاوەکان



849 بینین