شل

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-17-17:46:00 - کۆدی بابەت: 9057
شل

ناوه‌ڕۆك

دۆخی شلی چییە؟

دۆخی شلی (بە ئینگلیزی: Liquid state) ماددەیەکی جووڵۆکی بە نزیکەیی نەپەستێوراوە، شێوەی ئەو دەفرە دەگرێت کە تێی دەکرێت، بەڵام بەبێ پشت بەستن بە پەستانەکەی بەنزیکەیی قەبارەیەکی جێگیری دەبێت. دۆخی شلی یەکێکە لە چوار دۆخە سەرەکییەکەی ماددە کە سێ دانەکەی تر بریتیین لە: (ڕەقی و گازی و پلازما)، هەروەها تاکە دۆخە کە قەبارەیەکی دیاریکراو و شێوەیەکی ناجێگیری هەبێت. شل لە دەنکۆڵەی زۆر بچووکی لەرۆک پێکدێت، وەک گەردیلەکان کە بە هێزی نێوانگەردی بەیەکەوە بەستراون. وەک گاز ماددەی شل دەتوانێت بجووڵێت و شێوەی ئەو دەفرە وەربگرێت کە تێی دەکرێت. زۆربەی شلەکان بەرگەی پەستاوتن دەگرن، هەندێکیشیان دەتوانرێت بپەستێورێن. بەڵام بە پێچەوانەی گازەکانەوە، ماددەی شل فراوان نابێت تاکوو هەموو بۆشاییەکی دەفرە پڕ بکاتەوە، هەروەها چڕییەکی تا ڕادەیەک جێگیری هەیە.
تایبەتمەندی دیاری دۆخی شلی جووڵەی ڕووکارەکەیەتی، کە وای لێدەکات تایبەتمەندی تەڕکردنی هەبێت. ئاو باوترین شلە لەسەر زەویدا.

تایبەتمەندیی فیزیایی

دیارترین تایبەتمەندیی فیزیایی ماددەیەکی شل داگیرکردنی قەبارەیەک و وەرگرتنی شێوەی ئەو دەفرەیە کە تێی دەکرێت. کاتێک ماددەیەکی شل دەڕێژرێتە ناو دەفرێکەوە، شێوەی دەفرەکە وەردەگرێت و تاکوو لە دۆخە شلەکەیدا بێت (واتە نەگۆڕێت بۆ دۆخێکی تری وەکوو دۆخی گازی) لەناو دەفرەکەدا دەمێنێتەوە. کاتێک ئەم ماددە شلە لە دەفرێکەوە دەخرێتە دەفرێکی تر (ئەگەر نەبێت بە هەڵم و پلەی گەرمییەکەی نەگۆڕدرێت) ئەوا قەبارەکەی بە جێگیری دەمێنێتەوە، بەڵام شێوەکەی دەگۆڕێت و شێوەی دەفرە نوێیەکە وەردەگرێت. ئەم تایبەتمەندییانە وەک پێوانەیەکی گونجاو بەکاردەهێنرێت وەک بنچینەی جیاکردنەوەی دۆخی شلی لە ڕەقی و گازی. بۆ نموونە گازەکان فراوان دەبن و تەواوی قەبارەی ئەو دەفرە پڕ دەکەنەوە کە تێی دەکرێن، هەرچی ماددە ڕەقەکانیشە قەبارە و شێوەی خۆیان بە جێگیری دەهێڵنەوە و بە هیچ جۆرێک شێوە و قەبارەی ئەو دەفرە داگیر ناکەن کە تێی دەکرێن. دەنکۆڵەکان (گەرد یان گەردیلە یان ئایۆن) لە شلەکاندا تا ڕادەیەک لە یەکترەوە نزیکن. لە دۆخی ئاساییدا پلەی کوڵانی ماددە شلەکان بەرزترە لە پلەی گەرمیی ژوور.

پلەی کوڵان و پلەی بەستن

وەکوو هەموو ماددەکانی تر شلەکان دەکرێت دۆخیان بگۆڕێت، دەتوانن لە دۆخی شلیەوە بچنە دۆخی گازی و لە دۆخی شلیەوە بچنە دۆخی ڕەقی. گۆڕانی دۆخێک کاتێک ڕوودەدات کە جووڵەی دەنکۆڵەکان بەهۆی گۆڕانی پلەی گەرمییەوە گۆڕانیان بەسەردا دێت. گۆڕانی دۆخ گۆڕانێکی فیزیاییە و شێوەی ماددەکە تێیدا دەگۆڕێت، بەڵام پێکهاتەکەی وەکوو خۆی دەمێنێتەوە. کاتێک ماددەیەکی شل دۆخەکەی دەگۆڕدرێت بۆ گاز یان ڕەق، بارستەکەی وەکوو خۆی دەمێنێتەوە، واتە جۆر و ژمارەی گەردەکان لەناو ماددەکەدا وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.
کاتێک ماددەیەکی شل گەرم دەکرێت، جووڵەی دەنکۆڵەکان خێراتر دەبێت، لە پلەی گەرمی دیاریکراودا دەنکۆڵەکان زۆر بەخێرایی دەجووڵێن، بەشێوەیەک کە دەست دەکەن بە دەربازبوون لە دۆخی شلی و وەکوو دەنکۆڵەی گاز دەجووڵێن.
ئەو پلە گەرمییەی کە تیایدا ماددەیەک لە دۆخی شلیەوە دەچێتە دۆخی گازی پێی دەوترێت پلەی کوڵان. کاتێک ماددەیەکی شل سارد دەکرێتەوە، پێچەوانەکەی ڕوودەدات، واتە کاتێک پلەی گەرمیی ماددەیەکی شل کەم دەکرێتەوە، دەنکۆڵەکانی هێواشتر دەجووڵێن. لە خوار پلەی گەرمیی ئاسایی ماددەکەوە، دەنکۆڵەکان زیاتر لەیەکتر نزیک دەبنەوە تاکوو ماددەیەکی ڕەق پێک بهێنن، ئەو پلە گەرمییەی کە تیایدا ماددەیەک لە دۆخی شلییەوە دەچێتە دۆخی ڕەقی پێی دەوترێت پلەی بەستن.
ماددە جیاوازەکان پلەی بەستن و پلەی کوڵانی جیاوازیان هەیە، ئاو و ترشی ئەسیتیک هەردووکیان لە پلەی گەرمیی ژووردا شلن، بەڵام ئاو لە پلەی گەرمیی ١٠٠ پلەی سیلیزیدا دەکوڵێت و لە پلەی گەرمیی سفر پلەی سیلیزیدا دەیبەستێت. لە کاتێکدا کە ترشی ئەسیتیک کە پێکهێنەرێکی ناو سرکەیە، لە پلەی گەرمیی ١١٧٫٩ پلەی سیلیزیدا دەکوڵێت و لە خواروو ١٦٫٦ پلەی سیلیزیدا دەیبەستێت.


سەرچاوەکان



1364 بینین