مۆریتانییەکە (٢٠٢١)

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-18-17:13:00 - کۆدی بابەت: 9068
مۆریتانییەکە (٢٠٢١)

ناوه‌ڕۆك

کورتەچیرۆکی فیلم

فیلمەکە لە چیرۆکی ڕاستییەوە وەرگیراوە و باس لە زیندانییەک دەکات بە ناوی (محەمەدوو سەڵاحی)، کە دوای ئەوەی لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە بە تۆمەتی کاری تیرۆرستی دەستگیردەکرێت، بەبێ ھەبوونی ھیچ تۆمەتێک بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەخرێتە زیندانەوە، محەمەدوو بێهیوا نابێت و لەپێناو ئازادیدا دەجەنگێت.

دەربارەی فیلم

ناوی فیلم بە ئینگلیزی The Mauritanian
چەشن هەستبزوێن، درامی
دەرھێنەر کیڤن مەکدۆناڵد
‌بە ڕۆڵگێرانی نواندنکاران جودی فۆستەر، تاهر ڕەحیم، بێنێدیکت کەمبەرباچ
‌ماوەی فیلم دوو کاتژمێر و نۆ خولەک
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە 12\2\2021
نمرە بەپێی ماڵپەڕی (IMdb) 7.4/10 
نمرەی ماڵپەڕی تەماتە گەنیووەکان (Rotten Tomatoes) 73%
خەڵات براوەی سێ خەڵاتە و پاڵێوراوە بۆ 17 خەڵات

فیلمەکە لە کتێبی (یادەوەری گوانتانامۆ) وەرگیراوە کە لەلایەن خودی محەمەدوو سەڵاحی نووسراوە. سەڵاحی لەدوای دەستیگرکردنی وەک تۆمەتباری هێرشەکانی ١١ سێپتەمبەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک زیندانی دەکرێت، لە گرتووخانەی گوانتانامۆ بە خراپترین شێوە ئەشکەنجە دەدرێت. سەڵاحیی تەنها و ترساو، دوای ئەوەی خێزانەکەی داوای یارمەتی دەکەن، دوو پارێزەری بەرگریکاریی هاوپەیمان بە ناوەکانی (نانسی هۆڵاندەر) و هاوکارەکەی (تێڕی دەنکن) دۆسییەکەی دەگرنە دەست، کە ئەم دوو پارێزەرە دژی حکوومەتی ئەمریکا دەجەنگن تاکوو ئەو دادپەروەرییە دەستەبەر بکەن کە بەرانبەر یاسا و بریگرتەکەیان کە سەڵاحییە لێی بەرپرسن.

دەربارەی سڵاحی (سپۆیڵ)

محەمەدوو ئۆوڵد سڵاحی (بە ئینگلیزی: Mohamedou Ould Slahi) (بە عەرەبی: محمدو ولد الصلاحي) هاوڵاتییەکی مۆریتانییە کە بەبێ بوونی هیچ تاوانێک لە گرتووخانەی گوانتانامۆ بۆ ماوەی 14 ساڵ زیندانیکرا، سڵاحی لە ڕێکەوتی 21\12\1970 لەدایکبووە. لە وڵاتی ئەڵمانیا خوێندوویەتی و بڕوانامەی ئەندازیاریی پەیوەندییەکانی بە دەست هێناوە. لە ساڵی 2002 بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی ئەلقاعیدە تاکوو 17\8\2016 زیندانی کرا.
سڵاحی لە ئەو ماوەیەی کە لە زینداندابوو و لە ساڵی 2005 یادەوەرییەکی نووسییەوە، کە حکوومەتی ئەمریکا لە ساڵی 2012 چەند چاپێکی ئاشکراکرد. یادەوەرییەکانی محەمەدوو لەژێر ناونیشانەی (یادنامەی گوانتانامۆ) لە کانوونی دووەمی ساڵی 2015 بڵاوکرایەوە، هەروەها باشترین فرۆشی جیهانیی هەبوو. سڵاحی یەکەمین گیراوی گوانتانامۆیە کە یادەوەرییەکانی و ئەشکەنجەکانی لەماوەی گرتنەکەیدا بڵاو بکاتەوە، بەڵام کاتێک لە زینداندابوو ڕێگری لێکرا کە لەبەرگیراوەیەک لە کتێبە بڵاوکراوەکەی بەدەست بگات.
هەر لەماوەی گرتنەکەیدا سڵاحی چوار کتێبی تری نووسیوە کە یەکێکیان بە ناوی (دەربارەی دۆزینەوەی بەختەوەری لە ناوچەیەکی هیوابڕاودا) بوو، بەڵام لەدوای ڕۆشتنی لە گوانتانامۆ ڕێگەی پێنەدراوە دەستی بە هیچ یەکێک لە ئەو کتێبانە بگات.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • محەمەدوو باسی لەوە کردووە کە ئەو مامەڵانەی لە زیندانی گوانتانامۆ لەگەڵیدا کراوە، زۆر نامرۆڤانەتر و دڕندانەتر بووە لەوەی لە فیلمەکەدا نیشاندراوە.
  • پارێزەری مافەکانی مرۆڤ (نانسی هۆڵاندەر) کە نواندنکار (جودی فۆستەر) ڕۆڵی دەبینێت لە فیلمەکەدا، لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوە کردووە کە تووشی هەناسەبڕکێ بووە کاتێک بۆ یەکەمجار سەردانی ئەو شوێنەی کردووە کە لە فیلمەکەدا وەک زیندانی گوانتانامۆ ئامادەکراوە. هەروەها وتویەتی هەروەک ئەو شوێنەی کە ئەو چەندین چاوپێکەوتنی لەگەڵ محەمەدووی ڕاستەقینەدا لێ ئەنجامداوە ترسناک بووە.
  • زیندانیی ژمارە ٧٦٠ (بە ئینگلیزی: Prisoner 760) و یادنامەی گوانتانامۆ (بە ئینگلیزی: Guantanamo Diary) دوو ناونیشانی تری جێگرەوەی فیلمەکەن.


سەرچاوەکان



385 بینین