کۆلێرا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-19-18:19:00 - کۆدی بابەت: 9081
کۆلێرا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆلێرا (بە ئینگلیزی: cholera) نەخۆشییەکی بەکتریاییە کە بەهۆی بەکتریای (vibro cholerae) دروست دەبێت. دەبێتە هۆی سکچوونێکی توند، لە ئەنجامیشدا وشکبوونەوەی جەستە، بەگشتی لە ڕێگەی خواردنی پیس و ئاوی پیسەوە تووشی مرۆڤ دەبێت.
ساڵانە نزیکەی ١.٤ بۆ ٤.٣ ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.

مێژووەکەی

ناوی نەخۆشیی کۆلێرا لە دەستەواژەی کۆنی یۆنانی (Kholera)ـەوە هاتووە، کە بە واتای زەرد دێت، گومان دەکرێت کە ئەم نەخۆشییە بۆ یەکەمجار لە هیندستان و دەلتای ڕووباری کانگ سەری هەڵداوە. بوونی ئاوی پیسی ئەو ناوچەیە هۆکار بوو کە ئەم نەخۆشییە لە هیندستان زۆر بێت. بۆ یەکەمین جار نەخۆشییەکە لە ڕێگەی ڕێگای بازرگانی وشکانی و دەریاییەوە لە ساڵی ١٨١٧ گەشتە ڕووسیا دواتر لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە گەشتە ئەورووپا و دواتریش ئەمریکای باکوور.
بەگشتی لەماوەی ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا دەتوانرێت بڵاوبوونەوەی کۆلێرا دابەش بکرێت بەسەر حەوت قۆناغدا کە ئەمانەن:

یەکەم

قۆناغی یەکەم لە بنگالی هیندستانەوە لە نێوان ساڵانی ١٨١٧ بۆ ١٨٢٤ ڕوویدا. ئەم نەخۆشییە لە هیندستانەوه گەشتە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و دواتریش وڵاتانی چین و ژاپۆن و ڕووسیا.

دووەم

قۆناغی دووەم لە نێوان ساڵانی ١٨٢٧ تاکوو ١٨٣٥ ڕوویدا و ئەمریکا و ئەوروپای دووچار کردەوە. هۆکاری بڵاوبوونەوە خێراکەشی بازرگانیکردن و ئاڵوگۆڕی شتومەک بوو.

سێیەم

قۆناغی سێیەم لە نێوان ساڵانی ١٨٣٩ تا ١٨٥٦ بوو گەشتە باکووری ئەفریقا و ئەمریکای باشوور، بەتایبەت لە وڵاتی بەڕازیل گەیشتە لوتکە.

چوارەم

قۆناغی چوارەم لە نێوان ساڵانی ١٨٣٦ تاکوو ١٨٧٥ ڕوویدا و تەواوی ناوچەی ژێر بیابانی ئەفریقای تەنی.

پێنجەم و شەشەم 

قۆناغی پێنجەم و شەشەم بە ڕێکی بەدوای یەکدا لە نێوان ساڵانی ١٨٨١ بۆ ١٨٩٦ و ساڵانی ١٨٩٩ بۆ ١٩٢٣ ڕوویدا. ئەم دوو ئامارە مردنی کەمتری بەدواوە بوو، چونکە لەم سەردەمەدا بەکتریاکە دۆزرابوویەوە و ڕێگای ڕێگریکردن لێی هەبوو.
بەڵام لە وڵاتانی میسڕ، ئێران، هیندستان، فلیپین، زۆر بڵاوبوویەوە و خەڵکی زۆر بەهۆی کۆلێراوە مردن.

حەوتەم

کۆتا قۆناغ کە قۆناغی حەوتەمە لە ساڵی ١٩٦١ـدا بوو لە وڵاتی ئەندەنووسیا سەری هەڵدا.
لەدوای سەدەی ١٩ نەخۆشیی کۆلێرا بووە هۆی مردنی ملیۆنەها کەس، بەتەنها لە ڕووسیا لە نێوان ساڵانی ١٨٤٧ بۆ ١٨٥١ زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەهۆی کۆلێراوە مردن. لە نێوان ساڵانی ١٩٠٠ بۆ ١٩٢٠ هەشت ملیۆن هیندی گیانیان سپارد.
(ڕۆبێرت کوخ) کە پزیشکێکی ئەڵمانی بوو بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٨٨٣ بەکتریای کۆلێرای دۆزییەوە وناسییەوە.
لە ساڵی ١٨٥٤ گۆڕانکارییەک ڕوویدا، پزیشکێک بەناوی (جۆن سنۆو) کە پزیشکێکی لێهاتوو بوو کە کاری زۆری لە بواری سڕکردن و تەندروستیدا کردبوو. بە باوکی ئپیدیمیۆلۆجی (epidemiology) ناسرابوو. کە زانستێکی پزیشکییە و لە نەخۆشە درمییەکان دەکۆڵێتەوە. جۆن سنۆو ئەوەندە زیرەک بوو کە لەسەر ڕووی نەخشەیەک هۆکاری زیادبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەی بۆ دەرکەوت. ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووش دەبوون لە شاری لەندەن بەشێوەی خاڵێک لەسەر نەخشەی شارەکە دایدەنا، لە ئەنجامدا بۆی دەرکەوت کە هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشییەکە ترومپایەکی دەستی ئاوە لە شەقامی بڕادپیک.

هۆکارەکان

هۆکاری سەرەکی بەکتریای ڤیبریۆ کۆلیرەی (Vibro cholerae)ـیە، ئەم بەکتریایە ژەهرێکی تووند بەناوی CTX لە ڕیخۆڵە باریکەدا دروست دەکات، ئەم ژەهرە دەنووسێت بە دیواری ڕیخۆڵەوە و دەچێتە ناو ڕێڕەوی ئاسایی سۆدیۆم و کلۆرید. کاتێک ئەم بەکتریایە دەنووسێت بە دیواری ڕیخۆڵە باریکەوە وادەکات بەرهەمهێنانی ئاو لەناو جەستەدا زۆر بەخێرایی زیاد بکات. کە دەبێتە هۆی سکچوون و لەدەستدانی ئاوێکی زۆری جەستە. ئاوی پیس و ئالوودەبوو سەرچاوەی سەرەکی تووشبوونە بە کۆلێرا، بەکارهێنانی ئەم ئاوە بۆ خواردنەوە یاخود شۆردنەوەی میوە و سەوزە بەم ئاوە.

کێ ئەگەری تووشبوونی زیاترە؟

  • ژیانکردن لە شوێنی پیس و بەکارهێنان و خواردنەوەی ئاوی پیس.
  • کەمی ڕێژەی ترشێتی گەدە، چونکە ئەگەر ڕێژەی ترشێتی گەدە زۆر بێت بەکتریاکان ناتوانن بمێننەوە و لەناودەچن.
  • نزیکبوونەوە لەو کەسانەی تووشی کۆلێرا بوون هۆکارێکە تاکوو لەوانەوە بگوازرێتەوە بۆ کەسی تەندروست.
  • خواردنی حەلەزۆنی خاو و هەر جۆرە گۆشتێکی خاو و خواردنی پیس.
  • ئەو کەسانەی گرووپی خوێنیان (O)ـیە، هەرچەندە هۆکاری ئەمە ڕوون نییە بەڵام ئەم کەسانەی سەر بەم گرووپی خوێنەن ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.

نیشانەکان

دوای تووشبوون بە کۆلێرا بۆماوەی حەوت بۆ ١٤ ڕۆژ لەڕێگەی پیساییەکەتەوە بەکتریاکانی کۆلێرا دەکەیتە دەرەوە، وەک هەر نەخۆشییەکی تر دووچاری سکچوونی کەم یان مامناوەند دەبنەوە و دەکرێت بەبێ هیچ نیشانەیەکیش تووش ببن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کەس بە توندی دەیگرن، نیشانەکانی لەماوەی پێنج ڕۆژدا دەردەکەون کە بریتین لە:

سکچوون

ئەو سکچوونەی کە بەهۆی کۆلێراوە ڕوودەدات لەناکاو دەست پێ دەکات و توندە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاوی جەستە. ڕەنگی پیسایەکە ڕوون و شیرییە، وەک بڵێی ئەو ئاوەیە کە پاش شۆردنەوەی برنج دەستت دەکەوێت.

دڵتێکچوون و ڕشانەوە

بەگشتی لە سەرەتاکانی نەخۆشییەکەدا دڵتێکچوون و ڕشانەوە دەست پێ دەکات، و ڕشانەوەکە بۆ چەند کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت.

وشکبوونەوەی جەستە

وشکبوونەوەی جەستە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی جەستەوە ڕوودەدات، کە لە ئەنجامدا جەستە ماددە خۆراکییەکانی لەدەست دەدات، لەدەستدانی ٪١٠ی کێشی جەستە نیشانەیەکە بۆ وشکبوونەوەی جەستە. لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ماندوویەتی، بەرچاوڕەشبوون، وشکبوونەوەی پێست و دەم و ناو لووت، کەمبوونەوەی میزکردن، ناڕێکی لێدانی دڵ، ناڕێکی پەستانی خوێن، بێتاقەتی، کەشەنگبوونی ماسولکەکان.

نیشانەکانی کۆلێرا لە منداڵدا

  • خەواڵوویی زۆر
  • تا
  • کەشەنگبوونی ماسولکەکان
  • لە ئەگەری وشکبوونەوەی جەستە بێ هۆشبوون

گواستنەوە

نەخۆشی کۆلێرا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە، بەهۆی ئەوەی بەکتریاکە دەتوانێت لە دەرەوەی جەستەی کەسەکەشدا بژی, بۆیە بە ئاسانی لە کەسی تووشبووەوە بۆ کەسی تەندروست بە چەند ڕێگایەک دەگوازرێتەوە وەک:

  • بەرکەوتن بە پیسایی کەسی تووشبوو
  • دەست دان لە نەخۆش و جلەکانی
  • خواردنی خۆراک و ئاوی بەردەم نەخۆشەکە

دەستنیشانکردن

دوای ئەوەی هەستت بە نیشانەکان کرد دەبێت بەزووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت، پزیشک لە ڕێگەی پشکنینی فیزیایی و پشکنینی پیساییەوە دەتوانێت بەکتریاکە دیاری بکات.

چارەسەر

ئەگەر هاتوو نەخۆشەکە سکچوونەکەی زۆر بوو و بەم هۆیەوە ئاوێکی زۆری لەدەست دابوو و جەستەی وشک بوبوویەوە، دەبێت نەخۆشەکە بخەوێنرێت و کانۆلای بۆ دابنرێت و پاشان خۆراکپێدەری تایبەتی (مغەزی) لە ڕێگەی کانۆلاوە پێ بدرێت. هەروەها دەبێت درەمانی دژەبەکتریا بۆ نەخۆشەکە بەکاربهێنرێت. جیا لەمانەش چەندین چارەسەری سروشتی هەیە کە دەکرێت لەگەڵ ئەم چارەسەرانەدا بەکاربهێنرێت ئەوانیش:

  • خواردنەوەی بەردەوامی ئاو، بەڵام ئاوێکی پاک
  • خواردنەوەی شلەمەنی و شۆربا
  • پاککردنەوەی دەم و ددان
  • دەست شۆردن بەتایبەت پاش هاتنە دەرەوە لە تەوالێت
  • شۆردنی هەموو ئەو قاپانەی خواردنی تێ دەکرێت

لێکەوتەکان

لە ئەگەری زوو چارەسەرنەکردنیدا نەخۆشەکە لەوانەیە بەهۆی لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە ماددە خۆراکییەکانی جەستەی و تێکچوونی ئەلیکترۆلایتەکانی لەش گیانی لەدەست بدات، سکچوونی توند و شۆک باوترین لێکەوتەن کە بەهۆی کۆلێراوە دروست دەبن جگە لەمانەش:

دابەزینی شەکری ناو خوێن

دابەزینی شەکری ناو خوێن (hypoglycemia) ‌کاتێک ڕوودەدات کە کەسێک زۆر برسی بێت. منداڵان زیاتر مەترسی تووشبوونی ئەمەیان لێ دەکرێت، کە منداڵەکە بێ‌هۆش دەبێت یاخود تەنانەت دەگاتە ڕادەی مردنیش.

کەمبوونەوەی پۆتاسیۆمی جەستە

ئەوانەی ئاوێکی زۆر لەدەست دەدەن، لەم ڕێگەشەوە ماددە خۆراکی زۆر گرنگی جەستەیان کەم دەکات، کە یەکێک لەم ماددانە پۆتاسیۆمە، کەمی پۆتاسیۆم مەترسی گەورە دروست دەکات لەسەر دڵ و مێشک.

دروستبوونی کێشە لە گورچیلەکاندا

کاتێک کە گورچیلەکان توانای پاڵفتەکردنیان نامێنێت، بەمەش بڕێکی زۆر لە ماددەی زیانبەخش لە جەستەدا کۆدەبێتەوە.

ڕێگریکردن

  • شۆردنی دەستەکان بە ئاو و سابوون بەتایبەت دوای هاتنە دەرەوە لە تەوالێت، یاخود دوای بەرکەوتن بە کەسانی تووشبوو.
  • خواردنەوەی ئاوی پاک و پاڵفتەکراو، و پێویستە ئەو ئاوەی کە دەیخۆیتەوە سەری هەبێت.
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنی گۆشتی نەکوڵاو، هەروەها نەخواردنی شیرەمەنییەکانی وەک، ماست، دۆ، شیر، پەنیر، قەیماغ، کەرە، ئەگەر هاتوو دڵنیانەبوویت لە پاکبوونیان.
  • شۆردنەوەی میوە و سەوزە بەباشی.


سەرچاوەکان



1728 بینین