خووە نامۆکانی کاتی خەو (پاراسۆمنیا)

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-06-21-23:10:00 - کۆدی بابەت: 9118
خووە نامۆکانی کاتی خەو (پاراسۆمنیا)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خووە نامۆکانی کاتی خەو یان پاراسۆمنیا (بە ئینگلیزی: Parasomnias) دەستەواژەیەکی گشتگیرە بۆ کۆمەڵێک خوو و ڕەفتاری نامۆ و نەخوازراو کە خەو تێک دەدەن. ئەم ڕەفتارانە کاتی پێش خەوتن، لەماوەی خەودا، یانیش لەماوەی ئاگاییی نێوان خەو و بێداریدا ڕوو دەدەن. جووڵەی نائاسایی، قسەکردن، کاردانەوەی سۆزداری و کردنی هەر شتێکی تر لەماوەی خەودا کە هاوبەشەکەت وابزانێت بەخەبەریت دەکرێت ڕوو بدەن، بۆ نموونە تۆقین لە خەودا، ڕۆیشتن لە خەودا، مۆتەکە، تێکچوونی خواردنی پەیوەست بە خەو و ئیفلیجیی خەو. هەروەها چارەسەری ئەم خووە نامۆیانە بەشێوەیەکی گشتی بەبێ دەرمان دەست پێ دەکات.

جۆرەکانی پاراسۆمنیا

پاراسۆمنیا بەپێی ئەو قۆناغی خەوەی کە تێیدا ڕوودەدات، دەکرێت بە دوو کۆمەڵەوە لەگەڵ هەندێک جۆری تری پاراسۆمنیا. دوو قۆناغی سەرەکیی خەو هەن کە بریتین لە قۆناغی خەوی ئارام (NREM) و قۆناغی خەوی چالاک (REM).

خووە نامۆکانی قۆناغی خەوی ئارام

خەوی ئارام یان خەوی جووڵەی ناخێرای چاو (Non-rapid  eye movement sleep) بریتییە لە سێ قۆناغە سەرەتایییەکانی خەو، کە تێیدا کەسەکە بۆ نزیکەی ماوەی نیوەی سەرەتای شەوەکە خەوی لێ دەکەوێت. تێکچوونەکانی قۆناغی خەوی ئارام بە تێکچوونەکانی ئاگایییش ناودەبرێن.

خووە نامۆکانی قۆناغی خەوی ئارام بریتین لە چالاکیی جەستەیی و قسەکردن. کەسەکە بەتەواوی بەئاگا و بێدار نییە لەکاتی ڕوودانی ئەم ڕووداوانەدا و وەڵامدانەوەشی بۆ کەسی بەرامبەر نابێت کە هەوڵدەدات ئاگاداری بکاتەوە، بە گشتی کەسەکە ڕووداوەکەی بیر نامێنێت یاخوود بۆ ڕۆژی دواتر دەکرێت تەنیا بەشێک لە ڕووداوەکەی بیر بکەوێتەوە. ئەم جۆرانەی پاراسۆمنیا بە گشتی لە تەمەنی پێنج بۆ ٢٥ ساڵیدا روودەدەن و زۆرجاریش لەو کەسانەدا ڕوودەدەن کە مێژووی خێزانییان بە جۆرێکی دیاریکراوی پاراسۆمنیاوە هەیە.

ئەو خووە نامۆیانەی لە قۆناغی خەوی ئارامدا ڕوودەدەن بریتین لە:

تۆقین لە خەودا (Sleep terrors)

ئەگەر کەسێک ئەزموونی ئەم تێکچوونەی خەو بکات ئەوا لەناکاو و لە حاڵەتێکی تۆقیندا خەبەری دەبێتەوە کە لەوانەیە بەهۆی زۆری ترسەکەوە هاوار بکات یان بگریێت. تۆقینی خەو بەگشتی ماوەکەی کورتە کە ٣٠ چرکە دەخایەنێت، بەڵام دەکرێت بۆ ماوەی چەند خولەکێک بەردەوام بێت. خەسڵەتەکانی تری ئەم حاڵەتە بریتین لە لێدانی دڵ بەخێرایی، کرانەوەی چاو و فراوانبوونی بیلبیلەکان، هەناسەدان بەخێرایی و ئارەقکردن.

ڕۆیشتن لە خەودا (Sleepwalking)

ڕۆیشتن بەدەم خەوەوە یان خەوڕۆیی (Somnambulism) واتا کەسەکە لە جێگەکەی خۆیدا هەڵدەستێت و بەپێ دەڕوات هەروەها چاوەکانیشی بەتەواوی کراوە دەبن، بەڵام لەڕاستیدا خەوتووە، لەوانەشە لەگەڵ ڕۆیشتنەکە کەسەکە قسەش بکات بەدەم خەوەوە، چالاکییەکی ئاڵۆز ئەنجام بدات وەکوو لێخوڕینی ئۆتۆمبێل یان ژەنینی ئامێرە مۆسیقییەکان، یاخوود کردنی شتی نامۆی وەک میزکردن بەنێو دۆڵابدا و جووڵاندنی قەنەفە. خەوڕۆیی دەکرێت مەترسیدار بێت و ببتە هۆی برینداربوون چونکە کەسەکە ئاگاداری چواردەوری خۆی نییە و لەوانەیە خۆی بە شتێکدا بکێشێت یان بکەوێت.

ئاگاییی شڵەژێن (Confusional arousal)

ئەگەر کەسێک ئەم تێکچوونەی خەوی هەبێت ئەوا بەشێوەیەک دەردەکەوێت کە نیوە بێدار بێت بەڵام شڵەژاوە و کات و شوێنی لێ دەشێوێت. کەسەکە لە جێگەدا دەمێنێتەوە یان هەڵدەستێت، چاوەکانی کراوە دەبن و لەوانەشە بگریێت، هەروەها کەسەکە بەهێواشی قسە دەکات و لە پرسیار و قسەکان تێ ناگات کە لێی دەکرێت یانیش بەشێوەیەکی سەیر وەڵامدەداتەوە. ئەم حاڵەتە دەکرێت بۆ ماوەی چەند خولەکێک تا چەند کاتژمێرێک بەردەوام بێت. ئاگایییە شڵەژێنەکان لە منداڵاندا زۆر باون و لەگەڵ زیادبوونی تەمەنیشدا دووبارەبوونەوەیان کەمتر دەبێت.

تێکچوونی خواردنی پەیوەست بە خەو (Sleep-related eating disorder

ئەگەر کەسێک ئەم تێکچوونەی خەوی هەبێت ئەوا شت دەخوات و دەخواتەوە لەکاتێکدا کە نیوە بێدارە، لەوانەیە کەسەکە شتانێک بخوات کە لەکاتی بێداریدا نایخوات بۆ نموونە خواردنی نەکوڵاو و خشتی کەرە، مەترسیی ئەم حاڵەتە بریتییە لەوەی کەسەکە شتانێک بخوات کە بۆ خواردن ناشێن، وەکوو شامپۆ یان شتی ژەهراوی، زۆر بخوات یانیش بریندار ببێت کاتێک هەوڵی ئامادەرکردنی خواردێنک دەدات بەدەم خەوەوە.

خوە نامۆکانی قۆناغی خەوی چالاک

خەوی چالاک یان خەوی جووڵەی خێرای چاو (Rapid eye movement sleep) کۆتا قۆناغی سوڕی خەوە لەدوای سێ قۆناغەکەی خەوی ئارام (NREM). لە ماوەی قۆناغی خەوی چالاکدا، چاوەکان بەخێرایی لەژێر پێڵووەکانەوە دەجووڵێن و لێدانی دڵ، هەناسەدان و پەستانی خوێنیش بەرز دەبنەوە، لە ماوەی خەوی چالاکدا کەسەکە بۆ نزیکەی ماوەی نیوەی کۆتایی شەوەکە خەوی لێ دەکەوێت. سێ قۆناغەکەی خەوی ئارام و قۆناغی خەوی چالاک بەیەکەوە چوار قۆناغی سوڕێکی خەو پێک دەهێنن کە هەر سوڕێک ماوەی ٩٠ بۆ ١١٠ خولەک دەخایەنێت، واتا بە نزیکەیی هەر ١١٠ خولەک جارێک سوڕێکی خەو تێ دەپەڕێت. 

ئەو جۆرە پاراسۆمنیایانەی کە لە قۆناغی خەوی چالاکدا ڕوودەدەن لە نیوەی دووەمی شەوەکەدا ڕوودەدەن، گەر کەسەکە لەکاتی ڕوودانی حاڵەتەکە بێدار ببێتەوە دەشێت بەشێک یان هەموو ڕووداوەکەی کاتی خەوی بیر بێتەوە. 

خووە نامۆکانی قۆناغی خەوی چالاک بریتین لە:

مۆتەکە (Nightmare disorder)

مۆتەکە جۆرێکی خەونە کە دەبێتە هۆی ترس، تۆقین و دڵەڕاوکێ، کەسەکە لەوانەیە لەسەر ژیان و ئاساییشی هەست بە هەڕەشە بکات. ئەگەر کەسەکە لەماوەی مۆتەکەکەیدا خەبەری ببێتەوە دەتوانێت بە وردی باسی خەونەکەی بکات، زۆرجاریش ئەو کەسانە بە زەحمەت دەتوانن دووبارە بخەونەوە. مۆتەکە زیاتر لەو کاتانەدا ڕوودەدات کە کەسەکە لەژێر فشاردا بێت یاخوود ئەزموونی نەخۆشی، تا، ماندوویەتیی زۆر و ڕووداوێکی زەبرهێن بکات، یانیش دوای خواردنەوەی کحول

ئیفلیجیی خەوی دابڕاوی دووبارەبووەوە (Reccurent isolated sleep paralysis)

ئەگەر کەسێک ئەم تێکچوونەی خەوی هەبێت ئەوا ناتوانێت جەستەی یان پەلەکانی لە کاتی خەودا بجووڵێنێت، زاناکان پێیان وایە کە ئەم ئیفلیجییە دەکرێت بەهۆی درێژبوونەوەی خەوی چالاک (REM) ڕووبدات چونکە لە قۆناغی خەوی چالاکدا ماسولکەکان خۆیان لە حاڵەتی خاوبوونەوەدان، ئەم حاڵەتە دەکرێت پێش کەونتە خەوەوە یانیش کاتێک کە لەخەو هەڵدەستیتەوە ڕووبدات. حاڵەتەکە چەند چرکەیەک بۆ چەند خولەکێکی کەم بەردەوام دەبێت و حاڵەتێکی بێزارکەرە و دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ. ئیفلیجیی خەو دەکرێت بوەستێنرێت ئەگەر هاوبەشی خەوەکەت قسەت لەگەڵ بکات یان دەستت لێ بدات.

تێکچوونی ڕەفتاری خەوی چالاک (REM sleep behavior disorder)

ئەگەر کەسێک ئەم تێکچوونەی خەوی هەبێت ئەوا لە خەودا ڕۆڵ دەگێڕێت، دەنگ دەر دەکات (قسەکردن، سوێندخواردن، پێکەنین و هاوارکردن)، یانیش جووڵەی شەڕانگێزانە دەکات، وەکوو بۆکس وەشاندن، شەق هاوێشتن و پەلاماردان و بردنی شتێک. ئەم تیکچوونەی خەو زیاتر لە کەسانی پێگەیشتوودا باوە و زۆربەی ئەو کەسانەی ئەزموونی ئەم تێکچوونەی خەو دەکەن تووشبووی نەخۆشییەکی لەناوبەری دەمارین، وەکوو پارکینسن، خەڵەفانی تەنی لووی (Lewy body dementia)، بچووکبوونەوەی فرەسیستمی (Multiple system atrophy) یان جەڵتەی مێشک.

پاراسۆمنیاکانی تر 

کۆنیشانەی سەری هەڵچوو (Explosive head syndrome)

ئەگەر کەسێک ئەم تێکچوونەی خەوی هەبێت ئەوا گوێی لە دەنگێکی بەرز یان دەنگی پێکدادانێکی بەرز و تەقینەوە دەبێت لە سەریدا کاتێک کە دەخەوێت یان ئەو کاتەی کە هەڵدەستێتەوە، هەروەها لەوانەیە تیشکی ڕووناکییەکی خەیاڵی ببینێت یاخوود تووشی ڕاچڵەکینێکی لەناکاوی ماسولکە ببێت.

خۆتەڕکردن لە خەودا (Bedwetting)

خۆتەڕکردن لە خەودا یان میزکردن لە خەودا (Sleep enuresis) هەمان ئەو میزکردنە نییە کە لە منداڵانی بچووکدا هەیە، ئەم جۆرەیان کە پاراسۆمنیایە لە منداڵانی سەروو تەمەن پێنج ساڵاندا ڕوودەدات و دەبێت حەفتانە دوو جار ڕووبدات و بەلایەنی کەمیشەوە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بە پاراسۆمنیا دابنرێت.

هەلوەسەی پەیوەست بە خەو (Sleep-related hallucinations)

ئەگەر کەسێک ئەم تێکچوونەی خەوی هەبێت ئەوا لەکاتی خەولێکەوتندا یان هەستانەوە لە خەو ئەزموونی هەلوەسەکردن دەکات، کەسەکە لەوانەیە شت ببینێت، شت ببیستێت، هەست بە شتێک بکات یان هەست بە جووڵەیەک بکات کە لە ڕاستیدا بوونی نەبێت، هەروەها لەوانەیە جێگەی خەوەکەی جێ بهێڵێت بۆ ئەوەی لەو شتەی کە ئەزموونی دەکات ڕابکات.

ناڵاندن لە خەودا (Catathrenia or sleep-related groaning)

لەم تێکچوونەی خەودا کەسەکە بەردەوام دەنگی ناڵاندن دەردەکات لە کاتی خەودا کە سەرەتا ناڵەیەکی درێژ دەکات و دواتر هەناسەهەڵکێشانێکی نزم یان مۆڕە دەکات.

سێکس لە خەودا (Sexomnia)

لەم تێکچوونەی خەودا کەسەکە ڕەفتاری سێکسی دەکات لە کاتی خەودا، کە بریتین لە سەرجێییکردن، دەستپەڕکردن، دەستدرێژی سێکسی، دەست هێنان بە هاوبەشی خەو و دەرکردنی دەنگی سێکسی.

پاراسۆمنیا و ڕەگەز

مۆتەکە زیاتر لە ڕەگەزی مێیینەدا ڕوودەدات، سێکسی خەویش زیاتر لە ڕەگەزی نێرینەدا ڕوودەدات. تێکچوونی ڕەفتاری خەوی چالاک زیاتر لە پیاوانی سەروو تەمەن ٥٠ ساڵیدا دەستنیشانکراوە، هەروەها تۆقین لە خەودا، ئاگایییە شڵەژێنەکان و ڕۆیشتن لە خەودا بە ڕێژەیەکی یەکسان لە ژنان و پیاواندا ڕوودەدەن.

پاراسۆمنیا لە منداڵدا

خووە نامۆکانی خەو لە منداڵاندا زیاتر باون وەک لە کەسانی پێگەیشتوو، بەتایبەتیش جۆرەکانی قۆناغی خەوی ئارام (NREM) باوترن و زیاتر ڕوودەدەن وەک لەوانەی لە خەوی چالاکدا (REM) ڕوودەدەن. باوترین جۆرەکانی پاراسۆمنیا لە منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵی بریتین لە:

  • ئاگاییی شڵەژێن
  • ڕۆیشتن لە خەودا
  • تۆقین لە خەودا
  • مۆتەکە

پاراسۆمنیا زیاتر لەو منداڵانەدا باون کە کێشەی دەروونی یان دەمارییان هەیە، وەکوو پەرکەم، نەخۆشیی کەمیی هۆشپێدان و فرەجووڵەیی (ADHA)، یاخوود کێشەی گەشەکردن.

هۆکار

هۆکارەکانی پارسۆمنیا دەکرێن بە دوو کۆمەڵەوە بۆ ئەو هۆکارانەی کە خەو تێک دەدەن لەگەڵ کێشە تەندروستییەکانی تر.

  • ئەو هۆکارانەی کە خەو تێک دەدەن
  • گواستنەوەی ناتەواو لە بێدارییەوە بۆ قۆناغەکانی خەو.
  • بێخەوی، ناڕێکی خشتەی خەوتن و هەستانەوە لە خەو.
  • ئەو دەرمانانەی کە خەوهێنەرن (بێنزۆدایەزیپاینەکان و زۆڵپیدیم)، دەرمانەکانی چارەسەری خەمۆکی (ئەمیتریپتیلین، بیوپرۆپیۆن، پارۆکزتین و میترازپین)، دەرمانەکانی چارەسەری تێکچوونە سایکۆتیکەکان (ئۆلانزپن و کویتاپین)، دەرمانەکانی چارەسەری بەرزەپەستانی خوێن (پرۆپانۆڵۆل و میتۆپرۆڵۆل)، دەرمانی چارەسەری گەشکە (تۆپیرامەیت)، دەرمانەکانی چارەسەری هەناسەتەنگی و هەستیاری (مۆنتیلوکاست) و دەرمانی دژەزیندەیی (فلۆرۆکوینۆڵۆنەکان).
  • ئەو نەخۆشییانەی کە خەو تێک دەدەن وەکوو کۆنیشانەی بێ ئۆقرەییی قاچەکان، هەناسەبڕانی کاتی خەو، ئازار، نۆرەی خەوی لەناکاو، کەمخەوی، تێکچوونی ڕیتمی شەو و ڕۆژی و تێکچوونی جووڵەی پەلەکان.
  • کەمیی گەشەسەندنی سوڕی خەو و بێداری. 

کێشە تەندروستییەکانی تر

نیشانەکان

هەر جۆرێک لە پاراسۆمنیا خەسڵەت و هاندەری تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام هەندێک لە نیشانە هاوبەشەکان بریتین لە:

  • بە زەحمەت خەولێکەوتن لە شەودا
  • هەستانەوە لە خەو بە شڵەژاوی و سەرلێشێواوی
  • ماندووبوون لە ڕۆژدا
  • هەبوونی برین و شینبوونەوە لەسەر جەستە کە هۆکارەکەیت بیر نەیەتەوە
  • کاتێک هاوبەشی خەوەکەت پێت دەڵێت لە کاتی خەودا جووڵەت کردووە، دەربڕینت هەبووە، چالاکیت کردووە یان دەنگت دەرکردووە کە خۆت بیرت نایەتەوە

دەستنیشانکردن

پزیشک یان پسپۆڕی خەو پرسیار لەبارەی نیشانەکانی پاراسۆمنیا لە کەسەکە خۆی یانیش هاوبەشی خەوەکەی دەکات، هەروەها پرسیاری مێژووی نەخۆشی، مێژووی خێزانی بە پاراسۆمنیا و بەکارهێنانی کحول و مادددە هۆشبەرەکان دەکات، پرسیار لەبارەی دەرمانی بەکارهێنراو دەکرێت و هاوبەشی خەوەکەش داوای لێ دەکرێت کە شوێنەواری ڕووداوەکان تۆمار بکات.

پشکنینەکانی تر بریتین لە:

توێژینەوەی خەو (Sleep study or polysomnogram): بریتییە لە خەوتن لە تاقیگە کە شەپۆڵەکانی مێشک، جووڵەی چاو، لێدانی دڵ و هەناسەدانی کەسەکە تۆمار دەکرێن، هەروەها ڤیدیۆی خەوتنیشی دەگیرێت بۆ ئەوەی جووڵەکانی تۆمار بکرێت.

ڤیدیۆی نەخشەی کارەباییی مێشک (Vedio EEG): یاریدرە بۆ بینین و تۆمارکردنی چالاکیی مێشک لە کاتی ڕووداوێک لە مێشکدا.

تاقیکردنەوەی دەماری، سیتی سکان یان ئێم ئاڕ ئای: بۆ دیاریکردنی لەناوچوونی مێشک یاخوود هەر هۆکارێکی تری دەماری کە بووبێتە هۆی نیشانەکان.

چارەسەر

چارەسەری پاراسۆمنیا بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی تێکچوونەکانی تری خەو و کێشە تەندروستییەکانی ترەوە دەست پێ دەکات، لەگەڵ پێداچوونەوە بۆ دەرمانە بەکارهاتووەکان کە دەکرێت هانی ڕوودانی پاراسۆمنیا بدەن. 

ستراتیجییە گشتییەکانی ڕێکخستن بۆ هەر دوو تێکچوونەکانی خەوی ئارام (NREM) و خەوی چالاک (REM) بریتین لە:

  • پەیڕەوی خەوێکی تەندروست بکرێت، واتا پێویستە کەسەکە لە شەودا حەوت بۆ نۆ کاتژمێر بخەوێت، ڕووناکییەکان، تەلەڤزیۆن و ئامێرە کارەبایییەکان بکوژێنێتەوە، پلەی گەرمی بە فێنکی بهێڵێتەوە و لە پێش خەوتن لە وەرگرتنی کافایین و ڕاهێنانی قورس دووربکەوێتە.
  • هەبوونی خشتەیەکی ڕێکی خەوتن و هەستانەوە لە خەو، واتا شەوانە لە هەمان کاتدا بخەوێت و لە ڕۆژیش لە هەمان کاتدا لە خەو هەڵبستێت.
  • بەکارنەهێنان یان کەمکردنەوەی کحول و ماددە هۆشبەرەکان.
  • وەرگرتنی دەرمانە ڕەچەتەکراوەکان بەو شێوازەی کە دابینکەرانی تەندروستی پێشنیاریان کردووە.


چارەسەری تر بۆ تیکچوونەکانی خەوی ئارام (NREM)

بەشێوەیەکی گشتی دەرمان بۆ چارەسەرکردنی پاراسۆمنیاکانی خەوی ئارام بەکارناهێنرێت، ئەگەر بەکاریش بهێنرێت، بێنزۆدایەزیپاینەکان باشترین دەرمانی هەڵبژاردەن بۆ ئەو پاراسۆمنیایانەی کە ماوەکەیان دوورودرێژە یانیش زیانبەخشن، هەروەها هەندێکجار دژەخەمۆکییە سێئەڵقەیییەکانیش دەکرێت تاقی بکرێنەوە. چارەسەرییە دەروونییە بەکارهێنراوەکانیش بریتین لە خەواندن، چارەسەری خاوبوونەوە و پشوودان، چارەسەری هزریی ڕەفتار و چارەسەر بە قسەکردن.

چارەسەری تر بۆ تێکچوونەکانی خەوی چالاک (REM)

دەرمانی کلۆنازیپام و مێلاتۆنین زۆر باون لە چارەسەرکردنی پاراسۆمنیاکانی خەوی چالاک، بەپێی جۆری پاراسۆمنیاکەش دەرمان و چارەسەری دەروونیی گونجاو هەڵدەبژێردرێن.

وریایی لە سەلامەتی 

یەکێکی تر لەو ڕێگەیانەی کە چارەسەکارەکە پێشنیاری دەکات بریتییە لە هێشتنەوەی ژینگەی دەوروبەری کەسەکە بە سەلامەتی لە کاتی خەودا بۆ نموونە لابردنی هەر شێتیک لە دەوروبەری کەسەکە یان لە ژوورەکە کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن، جیاکردنەوەی شوێنی خەوی هاوبەشی کەسەکە لە ئەگەری نواندنی ڕەفتاری شەڕانگێزانە و دانانەوەی وریاکەرەوە لەسەر دەرگاو پەنجەرەکان بۆ ئەو کەسانەی کە لە خەودا دەڕۆن.

چارەسەری پاراسۆمنیا لە منداڵدا

پاراسۆمنیاکانی خەوی ئارام (NREM) لە منداڵاندا زیاتر باون و بە زیادبوونی تەمەن بەرەو باشی دەڕۆن. گرنگترین شت ئەوەیە کە دایک و باوکەکان دڵنیایی بدەن بۆ منداڵەکانیان کە هەموو شتێک باشە، دەرمان بە دەگمەن بۆ منداڵ ڕەچەتە دەکرێت و پێویسیتیان پێی دەبێت، ئەگەریش پێویست بوو تەنیا بۆ ماوەی سێ تا شەش حەفتە بەکاردەهێنرێت، کە بریتین لە بێنزۆدایەزیپاینەکان و دژەدڵەڕاوکێیەکان.

ڕێگریکردن

هەرچەندە ئەو پاراسۆمنیایانەی کە بەهۆی نەحۆشییە دەمارییەکان، بۆماوە و نەخۆشییە دەروونییەکان ڕوودەدەن ناتوانرێت ڕێگرییان لێ بکرێت، بەڵام جۆرەکانی تر ڕێگرییان لێ دەکرێت بە گرتنەبەری ستراتیجییەکانی ڕێکخستنی خەو کە لەسەرەوە باسکراون. هەروەها له کاتی بوونی هەر خوویەکی نامۆ لە خەوی کەسێک یان هاوبەشەکەی بەتایبەت بوونی برین و تێکچوونی خەو پێویستە پەیوەندی بە پزیشکەوە بکرێت.


سەرچاوەکان



776 بینین