وەزارەتی زانیاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-22-11:09:00 - کۆدی بابەت: 9121
وەزارەتی زانیاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران (بە ئینگلیزی، Ministry of Intelligence of the Islamic Republic of Iran، بە عەرەبی: وزارة الاستخبارات والأمن الوطني، بە فارسی: وزارت اطلاعات جمهوری اسلامی ایران، بەکورتی: واجا) یەکێکە لە وەزارەتەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە ئەرکی کۆکردنەوە و لێکدانەوەی زانیاریی ئاسایشی دەرەوە و ناوخۆی ئێران، پاراستنی زانیاری، دژە سیخوڕی و بەرەنگاربوونەوەی چالاکییەکانی تیرۆری لە ئەستۆیە.

وەزارەتەکە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییانی ئێران و بەشداریکردن لە چالاکییە تیرۆریستییەکاندا سزا دراوە. لە ماوەی دەستبەکاربوونی فەرمیی دەزگاکە، ئیتلاعات ژمارەیەکی زۆر لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران تیرۆر و دەستگیر کردووە.

هێزی مرۆیی

تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی کارمەندانی وەزارەتەکە و کارمەندانی مەیدانی لە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بڵاونەکراوەتەوە. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی ٦٤ لاپەڕەیی لەسەر وەزارەتی زانیاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە، کە بە وتەی کەسێک بەناوی ماگنۆس ڕانستورپ، ئاماژەی بەوە کردووە ژمارەی کارمەندانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس دەبێت. بەڵام بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی بۆ وەزارەتی زانیاری ڕاسپێردراون، پەیوەندییان بە فەرمانبەرانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە، کە یەکێکە لە هێزە ئاسایشییەکانی وڵات، یان لەنێو پێگەکانی تری حکوومەتدا مووچەخۆرن و سەر بە وەزارەتی زانیاریین. ئەندامانی چالاکی ئەم وەزارەتە لە ئەدەبیاتی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیدا بە "سەربازە بێناوەکانی ئیمامی سەردەم" ناسراون.

فەرمانگەی بەدواداچوونی وەزارەتی زانیاری

نووسینگەی بەدواداچوونی وەزارەتی ئیتلاعات یەکێک لە بەشە لاوەکییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. لەم ساڵانەی دواییدا، چەندین ڕاپۆرت لەبارەی بانگهێشت و لێکۆڵینەوە لە چالاکانی سیاسی و خوێندکاران و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی بڵاوکراونەتەوە لەلایەن فەرمانگەکەوە. ئەم شوێنە بۆ گرتن و لێپرسینەوە لە هەندێک لە دەستگیرکراوەکان بەکاردێت.

زانکۆی زانیاری و ئاسایشی نیشتمانی

وەزارەتی ئیتلاعات یەکەیەکی پەروەردەیی سەربەخۆی هەیە بە ناوی زانکۆی زانیاری و ئاسایشی نەتەوەیی، کە لە ساڵی ١٩٨٦ وەک ژێرکۆمەڵەیەکی وەزارەتی ئیتلاعات و لەژێر ناوی زانکۆی ئیمام باقر دەستی بە چالاکی کردووە. ناوی زانکۆکە لە ساڵی ٢٠١٦ گۆڕدرا بۆ زانکۆی زانیاری و ئاسایشی نیشتمانی.

زیندانە نهێنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات

لیستی هەندێک لە زیندان و ناوەندە ترسناک و نهێنییەکانی دەستبەسەرکردنی وەزارەتی ئیتلاعات:

  • ناوەندی دەستبەسەرکردنی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێ.
  • ناوەندی ئیتلاعاتی سنە.
  • ناوەندی دەستبەسەری فەرمانگەی ئیتلاعاتی کرماشان.

لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە دەسەڵاتی دادوەری مۆڵەتی بە وەزارەتی ئیتلاعات داوە بۆ دامەزراندنی و خاوەندارێتی ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی سەربەخۆ. 

کوشتنە زنجیرەییەکانی ئێران

کوشتنە زنجیرەییەکان، بە کۆمەڵێک کوشتنی یەک لەدوای یەکی وڵاتی ئێران دەوترێت کە کوژراوەکان لە کەسایەتی سیاسی و هونەرمەند و ڕەخنەگری کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهاتبوون لە دەیەی کۆتایی سەدەی بیست لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران، بەپێی گێڕانەوەکان ئەم بڕیارە بە فەتوای هەندێک لە ئاخوندەکانی ئێران و عەلی فەلاحیانی وەزیری زانیاری ئێرانی سەردەمی (هاشم ڕەفسنجانی) و قوربانعەلی دەری نەجەف ئابادی (یەکەمین وەزیری زانیاری حکوومەتی محەمەد خاتەمی) ئەنجامدراوە.

لە ئەنجامی ئەم کوشتنانەدا کەسایەتییەکانی وەک داریوش فروهەر (سەرۆکی حیزبی نەتەوەی ئێران)، پەروانە ئەسکەندەری هاوسەری، محەمەد جەعفەر پویەندە (توێژەر و نووسەر)، محەمەد موختاری (نووسەر)، کازم سامی، ڕێبەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی گەلی ئێران (جاما) تیرۆر کران. 

تیرۆر لە دەرەوەی ئێران

هاوتەریب لەگەڵ کوشتنی زنجیرەکان لە ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران، ژمارەیەک تیرۆر لەلایەن بریکارەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە ئەنجامدراون. لە سەردەمی وەزارەتى فەلاحیانیشدا بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانى دژى کۆمارى ئیسلامى وەک شاپوور بەختیار، عەبدولڕەحمان برومەند، فەرەیدوون فەرووخزاد، عەبدولڕەحمان قاسملوو، سادق شەرەفکەندی، کازم ڕەجەوی و ڕەزا مەزڵوومان، لە وڵاتە جیاوازەکان و بە شێوازی جیاواز تیرۆر کران. 

عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ١٣ـی تەممووزی ١٩٨٩ لە ڤییەنا لە کاتی دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کرا. یەکێک لەو کەسانەی کە وەک ئەنجامدەری تیرۆری قاسملوو باسی لێوە کراوە، کەسێکە بە ناوی محەمەد جەعفەری سەحرارودی.

ئاژانسى هەواڵ

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێکە لە ژێرکۆمەڵەکانی وەزارەتی ئیتلاعات. ئەم بارەگایە کار بۆ وەرگرتنی زانیاری لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات. ژمارە تەلەڤۆنی ئەم بنکەیە ١١٣ـەیە. لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک لە لیبراڵی چەپ و چالاکانی سیاسی، خوێندکار، بلۆگەرە دیارەکان، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و بەشێک لە بەهاییەکان بانگهێشتی نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئیتلاعات کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و لە هەندێک حاڵەتدا دەستبەسەر کراون.

وەزیرەکان

ناو ماوە سەرکۆمار ڕابەر
محەمەد محەمەد ری شەهری ١٩٨٤ بۆ ١٩٨٩ میرحوسێن موسەوی
ڕوحوڵڵا خومەینی
عەلی فەلاحیان ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٧ ئەکبەر هاشمی ڕەفسنجانی
سەید عەلی خامنەیی
قوربانعەلی دەری نەجەفئابادی ١٩٩٧ بۆ ١٩٩٨ سەید محەمەد خاتەمی
عەلی یوونسی ١٩٩٨ بۆ ٢٠٠٥
غوڵامحسێن موحسینی ئاژەیی ۱۳۸۴ تا ۱۳۸۸ مەحموود ئەحمەدی نەژاد
بەبێ وەزیر (سەرپەرشت: مەحموود ئەحمەدی نەژاد) تەممووز بۆ ئەیلوولی ٢٠٠٩
حەیدەر موسڵیحی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣
سەید مەحموود عەلەوی ٢٠١٣ بۆ ٢٠٢١ حەسەن ڕۆحانی
سەید ئیسماعیل خەتیب ٢٠٢١ سەید ئیبراهیم ڕەئیسی

بەرهەمە سینەماییەکان

مەحمود عەلەوی وەزیری ئەوکاتی ئیتلاعات لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ لە میانی وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بە بەرهەمە شانۆییەکان کرد کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەرهەم هێنراون و بۆ یەکەمجار بە فەرمی ناوەکانیان ڕاگەیاند. ئەو وتی فیلمەکانی «روباه»، «ماجرای نیمروز»، «شبی که ماه کامل شد»، «سیانور»، «امکان مینا»، «روز صفر» و مجموعه‌های «گاندو»، «گاندو ۲»، «باران»، «پازل»، «سارق روح»، «تعبیر وارونه یک رؤیا» و «خانه امن» بەرهەمی وەزارەتی زانیاریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.

لە زۆربەی ئەو فیلم و زنجیرانەی کە عەلەوی باسی کردووە، موڕتەزا قوبە، بەرپرسی ئاسایشیی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لەژێر ناوی ساختەی موڕتەزا ئەسفەهانی وەک نووسەر و ڕاوێژکاری بەرهەمهێنان هاوکاری کردووە.


سەرچاوەکان



365 بینین