سوزەنەک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-22-18:37:00 - کۆدی بابەت: 9122
سوزەنەک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوزەنەک (بە ئینگلیزی: Gonorrhea) یەکێکە لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان، کە لە ڕێگای پەیوەندی سێکسییەوە دەگوازرێتەوە، وەک جووتبوون لە ڕێگەی دامێن، کۆم، دەمەوە. هۆکاری تووشبوون بەم نەخۆشییە بەکتریایەکە بەناوی نایسیریا گۆنۆریا (Neisseria gonorrhoeae) کە دەبێتە هۆی تووشبوونی میکرۆبی ئەو ئەندامانەی کە شێدار و گەرمن وەک ئەندامی زاوزێ، کۆم، دەم، چاو. سوزەنەک تووشی هەردوو ڕەگەز دەبێت، ئەم نەخۆشییە لە گەنجاندا باوترە، بەتایبەت گەنجانی تەمەن ١٥ بۆ ٢٤ ساڵ. هەروەها دەکرێت تووشی منداڵی تازەلەدایکبووش ببێت بەهۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە دایکی تووشبووەوە بۆ منداڵەکەی لە کاتی منداڵبوونەکەیدا.

هۆکاری تووشبوون

هۆکاری تووشبوون بەم نەخۆشییە بەکتریای نایسیریا گۆنۆریایە، هەروەها هەبوونی پەیوەندی ناشەرعی و پەیوەندی زۆر، یاخود تووشبوون بە یەکێکی تر لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان. 

نیشانەکان

نیشانەکانی سوزەنەک لە پیاوان و ژناندا جیاوازە و هەریەکەیان چەند نیشانەیەکی تایبەتی تێدا دەردەکەوێت، بەگشتی نیشانەکان لە نێوان دوو بۆ ١٤ ڕۆژدا دەردەکەوێت، و دەکرێت هەندێک لە تووشبووانیش هەرگیز نیشانەیان نەبێت.

نیشانەکان لە پیاواندا 

نیشانەکان لە ژناندا

بەگشتی ژنان بێ نیشانە دەبن و بە کەمی نیشانەکانیان تێدا دەردەکەوێت، هەروەها لە ژناندا نیشانەکان دەکرێت زۆر هاوشێوەی کەڕووی زێ، یاخود تووشبوونی میکرۆبیی زێ بێت، کە ئەمانەن:

  • هەبوونی ئازار و سووتانەوە لە کاتی میزکردندا
  • زیادبوونی دەردراوەکانی زێ
  • خوێنبەربوون لە نێوان سوڕەکانی مانگانەدا 
  • دەردراوی ئاویی، خامەیی، سەوز
  • میزەچرکێ
  • ئازار یاخود خوێنبەربوون لە کاتی جووتبوندا
  • ئازاری توندی خوارەوەی سک
  • تا

نیشانەکانی کۆم

  • هەبوونی دەردراو
  • خورانی کۆم
  • ئازار
  • خوێنبەربوون
  • ئازاری توندی ڕیخۆڵەکان

چاو

  • ئازاری چاو
  • هەستیاری بە ڕووناکی
  • هەبوونی چڵک لە چاوێک یان هەردوو چاوەکەدا

جومگەکان

  • گەرمبوون و سووربوونەوە
  • ئاوسان و ئازاری جومگەکان، بەتایبەت لە کاتی جووڵەدا

گەروو

  • ئازاری گەروو
  • سووربوونەوە و ئاوسانی لیمفەگرێکان 

دەستنیشانکردن

دەکرێت بە چەند ڕێگەی جیاواز پشکنین بکرێت بۆ ئەو کەسانەی ئەگەری تووشبوونیان لێ دەکرێت. لە ڕێگەی نموونە وەرگرتن لە دەردراوەکانی زێی ژن و چووکی پیاوەوە، یاخود دەردراوی کۆم و گەروو، کە دەیکەنە دوو قاپی تایبەتەوە و ئەم نموونانە بەمشێوەیە تاکوو چەند ڕۆژێک دەمێننەوە، ئەگەر کەسەکە تووشبوو بێت ئەوا کۆمەڵێک بەکتریای سوزەنەک دروست دەبن. ئەم پشکنینە تاکوو سێ ڕۆژ ئەنجامەکەی دەردەچێت.

هەروەها پزیشک نموونەی خوێن یاخود نموونەیەک لە لینجەماددەی جومگەکان وەردەگرێت و دواتر تێکەڵی ماددەیەکی دەکات و دەیخاتە ژێر مایکرۆسکۆپەوە، ئەگەر خانەکان وەڵامدانەوەیان هەبێت بۆ ماددەکە ئەوا کەسەکە تووشبووی سوزەنەکە، ئەم ڕێگایە خێراترین ڕێگایە بۆ پشکنین بەڵام وەڵامەکەی تەواو جێگای متمانە نییە. ئەم پشکنینە لەماوەی ٢٤ کاترمێردا ئەنجامەکەی دەردەچێت.

چارەسەر

هیچ ڕێگایەکی سروشتی نییە لە ماڵەوە بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە، بۆیە لە ئەگەری بوونی هەر نیشانەیەک پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت. بەگشتی چارەسەرەکەی بریتییە لە وەرگرتنی دەرمانی دژەبەکتریا، وەرگرتنی ژەمێک یان دوو ژەم لە حەپی (ئەزیسرۆمایسین) نیشانەکانی نەخۆشییەکە ناهێڵێت. بەڵام ئەگەر هاتوو جەستە وەڵامدانەوەی نەبوو بۆ ئەم دەرمانە، ئەوا پێویستە دەرمانی تر و ڕێگای تر بەکاربهێنرێت، وەرگرتنی دەرمانی دژەبەکتریای تر و بەردەوامبوون لەسەری بۆ ماوەی هەفتەیەک، هەردوو دەرمانی (ئەزیسرۆمایسن) و (دۆکسی سایکلین) دوو باوترین جۆری دەرمانن بۆ چارەسەری سوزەنەک.

لێکەوتەکان 

لە ئەگەری وەرنەگرتنی چارەسەر، نەخۆشییەکە کۆمەڵێک لێکەوتی دەبێت بەتایبەت لە ژناندا وەک:

هەوکردنی ناوچەی حەوز

دەکرێت نەخۆشییەکە هێرش بکاتە سەر تەواوی ئەندامەکانی زاوزێی ژنان وەک، منداڵدان، جۆگەی فالووپ، هێلکەدانەکان، کە بەمە دەوترێت هەوکردنی ناوچەی حەوز، دەبێتە هۆی ئازارێکی توند و بەردەوام، هەبوونی دەردراو لە زێدا.

دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان

سوزەنەک دەکرێت ببێتە هۆی گیرانی جۆگەی فالووپ، بەمەش ڕێگری دەکات لە چوونی هێلکەی پیتێنراو بۆ ناو منداڵدان، خانمەکە یان ناتوانێت منداڵی ببێت واتە نەزۆک دەبێت، یاخود دەبێتە هۆی ئەوەی دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان دروست ببێت واتە هێلکەی پیتێنراو لە جۆگەی فالووپدا جێگر دەبێت، لەبری ئەوەی لە منداڵداندا ببێت.

لێکەوتەکان لە پیاواندا

لەوانەیە بەهۆی سوزەنەکەوە بۆری میزی پیاوان دەردراوی لێوە بێتە دەرەوە، یاخود دروستبوونی دومەڵ لەسەر چووکی پیاوەکە. هەروەها دەبێتە هۆی هەوکردنی چووک و پێچ خواردنی بەشی پشتەوەی هێلکەکان کە بۆری سپێرمەکان لەوێدایە بەمەش مەترسی نەزۆکی زیاد دەکات.

ئەگەر سوزەنەک تێکەڵی خوێن ببێت دەکرێت خانمان و پیاوانیش دووچاری چەندین نەخۆشی تر بکاتەوە، هەرچەندە ئەم نەخۆشیانە دەگمەنن بەڵام مەترسیدارن وەک، هەوکردنی جومگەکان، زیان گەیشتن بە دڵ، هەوکردنی پەردەی مێشک و دڕکەپەتک.

ڕێگریکردن

  • دوورکەوتنەوە لە جووتبوونی ناشەرعی.
  • لە ئەگەری تووشبوونی کەسێک بەو نەخۆشییە، پێویستە کۆندۆم بەکارهێنرێت لە کاتی جووتبوون بۆ ئەوەی نەگوازرێتەوە.
  • دوورکەوتنەوە لە جووتبوون لە ڕێگەی کۆم و دەمەوە.

کاریگەریی تووشبوون بە سوزەنەک لەسەر کۆرپە

ئەگەر ژنێکی دووگیان تووشی سوزەنەک ببێت، دەبێت زۆر وریابێت و سەردانی پزیشک بکات، هەروەها لە کاتی منداڵبوونیدا دەکرێت لە ڕێگەی خوێنی دایکەکەوە بگوازرێتەوە بۆ منداڵەکەی. بۆیە گرنگە خانمانی دووگیان ئاگاداربن لە ئەگەری تووشبوونیان بە سوزەنەک.


سەرچاوەکان



1773 بینین