تەمەڵ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-01-02:56:00 - کۆدی بابەت: 9239
تەمەڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تەمەڵ یان تەمبەڵ یاخود گەوج (بە ئینگلیزی: Sloth)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە، شەش جۆری سەرەکی هەیە و هەموویان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، بەڵام یەکێکیان بەتەواوەتی لە هەڕەشەدایە و ژمارەیەکی کەمی لە ژیاندا ماوە، لە لیستی ئەو گیانەوەرانەدا دانراوە کە مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، نشینگەکەی دەکەوێتە ناوچە جیاوازەکانی ئەمریکای ناوەڕاست و کیشوەری ئەمریکای باشوورەوە، جێگەی ژیانکردنیشی دەکەوێتە ناو درەختە بەرزەکانی دارستانە باراناوییەکانەوە، واتە تەمەڵەکان لەسەر درەختەکان دەژین و زۆر بە کەمی دێنە سەر زەوی، چونکە لەسەر زەوی ناتوانن خۆیان بپارێزن و بژین ئەمەش بەهۆی شێوازی جەستەیانەوەیە، هەرتاکێکی ئەم گیانەوەرە بەتەنها دەژی جگە لە وەرزی زۆربوون و پەروەردەکردنی بێچووەکانیان واتە لە دۆخی ئاساییدا پێکەوە کۆمەڵە و ڕەوە دروستناکەن، یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی پلەی گەرمی جەستەیەتی کە لە نێوان ٣٠-٣٤ پلەیە، هۆکاری ناونانیشی بە تەمەڵ ئەوەیە کە ماوەی کارلێکەکانی زیندە چالاکییەکانی درێژە و شیکردنەوەی خۆراک لە جەستەیدا بە هێواشی ڕوودەدات، بە ڕادەیەک هێواشە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا تەنها یەک جار پیسایی دەکات و لەسەر درەختەکان دێتە خوار، واتە بۆ هەرسکردنی ژەمە خۆراکییەکانی هەفتەیەک و هەندێکجار بۆ تەواوکردنی هەموو ژەمەکەی مانگێکی پێویستە، بەهۆی ئەو هۆکارانەوە تەمەڵ بە هێواشترین گیانەوەری کۆمەڵەی مەمکدارەکان ناودەبرێت.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی تەمەڵەکان بە فەروو داپۆشراوە و چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک، قاوەیی، ڕەساسی، سپی یاخود ڕەنگە کاڵەکانی تر، هەستەکانی بینین و بیستنی لاوازە و پەرەسەندوو نین بۆیە بە ناچاری و بە ڕادەیەکی زۆر پشت دەبەستێت بە هەستەکانی بۆنکردن و بەرکەوتن، قەبارەیەکی زۆر گەورەی نییە و کێشی جەستەی لە نێوان ٤.٥-٦ کیلۆگرام دەبێت و درێژییەکەشی بە نزیکەیی لە نێوان ٦١-٧٩ سانتیمەتر دەبێت، بەڵام یەکێک لە جۆرەکانی کە لە ڕابردوودا هەبووە و پێی وتراوە تەمەڵی زەبەلاح هەمان قەبارەی فیلێکی هەبووە، سەرەڕای ئەوەی ناوی تەمەڵە و گیانەوەرێکی هێواشە و زۆرینەی جووڵەکانی بە هێواشی ئەنجام دەدات بەڵام لە کاتژمێرێكدا دەتوانێت نزیکەی ٢٤ کیلۆمەتر ببڕێت، هۆکارێکی تر بۆ ناوەکەی جگە لە جووڵەکردنی ماوەی خەوتنیەتی، کە ئەم گیانەوەرە ڕۆژانە نزیکەی ١٥-٢٠ کاتژمێر دەخەوێت و کاتەکانی تریشی بە گەڕان بەدوای خۆراکدا بەسەر دەبات، بە جۆرێکە کە لە ڕۆژێکدا تەنها نزیکەی ٣٧ مەتر ڕێگە دەبڕێت، هەروەها جگە لە ئەمانەش باڵەکانی درێژن و بەهۆیانەوە تواناو لێهاتوویەکی باشی مەلەکردنی هەیە، قاچەکانیشی درێژە و شێوەی سەری خڕ و بازنەییە، ژمارەی بڕبڕەکانی ملی بە گوێرەی جۆرە سەرەکییەکانی لە نێوان ٥-٩ دانەیە، بەمەش توانای سوڕانەوەی سەری زیاترە بە بەراورد بە مرۆڤەکان و زۆرینەی مەمکدارەکانی تر.

خۆراک

تەمەڵ گیانەوەرێکی هەموو شتخۆرە واتە لە هەمان کاتدا ڕووەکخۆر و گۆشتخۆریشە، بەڵام زۆرینەی جارەکان بەرهەمی ڕووەکەکان دەخوات، خۆراک و ژەمی سەرەکی بریتییە لە مارمێلکە، مێرووەکان، گەڵا، خونچە و میوەکان، لەناویشیاندا گەڵاکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازین، هەروەها تەمەڵ خۆشی دەبێت بە نێچیر بۆ گیانەوەرە ڕاوکەرەکانی وەک هەڵۆ و مار یاخود یوزەکان، لەبەر هێواشی جووڵەکردنی ئەم گیانەوەرە قەوزەکان لە نێوان مووەکانی فەرووەکەیدا گەشە دەکەن، کە لە ئەنجامدا ڕەنگی جێگەکە سەوز دەبێت، ئەم ڕەنگە دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی پاراستن و حەشاردانی لە ڕاوچییەکانی، پاشان هەریەک لە مێش و ئەسپێ و مۆرانە و پەپوولەکان لەسەر فەرووەکەی دەژین، مۆرانەکانیش دەبنە هۆی پیتاندنی قەوزەکان کە گەشەسەندنی زۆرتر و خێراتر دەکەن، یەکێکی تر لە هۆکارەکانی خۆپاراستنی بەکارهێنانی چنگە تیژەکانییەتی لە دژی هەریەک لە ئەو بوونەوەرانەی کە بە مەبەستی ئازاردانی نزیکی دەبنەوە، مرۆڤەکان ئەوەیان باسکردووە کە تەمەڵەکان بەڕادەیەک چنگیان تیژ و جێگیرە تەنانەت دوای ئەوەی بە فیشەک برینداریان دەکەن و دەیانکوژن، بەڵام هێشتا تەمەڵەکان بەهۆی چنگیانەوە بە چڵی درەختەکانەوە دەمێننەوە و ناکەونە سەر زەوییەکە، ئەم گیانەوەرە جۆرێک لاولاوی ژەهراوی دەخوات و پاشماوەی ژەهرەکەشی لە ئەندامەکانی جەستەیدا دەمێنێتەوە، بۆیە کاتێک هەر گیانەوەرێک ڕاویدەکات و دەیخوات ژەهری لاولاوەکە دەبێتە هۆی دروستکردنی نیشانەکانی هەستیاری لە قوڕگیدا، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هەڵئاوسان و وەستاندنی هەناسەدانی.

یەکگرتن و زۆربوون

دیاریکردنی ڕەگەزی تەمەڵەکان ئاسان نییە تەنانەت ئەو کارمەندانەشی کە لە باخچەی ئاژەڵاندا کاردەکەن هەڵە دەکەن لە دیاریکردنیاندا، وەرزی یەکگرتن بۆ زۆربوون لە هەندێک لە جۆرەکان هەموو ساڵێک لە یەک کاتدا دەبێت، بەڵام لە جۆرەکانی تردا دەکرێت جیاوازبێت، هەروەها پاش یەکگرتنی نێرینە و مێینە ماوەی سکپڕی مێینەکە بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت و لە نێوان ٦-١٢ مانگ دەبێت، دوای لەدایکبوونیان بێچووەکان بۆ ماوەی پێنج مانگ لەگەڵ دایکیاندا دەبن، زۆرینەی کاتەکان خۆیان بە دایکیانەوە گرتووە و چەسپیوون، بەڵام هەندێکجار دەکرێت بکەونە خوارەوە بۆسەر زەوی دارستانەکە، لە ئەنجامی تەمەڵی و هێواشی دایکەک بێچووەکە دەمرێت، بێچووەکە بەهۆی کەوتنە خوارەوە لەسەر درەختە بەرزەکانەوە نامرێت، بەڵکو بەهۆی ئەوەی دایکەکە لەسەر زەوییەکە جێیدەهێڵێت دەمرێت، ژمارەی بێچووەکان لەهەرجارێکی سکپڕیدا بەگشتی یەک دانەیە، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم جۆرە گیانەوەرە لە نێوان ٢٥-٤٠ ساڵ دەبێت.

جۆرە سەرەکییەکان

دوو جۆر تەمەڵ هەیە بە گوێرەی ژمارەی پەنجەکانی پێیان، یەکێکیان پێی دەوترێت تەمەڵی دوو پەنجە کە لە پەلەکانی پێشەوەیدا دوو پەنجەی هەیە بەڵام لە پەلەکانی دواوەیدا سێ پەنجەی هەیە، جۆری دووەمیان پێی دەوترێت تەمەڵی سێ پەنجە ئەمەیان لە هەموو پەلەکانی پێشەوە و دواوەیدا سێ پەنجەی هەیە، هەروەها قەبارەی ئەو تەمەڵانەی کە پێیان دەوترێت دوو پەنجە گەورەترە لە ئەوانەی کە پێیان دەوترێت سێ پەنجە، جۆرە سەرەکییەکانیش ئەمانەن:

  • تەمەڵی سێ پەنجەی کورتەباڵا
  • تەمەڵی یاڵ
  • تەمەڵی قوڕگ کاڵ
  • تەمەڵی قوڕگ قاوەیی
  • تەمەڵی دوو پەنجەی لینیوس
  • تەمەڵی دوو پەنجەی هوفمان


سەرچاوەکان



452 بینین