چارەسەکردن بە ئۆکسجین

له‌لایه‌ن: - ساکار موستەفا ساکار موستەفا - به‌روار: 2022-07-02-03:30:00 - کۆدی بابەت: 9252
چارەسەکردن بە ئۆکسجین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چارەسەرکردن بە ئۆکسجین (بە ئینگلیزی: Oxygen Therapy). ئۆکسجین، بریتییە لەو گازەی لەنێو ئەو هەوایەدا هەیە کە هەڵیدەمژین، گازێکی پێویستە بۆ ژیانکردنی مرۆڤ. هەندێک لەو کەسانەی کێشەی هەناسەدانیان هەیە و ناتوانن بڕی پێویستی ئۆکسجین هەڵبمژن، لەوانەیە پێویستیان بە ئۆکسجینی زیادە (تەواوکەر) هەبێت بۆ ئەوەی ئەندامەکانی بەشێوەیەکی ئاسایی کار بکات.

ئەو حاڵەتانە کامانەن کە پێویستیان بە چارەسەرکردن بە ئۆکسجینە؟

  • نەخۆشی درێژخایەنی گیرانی بۆرییەکانی هەوا(COPD)
  • هەوکردنی سییەکان(Pneumonia)
  • ڕەبۆ (Asthma)
  • نەخۆشی بەدگەشەیی سییەکان لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا (Bronchopulmonary dysplasia)
  • سستی دڵ (Heart failure)
  • بەڕیشاڵبوونی چیکڵدانە (Cystic fibrosis)
  • نەمانی هەناسە لەکاتی خەودا (Sleep apnea)
  • نەخۆشی سییەکان
  • بەرکەوتنی زەبر بە کۆئەندامی هەناسە
  • شێرپەنجەی سییەکان

بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا کەسێک پێویستی بە چارەسەری ئۆکسجین هەیە یان نا، پزیشکەکان پشکنینی بڕی ئۆکسجینی ناو خوێنبەرەکان دەکەن، لەڕێگەی ئامێری پێوانەکردنی لێدانی و دڵ و ئۆکسجین (Pulse oximeter) بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕێژەی ئۆکسجین، چڕی لەناو خوێندا دیاری دەکرێت بەبێ وەرگرتنی نموونەی خوێنی کەسەکە.

ڕێژەی ئاسایی ئۆکسجین لەنێو خوێنبەرەکاندا لەنێوان 75 بۆ 100 میلیمەتر جیوەیە. ئەگەر ڕێژەی ئۆکسجین 60 میلیمەتر یاخود کەمتر بێت ئەوا پێویستی بە چارەسەری ئۆکسجینی هەیە.

ڕێژەی زۆری ئۆکسجین لە خوێنبەرەکاندا بەهەمان شێوەی کەمی ئۆکسجین مەترسیدارە و دەکرێت زیان بە خانەکانی سییەکانت بگەیەنێت. پێویستە ڕێژەی ئۆکسجینت لە 110 میلیمەتر جیوە زیاتر نەبێت.

نیشانەکانی دابەزینی ڕێژەی ئۆکسجین چین؟

  • هەناسەدانی خێرا
  • تەنگەنەفەسی
  • خێرا لێدانی دڵ
  • کۆکە یاخود خیزەخیز و هەنکه هەنک
  • ئارەقەکردن
  • وڕبوون و گێژی
  • گۆڕانی ڕەنگی پێست

جۆرە جیاوازەکانی چارەسەرکردن بە ئۆکسجین چین؟

  1. گازی ئۆکسجین: گازی ئۆکسجین دەتوانرێت لەنێو تانکی دەستی گوێزراوەدا هەڵبگیرێت. ئەمانە پێیان دەوترێت سیستمی گازی پاڵەپەستۆکراو. لەناو ماڵدا چڕکەرەوەیەکی گەورە بەکاردەهێنرێت، هەروەها دەتوانرێت تانکی بچووکتری ئۆکسجین بەکاربهێنرێت بۆ دەرەوەی ماڵەوە.
  2. ئۆکسجینی شل: ئۆکسجینی شلیش دەتوانرێت لەنێو تانکییەکی دەستی گوێزراوەدا هەڵبگیرێت. ئۆکسجینی شل توانای چڕبوونەوەی زیاترە بۆیە دەتوانرێت لە تانکی بچووکتردا جێگەی ببێتەوە. بەڵام ئەگەر لەکاتی خۆیدا بەکارنەهێنرێت بەهەڵم دەبێت. تانکییەکانیش دەتوانرێت دووبارە پڕ بکرێنەوە. هەریەک لە ئۆکسجینی شل و گازی دەتوانرێت لەگەڵ خۆتدا بیبەیتە هەرجێیەکی دەتەوێت.
  3. چڕکەرەوەی ئۆکسجین: ئەم ئامێرە کەمتر دەتوانرێت بگوازرێتەوە لەچاو ئەوانی تردا. چڕکەرەوەی ئۆکسجین ئامێرێکە کە ئۆکسجین لە هەوای ژوور وەردەگرێت و گازەکانی تری لێ لادەبات و ئۆکسجین تیایدا چڕ دەکاتەوە. سوودی ئەم ئامێرە ئەوەیە نرخی کەمترە و پێویستی بە دووبارە پڕکردنەوە نییە وەک تانکی، هەروەها جۆری گوێزراوەشی بەردەستن، بەڵام زۆربەی مۆدێلەکان زۆر گەورەن تا بەڕاستی بتوانیت بیانگوازیتەوە.
  1. چارەسەکردن بە ئۆکسجینی ژێر پەستانی بەرز (hyperbaric oxygen therapy): ئەم جۆرەیان جیاوازترە لەوانی تر. کەسەکە لەناو ژوور یان ژوورۆچکەیەکی پەستێنراو لە ئۆکسجینی خاوێن هەناسە دەدات، کە سێ بۆ چوار ئەوەندەی پەستانی ئاسایی نێو هەوایە. ئەم جۆرە لە چارەسەرکردن بە ئۆکسجین بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی برین، هەوکردنی مەترسیدار، یاخوود هەبوونی بڵقی هەوا لەنێو خوێندا. ئەم جۆرە لە چارەسەرییە دەبێت زۆر بە وریاییەوە بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی ڕێژەی ئۆکسجین زۆر لە پێویست بەرز نەبێتەوە.

ڕێگاکانی وەرگرتنی ئۆکسجین چین؟

کانۆلای لووت Nasal cannula: کانۆلای لووت بەکارهێنراوترین ڕێگای وەرگرتنی ئۆکسجینە. لە 1L/minـدا ئۆکسجین بە چڕی %٢٤ دەگوازێتەوە. بۆ هەر لیترێکی تر بڕی %4 زیاد دەکات، تا لە 6L/minـدا ئۆکسجین بە چڕی %44 دەگوازێتەوە. ئەگەر لە 3L/ min زیاتر بەکارهێنرا پێویست دەکات ئۆکسجینەکە شێدار بکرێت.

ماسکی دەموچاوی سادە Simple face mask: ماسکی دەموچاو دەتوانێت بڕی %40 بۆ %60 ئۆکسجین بگوازێتەوە لە 6-12L/minـدا.ئەگەر ماسکەکە کیسەیەکی خەزنکردنی پێوە بوو پێی دەگوترێت partial rebreather mask، کە دەتوانێت %50 بۆ %60 ئۆکسجین بگوازێتەوە.

Non-rebreather mask: ئەم جۆرە ماسکەیان لەنێوان دەرچەی هەناسەدان و کیسی خەزنکردنەکەدا زمانەیەک هەیە. ئەم زمانەیە ڕێگری دەکات لە هاتنە ناوەوەی هەوای ژوورەکە بۆ ناو سستمەکە. ئەم ڕێگایەیان بڕی %95 لە 8-15L/minـدا دەگوازێتەوە.

CPAP(Continuous positive airway pressure): ئامێرێکە کە پەستانێکی هەوای کەم بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بۆری هەناسەدان بە کراوەیی بهێڵێتەوە لەکاتی خەودا. ئامێرەکە پێک دێت لە:

  • ماسکێک کە دەخرێتە سەر دەمت یان دەم و لووتیشت
  • قایش بۆ جێگیکردنی ماسکەکە لەسەر دەموچاوت
  • بۆرییەک کە ماسکەکە بە ماتۆڕی ئامێرەکەوە دەبەستێتەوە
  • ماتۆڕێک کە هەوا بە نێو بۆرییەکەدا دەنێرێت

BiPap(bilevel positive airway pressure:جیاوازی ئەم ئامێرە لەگەڵ CPAP ئەوەیە BiPAP پێکهاتووە لە دوو جۆری پەستان یەکێکیان پەستانی هەناسەدان ئەوی تریان پەستانی هەناسەدانەوە. واتا تەواوی کردەی هەناسەدانی کەسەکە لەڕێگەی ئامێرەکەوە دەکرێت بەپێچەوانەی CPAP کە تەنها پەستانی هەناسەدانی هەیە و کاتی هەناسەدانەوە لەڕێگەی ئامێرەکەوە پەستان بەکارنایەت.

Transtracheal catheter: لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە پزیشکەکەت بۆرییەکی پلاستیکی بچووک لەڕێگەی ملتەوە لە خوار کڕکڕاگەی "سێوی ئادەم"ـەوە دەخاتە نێو بۆری هەواتەوە. ملوانکەیەک بۆرییەکە بە ملتەوە دەهێڵێتەوە و کۆتایی بۆرییەکە دەبەسترێت بە ئۆکسجینەکەوە. یەکێک لە سوودەکانی ئەم ڕێگایە ئەوەیە پێویستت بە بڕێکی کەمتری ئۆکسجین هەیە چونکە ئۆکسجینەکە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو بۆری هەواتەوە. بەڵام زیانی لاوەکیشی هەیە. ئەگەری هەیە ئەو دەرچەیەی لە ملتدا درووستکراوە بۆ بۆرییەکە تووشی هەوکردن ببێت. چۆنیەتی بەکارهێنان و بڕی بەردانەوەی ئۆکسجین لەلایەن پزیشکەکەتەوە بۆت دیاری دەکرێت.

هەندێک ڕێنمایی لە کاتی وەرگرتنی ئۆکسجین

  • لەو ژوورەدا جگەرە مەکێشە یاخود هیچ جۆرێکی ئاگر بەکارمەهێنە کە کەسێی تێدایە ئۆکسجین وەردەگرێت.
  • ئامێری ئاگادارکردنەوەی ئاگرکەوتنەوە بۆ ماڵەکەت دابنێ بۆ دووربوون لە هەر ڕووداوێکی مەترسیدار.
  • لەکاتی چێشتلێنان ئۆکسجینەکە بەدوور بگرە لە زۆپا و فڕن و هەر چەورییەک.
  • تانکی ئۆکسجینەکە لە شوێنێکی کراوەدا هەڵبگرە نەک داخراو.


سەرچاوەکان



1533 بینین