شینە پشیلەی ڕووسی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-04-18:06:00 - کۆدی بابەت: 9277
شینە پشیلەی ڕووسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شینە پشیلەی ڕووسی (بە ئینگلیزی: Russian blue cat or Russian blue)، پشیلەیەکی کۆمەڵەی ئاژەڵە ماڵییەکانە و لەگەڵ مووکورتەکاندا پۆلێنکراوە، بە ناوی پشیلەی شینی سەرۆکی فریشتەکانیشەوە دەناسرێت، هۆکاری ئەم ناوەیان ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا لە ناوچەیەکی ڕووسیاوە دەرکەوتووە کە پێی دەوترێت بەندەری ئەرخانجیلسک، نشینگە سەرەکییەکەشی دەکەوێتە ئۆراسیاوە کە هەندێک لە وڵاتەکانی هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا دەگرێتەوە، شێوازی ژیانکردنی جێگیرە واتە کۆچەری نییە، هەروەها بە ئاسانی دەجووڵێت و بەئەمەکە کە ماڵیکردنی ئاسانکردووە.

بەڵام ئەم جۆرە پشیلەیە لە کاتی بینینی کەسێکی بێگانەدا یاخود لە قەرەباڵغیدا تووشی ڕاڕایی دەبێت، بۆیە هاوشێوەی تیرەکانی تری پشیلە نییە و بە کەمی ماڵی دەکرێت، جگە لە ئەمانەش جۆرە پشیلەیەکی بەنازە و تەنها لە جێگەیەکی تایبەت بە خۆیدا نەبێت کارەکانی ئەنجام نادات، لەبەر ئەم هۆکارانە لە بری ماڵیکردنی شارەزاکانی بواری ئاژەڵان بۆ پەڕین و دروستکردنی جۆری پشیلەی جیاواز دەکرێت بەکاریبهێنن، لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا هاوشێوەی پشیلە ماڵییەکانی تر گۆڕانکاریی بەسەر شینە پشیلەی ڕووسیشدا هاتووە، دواتر شارەزاکانی بوارەکە هەوڵی زۆریانداوە هەتاکوو بیگەڕێننەوە سەر شێوازە ڕەسەنەکەی، هەرچەندە تایبەتمەندییەکانی بە رادەیەکی زۆر نزیکبوویەوە بەڵام هێشتا جیاوازی هەیە لە نێوانیاندا لەگەڵ جۆرە کێوییەکانی ناوچەکانی دەریای سپی.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی شێوەیەکی درێژکۆلەی هەیە لەگەڵ دەموچاوێکی خڕ کە بە بەردەوامی پێکەنینێک لەسەریەتی و بە پێکەنینی مۆنالیزایی ناویدەبەن، دوو چین مووی کورت دایپۆشیوە کە ڕەنگ و ئەستوورییان جیاوازە، چینی ناوەوە نەرم و ناسکە و ڕەنگەکەی کەمێک جیاوازە لە چینی دەرەوە، لە ئەنجامدا بە گشتی ڕەنگی دەکرێت ڕەساسی کاڵ و تۆخ بێت یاخود زیوی و بە شین ناودەبرێت، بەهۆی ئەستووری فەرووەکەیەوە بە پشیلەیەکی گەورە دەردەکەوێت هەرچەندە خۆی جۆرێکی قەبارە مامناوەندە، کێشی جەستەی نێرینەکان زیاترە لە مێینەکان کە لە نێوان ٤.٥-٥.٥ کیلۆگرام دەبێت لە کاتێکدا کێشی مێینەکان لە نێوان ٣-٤.٥ کیلۆگرام دەبێت، یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین تایبەتمەندییەکانی شینە پشیلەی ڕووسی ڕەنگی چاویەتی کە لە سەرەتادا زەردە، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونیدا بازنەیەکی سەوزی تێدەکەوێت و بە تێپەڕبوونی کات هەتا دەگاتە پێگەیشتنی تەواو بازنەکە فراوان دەبێت هەتا لە کۆتایدا هەموو ڕەنگی چاوی دەگۆڕێت بۆ سەوز، ڕەنگی چنگەکانی پەمەییەکی کاڵ و ناسکە کلکیشی دەکرێت چەند هێڵێکی کاڵی تێدابێت کە زۆر بە کەمی تێبینی دەکرێت، هەرچەندە فەرووەکەی ئەستوورە و بۆ کەشوهەوای سەختی ڕووسیا گونجاوە بەڵام پشیلەکە هێشتا ئارەزووی چونە ماڵەوە و جێگەی گەرم دەکات.  

خۆراک

ئەم جۆرە پشیلەیە هەموو شتخۆرە واتە دەتوانێت هەردوو ڕووەک و گۆشتیش بخوات، ڕاوچییەکی کارامەیە و دەتوانێت هەریەک لە خشۆک، مەمەکداری بچووک، باڵندەکان لەگەڵ قرتێنەرەکانیش ڕاوبکات وەک کەروێشکەکان، بەڵام ئەو جۆرانەی ماڵیکراون زیاتر خواردنی ئامادەکراوی ئاژەڵی ماڵییان پێ دەدرێت، ئەم جۆرانە کاتێک خاوەنەکانیان لەبیری دەکەن خۆراکیان پێبدەن، ئەوا پشیلەکان بە چەندین دەنگی جیاواز لێیان نزیکدەبنەوە و هەوڵی ئاگادارکردنەوەیان دەدەن، هەموو دەربڕین و دەنگەکان نەرم و هێمن و نابنە هۆی بێزارکردنی دەورەبەریان، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەگەری زۆر هەیە کە بە ئاسانی تووشی قەڵەوی ببێت ئەوا پێویستە بە وریاییەوە خۆراکیان پێ بدرێت، هەروەها دووربخرێنەوە لە پێدانی خۆراکی بەردەوام و ئەگەر پێویستیش بکات خواردنەکانی بکرێنە جۆری کەم کالۆری و شیرینی کەمی تێدابێت.

زۆربوون

ئەم پشیلەیە جۆرێکە کە لە بنەڕەتدا لە سروشتدا بوونی هەبووە واتە لە ئەنجامی پەڕاندنەوە دروستنەبووە، پاش یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکە نزیکەی ٦٤ ڕۆژ دەخایەنێت، لە هەرجارێکدا نزیکەی شەش بێچووی دەبێت، لە سەرەتادا بێچووەکان هێڵی ڕەنگ تۆخ لەسەر فەرووەکەیان هەیە بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا نامێنێت، گەشەکردنی بێچووەکان هێواشە و هەتا تەمەنی ١٣ هەفتەیی شیریان پێ دەدرێت دواتر لە شیر دەبڕدرێنەوە، هەروەها ئەم جۆرە پشیلەیە زۆری حەز لە یاریکردنە و هەتا تەمەنی ٣-٤ ساڵی دیمەنەکانی بێچووی تێدا دەمێنێتەوە، تەنانەت کاتی گەشتنیشی بە قۆناغی پێگەیشتن بە بەردەوامی ئارەزووی یاریکردن دەکات، هەروەها لەبەر ئەوەی پشیلەیەکە کە سروشتێکی وریای هەیە و تووشی نەخۆشی زۆر نابێت ئەوا تەمەنێکی درێژیش دەکات، ماوەکەی لە نێوان ١٠-٢٠ ساڵ دەبێت هەندێکیشیان دەکرێت بگەنە تەمەنی ٢٥ ساڵی.

جۆرە سەرەکییەکان

دوو جۆری سەرەکی لە شینە پشیلەی ڕووسی هەیە کە هەریەکەیان شێوەی تایبەت بە خۆی هەیە، بەم شێوەیە:

  • شینە پشیلەی ڕووسی ئەمریکی: جەستەو پەلەکانی درێژن لەگەڵیدا شێوەیەکی باریک و لاوازی هەیە.
  • شینە پشیلەی ڕووسی ئەورووپی: ئەم جۆرەیان قەبارەی گەورەترە و جسمی پڕترە.


سەرچاوەکان



387 بینین