ڤیتامین B9

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-07-11-00:14:00 - کۆدی بابەت: 9355
ڤیتامین B9

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڤیتامین B9 یان ڤیتامین بی۹ (بە ئینگلیزی: Vitamin B9) (بە عەرەبی: فيتامين ب۹)، هەروەها بە فۆلەیت (folate) و فۆلیک ئەسید (folic acid) ناسراوە. ماددەیەکی خۆراکییە، کە ڕۆڵێکی گرنگی لە کۆئەندامی دەماردا هەیە، یەکێکە لە جۆرەکانی ڤیتامین B و لە ئاودا دەتوێتەوە. فۆلەیت لە وشەی لاتینی فۆولیەم (folium)ـەوە هاتووە، بە واتای "گەڵا" دێت. واتە ئەو ڤیتامین B9 لە سەرچاوە سروشتییەکانەوە دەست دەکەوێت پێی دەوترێت فۆلەیت، بەڵام ئەوەی لەناو تەواوکەرە خۆراکییەکاندا هەیە بە فۆلیک ئەسید ناسراوە.  فۆلیک ئەسید بە بەراورد بە فۆلەیت خێراتر لەلایەن لەشی مرۆڤەوە هەڵدەمژرێت. 

سوودەکانی ڤیتامین B9

• ڤیتامین B9 لەگەڵ ڤیتامینی تری وەک ڤیتامین B12 کاردەکات، خڕۆکە سوورەکانی خوێن دروست دەکات، ترشی DNA کە ماددەیەکی بۆماوەییە بەرهەم دەهێنێت و هەروەها پاڵپشتی فرمانی مێشک و دەمارە کۆئەندام دەکات. 
• بە هاوبەشی لەگەڵ ڤیتامین B6 بەشداری لە تێکشکاندنی هۆمۆسستین (homocysteine) دەکات. هۆمۆسستین ترشێکی ئەمینیە، کە ئەگەری نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات کاتێک ڕێژەکەی لە لەشدا زۆر بێت. 
• ئەم ڤیتامینە دەمارەگوێزەرەوەکانی وەک دۆپامین، سێرتۆنین و میلاتۆنین بەرهەم دەهێنێت. 
• گرنگترین ئەرکی ڤیتامین B9 بریتییە لە دروستکردن و بنیاتنانی کۆئەندامی دەمار لە کۆرپەلەدا و ئەگەری تووشبوون بە کەموکوڕی لوولەی دەماری (neural tube defects) کەم دەکاتەوە. ئەو خانمانەی لە سەرەتای دووگیانیدان یان پلانی دووگیانبوونیان هەیە دەبێت فۆلیک ئەسید تا 12 هەفتەی یەکەم واتە سێ مانگی یەکەمی دووگیانی بەکاربهێنن، بۆ ئەوەی کۆرپەلەکە گەشەی دوانەکەوێت و دووچاری هیچ کێشەیەکی کۆئەندامی دەمار نەبێت. فۆلیک ئەسید خێراتر لەلایەن لەشەوە هەڵدەمژرێت و تەنها لە تەواوکەرە خۆراکیەکاندا هەیە، کەواتە نابێت خانمانی دووگیان بۆ وەرگرتنی ڤیتامین B9 بەتەنها پشت بە سەرچاوە سروشتییەکان ببەستن بەڵکوو دەبێت لەڕێگەی تەواوکەرە خۆراکیەکانەوە وەریبگرن لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕ. 

سەرچاوەکانی ڤیتامین B9

  • زڕفستق (عەلی بابا)
  • بادەم
  • پرتەقاڵ
  • ئەڤۆکادۆ
  • بڕۆکلی
  • سپێناخ
  • گۆشت بڕێکی کەم لە ڤیتامین B9 تێدایە، بەڵام جگەر و گورچیلەی ئاژەڵ دوو سەرچاوەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین B9. ئەم ڤیتامینە لە پلەی گەرمی بەرزدا لەناودەچێت، کەواتە ئەو خۆراکانەی ڤیتامین B9 تێدایە، نابێت زۆر بکوڵێنرێن یان گەرم بکرێن وەکوو بڕۆکلی. 

کەمی ڤیتامین B9 

کەمی ڤیتامین B9 لەو کەسانەدا باوە کە بڕی پێویست لەو خۆراکانەی ڤیتامین B9 تێدایە وەرناگرن، بەکارهێنەری خواردنەوە کحولییەکان، ئەو کەسانەی کێشەی هەڵمژینی خۆراکە ماددەکانیان هەیە و هەروەها لە خانمانی دووگیاندا. کەمی ڤیتامین B9 لە قۆناغەکانی سەرەتای دووگیانیدا مەترسیدارە چونکە کێشە لە کۆئەندامی دەماری کۆرپەلە دروست دەکات و ئەگەری تووشبوون بە کەموکوڕی لوولەی دەماری وەک سپاینە بفدا (spina bifida) زیاد دەکات. سپاینە بفدا کێشەیەکە تووشی دڕکە پەتکی کۆرپەلە دەبێت. 

نیشانەکانی کەمی ڤیتامین B9

• لاوازی ماسولکەکان 
• هەستکردن بە ماندووێتی
• برینی ناودەم
خەمۆکی
سەرئێشە

کەمی ئەم ڤیتامینە بە بەردەوامی و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەبێتە هۆی یەکێک لە جۆرەکانی کەمخوێنی و پێی دەوترێت مێگالۆبلاستیک ئەنیمیا (megaloblastic anemia)، کە قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە قەبارەی ئاسایی گەورەترە و ژمارەیان کەمترە. هەروەها نەبوونی بڕی پێویست لە ڤیتامین B9 دەبێتە هۆی زیاد بوونی هۆمۆسستین لە خوێندا و بەمەش ئەگەری نەخۆشیەکانی دڵ زیاد دەکات.


سەرچاوەکان



897 بینین