ئامادەکاری پێشوەختە بۆ دووگیانبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-28-18:08:00 - کۆدی بابەت: 9590
ئامادەکاری پێشوەختە بۆ دووگیانبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئامادەکاری پێشوەختە بۆ دووگیانبوون (بە ئینگلیزی: The preparations for being pregnant). بوون بە خاوەن منداڵ یەکێکە لە بەخششەکانی خوا. منداڵ وەک هەموو بەخششێکی تری خوا پێویستی بە چاودێری و ئاگاداربوون هەیە لەلایەن دایک و باوکییەوە، تاکوو دەگاتە تەمەنێکی دیاریکراو. پێویستە پێش ئەوەی بڕیاربدەن منداڵێک دروست بکەن چەندین ڕێگا بگرنە بەر تاکوو منداڵێکی تەندروست دروست بکەن.

چەند ڕێگایەک بۆ ئامادەکاری پێشوەختە

سەردانکردنی پزیشک

پێش ئەوەی بڕیار بدەیت منداڵێک دروست بکەیت دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت، تاکوو پزیشک ئاگاداری شێوازی ژیانکردن، پێشینەی خێزانی و پێشینەی هەر جۆرە نەخۆشییەک لە پیاو و ژنەکەدا بێت. زانینی وردەکاری تەواو لەسەر ئەمانە یارمەتیدەرە تاکوو بزانرێت ئایا کاتی دروستکردنی منداڵە یاخود نا. پزیشک ڕێنوێنیت دەکات بۆ ئەوەی بزانن لە چی دووربکەونەوە و چی بەکاربهێنن.

ئەنجامدانی پشکنینی بۆماوەیی

پێش ئەوەی بتەوێت دووگیان ببیت واباشترە پشکنین بکەیت بۆ ئەو نەخۆشییانەی کە بۆماوەیی دەگوازرێنەوە. کاتێک یەکێک لە خێرانەکەتان نەخۆشییەکی هەیە و بۆماوەیی دەتوانرێت بگوازرێتەوە، پێویستە دایک و باوک پێش منداڵ دروستکردن پشکنینی بۆماوەیی بکەن. ئەم پشکنینانە یارمەتیت دەدات تاکوو بزانیت ژن یان پیاوەکە هەڵگری بۆهێڵێکی نەخۆشیین، وەک نەخۆشییەکانی کەمخوێنی، بەڕیشاڵبوونی کیسەیی، ئەگەر هەریەکە لە دایک یاخود باوک هەڵگری نەخۆشییەکی بۆماوەیی بن، بەنزیکەی منداڵەکە ئەگەری ٢٥٪ـی هەیە بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە. بۆیە پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بەو بوارە بکرێت تاکوو یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بزانن چیبکەن.

بەکارهێنانی ڤیتامین و فۆلیک ئەسید

بەکارهێنانی فۆلیک ئەسید پێش دووگیانی و بەردەوامبوون لەسەری لەماوەی دووگیانیدا زۆر گرنگە. ڕۆژانە خواردنی ٤٠٠ مایکرۆگرام فۆلیک ئەسید بۆ ماوەی یەک مانگ پێش دووگیانی و سێ مانگ پاش دووگیانی، واتە سێ مانگی یەکەمی دووگیانی سوودێکی زۆری هەیە و کۆرپەلەکە لە چەندین کەموکوڕی دەپارێزێت، کێشەی دانەخرانی بڕبڕەی پشتی منداڵ ٥٠٪ بۆ ٧٠٪ کەم دەکاتەوە.
بۆ بەکارهێنانی ڤیتامین دەبێت پرس بە پزیشک بکەیت و نابێت ڕێژەیەکی زۆر و ناپێویست وەربگریت، چونکە زیادەڕەویکردن لە وەرگرتنی ڤیتامین A کێشەی زگماکی دروست دەکات بۆ کۆرپەکە.
هەروەها زۆر گرنکە دایک ئاگاداری کەمی ڕێژەی ڤیتامین D بێت لە جەستەیدا، و پێویستە پێش دووگیانبوون ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.

دوورکەتنەوە لە جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان

ئەگەر ژنەکە یاخود پیاوەکە جگەرەکێشن، یان خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە پێویستە پێش ئەوەی منداڵ دروست بکەن وازیان لێ بهێنن. زۆرێک لە توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە جگەرەکێشان، خواردنەوە کحولییەکان، ماددەی هۆشبەر، هۆکارێکن بۆ لەبارچوونی منداڵ، منداڵبوونی پێشوەختە، لەدایکبوونی منداڵ بە کێشێکی کەمەوە. 
هەروەها دووکەڵ و جگەرە بەگشتی دەبنە هۆی کەمبوونەوەی تۆوەکان لە پیاواندا و نەزۆکی لە ئافرەتاندا. بۆیە پێش ئەوەی منداڵ دروست بکەن بە دڵنییایەوە دەبێت واز لەمانە بهێنرێت.

خۆراکی تەندروست

دایکان پێیان وایە کە تەنها کاتێک دووگیان بوون دەبێت گرنگی بدەن بە خواردنیان. بەڵام زۆر گرنکە پێش دووگیانی دایک و باوک دوورکەونەوە لە خواردنی ناتەندروست و ڕۆژانە خواردنەوەی ئاو زۆر بکەن، هەموو ڕۆژێک دوو قاپ لە میوە و سەوزە بخۆن. هەروەها بەکارهێنانی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کالسیۆم، وەک شیر، ماست، پەنیر. خواردنی پاقلەمەنییەکان و گۆشت و مریشک بەڕێژەیەکی پێویست.
دوورکەتنەوە لە کۆمەڵێک خواردنی وەک دارچین کە دەبێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ، هەروەها کۆمەڵێک جۆری ماسی کە ڕێژەیەکی بەرزی جیوەیان تێدایە.

کەمکردنەوەی کافایین

دایکان پێش ئەوەی منداڵ دروست بکەن واباشە خواردنەوەی چا و قاوە کەم بکەنەوە. چونکە توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە زۆر خواردنەوەی قاوە دەبێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ، یاخود لەدایکبوونی منداڵ بە کێشێکی کەم. واباشە ڕۆژانە تەنها کوپێک قاوە یان کوپێک چا بخۆنەوە.

کێشی گونجاو

ئەگەر کێشێکی ئاساییت هەبێت بە ئاسانتر دووگیان دەبیت و کێشەی کەمت تووش دەبێت. ئەو خانمانەی کێشیان زۆرە ئەگەری دووگیانییان کەمترە و زیاتر تووشی نەشتەرکاری منداڵبوون دەبنەوە، هەروەها ئەوانەشی کێشیان لە ئاستی ئاسایی کەمترە لە داهاتوودا لەوانەیە منداڵەکەیان بە کێشێکی کەمەوە لەدایک ببێت.

ڕاهێنان و وەرزش

ڕۆژانە وەرزش بکە و جووڵەت هەبێت تاکوو کاتێک دووگیان بوویت جەستەیەکی تەندروست و پتەوت هەبێت. ڕۆژانە ٣٠ خولەک وەرزشی پیادەڕەوی، پایسکلیسواری بکەن. هەروەها بۆ دەروونێکی ئارام تێڕامانی قووڵ و یۆگا بکەن.

ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنی و دوورکەوتنەوە لە ئاووهەوای پیس

دەبێت زۆر وریای پاکوخاوێنی ئەو خواردنانە بیت کە ڕۆژانە دەیخۆیت، شۆردنەوەی سەوزە و میوە بەباشی، هەروەها جوان کوڵاندنی گۆشت و مریشک. هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە کە جەستەیەکی تەندروستت هەبێت و دووربێت لەو نەخۆشییانەی لە ڕێگەی خواردنی پیسەوە دەگوازرێتەوە. هەروەها نابێت بچیتە شوێنێک کە ئاووهەوای پیس بێت، دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی کە جگەرەکێشن یاخود نێرگەلە دەکێشن. خۆپاراستن لە گەرمای هاوین کە دەبێتە هۆی سکچوون و ڕشانەوە. هەروەها خۆپاراستن لە سەرمای زستان کە ئەنفلۆنزا بڵاودەکاتەوە.

پشکنینی ڤایرۆسی

پیاو و ژنەکە دەبێت پشکنین بکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا تووشبووی هیچ جۆرە ڤایرۆسێک نین، کە لە داهاتوودا ئەگەر بێت و تووشبووبن و منداڵ دروست بکەن لە کاتی منداڵبوونەکەدا دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکەش. نەخۆشییەکانی هەوکردنی جگەری بەگشتی و جۆری B,C,D بەتایبەت، و نەخۆشی ئایدز و نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان هەموو ئەمانە مەترسیدارن و پێویستە پێشوەختە پشکنینیان بۆ بکرێت.

تەندورستی ددانەکان

زۆر گرنکە پێش دووگیانبوون خانمان سەردانی پزیشکی ددان بکەن و ئاگاداری تەندروستی ددانەکانیان بن. چونکە لەماوەی دووگیانیدا ددانەکان تووشی کومەڵێک کێشەی زۆر دەبنەوە. بەهۆی گۆڕانکاری لەهۆڕمۆنەکان ددانی دایکەکەش لەماوەی دووگیانیدا تووشی کێشە دەبێتەوە. بۆیە پێویستە پێش دووگیانبوون کێشەکانی ددان و پووک چارەسەر بکرێن.

گەرمنەبوونی گونەکان

گونەکان کە تۆویان تێدایە بە گەرمبوونی زۆر تۆوەکان لەناودەچن، بۆیە هەر پیاوێک کە دەیەوێت منداڵ دروست بکات دەبێت زۆر ئاگاداربێت و لە شوێنی گەرم کار نەکات، جلی ژێرەوەی زۆر تەسک نەبێت کە ئەمانە هۆکارێکن تاکوو بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گونەکانەوە تۆوەکان لەناوبچن.

دیاریکردنی ڕۆژی هێلکەدانان

ئەو ژنانەی بۆ ماوەیەکی زۆر یەکێک لە ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دووگیانییان بەکارهێناوە، کاتێک دەیانەوێت دووگیان ببن، دەبێت یەکەم هەنگاو دووربکەونەوە لە ڕێگریکردن بە هەر ڕێگایەک و کاتی هێلکەدانان دیاری بکەن و لەوکاتەدا کە هێلکە دێتە خوارەوە جووتبوون هۆکارێکە تاکوو سپێرم بە هێلکە بگات.

بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاوسەر و خێزانەکەت

ئەگەر کێشەت لەگەڵ هاوسەر یاخود خێزانی هاوسەرەکەتدا هەیە، کاتێکی گونجاو نییە بۆ دروستکردنی منداڵ. چونکە منداڵ دروستکردن کێشەکان زیاتر دەکات، منداڵ دەبێت لە کەشێکی پڕ خۆشەویستی بێتە دونیاوە.

لە کاتی جووتبوون دەبێت چی بکرێت؟

کاتێک پێش ئەوەی منداڵ دروست بکەیت هەموو ڕێکارەکانت گرتبەبەر و تەواو لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەبوویت، دەتوانیت منداڵێکی تەندروست دروست بکەیت، چەند ڕێگایەکیش هەیە بۆ ئەوەی لە کاتی جووتبوون و دوای جووتبوون ئەنجامیان بدەن کە ئەمانەن:

چەورکەر بەکارمەهێنن

زۆرینەی هاوسەران بۆ ئەوەی جووتبوونێکی ئاسانتر و بەچێژتریان هەبێت چەورکەر بەکاردەهێنن. بەڵام کاتێک بتەوێت منداڵ دروست بکەیت واباشە دووربکەویتەوە لە بەکارهێنانی چەورکەر چونکە دەبنە ڕێگرێک بۆ جووڵەی سپێرمەکان لە ملی منداڵداندا و چانسی دووگیانبوون کەمتر دەکەنەوە.
ئەگەریش هەر پێویست دەکات چەورکەر بەکاربهێنیت واباشە چەورکەری سروشتی بەکاربهێنیت، وەک زەیتی زەیتوون.

دوای جووتبوون پاڵبکەون

دوای ئەوەی جووتبوونت بە مەبەستی دووگیانی ئەنجامدا پێویستە ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوون پاڵبکەویت. بۆ ئەوەی ئەگەری ڕۆشتنی سپێرمەکان زیاتر ببێت، واباشە پاڵبکەویت و قاچەکانت بەرز بکەیتەوە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک.


سەرچاوەکان



4174 بینین