تایبەتمەندییەکانی بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-30-17:16:00 - کۆدی بابەت: 9613
تایبەتمەندییەکانی بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تایبەتمەندییەکانی بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو (بە ئینگلیزی: Characteristics of a successful manager، بە عەرەبی: الخصائص المدیر الناجح) بەڕێوەبەر کەسێکە کە کۆمەڵێک کەس بەناوی کارمەند لەژێر دەسەڵاتیدا کار دەکەن. مامەڵەکردن لەگەڵ چەندین کەسدا کارێکی هەروا ئاسان نییە و چەندین کێشە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەگەر گرووپێک بەڕێوەبەرێکی باشی هەبێت بەدڵنییایەوە کارەکانی باشتر دەڕوات و کارمەندەکانیش باشترین هەوڵی خۆیان دەدەن. بە ئەنجامدانی هەندێک کار دەتوانیت ببیتە بەڕێوەبەرێکی زۆر باش و لە کارەکەتدا سەرکەوتووبیت. 

ئەو تایبەتمەندییانە چین کە لە بەڕێوەبەرێکی باشدا هەیە؟

پەیوەندییەکی باش

بەڕێوەبەر دەبێت بتوانێت پەیوەندییەکی باش لەگەڵ کارمەندەکانیدا دروست بکات. کارمەندەکانی گرنگترین بەشی ئەو جێگەیەن کە کاری تێدا دەکەن، بۆیە ئەگەر بەباشی مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت لێدانی دڵەکە کەم دەکات و وردە وردە لەناودەچێت. 

هاوسۆزی

بەڕێوەبەر دەبێت کەسێکی هاوسۆز بێت، لە حاڵەتە پێویستییەکاندا دەبێت هاوسۆزی خۆی پیشانی کارمەندەکانی بدات. پیشاندانی هاوخەمی و هاوسۆزی متمانەیەکی زیاتر لەلای کارمەندەکان دروست دەکات و وایان لێ دەکات بە دڵسۆزییەکی زیاترەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن.

بیرکردنەوەی ئەرێنی

پێویستە بەڕێوەبەر کەسێکی پۆزەتیڤ بێت و هەمیشە بیرکردنەوەکانی ئەرێنی بن. کاتێک پێشهاتێکی ناخۆش ڕوودەدات گرنگە سەرەتا لایەنە باشەکەی ببینێت و بە ئەرێنییانە بیری لێ بکاتەوە. بەمەش کارمەندەکان زیاتر دڵخۆش دەبن و لە کارکردن سارد نابنەوە.

متمانەبوون بە خود

وەک بەڕێوەبەرێک زۆر گرنگە متمانەی تەواوت بە تواناکانی خۆت هەبێت، کاتێک بەتەواوی متمانەت بە خۆت دەبێت کارمەندەکانیش زیاتر متمانەت پێ دەکەن. هەروەها وادەکات کەسانی تریش فێرببن لە تۆوە کە متمانە بوونیان بە خود زیاتر بکات.

بەرنامەڕێژی بۆ داهاتوو

بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو دەبێت لەگەڵ ئەنجامدانی کارەکانی لە ئێستادا، بەرنامەڕێژی بۆ داهاتوو بکات و هەوڵ بدات کارەکانی زیاتر بەرەوپێش ببات. هەر ساڵێکی باشتر بێت لە ساڵی پێشووی.

ڕاستگۆیی

بەڕێوەبەر بەتەواوی دەبێت ڕاستگۆ بێت لەگەڵ کارمەندەکانیدا. بەهیچ شێوەیەکیش ڕێگە نەدات هیچ کەسێک درۆی لەگەڵدا بکات، یاخود کارمەندان لەناو خۆیاندا درۆ بکەن سەبارەت بە کارەکەیان.

ئامانج

ناکرێت تەنها کار بکەیت و ئایندەت دیار نەبێت. زۆر گرنگە ئامانجی هەموو کارەکانت بۆ هەموو کارمەندەکان ڕوون بێت.

دابەشکردنی کارەکان

زۆر گرنگە کارمەندەکانت بەباشی بناسیت و کارەکان بەپێی ئەزموون و توانای کەسەکان دابەش بکەیت. کاتێک کارمەندێک دڵسۆزی زیاترە و تواناکانی باشترن دەکرێت پلەی بەرز بکرێتەوە، یاخود کارە قورس و گرنگەکانی پێ بسپێردرێت.

هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی

وەک بەڕێوەبەرێک دەبێت بەرپرسیارێتی هەر بڕیارێک کە دەیدات و هەر کارێک کە دەیکات هەڵبگرێت. نابێت لە کاتی تەنگانەدا ڕابکات و بەرپرسیارێتی هەڵەکانی بخاتە ئەستۆی کەسانی تر، بەڵکوو پێویستە پێش هەر کەسێکی ئەو شوێنە بەدوای ڕێگە چارەیەکدا بگەڕێت.

گرنگیدان بە هەستی کارمەندان

بەشێک لە کارمەندان پێیان وایە سەرزەنشتکردن و سووکایەتی ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی کارمەندێک بتوانێت باشتر کارەکەی بکات و گوێڕایەڵتر بێت. ئەمە لە کاتی خۆیدا کاردانەوی خراپی دەبێت و کارەسات بە دوای خۆیدا دەهێنێت. بەکارهێنانی وشەی جوان و ڕەفتاری جوان لە هەر جێیەکدا بێت کاریگەری زۆرە، بەتایبەت ئەگەر بەڕێوەبەرێک ڕەفتاری جوان بێت و ڕێز لە هەستی کارمەندەکانی بگرێت هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکەی.

پرسکردن

بەڕێوەبەرە سەرکەوتووەکان کۆبوونەوە دەکەن بە کارمەندەکانیان و پرسیاریان پێ دەکەن، هەروەها ڕای کارمەندان وەردەگرن لەسەر پڕۆژەکان و کارەکانی داهاتوو، هەروەها ئامادە دەبن بۆ بیستنی هەر جۆرە گلەیی و گازەندەیەک.

جیاوازی نەکردن

هیچ کام لە مرۆڤەکان وەک یەک نین و هەمیشە کەسانێک لەپێشترن بۆت، بەڵام وەک بەڕێوەبەرێک نابێت بهێڵیت کارمەندەکانت هەست بە جیاوازی بکەن و پێیان وابێت گرنگییان پێ نادرێت. 

بەڵێنەکان دەباتە سەر

کاتێک بەڕێوەبەرێک بەڵێن دەدات و نایباتە سەر ئیتر وەک جاران سەیر ناکرێتەوە، زۆر گرنگە بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو بزانێت چی جۆرە بەڵێنێک دەدات و ئایا دەتوانێت بیباتە سەر یاخود نا، هەرگیز نابێت بۆ ئەوەی وەک بەڕێوەبەرێک خۆت ببەیتە پێشەوە، بەڵێنی ناڕاست بدەیت کە نەتوانیت جێبەجێیان بکەیت.

گوێگرێکی باش

کاتێک کارمەندێک بەباشی نەتوانێت قسەی دڵی بکات بۆ بەڕێوەبەرەکەی، کەواتە ئەم بەڕێوەبەرە شکستی هێناوە لەوەی بتوانێت کەشێک دروست بکات کە هەستی هاوسۆزی و هاوخەمی تێدا بێت. بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ کارمەندەکانتدا بکە بتوانن قسەی دڵیان بکەن و نەترسن.

کارەکان ڕەها ناکات

لەوانەیە بەڕێوەبەرەکی سەرکەوتوو نەتوانێت هەموو ڕۆژێک بە وردی سەیری کارەکانت بکات، بەڵام بەگشتی ئاگاداری کاری هەمووانە و دەزانێت کێ دڵسۆزترە و بەباشی کارەکانی ئەنجام دەدات و بە پێچەوانەشەوە.

گرنگیدان بە مووچە

گرنگی دەدات بە مووچەی کارمەندەکانی و هەوڵ دەدات لە کاتی خۆیدا مووچەیان پێ بدات. دواخستنی مووچە هەموو جارێک بە چەند بیانوویەکی دووبارە وادەکات متمانە نەهێڵێت لە نێوان کارمەند و بەڕێوەبەردا.

کەسێکی گاڵتەچییە

گاڵتەکردن و ڕووخۆشی بە واتای ئەوە نایەت کە کارەکە ڕەها بکەیت و جدی نەبیت تێیدا. هەندێک جار گاڵتەکردن وادەکات بەڕێوەبەرەکە و کارمەندەکان زیاتر لەیەک نزیک ببنەوە و زیاتر دڵخۆشبن بە کارکردن. بەڵام گاڵتەکردنی زۆر و بەردەوام، گاڵتەیەک کە سنوور تێ بپەڕێنێت وادەکات چیتر وەک بەڕێوەبەرێک سەیر نەکرێیت، چونکە بەم جۆرە گاڵتانە لە ئاستی خۆت کەم دەکەیتەوە. ڕاستە زۆر گرنگە بەڕێوەبەری سەرکەوتوو کەسێکی ڕووخۆش و گاڵتەچی بێت بەڵام بزانێت لە کەیدا و چۆن گاڵتە دەکات.

ئاگای لە ژیانی کارمەندەکانییەتی

بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو دەبێت بەگشتی ئاگاداری شێوازی ژیانکردنی کارمەندەکانی بێت، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو ژیانی تایبەتییانەوە. ئاگاداربوون لە تەندروستی و کێشە گەورەکان زۆر گرنگە چونکە ئەمانە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر کارکردنیان.


سەرچاوەکان



4071 بینین