شارۆچکەی بەرزنجە

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-07-30-22:20:00 - کۆدی بابەت: 9620
شارۆچکەی بەرزنجە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرزنجە (بە ئینگلیزی: Barzinjah ,Barznja)، یەکێکە لە گوندەکانی ناحیەی سرۆچکی سەر بە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان. مێژووی ئەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٦٥٠ی کۆچی، شوێنی لەدایکبوونی سوڵتان ئیسحاقی دامەزرێنەری ئایینی یارسانە، هەروەها زێدی سەید عەبدولکەریم بەرزنجی جێگری یەکەمی سەید عیسا بەرزنجی و سەیدەکانی ترە. هەر لە کۆنەوە بەرزنجە حوجرە، مزگەوت و قوتابخانەی تێدا دروست کراوە، دانیشتووانی ناوچەکە بە ئاژەڵداری، ڕەز، باخ و باخاتەوە خەریک بوون.

جوگرافیا

شارۆچکەی بەرزنجە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی لە ناوچەی شارباژێڕ، لە سروشتێکی شاخاویدا هەڵکەوتووە و چەند کانیاو و کارێزێکی سازگاری تێدایە، خانووەکانی ئەم شارۆچکەیە لە ١٢ بۆ ١٣ ڕیزدا بە شێوەی پلیکانە بەرەو قەد پاڵی شاخی ڕێ سوور دروست کراوە و قەدپاڵی شاخی کوڕەکاژاویش دەکەوێتە دەستە ڕاستییەوە و لە نێوان چەند شاخێک دایە.

ناوی بەرزنجە

وەک دەگێڕنەوە و لە هەندێک پەرتووک و دەستنووسی کۆنیشدا تۆمارکراوە، چەند خانوویەک لە پشت حوجرە و مزگەوتەکەوە هەبووە کە بە قامیش دروستکراون و خانووی بە قامیش دروستکراویش بە (زنج) ناودەبرێت، مزگەوت و حوجرەی سەید عیسا و سەید موساش کەوتبووە بەرزنجەکانەوە، بۆیە ناوی لێنرا بەرزنج یان بەرزنجە، بەڵام لەڕووی واتای وشەی بەرزنجەوە بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک سەرچاوە بە زەوی هەمیشە سەوز ناوی دەبەن و سەرچاوەی تریشمان هەیە کە بە خانە باخ ناوی دەهێنن.

مێژووەکەی

مێژووی دروست بوونی ئەم شارۆچکەیە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر و بۆ لەوەڕاندنی مێگەل و ڕانەمەڕی بنەماڵەی حاجی شێخ خالیدی کاژاوی کوڕی سەید محەممەد تاج عارفین ئەبوو وەفای پووشێنی کە ژمارەیان ٣ بۆ ٤ ماڵێک بووە و لە خۆی و چەند کوڕێکی پێک هاتوون، کوڕەکانی تریشی لە کاژاو ژیاون و سوودیان لە ئاو و لەوەڕگەی ناوچەکە وەرگرتووە و بە ئەو هۆیەوە لێی نیشتەجێ بوون، بەڵام بەڵگەیەکی دروست لەبەردەستدا نییە کە لە ئەو کاتەدا چی بە بەرزنجەی ئێستا وتراوە و دوورنییە (زنج) یان بۆ بەکارهێنا بێت یان هاوشێوەی ئەم ناوە وەکوو: زنجەکان، زنجان، زنجیان، زنجەکە، زنجی. دیارە ئەم قسەیەش لەخۆوە ناکەین، بەڵکو پشت دەبەستین بە ناوی هەنووکەیی بەرزنجە کە لە دوای هاتنی هەردوو کوڕەکەی عاریف و پیری زاهیدی هەمەدانی، بابا عەلی بەسەریدا بڕاوە و بە بەرزنجە ناوی دەرکردووە، چونکە هەردوو مامۆستا و زانای ناسراو سەید عیسا و سەید موسای بەرزنجی هەستان بە دروست کردنی مزگەوتێک لەبەردەم ئەو ٣ بۆ ٤ خانووەی لە شێوەی زنج دا بوون و بەمەش ناوی (بەر – زنج – ە) بەسەر ناوچەکەدا بڕا، گۆڕینی ناوی ئەو شوێنەی چەند کەپر و زنجێک بووە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٦٨٦ی کۆچی، دەگێڕنەوە دەڵێن: هەردوو کوڕەکەی بابا عەلی هەمەدانی کوڕی یوسفی نوربەخشی هەمەدانی بە ناوەکانی سەید عیسا و سەید موسای نوربەخشی دوای تەواوکردنی خوێندنی ئاینییان لای زانای بەناوبانگ خواجە ئیسحاقی خەتڵانی و وەرگرتنی خەرقە و تەریقەتیش لە موحەمەدی نووربەخشی ئەم برایانە بۆ حەج و سەردانی ماڵی خوا دەکەونە ڕێ و لەکاتی گەڕانەوەیاندا ڕێیان دەکەوێتە بەرزنجەی ئێستا و شەوێک لە خەودا پێغەمبەر ﷺ فەرمانیان پێدەدات نەگەڕێنەوە و لەوێ بمێننەوە، ئەوانیش بڕیاری مانەوە دەدەن، ئەم ڕووداوەش ساڵی ٦٨٦ی کۆچی بووە، سەید محەمەدی نووربەخشی براشیان کە دامەزرێنەری تەریقەتی نووربەخشییە بۆ کاری بانگەواز دەچێت بۆ هەرات و لە دوای مردنی ئەم زانا ناسراوە سێ نەوە بە ناوەکانی، جەعفەر، محەممەد، شا قاسم بەجێماو، وەک لە پەرتووکی (روچە الجنان) دا هاتووە، لە دوای دروستکردنی حوجرە و مزگەوتی بەرزنجە، سەید موسای برا گەورە، فاتیمە خانی کچی حاجی شێخ خالیدی کاژاوی دەخوازێ، لێرەوە ژن و ژنخوازی لە نێوان نەوەکانی سەید موسا و سەید عیسای بەرزنجی لەگەڵ نەوەکانی بنەماڵەی خالیدی دروست دەبێت و بە تەواوی ئەم دوو بنەماڵەیە تێکەڵاو دەبن، سەید موسای بەرزنجی دوای ماوەیەک دەرس وتنەوە و پێگەیاندنی چەند کەسێک و بەناوبانگ بوونی حوجرە و مەدرەسەی بەرزنجە، دەرس وتنەوە جێدەهێڵێ بۆ سەید عیسای برای و حاجی خالید کاژاوی، خۆشی بۆ ڕێنووێنی دەچێت بۆ ئاغجەلەر و لەوێ لە ساڵی ٦٩٦ی کۆچی و لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا بە دەستی چەند کەسێک دەکوژرێت و براکەی و بنەماڵەی خالیدی تەرمەکەی دەهێننەوە بۆ بەرزنجە و لە گۆڕستانی بەرزنجەدا کە بە گۆڕستانی (اهل لاالە الا اللە) ناسراوە بە خاکی دەسپێرن. لە دوای کوژرانی سەید موسای بەرزنجی، سەید عیسای برای خێزانەکەی ئەو کە کچی حاجی شێخ خالیدی کاژاو بووە ئەخوازێ و دواتریش ژنی دووەمی کە دایرەک خاتوونی کچی حسەین بەگی جەڵد بووە دەهێنێ و بەگوێرەی پەرتووکەکانی (بحر الانساب) لە هەردوو ژنەکەی ١٢ کوڕ و چەند کچێک بە جێماوە، بەپێی پەرتووکی (بنەماڵەی زانیاران)ـی زانای گەورەی کورد مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیسی بیارەیی تەنها سێ کوڕی سەید عیسای بەرزنجی بە ناوەکانی، عەبدولکەریم، حەسەن، حسەین، لە گوندی بەرزنجەدا ماونەتەوە و وەچەیان خستۆتەوە، ئەوانی تر هەریەکەو بەلایەکدا ڕۆیشتوون، بەپێی هەندێک سەرچاوەی دیکە هەندێک لەو کوڕانەی کە بەرزنجەیان جێهێشتووە بۆ خوێندن و زانست و زانیاری کۆکردنەوە ڕۆیشتوون و دوای تەواوکردنی خوێندنیان گەڕاونەتەوە بۆ بەرزنجە، ئەگەرچی پاشان بەرزنجەیان جێهێشتۆتەوە، بەڵام نەوە و بنەماڵەی سەربەخۆیان لە بەرزنجەدا پێکهێناوە، وەکو میر ئەحمەد میرە سور، سەید محەمەد. لە ساڵی ٧٥٤ی کۆچی دا، سەید عیساش لەتەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی بەرزنجە و لە تەنیشت براگەورەکەیەوە بەخاک دەسپێردرێت.


سەرچاوەکان



1324 بینین