ئایا ڕاگرتنی پژمە خراپە؟

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-08-04-18:12:00 - کۆدی بابەت: 9693
ئایا ڕاگرتنی پژمە خراپە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پژمین یان پژمە ڕێگایەکی لەشە بۆ کردنە دەرەوەی ماددە کزێنەر و سووتێنەرەکان لە قوڕگ و لووت. پژمە دەرهاویشتنێکی بەهێزی خۆنەویستانەی هەوایە، زۆرجار لەناکاو و بەبێ هیچ نیشانەیەکی ئاگادارکەرەوە ڕوودەدات، لە کاتێکدا پژمین کەمێک بێزارکەرە، بەڵام نیشانە نییە بۆ هیچ کێشەیەکی تەندروستی مەترسیدار.

بۆچی مرۆڤ دەپژمێت؟

پژمە میکانیزمێکە کە لەشت بۆ پاککردنەوەی لووتت ئەنجامی دەدات. کاتێک تەنە نامۆکانی وەک تەپوتۆز و پیسکەرە ژینگەییەکان و دووکەڵ دێنە ناو لووتەوە، لەگەڵ کونی لووتدا بەریەک دەکەون، هەرکە ئەمە ڕوویدا شەپۆلی کارەبایی دەنێردرێت بۆ مێشک بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوەی کە کاتی پژمینە. کرداری پژمین بەخێرایی هێز دەخاتە سەر ئاو و لینجی و هەوا بۆ دەرەوەی لووت.
هەرچەند کە مەترسییەکانی تووشبوون بە زیان لە کاتی ڕاگرتنی پژمەدا کەمن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری تووش نەبوون بە ئەم زیانانە دڵنیایی نییە، کەواتە هەرگیز پژمەکەت ڕامەگرە و مەیگەڕێنەرەوە.

بۆچی ڕاگرتنی پژمە خراپە؟

بۆچی ڕاگرتنی پژمە خراپە (بە ئینگلیزی: Why is it bad to hold in a sneeze، بە عەرەبی: لماذا من السيء كتم العطس)، دەکرێت پژمە بێزارکەربێت، بەڵام دەشکرێت ئەگەر ڕای بگریت و ڕێگری لە هاتنی بکەیت تووشی چەند کێشەیەکی تەندروستی ببیتەوە. ئەگەر بەشێوەیەکی ئاسایی پژمەکەت ڕابگریت و بیگەڕێنیتەوە مەترسیدارە چونکە پژمە وزەیەک بەرهەم دەهێنێت، هەروەها پەستانێکی پێویست ڕێکدەخات، کەواتە کاتێک ئەم پەستانە ڕادەگیرێت یان دەگەڕێنرێتەوە دەکرێت زیان بە پەردەی گوێ بگەیەنێت و قووڕگ بسووتێنێتەوە، یان دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە حاڵەتی زیانبەخشی وەک پچڕانی لوولەی خوێنی چاو یان مێشک.
کەواتە هەرکات لە داهاتوودا پژمەکەت ڕاگرت بیر لە تووشبوون بە ئەم کاریگەرییە لاوەکییانە بکەرەوە: 

پچڕانی پەردەی گوێ

گەڕاندنەوەی پژمە دەکرێت کار لە توانای بیستنت بکات، پژمە دەتوانێت ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ناوەڕاست و ناوەوەی گوێ، وەکوو پچڕانی پەردەی گوێ. ئەگەر هەوڵ بدەیت ئەو پەستانە زۆرەی بەهۆی پژمەوە لە کۆئەندامی هەناسەتدا دروست بووە ڕابگریت، لە ئەنجامدا هەندێک هەوا دەکرێت بچێتە ناو گوێتەوە. ئەم هەوا پەستێنراوە دەتوانێت بچێتە ناو لوولەی هەردوو گوێتەوە کە پەیوەستن بە گوێی ناوەڕاست و پەردەی گوێوە. بەمەش ئەم پەستانە دەتوانێت زیان بە پەردەی گوێت بگەیەنێت و توانای بیستن لەدەست بدەیت.

تووشبوونی میکرۆبی

هۆکارێکی تر کە وادەکات هەرگیز ڕێگە لە پژمینت نەگریت بە تایبەت لە کاتێکدا کە سەرمات بووە ئەوەیە کە پژمە لەڕێگەی لووتەوە تەنە نامۆکان دەکاتە دەرەوە. پژمە یارمەتیت دەدات کە هەر تەنێکی نامۆ (وەک بەکتریا) کە هاتووەتە لەشتەوە بکرێتە دەرەوە. گرتنی پژمە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی هەوا لە ڕێڕەوەکانی کونی لووتەوە بۆ گوێیەکان، کە ئەم هەوایە بەکتریا یان لینجی ناو لووت کە میکرۆبی هەڵگرتووە لەگەڵ خۆیدا دەگەڕێنێتەوە بۆ گوێی ناوەڕاست. بەمەش گوێی ناوەڕاستت تووشی میکرۆب دەبێت و ناچار دەبیت دەرمانی دژەبەکتریا وەربگریت.

شکانی پەراسوو

کاتێک پژمەیەک ڕادەگریت هەوای پەستان بەرز بە پەستانێکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە بۆ سییەکان، کە ئەمەش پەستان دەخاتە سەر پەراسووەکان و دەکرێت تووشی زیان و شکان ببنەوە.


سەرچاوەکان



348 بینین