ئیفلیجیی خەو

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-08-04-16:35:00 - کۆدی بابەت: 9694
ئیفلیجیی خەو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئیفلیجی خەو یان ئیفلیجی لە خەودا (بە ئینگلیزیSleep paralaysis، بە عەرەبی: شلل النوم)  حاڵەتێکی کاتییە بە کەمبوونەوەی توانای کۆنتڕۆڵکردنی ماسولکەکان لە کاتی خەودا ناسراوە، لە کاتی ڕوودانی ئەم حاڵەتەدا کەسەکە هەست دەکات  بەخەبەرە و ئەزموونی هەستکردن بە خنکان و بێزاری دەکات. ئیفلیجی خەو بە جۆرێک لە جۆرەکانی ڕەفتارە نائاساییەکان لە کاتی خەودا پۆلێنکراوە.

چۆنیەتی ڕوودانی ئیفلیجی خەو

بەشێکی خەو بریتییە لە خەوی ئارام کە نزیکەی ٧٥٪ خەو دەگرێتەوە لەماوەی خەوی ئارامدا جەستە خاو دەبێتەوە و پشوودەدات لە کۆتایی خەوی ئارامدا جەستە دەچێتە قۆناغی چالاک یان خەوی خێرا جووڵاندنی چاو، لەم قۆناغەدا خێرایی جووڵانی چاوەکان زیاد دەکات، جووڵەی خێرای چاو یەکێكە لە قۆناغەکانی خەو کە چالاکی مێشک زیاد دەکات، لێدانی دڵ و پەستانی خوێن زیاد دەکەن، ماسولکەکان توانای جووڵەیان نامێنێت و خەون بینین ڕوودەدات، بەهۆی بێتوانایی ماسولکەکان بۆ جووڵەکردن کەسەکە ناتوانێت نواندنی ئەو خەونانە بکات کە دەیبینێت، قۆناغی جووڵەی خێرای چاو بەشێکی کەمی خەو دەگرێتەوە. ئەگەر پێش تەواوبوونی قۆناغی جووڵەی خێرای چاو کەسەکە خەبەری ببێتەوە ئەوا ئەزموونی حاڵەتی ئیفلیجی خەو دەکات، توێژەران لەو باوەڕەدان حاڵەتی ئیفلیجی خەو بەهۆی تێکەڵبوونی قۆناغی بەئاگابوون و قۆناغی خێرا جووڵانی چاوەکان ڕوودەدات.

ئیفلیجی خەو چۆنە؟

نیشانەی بنەڕەتی ئیفلیجی خەو بریتییە لە بێتوانایی جووڵانی جەستە، ئەم حاڵەتە پاش ماوەیەکی کەم لە چوونە ناو خەو ڕوودەدات، لە کاتی ڕوودانی ئەم حاڵەتە کەسەکە هەست دەکات بەخەبەرە و ئاگای لە لەدەستدانی کۆنتڕۆڵکردنی ماسولکەکانییەتی، بەڵام ناتوانێت بجووڵێت و قسە بکات و هەست بەوە دەکات کەسێک لە ژوورەکەی یان لە نزیکیدا هەیە و پەستان لەسەر سنگی دەکات یان دەیەوێت بیخنکێنێت. ئیفلیجی خەو دەکرێت لە کاتی چوونە ناو خەو یان لە کاتی بەخەبەرهاتن ڕووبدات.

هۆکارەکان

لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە نزیکەی ٤٠٪ ی خەڵکی ئەزموونی حاڵەتی ئیفلیجی خەویان کردووە، ڕاستییەکەی هەر کولتوورێک چیرۆکێک یان ڕوونکردنەوەیەکی هەیە بۆ ڕوودانی ئەم حاڵەتە، هەندێک کولتوور هۆکاری ڕوودانی ئیفلیجی خەو بۆ ڕوحەکان و ڕفێنەرە بێگانەکان دەگەڕێننەوە، بەڵام لەڕووی پزیشکییەوە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕوودانی ئیفلیجی خەو بریتین لە کەمخەوی، تێکچوونی ماوەی خەوتن، فشار و لەسەر پشت خەوتن.

دەستنیشانکردنی ئیفلیجی خەو

بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتی ئیفلیجی خەو پێویست بە هیچ پشکنینێکی تایبەت ناکات، پزیشک پرسیار دەربارەی شێوازی نوستن و مێژووی تۆماری پزیشکی لە نەخۆش دەکات، هەروەها ڕەنگە پزیشک پرسیار لە نەخۆش بکات دەربارەی ئەوەی کە ئایا لە کاتی ڕوودانی حاڵەتەکە هەستی چۆن بووە. بەڵام کاتێک ڕوودانی ئیفلیجی خەو لە کەسێکدا زۆر دووبارە ببێتەوە پزیشک پێشنیازی خەوتن لە تاقیگەدا دەکات، خەوتن لە تاقیگەدا بریتییە لە خەوتن لەژێر چاودێری پزیشکدا، لە کاتی خەوتن لە تاقیگەدا پزیشک چاودێری شەپۆلەکانی مێشک و هەناسەدانی نەخۆش دەکات.

چارەسەر

زۆربەی خەڵکی بۆ حاڵەتی ئیفلیجی خەو پێویستییان بە چارەسەرێکی تایبەت نییە، بەڵام هەندێک کات چارەسەکردنی کێشەی نۆرەی خەو دەتوانێت ڕوودانی حاڵەتی ئیفلیجی خەو کەمتر بکاتەوە چارەسەرەکان بریتین لە:

  • ڕێکخستنی خووەکانی خەو بۆ نموونە کەسەکە دڵنیا بێت شەوانە شەش بۆ هەشت کاتژمێر دەخەوێت.
  • بەکارهێنانی دەرمانی خەمۆکی ئەگەر لەلایەن پزیشکەوە پێشنیاز کرابێت.
  • چارەسەرکردنی نەخۆشی نۆرەی خەو یان گرژبوونی ماسولکەکانی قاچ.
  • چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تر کە ڕەنگە ببێتە هۆی ڕوودانی ئیفلیجی لە خەودا.

ئایا ڕوودانی ئەم حاڵەتە مەترسیدارە؟

ڕەنگە ڕوودانی ئەم حاڵە بۆ مرۆڤ ئەزموونێکی ترسناک بێت، بەڵام نابێتە هۆی مەترسی بۆ تەندروستی کەسەکە و زۆربەی خەڵکی لەماوەی ژیانیاندا تەنها یەکجار یان دووجار تووشی ئەم حاڵەتە دەبن. 


سەرچاوەکان



891 بینین