ئاڤاتار (٢٠٠٥)

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-05-20:47:00 - کۆدی بابەت: 9704
ئاڤاتار (٢٠٠٥)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاڤاتار: کۆتا ملکەچکەری هەوا یان ئەفسانەی ئانگ (بە ئینگلیزی: Avatar: The Last Airbender) کورتکراوەکەی (ATLA)، زنجیرەیەکی ئەنیمەیشنی ئەمریکییە، کاریگەری ئەنیمی لەسەرە، لە ژانەری ئاکشن، سەرکێشی و خەیاڵییە. زمانی زنجیرەکە ئینگلیزییە، لەلایەن ستۆدیۆی ئەنیمەیشنی نیکلۆدیەن بەرهەمهێنراوە، لەلایەن مایکل دانتی دیمارتینۆ و برایان کۆنیتزکۆ بە هاوبەشی دروستکراوە، ئارۆن ئیهاس وەک سەرنووسەر کاری کردووە. بۆ ماوەی سێ وەرز لە کەناڵی نیکلۆدیەن لە شوباتی ٢٠٠٥ تاکوو تەممووزی ٢٠٠٨ پەخشکراوە. لە سایتی (IMDB) کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرە خاوەنی ڕەیتینگی ٩.٣ یە، هەروەها لە ڕیزبەندی باشترین زنجیرەکاندایە.

زانیاری گشتی

ناوی زنجیرە Avatar: The Last Airbender
ژانەر ئاکشن، سەرکێشی و خەیاڵی
دروستکردن مایکل دانتی دیمارتینۆ و برایان کۆنیتزکۆ
دەنگەکان زاک تایلەر ئایسن، مەی ویتمەن، جاک دسینا، دانتەی باسکۆ، جێسی فلاوەر، دی برادلی بەیکەر، ماکۆ، گرێگ باڵدوین، گرەی دیلیسل و مارک هامیل
ئاوازدانەران جێرمی زوکەرمان و بنجامین وین
وڵاتی بەرهەمهێنان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
زمان ئینگلیزی
ڕەیتینگ ٩.٣
وەرز ٣
ئەڵقە ٦١
کات ٢٣ خولەک
بەرواری بڵاوکردنەوە ٢٨ـی شوباتی ٢٠٠٥ تاکوو ١٩ـی تەممووزی ٢٠٠٨
کۆمپانیای بەرهەمهێنان ستۆدیۆی ئەنیمەیشنی نیکلۆدیەن

کورتە

دوای ئەوەی ئاڤاتار دوای چەندین ساڵ لە سەهۆڵەکە دێتە دەرەوە بەڵام سەیردەکات کە جیهان بە جارێک گۆڕاوە و نەتەوەی ئاگر دەستیان بەسەر تەواوی نەتەوەکانی تردا گرتووە.

چیرۆکی زنجیرە

جیهان بەسەر چوار نەتەوەدا دابەش دەبێت هۆزی ئاو، شانشینی خاک، نەتەوەی ئاگر و هەوا، هەر یەکەیان خاوەنی هێزێکی سروشتین کە گەلەکەیان بە ناوی هێزەکەیانەوە ناونراوە، تەنها ئاڤاتار توانای کۆنتڕۆڵکردنی هەر چوار توخمەکەی هەیە.

نەتەوەی ئاگر دەیانەوێت بێبەزەییانە جیهان داگیر بکەن، بەڵام تەنها ئاڤاتار کە چەندین ساڵە نەماوە توانای کۆنتڕۆڵکردنی هەیە، دوای گەڕانەوەی ئاڤاتار هەر زوو هۆزەکان بۆیان دەردەکەوێت کە ئانگ ئەو ئاڤاتارەیە کە چەندین ساڵە دیار نەماوە.

پاش گەڕانەوەی ئاڤاتار، کەتارا و سۆکا یەکەم کەس بوون کە دۆزیانەوە و پێویستە ئانگ بپارێزن لە گەشتەکەیاندا بۆ شارەزا بوون لە هەر چوار توخمەکە و ڕزگارکردنی جیهان لە نەتەوەی ئاگر.

دەربارەی زنجیرەکە

زنجیرەکە بە جۆرێک دروستکراوە کە تێکەڵەی ئەنیمی و ئەنیمەیشنەکانی ئەمریکایە، پشت بە کولتووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەبەستێت، لەگەڵ هەندێک کاریگەری باشووری ئاسیا، جیهانی نوێ، ئیسکیمویی و هۆزە کۆچەرییەکان.

زنجیرەکە سەرکەوتوو بوو، ڕەیتینگێکی باشی بەدەستهێنا و ستایشێکی گشتی لەلایەن بینەران و ڕەخنەگرانەوە وەرگرت، بەهۆی کارەکتەرەکانی، ئاماژە کولتوورییەکانی، ئاڕاستەی هونەری، ساوندتراک و قسە خۆشی.

خەڵاتەکان

زنجیرەکە بووە پاڵێوراو و براوەی چەندین خەڵات لەوانە، بووە براوەی دوو خەڵاتی پونسینێلا، براوەی پێنج خەڵاتی ئانی، خەڵاتی جینێسیس، خەڵاتی پڕایمتایمی ئێمی، دوو خەڵاتی هەڵبژاردەی منداڵان و خەڵاتی پیبۆی و پاڵێوراوی چەندین خەڵاتی تر.

دەربارەی کارەکتەرەکان

ئانگ: کارەکتەری سەرەکی و پاڵەوانی زنجیرەکەیە، ئاڤاتار کۆتا ملکەچکەری هەوایە کە توانای کۆنتڕۆڵکردنی هەر چوار توخمەکەی هەیە، هەروەها دوایین ملکەچکەری هەوایە کە لە ژیاندا مابێتەوە، خاوەنی ئاژەڵێکی فڕیوە بە ناوی ئاپا.

کەتارا: ملکەچکەری ئاوە و لە هۆزی ئاوە، لەگەڵ سۆکای برای یەکەم کەس دەبن ئانگ دەدۆزنەوە کە بۆ چەندین ساڵە لەگەڵ ئاپا لە سەهۆڵدایە.

سۆکا: جەنگاوەرێکی هۆزی ئاو بوو، برای گەورەی کەتارایە، کاتێک لەگەڵ کەتارا ئەڤەتاریان دۆزیەوە سەرەتا گومانی لەوە هەبوو کە چۆن منداڵێک دەتوانێت جیهان ڕزگار بکات.

زوکۆ: ملکەچکەرێکی شاهانەی نەتەوەی ئاگرە، دوژمنی سەرەکی ئاڤاتارە، چەندین ساڵی تەرخانکرد بۆ گرتنی ئاڤاتار بۆ گێڕانەوەی شکۆی وەک شازادەی جێنشینی نەتەوەی ئاگر، بەهۆی شوێنەوارە سووتاوەکەی لای چەپی دەموچاوی دەناسرێتەوە.

ئاپا: ئاژەڵێکی خەیاڵی فڕیوی ئاڤاتارە، ئاپا زۆرترین ناوبانگی بە توانای فڕینی دەرکرد سەرەڕای ئەوەی کێشی قورس بوو، ئامرازی سەرەکی گواستنەوەی ئاڤاتار بوو.

دەنگەکان

زاک تایلەر ئایسن بە دەنگی ئانگ

مەی ویتمەن بە دەنگی کەتارا

جاک دسینا بە دەنگی سۆکا

دانتەی باسکۆ بە دەنگی زوکۆ


سەرچاوەکان



782 بینین