درێژەکێشانی نیشانەکانی کۆرۆنا

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-08-05-20:55:00 - کۆدی بابەت: 9705
درێژەکێشانی نیشانەکانی کۆرۆنا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

درێژەکێشانی نیشانەکانی کۆرۆنا (بە ئینگلیزی: Post Covid-19 syndrome، بە عەرەبی: الاعراض ما بعد الکورونا) حاڵەتێکە لەدوای چاکبوونەوە لە هەندێک نەخۆشەکانی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوودەدات، ئەم حاڵەتە لە دوای چوار هەفتە لە تووشبوون بە کۆرۆنا دەردەکەوێت لە کەسەکەدا کە لەوانەیە چەند مانگێک یاخود چەند ساڵێک درێژە بکێشێت، توێژینەوەکان دەریدەخەن لە ٥ کەسدا ئەگەری هەیە کەسێک ئەم حاڵەتەیان تێیدا دەربکەوێت.

نیشانەکان

باوترین نیشانەکان دوای کۆرۆنا بریتین لە:

  • ماندوویی و شەکەتی
  • تا
  • سەرئێشە
  • قورسی لە هەناسەدان
  • کۆکە
  • تەنگەنەفەسی و کورتی هەناسەدان
  • توندبوونی نیشانەکان دوای ئەنجامدانی چالاکییەکی جەستەیی یان دەروونی
  • قورسی لە بیرکردنەوە و سەرنجدان
  • لەدەستدانی یادەوەری
  • خەمۆکی و شڵەژان
  • لەدەستدانی هەستی تامکردن و بۆنکردن
  • کێشەکانی خەو
  • کێشەکانی کۆئەندامی هەرس و دڵ

بۆچی کۆرۆنا دوای خۆی نیشانە جێ دەهێڵێت؟

ئەو کەسانەی زیان بەر ئەندامەکانی جەستەیان کەوتووە وەک دڵ و گورچیلە و پێست و مێشک هەروەها بەتوندی تووشی کۆرۆنا بوون ئەگەری هەیە ئەزموونی درێژەکێشانی نیشانەکانی کۆرۆنا بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەندێک حاڵەتی وەک شەکرە و کێشە لە دڵ و دەمارە کۆئەندام.

هۆکارە مەترسیدارەکان

ئەم کەسانە مەترسییان هەیە نیشانەکانیان دوای چاکبوونەوە لە کۆرۆنا درێژە بکێشێت:

  • ئەو کەسانی زۆر بە توندی تووشی کۆرۆنا دەبن و دەخرێنە بەشی چاودێری چڕ.
  • بوونی هەندێک کێشەی تەندروستی پێش تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
  • ئەو کەسانەی کۆنیشانەی هەوکردنی توندیان هەیە لە کۆئەندامە جیاوازەکانی جەستەیان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
  • لە کەسانی پێگەیشتوو درێژەکێشانی نیشانەکان باوترە لە چاو منداڵ و هەرزەکارەکاندا.

دیاریکردن و پشکنینەکان

لەکاتی درێژەکێشانی نیشانەکانی کۆرۆنا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت و ئاگادار بکرێتەوە لە ماوەی درێژەکێشانی نیشانەکان و ئەو شتانەی وادەکەن تەندروستی خراپتر دەکەن، پزیشک بۆ دڵنیابوونەوە کۆمەڵە پشکنینێک داوا دەکات وەک پشکنینی پێکهاتەکانی خوێن و پشکنینەکانی فرمانی جگەر و گرتنی (تیشکی X) بۆ سنگ.

ڕێگریکردن

خۆپاراستن لە تووشبوون بە کۆرۆنا یەکێکە لە ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە لەم حاڵەتە، کوتانیش یارمەتی ڕێگریکردن دەدات لەم حاڵەتە و زۆربەی ئەو کەسانەی کوتانی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە لەم حاڵەتە بە دوورن.


سەرچاوەکان



310 بینین