هێرۆشیما

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-11-21:03:00 - کۆدی بابەت: 9800
هێرۆشیما

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هێرۆشیما (بە ئینگلیزی: Hiroshima، بە عەرەبی: هيروشيما، بە ژاپۆنی: 広島市) شارێکە لە ژاپۆن، دەکەوێتە دوورگەی هۆنشو و ڕووی لە کەنداوی هێرۆشیما کردووە. پایتەخت و گەورەترین شاری پارێزگای هێرۆشیمایە. یەکێکە لە بەناوبانگترین شارەکانی جیهان بەهۆی ئەوەی یەکەم شار بوو لە جیهاندا بە بۆمبی ئەتۆمی هێرش بکرێتە سەری لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا

مێژوو

هێرۆشیما لە ساڵی ١٥٨٩ وەک شارۆچکەیەکی قەڵا لە دێڵتای ڕووباری ئۆتا دامەزراوە. دوای چاکسازییەکانی مێیجی لە ساڵی ١٨٦٨، هێرۆشیما بە خێرایی گۆڕا بۆ ناوەندێکی گەورەی شار و ناوەندێکی پیشەسازی. لە ساڵی ١٨٨٩دا هێرۆشیما بە فەرمی بوو بە شار. ئەم شارە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتدا ناوەندێکی چالاکی سەربازی بووە، ڕۆڵی بەرچاوی لە جەنگی یەکەمی چین و ژاپۆن و جەنگی ڕووسیا و ژاپۆن و دوو جەنگی جیهانیدا هەبووە.

هێرۆشیما یەکەم شار بوو کە بە چەکی ئەتۆمی کرایە ئامانج. ئەمەش لە ٦ی ئابی ١٩٤٥، کاتژمێر ٨:١٥ خولەکی بەیانی ڕوویدا، کاتێک هێزی ئاسمانی سوپای ئەمریکا (USAAF) بۆمبی ئەتۆمی "کوڕە بچووکەکە"ـی بەسەر شارەکەدا خستە خوارەوە. زۆربەی شارەکە وێران بوو و تا کۆتایی ساڵ لە نێوان ٩٠ بۆ ١٦٦ هەزار کەس لە ئەنجامی تەقینەوەکە و کاریگەرییەکانی گیانیان لەدەستدا.

لە دوای جەنگەوە هێرۆشیما ئاوەدان کراوەتەوە، بووەتە گەورەترین شاری ناوچەی چوگۆکو لە ڕۆژاوای هۆنشۆ.

ئابووری

بەندەرەکە چەندین دامەزراوەی پیشەسازی لەسەر دەرچە و سەکۆی دەستکردی دەریایی دروستکردووە. پیشەسازییەکان لە هێرۆشیما هەمەچەشنن: قوماش، خۆراک، ساکی (بیرەی ناوخۆیی) زۆرترین بەرهەمەکانن. هەروەها کۆمپانیاکانی میتسوبیشی کاواساکی (Mitsubishi Kawasaki)، مازدا مۆتۆرس (Mazda Motor Corporation)، جەی ئێم یووکۆر ئای ئێچ ئای کوور (JMUcor IHI Kure Works)، میتسوی (Mitsui)، و کارگەی کەشتیوانی تر لە ناوچەکەدا هەن.

دیمۆگرافیا

لە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی دانیشتووانی ٢,٠٧٢,٠٠٠ کەس بووە. ژمارەی دانیشتووانی لە دەوروبەری ساڵی ١٩١٠دا ١٤٣ هەزار کەس بووە. پێش جەنگی جیهانیی دووەم ژمارەی دانیشتووانی هێرۆشیما بۆ ٣٦٠ هەزار کەس زیادی کردبوو و لە ساڵی ١٩٤٢دا گەیشتە لوتکەی ٤١٩ هەزار و ١٨٢ کەس، دوای بۆردومانی ئەتۆمی لە ساڵی ١٩٤٥ ژمارەی دانیشتووانی هێرۆشیما بۆ ١٣٧ هەزار کەس دابەزی.

کەشوهەوا

هێرۆشیما کەشوهەوایەکی ژێر گەرمی شێداری هەیە کە بە زستانی فێنک تا سووک و هاوینێکی گەرم و شێدار تایبەتمەندە. وەک زۆربەی ژاپۆن، هێرۆشیما لە هاویندا درەنگ پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە، مانگی ئاب گەرمترین مانگی ساڵە. بارانبارین بە درێژایی ساڵ ڕوودەدات و زستان وشکترین وەرزە. بارانبارین لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزدا دەگاتە لوتکە.

مۆزەخانەی یادەوەری ئاشتیی هێرۆشیما

مۆزەخانەی یادی ئاشتی هیرۆشیما (The Hiroshima Peace Memorial Museum) مۆزەخانەیەکە دەکەوێتە پارکی یادگاریی هێرۆشیما، لە ناوەڕاستی هێرۆشیما لە ژاپۆن، تایبەتە بە بەڵگەنامەکردنی بۆردومانی ئەتۆمی هێرۆشیما لە جەنگی جیهانیی دووەمدا. مۆزەخانەکە لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٥٥ بە هۆڵی یادەوەری ئاشتیی هێرۆشیما دامەزراوە.

بەناوبانگترین شوێنەکانی هێرۆشیمایە بۆ گەشتە مەیدانییەکانی قوتابخانە لە هەموو ژاپۆنەوە، هەروەها بۆ سەردانکەرانی نێودەوڵەتی. لە کردنەوەی مۆزەخانەکە لە ساڵی ١٩٥٥ تا ساڵی ٢٠٠٥، زیاتر لە ٥٣ ملیۆن کەس سەردانی مۆزەخانەکەیان کردووە، بە تێکڕا ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن سەردانیکەری هەبووە.

هەروەها خاوەنی یادەوەری ئاشتی هێرۆشیما (The Hiroshima Peace Memorial)ـیە کە لە سەرەتادا هۆڵی پەرەپێدانی پیشەسازی پارێزگای هێرۆشیما بووە و ئێستا بە شێوەیەکی باو پێی دەوترێت قوبەی جێنباکو، قوبە بۆمبی ئەتۆمی، یان قوبە بۆمبی ئەی، بەشێکە لە پارکی یادگاری ئاشتیی هێرۆشیما و وەک میراتێکی یونسکۆ لە ساڵی ١٩٩٦ تۆمار کراوە. 

وێرانەکانی هۆڵەکە وەک یادگاری زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەسە کە لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا لە بۆردومانی ئەتۆمی هێرۆشیما کوژران. بۆ هەمیشە بە وێرانەیی دەهێڵرێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەرییە تێکدەرەکانی شەڕی ئەتۆمی پیشان بدات.

شوێنە گەشتیارییەکان

  • مۆزەخانەی یادەوەری ئاشتی هێرۆشیما
  • قوبە بۆمبی ئەتۆمی
  • پارکە یادگارییەکەی هێرۆشیما
  • یاریگای مازدا زووم-زوم هێرۆشیما
  • قەڵای هێرۆشیما
  • سووکێی ئێن (Shukkei-en)
  • پەرستگای میتاکی-دێرا
  • مەزارگەی گۆکۆکوی هێرۆشیما
  • پارکی ئاژەڵناسی هێرۆشیما


سەرچاوەکان



1160 بینین