هیدایەت عەبدوڵڵاپوور

له‌لایه‌ن: - بەهەشت ناجی بەهەشت ناجی - به‌روار: 2022-08-14-00:16:00 - کۆدی بابەت: 9826
هیدایەت عەبدوڵڵاپوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور (Hidayat Abdullapwr) لەدایکبووی ١٩٩٠ ی شاری شنۆ کۆچیدوایی کردووە لە ٢٠٢٠ لە شنۆ زیندانییەکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە ١١ی ئایاری ٢٠٢٠ بە نهێنی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حدکا (دژایەتی لەگەڵ خودا) تیرباران کرا.

دەستبەسەرکردن

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور کوڕی ئەبووبەکر و مەرجان خەڵکی گوندی قەرەسەقەلی شنۆ چل و نۆ ڕۆژ دوای تێکهەڵچوونی (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) و ڕژیمی ئێران (١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٦) ، هاوڕێ لەگەڵ شەش کەسی تری خەڵکی گوندی قەرەسەقەلی بە ناوەکانی (حاسڵ عەزیزی، جەلال مەسرووری، کەماڵ مەسرووری، زاهیر فەرامەرزی، یاقووب بائەکرەم و سەدیق بائەکرەم)،  لە ڕێکەوتی ٣ی ئاب لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرا و دوای حەفتا و چوار ڕۆژ ئەشکەنجە لە بەندینخانەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە. لەژێر ئەشکەنجەدا دانیان پێ دانا کە لەو شەڕەدا دەستی هەبووە بەڵام هیدایەت نە چەکی پێ بووە و نە لە کاتی شەڕەکەدا لە ناوچەکە بووە.

گوللەباران کردن

لە شوباتی ٢٠١٧ لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حدکا لە شەڕی قەرەسەقەلدا واتە دژایەتی لەگەڵ خودا بە سێدارە سزادرا. دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی بۆ حوکمەکە دووبارە لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لەلایەن لقی چل و حەوتی ئەنجوومەنی باڵا پەسەند کرایەوە و بە پارێزەران و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا. ٩ی ئایاری ٢٠٢٠ هیدایەت لە بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە و بۆ ماوەی یەک مانگ بێسەروشوێن بوو و بەرپرسان بە بێڕێزی و گاڵتە پێکردن بە بنەماڵەکەیان دەگوت"لە قەبرستان بەدوایدا بگەڕێن" لە ئەنجامدا لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ تەنها ئەوەندە هەواڵ ڕاگەیەندرا کە دوو ڕۆژ دوای گواستنەوەی ١١ی ئایار لە پادگانێکی شنۆ بە ئامادەبوونی کەسوکاری کوژراوانی شەڕەکە لە سێدارە دراوە کە دواتر بە وتەی حدکا و ئەو شایەتییەی ٢٤ی حوزەیران درایە دەست بنەماڵەکەی ڕوون بویەوە کە تیرباران کراوە،  ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە لە هەشتاکانی زایینییەوە کەس لە ئێران گوللەباران نەکرابوو، عەبدوڵڵاپوور پێنج مانگ بوو مۆڵەتی بینینی هاوسەر و منداڵەکانی نەبوو.

کاردانەوەکان

  1. لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە ئێران کرد چارەنووس و شوێنی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ئاشکرا بکات یان گەرنا هەواڵی نەمان و لە سێدارەدانی بڵاو کاتەوە و تەرمەکەی بداتەوە دەست کەسوکاری، هەرەها وتی ئەو شێوە بێ هەواڵ هێشتنەوە و هەڵسوکەوت کردنە لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەبیتە هۆی پەژارەی زیاتر و دووپاتی کردەوە بە هەر شێوەیەک دژی سزای سێدارەیە.
  2. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری مەحکووم کرد.
  3. ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری مەحکووم کرد و وتی ئەو کارە دژ بە یاسایە و ئێستا تووڕە و دڵگرانین.
  4. کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەو ڕووداوەی بە جەنایەتێکی دژ بە مرۆڤایەتی پێناسە کرد.


سەرچاوەکان



268 بینین