گوڵاڵە سوورە  

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-14-20:52:00 - کۆدی بابەت: 9836
گوڵاڵە سوورە  

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵاڵە سوورە (بە عەرەبی: الخشخاش المشترك، بە ئینگلیزی: Common poppy، ناوی زانستی: Papaver rhoeas)، یەکێکە لە ئەو گوڵە هەمیشەییانەی کە ساڵانە لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە، نشینگە بنەڕەتییەکەی مەودایەکی فراوان دەگرێتەوە لە کیشوەرەکانی ئەفریقا و ئاسیا لەگەڵ ئەورووپا، دواتر بۆ کیشوەرەکانی ئەمریکا گوازراوەتەوە.

چەندین ناوی باوی جیاوازی هەیە و بە یەکێک لە گوڵە کشتوکاڵییەکان دادەنرێت، چونکە لە زەوی چاندنی دانەوێڵەکاندا هەیە، بەڵام ئەو زەوییانەی دەرمانی قڕپێکەری پێدا دەڕژێنرێت ئەم گوڵەی تیادا سەوز نابێت، کاتی گەشەسەندنی بەگوێرەی پلەی گەرمی جێگەکەی دەگۆڕێت و لە پاییزەوە هەتاکوو کۆتایی بەهار دەخایەنێت، هەروەها گەڵا و لینجاوی ئەم گوڵە تیژ و توونە و بۆ ئاژەڵە ماڵییەکانیش تاڕادەیەک ژەهراوییە.  

شێوە و پێکهاتەی

گوڵێکی قەبارە مامناوەندە و دەکرێت بەرزییەکەی بگاتە نزیکەی ٧٠ سانتیمەتر، هەر قەدێکی تەنها یەک گوڵ دەگرێت کە گوڵەکەش شێوەیەکی گەورە و دیاری هەیە، فراوانی گوڵەکە لە نێوان ٥-١٠ سانتیمەتر دەبێت، هەر گوڵێک لە چوار پەڕی زۆر سوور پێکهاتووە و زۆرینەیان ڕەنگی بنچینەکەیان ڕەشە، لە وەرزە گەرمەکاندا هەر بنجێک دەتوانێت نزیکەی ٤٠٠ گوڵ بگرێت، تەمەنی هەر دانەیەکیشیان تەنها بۆ یەک ڕۆژ بەکراوەیی دەمێنێتەوە، مەرج نییە هەموو جۆرەکانی ئەم گوڵە سووربن هەندێکی تریان هەن گوڵی زەرد، پرتەقاڵی، پەمەیی، مۆر و سپی دەگرن، هەروەها قەدەکەی بە ژمارەیەکی زۆر لە گەندەموو داپۆشراوە کە هەریەکەیان بە گۆشەیەکدا ئاڕاستەکراون.

سوودەکانی

  • هەندێک لە جۆرەکانی بۆ جوانکردنی باخچەکان دەچێنرێن.
  • لە تۆوە ڕەشەکەی زەیت دروستدەکرێت، یاخود خۆی دەکرێتە خواردنەوە و دەخورێت.
  • ڕەنگێکی سوور لە پەڕەکانی گوڵەکەدا هەیە کە لە دروستکردنی هەندێک دەرمان و خواردنەوەدا بەکاردێت.
  • لە چارەسەری کولتووریدا بەکاردێت وەک دەرمانی ئازار و بەتایبەتی ئازاری جومگەکان.
  • لە ڕابردوودا دەرمانی تایبەتیان لێ دروستکردووە بۆ خەواندنی منداڵان.

شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی

شێوازی زۆربوونی ئەم گوڵە بە چاندن و بڵاوبوونەوەی تۆوەکەی دەبێت، کاتێک تۆوەکە پێگەیشتووە کە بەشی سەرەوەی ڕەش دەبێت و دابەش دەبێت، قەبارەکەی زۆر بچووکە و دەبێت لەگەڵ لمی تایبەتدا تێکەڵبکرێت و بچێنرێت، پاشان دوای نزیکەی دوو هەفتە چەکەرە دەکات، ئەگەر لە ئینجانەدا بچێنرێت ئەوا پێویستەکا ئاوەکەی بەجوانی تێپەڕبێت و کەڵەکەنەبێت، باشترین جێگە بۆ گەشەسەندنی خاکێکی بەپیتە لەگەڵ بڕێکی زۆر لە خۆری بەیانیان، واتە نابێت زۆر گەرمبێت پاشان دواتریش سێبەری پێویستە.

جگە لە ئەمانەش بۆ گەشەسەندنێکی باش ئەم گوڵە پێویستی بە ئاودان و ڕێژەی شێی زۆر گونجاو هەیە، بەڵام کاتێک گەشتە قۆناغی گوڵگرتن دەکرێت ئاودانی بۆ هەفتەی جارێک کەمبکرێتەوە، ئەمەشیان بەگوێرەی ناوچەکان جیاوازە و ئەگەر لە جێگەیەکی زۆر وشک و گەرمدا بێت، باشترە کە ئاوی زیاتری پێبدرێت و بە شێداری بهێڵرێتەوە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز ئەم گوڵەش نامێنێت، بۆیە ئەگەر کەسێک ئارەزوو بکات کە ساڵی دواتر گوڵاڵە سوورەکە گەشەبکاتەوە، ئەوا نابێت ئەو گوڵانەی سیسبوون و لەناودەچن بیانبڕێت یان هەڵیانبکێشێت بۆ فڕێدان و دوورخستنەوەیان، بەڵکو بۆ ئەوەی لە ساڵی نوێدا گوڵەکان دەربکەونەوە دەبێت لە هەمان جێگەی خۆیاندا لەناوبچن، هەروەها پێویستە باخەوانەکان ئاگاداری زۆربوونی نائاسایی ئەم گوڵەبن، چونکە دەکرێت مەودایەکی زۆر فراوان داگیربکات و زۆر زیادبکات.  


سەرچاوەکان



591 بینین