چۆنیەتی گۆڕینی ژیان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-27-21:27:00 - کۆدی بابەت: 10035
چۆنیەتی گۆڕینی ژیان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

چۆنیەتی گۆڕینی ژیان (بە ئینگلیزی: How to change life)، (بە عەرەبی: كيف تغير الحياة) بابەتێکە کە هەموو خەڵکێک هەوڵی بۆ دەدات. خەڵکی دەیانەوێت ژیانی خۆیان بگۆڕن، بەرەو باشتر هەنگاو بنێن. تەنانەت ئەوانەشی ژیانێکی باشیان هەیە هەمیشە لە هەوڵدان تاکوو ژیانیان بگۆڕن بۆ باشتر. چەندین ڕێگا بوونی هەیە تاکوو بتوانیت ژیانتی پێ بگۆڕیت. بەڵام دۆزینەوەی ڕێگا ڕاستەکە لە هەمووی گرنگترە. چونکە ئەوە بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی ژیانت بەرەو باشتر بڕوات یاخود خراپتر.

چەند ڕێگایەک بۆ گۆڕینی ژیان

ترسەکەت مەهێڵە

هۆکاری سەرەکی نەگۆڕان بریتییە لە هەستکردن بە ترس، گۆڕانکاری پێویستی بە کار و ماندووبوونە، زۆرن ئەوانەی دەترسن لەم ماندووبوونە، یاخود لەوەی کە ئەنجامێکی نەبێت. بەڵام هیچ ماندوبوونێک بێ بەرهەم نابێت بۆیە ترسی ناوێت.

لە دەرەوە سەیری خۆت بکە

وەک چۆن پەیکەرتاشێک لە دوورەوە دەڕوانێتە پەیکەرەکەی، بۆ ئەوەی هەر هەڵە و کەموکوڕییەک کە هەیە بیدۆزێتەوە. مرۆڤیش دەبێت لە دەرەوە سەیری خۆی بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت تەواوی کەموکوڕییەکانی خۆی ببینێت. بۆیە کاتێک کەمکوڕییەکانت دۆزییەوە نابێت چاوپۆشی لێ بکەیت. بەڵکوو دەبێت چارەسەرییان بۆ بدۆزیتەوە.

بەدواداچوون بکە

هەندێک کات خەڵکی دەیانەوێت گۆڕانکاری بکەن و چەند هەڵەیەکی خۆیان بگۆڕن، چەند ڕێگایەک دەگرنە بەر، بەڵام نازانن کامە ڕێگا دروستەکەیە. بۆ نموونە کاتێک کەسێک دەیەوێت کێشی خۆی دابەزێنێت. بەتەنها جەخت دەکاتەوە لەسەر وەرزشکردن، لە کاتێکدا دەبێت بەدواداچوون بکات بۆ خوارنی ڕۆژانەی و شێوازی ژیانی ڕۆژانەی، دەبێت لەمانەشدا گۆڕانکاری خۆی بکات.

ڕاهێنان بکە

هەموو شتێک لەم دنیایەدا ڕاهاتنە و کاتێک زۆر ڕاهێنانی لەسەر دەکەیت ئاسایی دەبێتەوە. پێویستە کاتێک ژیانی خۆت دەگۆڕیت، بەردەوام لەسەر بنەما تازەکان ڕاهێنان بکەیت تاکوو ڕادێیت و دەبنە خوویەک تیاتدا.

بیر لە هاوڕێکانت بکەرەوە

هاوڕێ کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر ژیانی هەموو کەسێک. هەندێک هاوڕێ هەمیشە ڕێگرن لەبەردەم هەوڵدانی تۆ، ڕێگری دەکەن لەوەی بتەوێت گۆڕانکاری ئەنجام بدەیت لە ژیانتدا. مرۆڤ دەبێت بزانێت هاوڕێکانی لە چی کاتێکدا لەگەڵی دەبن، کاتێک دەستکەوێتێک بەدەست دەهێنیت دەبێت بزانییت ئایا هاوڕێکەت پێی خۆشە یاخود توانجت لێ دەدات. کاتێک هاوڕێیەکت توانجت لێ دەدات و دەستکەوتەکەت بە کەم سەیر دەکات، واتە ئەم کەسە ڕێگرە لە بەردەم گۆڕانکاری و سەرکەوتنی تۆدا بۆیە دەبێت لێی دووربکەویتەوە.

لێبووردەبە

کەسە لاوازەکان هەرگیز لێبووردە نین، لێبوردەیی نیشانەی بەهێزییه. هەموو ئەو کەسانەی کە ئازاریان داویت لێیان ببووره و پێش ئەوان خۆت ئازاد بکە. کاتێک تەواوی بیرت لەسەر ئەو کەسانەیە کە ئازاریان داویت ئەوا ناتوانیت هیچ بەرەوپێشچوونێک ببینیت. چونکە ئەوان هەمیشە جڵەوی ژیانت دەکەن و ڕێگرن لە بەردەم گۆڕانکاریتدا. ئەوەندەی بیر لەوە دەکەیتەوە تۆڵە بکەیتەوە، دەبێە هەوڵ بدەیت خۆت بگۆڕیت و لێبووردەیی بنوێنیت.

بەرنامە دابڕێژە

بەرنامەیەک دابنێ بۆ ژیانی خۆت، بەرنامە دانان وەک نەخشەیەکە کە بەرچاوت ڕوون دەکاتەوە و دەزانیت چیت دەوێت. بەهۆی داڕشتنی بەرنامەوە دەزانیت دەبێت کارەکانت چۆن ڕیزبەندی بکەیت، کام کارانە لە هەموویان گرنگترن.

بەرنامەکەت جێبەجێ بکە

دوای ئەوەی بەرنامەت دانا دەبێت دەست بکەیت بە جێبەجێکردنی. بەرنامە دانان ئاسانە بەڵام پەیڕەوکردنی و مانەوە لەسەری قورسە. ئەگەر دەتەوێت ژیانت بەباشی بگۆڕدرێت و جیاوازی بەدی بکەیت دەبێت بەرنامەکانت جێبەجێ بکەیت.

هەبوونی خەیاڵ

ئەگەر خەیاڵێک لە مێشکتدا نەبێت و هەوڵ نەدەیت بۆ بەدەستهێنانی، ئەنجامدانی گۆڕانکاری قورس دەبێت. کاتێک هیچ خەیاڵێکت نەبێت هەرگیز هەوڵیش نادەیت بۆ دەستەبەرکردنی و بەدیهێنانی. بەڵام دەبێت ئەم خەیاڵانە بکەیتە ئامانجێک، بۆ ئەوەی بتوانیت بەدەستی بهێنیت.

لە ئێستادا بژی

لە ئێستادا بژی و ڕابردوو لەبیربکە، مەهێڵە ڕابردوو کار بکاتە سەر ژیانی ئێستات و جڵەوی بکات. تەواوی هەوڵت بۆ داهاتوو بێت، بەڵام مەهێڵە بیرکردنەوە لە داهاتوو ژیانی ئێستات لەناو ببات.

دڵخۆشبە بە شتە بچووکەکان

دڵخۆشی تەنها لە دەستکەوتی گەورەدا نییە، جێژ وەربگرە لە تەواوی دەستکەوتە بچووکەکان. دڵخۆشبە بە تەواوی ڕووداوە بچووکەکان و چێژ لە هەموویان وەربگرە وەک: یاریکردن لەگەڵ منداڵێک، نوێژکردن، پێکەنین و کۆبوونەوەی هاوڕێیانە، بیبینی خۆت بە لەشساغییەوە، زۆر شتی تر.

خۆت بەرپرسیارێتی کارەکانت لە ئەستۆ بگرە

کاتێک لە کەسێک دەپرسیت بۆ گۆڕانکاری ئەنجام نادەیت، بەخێرایی دەست دەکات بە گلەیی کردن لە دونیا و کەسانی تر. هەموو کەسێک بە هۆکاری دواکەوتنی خۆی دەزانێت جگە لە خۆی.

دەتوانیت تەواوی هەڵەکانت لەسەر تێنووسێک بنووسیت، نە ئەوەندە بە قورسی کار بکە و نە میهرەبانیش بە، بە ڕێژەیەکی مامناوەند کێشە و هەڵەکانت بنووسه، هیچ کەسێک تۆمەتبار مەکە و خۆت تەواوی بەرهەڵەستی کارەکانت لە ئەستۆ بگرە.

خۆت بە کەسێکی بێ کەموکوڕ دامەنێ

هەرگیز وابیرمەکەرەوە کە کەسێکی بێ کەموکوڕیت و هیچ هەڵەیەک ناکەیت، مەڵێ کە من هیچ کارێکی هەڵە ئەنجام نادەم، هەموو کەسێک کەموکوڕی هەیە و پێویستە کار بکات لەپێناو چاککردنی هەڵەکانی و قبوڵی بکات کە هیچ مرۆڤێک بێ هەڵە نییە.

زیادەڕەوی مەکە

هەندێک قسە ئاسانە بەڵام پەیڕەوکردنی قورسە. بەڵام نابێت زیادەڕەوی بکەیت لە ئەنجامدانی هەندێک کاردا. چونکە زیادەڕوی کردن وادەکات زووتر ماندوو ببیت و سارد ببیتەوە. پەلە مەکە لە گۆڕانکاری و وردە وردە هەنگاو بنێ.

خۆت بە کەسانی تر بەراورد مەکە 

هەڵەترین کار بەراوردکردنی خۆتە بە کەسانی تر. چونکە هەستی بێتاقەتی و خۆبەکەمزانیت تێدا زیاد دەکات. ئەمەش وادەکات بەتەواوی نائومێد ببیت و لە جێی خۆتدا ڕاوەستیت، هەردەم چاوت لەسەر کەسانی تر بێت. هەوڵبدە بۆ خۆت بژی و کارت بەسەر ژیانی کەسی ترەوە نەبێت، ئەمە وادەکات هەست بە ئارامی بکەیت و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرەوپێش بچیت.

سەرکێشی بکە

بەردەوامبوون لەسەر تەنها ڕێگایەک هەرگیز ناتگەیەنێت بە هیچ شوێنێک، پێویستە هەندێک جار سەرکێشی بکەیت. سەرکێشیکردن سوودێکی زۆری هەیە و یارمەتیت دەدات تاکوو ترست کەم ببێتەوە و زیاتر متمانەت بە خۆت هەبێت.

با ئامانجەکانت ڕاستی بێت

کاتێک ئامانجێک بۆ خۆت دادەنێیت دەبێت بزانیت تا چەند ئەگەری بەدەستهێنانی هەیە، دووکەوەرەوە لە دانانی ئامانجی خەیاڵی و ئەستەم کە لە دەسەڵاتی هیچ کەسێکدا نەبێت.

بەو شێوەیەی کە هەیت ڕەفتار بکە

پێویست ناکات کە دەوترێت ژیانت بگۆڕە ڕەفتارە ئاساییەکانی خۆشت بگۆڕیت. وەک خۆت مامەڵە بکە و کەسایەتی خۆت بپارێزە و لاسایی هیچ کەسێک مەکەرەوە.

ڕۆژانە گوێ لە پۆدکاست بگرە

پۆدکاست (بە ئینگلیزی: Podcast) کۆمەڵێک کۆکراوەیە وەک، هەموو جۆرەکانی کتێب، ڕۆمان، کورتە چیرۆک، ڕۆژنامە، هەموو ئەمانە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەتوانیت گوێی لێ بگریت، لەڕێگەی بەرنامەی پۆدکاستەوە. واتە لەجێی ئەوەی بیخوێنیتەوە دەتوانیت ئەوەی دەتەوێت گوێبیستی بیت. ئەمە زۆر بەسوودە بۆ بەرەوپێشچوون و یارمەتیدەرە. دەکرێت ڕۆژانە لە کاتی کارکردن و گەشتکردن و سواربوونی ئۆتۆمبێلدا، سوود لەمە وەربگریت و زۆرترین زانیاریت دەست بکەوێت.

ئەنجامدانی گەشت

بۆ ئەوەی بگۆڕێیت پێویستە لە چوار دیوارەکەی ماڵەوەتاندا بێیتە دەرەوە، مانگانە گەشتی نزیک و کورتخایەن ئەنجام بدە، هەروەها ساڵانەش گەشتی درێژخایەن ئەنجام بدە. گەشتکردن یارمەتیدە بۆ گۆڕینی ژیانت، چونکە ئەزموونی زۆر شت دەکەیت، زۆرترین زانیاریت دەست دەکەوێت لەسەر ئەو شوێنەی بۆی دەچیت.

کارەکەت بگۆڕە

ئەگەر کەسێکیت ئاسووده نیت لەگەڵ کارەکەتدا، دەتوانیت کارەکەت بگۆڕیت، ئەمەش دەبێتە گەورەترین گۆڕانکاری لە ژیانتدا. ئاسوودەیی لە کاتی کارکردندا لە هەر شتێکی تر گرنگتره.

زانیاری ببەخشە

تاکوو دەتوانیت ئەوەی دەیزانیت و ڕۆژانە دەستت دەکەوێت بیبەخشە، خەڵکی فێربکە و هەرگیز ڕەزیلی مەنوێنە لە یارمەتیدان و فێرکردنی کەسانی تردا. چەند سوودی دەبێت بۆ کەسی بەرانبەرت، لە بەرانبەردا دوو هێندە سوودی بۆ خۆت دەبێت.

بە فیڕۆنەدانی کات لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژانە کاتێکی زۆرت لێ دەگرن. واباشە سنوورێک دابنێیت و تەواوی ئەو بەرنامانەی کە سەیری دەکەیت، پێویستە بەرنامەکان بەسوود بن و کات بە شتی بێ سوودەوە نەکوژیت.

چەند ڕێگایەکی فیزیکی بۆ گۆڕینی ژیان

  • هەموو ڕۆژێک تێڕامانی قووڵ ئەنجام بدە.
  • ڕۆژانە خەوێکی باشت هەبێت.
  • لە هەفتەیەکدا ڕۆژێک دابنێ بۆ خزمەتکردنی خۆت.
  • کاری نوێ تاقیبکەرەوه.
  • ڕۆژانە پشوو بدە.
  • یارمەتی خەڵکی بدە.
  • پاکوخاوێنی خۆت ڕابگرە.
  • لەگەڵ خۆت و کەسانی دەوروبەرتدا ڕاستگۆبە.


سەرچاوەکان



650 بینین