جێجوو

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-08-30-21:18:00 - کۆدی بابەت: 10077
جێجوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جێجو یاخود چێجو (بە ئینگلیزی: jeju, Cheju، بە عەرەبی: جیجو، بە کۆری: 제주도)، گەورەترین دوورگەی کۆریای باشوورە کە دەکەوێتە دەربەندی کۆریا، لە باشووری نیمچە دوورگەی کۆری. زۆرترین دانیشتووانی هەیە لەچاو دوورگەکانی تری کۆریای باشوورەوە، بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەی دانیشتووانی نزیکەی ٦٧٣,٠٠٠ کەسە. جێجو تاکە پارێزگای خۆبەڕێوبەری کۆریای باشوورە، واتە پارێزگاکە لە جیاتی سیاسەتمەدارانی سەر بە خاکی سەرەکی، لەلایەن دانیشتووانی ناوخۆوە بەڕێوەدەبرێت.

دوورگەکە نزیکەی دوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بەهۆی تەقینەوەی گڕکانێکی ژێر ئاو دروست بووە. شوێنێکی سروشتی پاشماوە و کەلەپووری جیهانی تێدایە بەناوی دوورگەی گڕکانی جیجو و تیوبە گڕکانییەکان، لە ساڵی ٢٠٠٧ چووەتە لیستی یەکێک لە پاشماوە جیهانییەکانی ڕێکخراوی یونسکۆ. جێجو شوێنێکی گەشتیاری و پشووی بەناوبانگە، بەشێکی بەهێز لە ئابوورییەکەی پشت دەبەستێت بە گەشتوگوزاری و چالاکییە ئابوورییە پەیوەندیدارەکانی دیکە. جێجو وەکوو یەکێک لە حەوت شوێنە سەرسوڕهێنەرە شروشتییەکانی جیهان هەڵبژێردراوە.

شوێنی جوگرافی

جێجو وەکوو گەورەترین دوورگەی کۆریای باشوور ڕووبەرەکەی ١٨٣٣.٢ کیلۆمەتر دووجایە، لەسەدا ١.٨٣ـی ڕووبەری گشتی وڵاتەکە داگیر دەکات. دوورگەکە دەکەوێتە دەربەندی کۆریا، باشووری نیمچەدوورگەی کۆریا، باشووری پارێزگای جیۆلا. هێلکەییە لە شێوەدا، دوورگەی چێجو ٦٤ کیلۆمەترە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، ٢٦ کیلۆمەترە لە باکوورەوە بۆ باشوور. بەرزترین لوتکەی کۆریای باشوور دەکەوێتە دوورگەکە لە چیای گڕکانی هەڵاسان کە ئێستا ئەو چیایە و دەوروبەرەکەی پارکێکی نێودەوڵەتییە، بەرزییەکەی ١٩٥٠ مەترە. ٪١٢ـی ڕووبەری دوورگەکە بە دارستانی گۆتجاوال ناسراوە، دارستانەکە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی ژێر زەوی جێجوە، چەندین جۆر ڕووەکی دەگمەن و جیاوازی لێییە.

کەشوهەوا

جێجو کەشوهەوایەکی نیمچە خوولگەیی شێدار و مامناوەندی هەیە، هەر چوار وەرزەکەی هەیە. بەشێوەیەکی گشتی پلەی گەرمی لەنێوان ٣ بۆ ٣٠ پلەی سیلیزیدایە لە ماوەی ساڵەکەدا. زستانێکی فێنک و نمەباراناوییە، هاوینی گەرم و شێدارە و بارانێکی زۆری هەیە. بەدرێژایی ساڵ هەندێک جار بای بەهێزی هەیە. زۆرترین باران لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و ئەیلوولدایە.

زمانی دانیشتووان

زمانی ڕەسەنی خەڵکەکەی کۆرییە بەڵام شێوەزاریان کەمێک جیاوازە، بەهۆی ئەوەی تێکەڵی زمانی ژاپۆنی و مەنگۆلی بووە کە لە ڕابردوو خاکەکەیان داگیر کردووە. خەڵکەکەی بەکەمی زمانی ئینگلیزی دەزانن، ئەوانەی زمانی ئینگلیزی دەزانن زۆرینەیان لە نەوەی نوێن.

مێژوو

تاکوو ساڵی ١٩٣٨، دوورگەکە ناوچەیەکی سەربەخۆ بوو، کە پێی دەوترا شانشینی تامنا. لە ساڵی ١٦٥٣ دەریاوانی هۆڵەندی هێندریک هامل، یەکەم ڕۆژاوایی بوو کە سەردانی دوورگەکەی کردووە و بەناوی کویلپارتەوە دوورگەکەی بە ڕۆژاوا ناساند. سەرەتای سەدەی ١٢ بوو کاتێک سوکجۆنگی پاشای گۆریۆ تامنای داگیرکرد و بە تەواوی سەربەخۆیی خۆی لە دەستدا، دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بە جێجو. بەهۆی ئەوەی شوێنێکی جوگرافی ستراتیجی بوو چەندین جار هەوڵی داگیرکردنی دراوە و بۆ قازانجی سەربازی و جەنگ بەکارهێنراوە، کاتێک لەلایەن ژاپۆنەوە داگیرکراوە چەندین تونێلی نهێنی دروستکراوە و کراوە بە مەیدانی سەربازی، زۆر لە خەڵکەکەی کراوە کە بچنە ڕیزی سەربازییەوە. لە ساڵی ١٩٤٦ بەفەرمی بوو بە پارێزگایەک لە کۆریای باشوور. شۆڕشی جێجو لە ڕێکەوتی ٣ـی نیسانی ١٩٤٨ بۆ ئایاری ١٩٤٩، کە هۆکاری سەرەکی شۆڕشەکە هەڵبژاردنەکەی ١٩٤٩ـی حکوومەتی کۆریا بوو، بووە هۆی کۆمەڵکوژییەکی گەورە، ١٤,٠٠٠ بۆ ٣٠,٠٠٠ کەس، کە دەیکردە ٪١٠ـی دانیشتووانەکەی کوژران لەلایەن هێزە حکوومییەکانەوە.

شار و شارۆچکەکانی

جێجو لە ٢ شاری سەرەکی (سیۆگوایپۆ و جێجو) هەروەها ٧ شارۆچکە پێکدێت. شاری جێجو پایتەخت و گەورەترین شاری دوورگەکەیە، هەروەها پڕ ئاوەدانترین شارییەتی. دەکەوێتە باکووری دوورگەکە و باشووری کۆریای باشوور. تاکە فڕۆکەخانەی دوورگەکە دەکەوێتە شاری جێجووەوە، لە ساڵی ٢٠١١ـدا، ٩.٩ ملیۆن سەرنشیین گەشتیان کردووە لەنێوان فڕۆکەخانەکانی سیئۆل و جێجو، بۆیە بە قەرەباڵغترین هێڵی ئاسمانی ناسراوە لە جیهاندا. کاتێک دەوترێت جێجو-دۆ (jeju-do) مەبەست لە دوورگەکەیە، کاتێک دەوترێت جێجو-سی (jeju-si) مەبەست لە شارەکەیەتی. شاری سیۆگوایپۆ دووەم گەورەترین شاری جێجو، کە باشووری دوورگەکە دەگرێتەوە. بە دیمەنە جوانەکەی، بەندەر، بەردە گڕکانییەکانی و تاڤگە ناوازەکانی  ناسراوە. هەروەها دوورگەکە چەند دوورگەیەکی بچووکی دەوروبەری لەخۆ دەگرێت. 

ئابووری

ئابووری دێرینی جێجو  لەلایەن پیشەسازی سەرەتایی و کشتوکاڵ و ماسی گرتنەوە پشتگیری دەکرا، بەڵام گەشتوگوزار ڕۆڵێکی زیاتر و گرنگتری وەرگرتووە، لە ئێستادا ئابووری سەرەکی دوورگەکە پێکدەهێنێت و دەیان ملیۆن گەشتیاری هەیە لە ساڵێکدا. بەپێی ڕاپۆرتێکی ٢٠١٩ داهاتی ساڵانەی تاک بە ٢٦,٣٥٥ دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت. 

گەشتیاری

جێجو بە هاوایی کۆریای باشوور ناسراوە. گەشتیاری کەرتێکی گرنگی ئابووریی دوورگەکەیە. ساڵانە چەندین ملییۆن گەشتیار ڕووی تێدەکەن، زۆرترین گەشتیارەکان لە وڵاتانی چین و ژاپۆنەوەن. نرخی گەشتێکی ٧ ڕۆژە بۆ دوورگەی جێجو ١٤٦٨ دۆلارە بۆ یەک گەشتیار. هۆتێلەکانی دوورگەی جێجو لە ٣٧ بۆ ٩٥ دۆلارن بۆ هەر شەوێک. چەندین مۆزەخانە و شوێنی دێرینی هەیە، گەشتیاران دەتوانن سەردانی چیاکان، کەناردەریا، پاشماوەی گڕکانی، تاڤگەکان بکەن و چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن. شوێنێکی گرنگی وێنەگرتنی فیلم و دراما کۆرییەکانە کە لە ئێستادا ناوبانگێکی زۆریان هەیە لە هەموو جیهان، یەکێک لەو درامایانە سکوید گەیمە کە لەدوای دراماکە گەشتیار بۆ ناوچەکە زیادی کردووە. ساڵانە چەندین پێشانگە و کۆبوونەوە و کۆنفراسی نێودەوڵەتی و جیهانی لێ ڕێکدەخرێت. 

شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی: 

  • پارکی هالیم
  • ڕێگای پیادەی جێجو ئۆلی
  • ئەشکەوت و تیوبە گڕکانییەکانی مانجانگول
  • چیای مت.هالا
  • کەناردەریای جۆنگ مون سایکداڵ
  • پێشانگای زیندەوەرانی ئاویی جێجو
  • دوورگەی ئودۆ، دوورگەیەکی بچووکی سەر بە جێجوە
  • بەردی ئمۆیدۆلگای
  • دارستانی بیجاریم
  • مارکێتی خواردنی دۆنگ مون
  • تاڤگەکانی چیۆن جیۆن
  • پردی سیۆنیمگیۆ


سەرچاوەکان



501 بینین