حەببیب نۆرمحەمەدۆڤ

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-09-07-21:38:00 - کۆدی بابەت: 10173
حەببیب نۆرمحەمەدۆڤ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەبیب عەبدولمەناپۆڤیچ نۆرمحەمەدۆڤ یان حەبیب نۆرمحەمەدۆڤ (بە عەرەبی: حبيب عبدالمناف نورمحمدوف، بە ئینگلیزی: Khabib Abdulmanapovich Nurmagomedov)، لە ٢٠ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٨ لە گوندی سیلدی سەر بە داغستان لەدایکبووە. یاریزانێکی موسڵمان و پیشەگەری زۆرانبازیی ڕووسییە. لە بەشی کێشی سووک بۆ پاڵەوانێتی جەنگە مەزنەکان (UFCUltimate Fighting Championship بەشداری کردووە، پاڵەوانێکی هەمیشەیی کێشی سوکی UFC بووە، لە نیسانی ٢٠١٨ تاکوو ئازاری ٢٠٢١ براوەی یەکەمی نازناوەکە بووە. ناوی نۆرمحەمەدۆڤ لە ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ خرایە ناو هۆڵی یاریزانە بەناوبانگەکانی UFC، بە ٢٩ بردنەوە و هیچ دۆڕاندنێک، بە بەدەستهێنانی ژمارەیەکی پێوانەیی بێ دۆڕان وازی لە یاریکردن هێنا.

زانیاری گشتی
حەبیب عەبدولمەناپۆڤیچ نۆرمحەمەدۆڤ
لەدایکبوون ٢٠ـی ئەیلوولی ١٩٨٨
سیلدی، داغستان، ڕووسیا، یەکێتیی سۆڤییەت
ناو بە ڕووسی Хабиб Нурмагомедов
نازناو هەڵۆ
نەتەوە ڕووسی
ئایین ئیسلامی سوننە
باڵا ١٧٨ سانتیمەتر
کێش ٧٠ کیلۆگرام
پاڵەوانێتییەکان کێشی سووک (٢٠٠٨-٢٠١٠، ٢٠١٢-٢٠٢٠)
کێشی نێوان سووک و مامناوەند (٢٠٠٩-٢٠١١)
شێوازی یاری زۆرانبازی، جۆدۆ، سامبۆ
شوێنی شەڕەکان ماخاچکالا, داغستان, ڕووسیا
سان جۆس، کالیفۆڕنیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
یانە ئەکادیمیای کیکبۆسینگی ئەمریکی
ڕاهێنەر عەبدولمەناپۆڤیچ نۆرمحەمەدۆڤ
جاڤەر مێندز
چالاکبوون ٢٠٠٨-٢٠٢٠
ژمارە پێوانەییەکان
کۆی گشتی ٢٩
بردنەوە ٢٩
کردنە دەرەوە ٨
خۆبەدەستەوەدان ١١
بڕیاردان ١٠
شکست ٠

ناساندن

خەبیب عەبدولمەناپۆڤیچ نۆرمحەمەدۆڤ لە بنەماڵەی ئاڤار لە ٢٠ـی ئەیلوولی ١٩٨٨ لە گوندی سیلدی لە ناوچەی تسومادینسکی لە داغستان لەدایکبووە، کە کۆمارێکی خۆبەڕێوبەرە لە چوارچێوەی ڕووسیا و یەکێتیی سۆڤیەت. لە بنەماڵەیەکی موسڵمان لەدایکبووە و پەیڕەوی لە ئایینی ئیسلامی سوننە دەکات. برا گەورەکەی ناوی ماگۆمێدە و خوشکە بچووکەی ناوی ئامینەیە. خێزانەکەی باوکی لە سیلدیەوە ڕوویان لە کیرۆڤاول کردبوو، لەوێ نهۆمی خوارەوەی تەلارەکەی گۆڕی بۆ هۆڵی وەرزشی. نۆرمحەمەدۆڤ لەگەڵ خوشک و برا و ئامۆزاکانی لەو ماڵەدا گەورە بووە. حەز و ئارەزووی بۆ هونەری جەنگی لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە سەیری ڕاهێنانی خوێندکارەکانی باوکی دەکرد لە هۆڵە وەرزشییەکە.

لە منداڵییەوە حەزی بە زۆرانبازی کردووە و لە تەمەنی هەشت ساڵییدا لەژێر سەرپەرشتیی عەبدولمەناپۆڤیچی باوکی، دەستی کردووە بە یاری زۆرانبازی. عەبدولمەناپۆڤیچ وەرزشوانێکی بەناوبانگ و سەربازێکی خانەنشینە لە سوپای سۆڤییەت، لە تەمەنێکی کەمەوە وەرزشی زۆرانبازی کردووە، لەگەڵ وەرزشەکانی جۆدۆ و سامبۆ.

شێوازی یاریکردن

نۆرمحەمەدۆڤ شێوازێکی زۆرانبازی پەیڕەو دەکات کە فشارێکی زۆر و ماندووکەر لە دژی نەیارەکەی بەکاردەهێنێت، ئەم شێوازەی یاریکردنە زۆرجار بە (ماوڵینگ) وەسف دەکرێت. بە بەکارهێنانی چەندین جۆری زۆرانبازی و جودۆ و سامبۆ، بەرانبەرەکەی دەلکێنێت بە قەفەسەکەوە و قاچ و قۆڵیان توند دەکات بۆ ڕێگریکردن لە هەڵهاتنیان. بەمشێوەیە نەیارەکەی ماندوو دەکات و هێرش دەکاتە سەر بەرانبەرەکەی و بەرانبەرەکەشی بەهۆی ماندوو بوونییەوە ناتوانێت بەرگری بکات لە لێدانە چاوەڕواننەکراوەکانی. بەدرێژایی ژیانی وەرزشی، لە کۆی ٢٩ یاری، لە ١٩ یاریدا توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بە لێدانی TKO/KO یاخود خۆبەدەستەوەدانی یاریزانەکە.

بەناوبانگترین شەڕەکانی

لە ٣ـی ئابی ٢٠١٨، UFC ڕایگەیاند کە نۆرمحەمەدۆڤ یەکەم یاری لە پاڵەوانێتی کێشی سووک دەکات بەرانبەر (کۆنەرمەکگریگۆر) لە ٦ـی تشرینی یەکەم لە لاس ڤێگاس. شەڕەکە دەستی پێکرد و نۆرمحەمەدۆڤ لە دوو قۆناغی یەکەمدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لە قۆناغی سێیەمدا بە مەکگریگۆر دۆڕا. ئەوە یەکەمجار بوو کە نۆرمحەمەدۆڤ لە یارییەکانی UFCـدا لە یەکێک لە قۆناغەکانی یاریەکەدا دۆڕا. لە قۆناغی چوارەمدا توانی لە ڕێگەی خۆبەدەستەوەدان لە مەکگریگۆر بباتەوە. دوای پێشبڕکێکە نۆرمحەمەدۆڤ لە قەفەزەکەوە هەوڵیدا هێرش بکاتە سەر دیلۆن دانیس هاوڕێی مەکگریگۆر بەهۆی جنێودانەوە، کە لە ئەنجامدا شەڕ لە نێوان هەردوو تیمەکەدا دروست بوو. دوای یارییەکەی بەرانبەر ئەو یاریزانە ئێرلەندییە، خەبیب ژمارە پێوانەییەکەی بەرزکردەوە بۆ ٢٧-٠ کە ئەوکات درێژترین بردنەوەی لەسەریەک بوو لە مێژووی UFC. ئەم یارییەی بەنرخی ٢.٤ ملیۆن بینەری بە پارەی هەبوو، کە زۆرترین کڕین بوو یاریەکی لەوشێوەیە.

وازهێنان لە یاریکردن

عەبدولمەناپۆڤیچی باوکی حەبیب لە ٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٠ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد. ئەمەش بووە هۆکاری وازهێنانی حەبیب نۆرمحەمەدۆڤ لە یاریکردنی زۆرانبازی. لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ دوای بردنەوەی لە جەستن گەیجی کە ٢٩ـهەمین یاری بوو، بڕیاری وازهێنانی یەکجاری لە یاری زۆرانبازیدا و ڕایگەیاند کە نایەوێت بەبێ باوکی بەژداری پاڵەوانێتییەکان بکات. پاشان سەرۆکی UFC دانا وایت لە ١٩ـی ئازاری ٢٠٢١ ڕایگەیاند کە بڕیاری وازهێنانی نۆرمحەمەدۆڤی قبووڵ کردووە.

تۆماری جەنگی

ژمارە پێوانەییەکان
٢٩ یاری  براوە دۆڕان
کردنە دەرەوە ٨ ٠
خۆبەدەستەوەدان ١١ ٠
بڕیاردان ١٠ ٠

کۆی یارییەکانی

دەرئەنجام یاری بەرانبەر ڕێکەوت
براوە ٢٩–٠ جەستن گەیجی ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠
براوە ٢٨–٠ دەستن پۆیرەر ٧ـی ئەیلوولی ٢٠١٩
براوە ٢٧–٠ کۆنەر مەگریککۆر ٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨
براوە ٢٦–٠ ئەلـ لوقەینتا ٧ـی نیسانی ٢٠١٨
براوە ٢٥–٠ ئیدسۆن باربۆزا ٣٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧
براوە ٢٤–٠ میشێل جۆنسن ١٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٦
براوە ٢٣–٠ داڕێڵ هۆرکەر ١٦ـی نیسانی ٢٠١٦
براوە ٢٢–٠ ڕافایڵ دۆس ئەنجۆس ١٩ـی نیسانی ٢٠١٤
براوە ٢١–٠ پات هێڵی ٢١ـی ئەیلوولی ٢٠١٣
براوە ٢٠–٠ ئەبێڵ ترۆجیڵۆ ٢٥ـی ئایاری ٢٠١٣
براوە ١٩–٠ تیاگۆ تاڤێرس ١٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٣
براوە ١٨–٠ گلایسۆن تایبوا ٧ـی تەممووزی ٢٠١٢
براوە ١٧–٠ کەمال شوعلە ڕوز ٢٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٢
براوە ١٦–٠ ئاریمارسێڵ سانتۆس ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١١
براوە ١٥–٠ ڤەدیم ساندلوسکی ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠١١
براوە ١٤–٠ خامیز مامیدۆڤ ٥ـی ئابی ٢٠١١
براوە ١٣–٠ کابدیک ئەبداژیان ٢ـی تەممووزی ٢٠١١
براوە ١٢–٠ ئەشۆت شاگینیان ٥ـی ئایاری ٢٠١١
براوە ١١–٠ سەید خەلیلۆڤ ٩ـی نیسانی ٢٠١١
براوە ١٠–٠ ئەلێکساندەر ئەگاڤۆنۆڤ ١٢ـی شوباتی ٢٠١١
براوە ٩–٠ ڤیتاڵی ئۆسترۆسکی ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠١٠
براوە ٨–٠ عەلی باگۆڤ ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠١٠
براوە ٧–٠ شەهبوڵات شەمهەڵایڤ ٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩
براوە ٦–٠ ئیلدەر ئیلدارۆڤ ٨ـی ئابی ٢٠٠٩
براوە ٥–٠ سەید ئەخمەد
براوە ٤–٠ شامیل عەبدولکەریمۆڤ ١١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٨
براوە ٣–٠ رەمەزان کوربانیسمایلۆڤ
براوە ٢–٠ ماگۆمید ماگۆمیدۆڤ
براوە ١–٠ ڤوساڵ بایرامۆڤ ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٠٨


سەرچاوەکان



534 بینین