ئینڤێرنێس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-10-22:29:00 - کۆدی بابەت: 10199
ئینڤێرنێس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئینڤێرنێس (بە ئینگلیزی: Inverness، بە عەرەبی: إنفرنيس)، بە گەلیکی سکۆتلەندی: Inbhir Nis کە بە واتای ڕێژگەی ڕووباری نێس دێت، شارێکە لە کەنارەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سکۆتلەندا، کە تێیدا ڕووباری نێس (Ness) لەگەڵ کەنداوی مۆرای (Moray) یەکدەگرێت. گەورەترین شار و پایتەختی کولتووری ناوچە شاخاوییەکانی سکۆتلەندایە. لەڕووی مێژووییەوە وەکوو شارۆچکەیەکی گرنگی ئینڤێرنێس شایەر خزمەتی کردووە و مێژوویەکی دوورودرێژ و سەرنجڕاکێشی هەیە.

ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی ٢۰١٢ـدا بە ٤٦٫٩٦٩ کەس خەمڵێندرا و ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی گەورەتری ئینڤێرنێس بە ٥٦٫٩٦٩ کەس خەمڵێندرا. شارەکە یەکێکە لە شارە خێراگەشەکردووەکانی ئەورووپا و لەگەڵ ئەوەشدا ٢٥٪ـی دانیشتووانی هایلاند لە ناو یان دەوروبەری ئەم شارە دەژین. لەڕووی بەرزی کوالێتی ژیانیشەوە لە کۆی ١٨٩ شاری بەریتانی بە پلەی پێنجەم هاتووە و بەرزترینی وڵاتەکەیەتی.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ئینڤێرنێس بەردەوام لەگەشەدایە و گەشە دەکات، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزی کوالێتی ژیانکردن لە شارەکە و ناوزەندکردنی شارەکە بە بەختەوەرترین شاری سکۆتلەندا. ئەمەش وای لێ دەکات نەک هەر ببێت بە یەکێک لە شارە خێرا گەشەسەندووەکانی سکۆتلەندا بەڵکوو یەکێکە لە شارە خێرا گەشەسەندووەکانی ئەورووپا. ئینڤێرنێس دووەم شاری گەشەسەندووی شانشینی یەکگرتووە و لە ساڵی ٢۰۰١ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ٤۰٫٩٤٩ کەس خەمڵێندرا، پاش دە ساڵ ژمارەی دانیشتووانەکەی بۆ ٤٦٫۰۰۰ کەس بەرزبوویەوە. ژمارەی مێیەکان لە ئینڤێرنێسدا زیاترە لە نێرەکان، بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢۰١٦، ژمارەی نێرەکان ٢٣٫۰١١ کەسە و مێیەکان ٢٤٫٢٧٩ـیە. هەروەها زمانی سەریکی دانیشتووانی شارەکە ئینگلیزی و سکۆتلەندییە. لەم ساڵانەی دواییدا گەشەی ئابووری شارەکە زۆر زیادی کرد و ئەمەش وایکرد خەڵکێکی زۆر لە شارەکەدا جێگیر بن.

قەبارەی شارەکە و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری شاری ئینڤێرنێس بچووکەو تەنها ٢١ کیلۆمەتر دووجا داگیر دەکات، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٤٦٫۰۰۰ کەسە و چڕی دانیشتووانەکەی ٢٫٩٥٨٫٢ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

شوێنی لەدایکبوون

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢۰١١ زۆرینەی دانیشتووانی شارەکە لە سکۆتلەندا لەدایکبوون و بە ژمارە ٣٧٫٦٧٧ کەسن، لە کاتێکدا ٤٫٩٢٦ کەس لە شوێنەکانی تری شانشینی یەکگرتوو، ٢٫٦٢٨ کەس لە یەکێتی ئەورووپا و ١٫٤۰٨ کەس لە وڵاتانی تر لەدایکبوون. هەروەها بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢۰١٦ گرووپی تەمەن ١٦ بۆ ٦٤ ساڵی زۆرینەی دانیشتووان پێک دەهێنن و بە ژمارە ٣۰٫٤٧۰ کەسن.

نەژاد

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢۰١١ ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بریتین لە:

ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکان ژمارە
سپی پێست ٤٥٫٥٦٩
ئاسایی ٦٩٩
ڕەگەزی تێکەڵ ١٦٩

ئایین

بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢۰١١ ئایین و زمانی دانیشتووانی ئینڤێرنێس بەم شێوەیەن:

ئایین ژمارە
کڵێسای پرێزبیتێری 

١٦٫۰٥٨ کەس

کڵێسای سکۆتلەندا، ئەندامی 

١٦٫۰٥٨ کەس

کاسۆلیکی ڕۆمانی  ٤٫٤٦٢ کەس
ئایینه مەسیحییەکانی تر ٣٫٥٦٩ کەس
مسوڵمان ٢٨٤ کەس
ئایینەکانی تر ٤١٥ کەس
بێ ئایینەکان ١٨٫٣٨١ کەس

زمان

زمان ژمارەی قسەکەران
ئینگلیزی ٤۰٫٥٩٢
گەلیک ٩٨٣
سکۆتلەندی ١٨٨
زمانی ئاماژەی بەریتانی ١٣٤
پۆڵەندی ١٫٤٣٣
زمانەکانی تر ١٫٥٧١

مێژوو

ئینڤێرنێس لە سەدەکانی ناوەڕاستدا

ئەم شارە نشینگەیەکی دێرینە و مێژووەکەی بۆ سەدەی شەشەمی زایینی دەگەڕێتەوە. ئەم شارە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا شارۆچکەیەکی بەندەری بچووکی قەرەباڵغ بوو و بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی، لە سەدەی ١٣ـدا پیشەسازییەکی دروستکردنی کەشتی لە شارەکەدا دامەزرا. هەروەها خوری، کوڵک و پێستە هەناردە دەکران، لە ناوەڕاستی سەدەی ١٣ـدا پردێک لەسەر ڕووباری نێس دروستکرا.

لە سەدەی ١٣ـدا ڕەبەنەکانی دۆمینیکان گەشتنە شارۆچکەکە و ئامۆژگاری خەڵکی ناوچەکەیان دەکرد. سەدەکانی ناوەڕاست سەردەمێکی پڕلە کێشە و ئاڵۆزی بوو بۆ ئینڤێرنێس لەگەڵ ئەوەشدا چەرخێکی توندوتیژاویی و لە یاسا بەدەر بوو. یەکێک لەو کارەساتانەش ئەوە بوو کە پیاوەکانی ئابۆتی ئاربرۆوث شوێنی ڕەبەنەکان و بەشێک لە شارۆچکەکەیان سووتاند. پاشان لە ساڵی ١٤١١ (دۆناڵد)ـی میری دوورگە بچووکەکان بەشێک لە شارۆچکەکەی سووتاند، لە ساڵی ١٤٢٨ـدا پادشا دۆناڵد و هەندێک لە سەرۆک هۆزەکانی لە ئینڤێرنێس دەستگیرکرد. دوای ئازادبوونی، میر هێرشیکردە سەر ئینڤێرنێس و بەشێک لە شارۆچکەکەی وێران کرد. سەرەڕای ئەوەش، ئینڤێرنێس ئەم کارەساتانەی تێپەڕاند و لە گەشەی خۆی بەردەوام بوو.

ئینڤێرنێس لە سەدەکانی ١٦ تا ٢۰

بەدرێژایی سەدەكانی ١٦ و ١٧، ئینڤێرنێس بەندەرێکی قەرەباڵغ و شارۆچکەیەکی بازاڕی بوو. لە ساڵی ١٦٤٤ـدا پردی دارینی سەر ڕووباری نێس داڕووخا، پاشان بە بەرد دروستکرایەوە و تا سەدەی نۆزدە بەرگەی گرت. لە ساڵی ١٦٦٨ـدا نەخۆشخانەیەک دروستکرا. دواتر و لە سەدەی ١٨ـدا هەندێک بینای نوێ لە ئینڤێرنێسدا دروستکران، بەدرێژایی ئەم سەدە ئینڤێرنێس بەردەوام بوو لە بوونی وەکوو شارۆچکەیەکی بازاڕی و بەندەری، لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا پیشەسازی دروستکردنی ویسکی پیشەسازی گرنگی شارۆچکەکە بوو. لە ساڵی ١٧٧٥ یەکەم بانک لە ئینڤێرنێسدا کرایەوە.

ئینڤێرنێس لە سەدەی نۆزدەدا هێڵی ئاسنین گەشتە ناوچەکە و بەهۆیەوە ئاسانکاری بۆ گەشتیاران کرا و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی شتومەک بۆ ناوچەکانی تری بەریتانیا کرا. بە هەمان شێوە هەندێک بینای نوێ دروستکران و گۆڕانکاری باش لە ئینڤێرنێسدا ڕوویدا، لەوانە بڵاوبوونەوەی یەکەم ڕۆژنامە لە ساڵی ١٨۰٨، ڕۆشنایی گاز و ئاوی بۆ دابینکرا، یەکەم پەرتووکخانەی گشتی لە ساڵی ١٨٨٣ـدا کرایەوە. لە کاتێکدا، پردی نێس، کە لە سەدەی حەڤدەوە دروستکرا لە ساڵی ١٨٤٩ بەهۆی دروستبوونی لافاوێکەوە لە ساڵی ١٨٤٩ـدا پردەکە ڕووخێنرا و لە ساڵی ١٨٥٥ـدا پردێکی نوێ دروستکرایەوە. پیشەسازییەکانی سەدەی نۆزدە بریتیبوون لە دروستکردنی کەشتی، دروستکردنی بەن، دروستکردنی چارۆکە، پێستە خۆشکردن و خوری.

ئینڤێرنێس لە سەدەکانی ٢۰ و ٢١ـدا

ژمارەی دانیشتووانی ئینڤێرنێس لە سەرەتای سەدەی ٢۰ـدا ٢١٫۰۰۰ کەس بوو، بەدرێژایی ئەم سەدەیە قەبارەی ئینڤێرنێس دووهێندە بوو. پیشەسازییەکانی سەدەی بیست بریتیبوون لە دروستکردنی ویسکی، دروستکردنی کەشتی، خوری زبر و ئەندازیاری. لەم سەدەیەشدا ئینڤێرنێس بەندەرێکی قەرەباڵغ بوو و لەم چەرخەدا نەوت و تەختە هاوردە دەکرێن. سەرەڕای ئەوەش، لە ئێستادا گەشتیاری پیشەسازی گرنگی ئینڤێرنێسە. ە سەدەی ٢١ـدا و لە ساڵی ٢۰۰۰ـدا ئینڤێرنێس کرا بە شار. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢۰٢٢ـدا ٥١٫۰۰۰ کەس بوو.

کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری ئینڤێرنێس ئۆقیانوسییە لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین فێنک و هەوراوییە. زۆرجار ڕەشەبا هەڵ دەکات و لەوانەیە هەندێک جار زریاناویی بێت.

زستانی ئەم شارە لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات دەخایەنێت. لەم وەرزەدا کەشی شارەکە تاڕادەیەک ساردە و پلەکانی گەرما زۆر نزم نین، بەڵام دەشێت ڕەشەبا و ڕێژەی شێ کەشی شارەکە سارد بکەن. ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و بارانێکی باشی لێ دەبارێت. بەفر زۆر بەدەگمەن دەبارێت و لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ ٧- و ٨- دادەبەزن، هەندێک جار بۆ نزمتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ١٩٩٥ـدا تۆمارکرا کە پلەی گەرمی بۆ ١٧- دابەزی.

بەهاری ئینڤێرنێس لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئایار دەخایەنێت، پلەکانی گەرما لەم وەرزەدا بە هێواشی بەرز دەبنەوە. بەڵام لە مانگی ئایاردا هێشتا کەشی شارەکە ساردە.

وەرزی هاوین لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات تا مانگی ئاب دەخایەنێت. کەشی شارەکە لەم وەرزەدا فێنک و باراناوییە، بە شێوەیەکی ئاسایی پلەکانی گەرما لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا دەگەنە ٢٥ بۆ ٢٦ پلەی سەدی، بەڵام هەندێک جار بۆ بەرزتر لەو پلەیە بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تەممووزی ٢۰١٨ و ٢۰١٩ـدا ٣۰ پلەی سەدی بوو.

وەرزی پاییز لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات تا تشرینی دووەم دەخایەنێت، ڕۆژەکان کورتترن، ئاسمانی شار هەوراوییە و کەشی شارەکە لەم وەرزەدا باراناوییە، لەگەڵ هەر هەفتەیەک تێدەپەڕێت کەشی شارەکە ساردتر دەبێت.

ساڵانە ٧٥٥ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگی نیسانە ٤۰ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی تشرینی یەکەمە ٨۰ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٫٢٥۰ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری ئینڤێرنێس وەرزی هاوینە، لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئاب، چونکە مامناوەندترین وەرزی ساڵە. سەرەڕای ئەوەش، زۆربەی کات ئاسمانی شار هەوراوییە، بای هەیە، باران دەبارێت و شەوانیش کەمێک ساردە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. قەڵای جۆرج

٢. سەنتەری سەردانیکەرانی کارگەی دڵۆپاندنی تۆماتن

٣. کەناری باکووری ٥۰۰

٤. باخچە ڕووەکییەکانی ئینڤێرنێس

٥. ڕووباری نێس

٦. پێشەنگای نیگارکێشی و مۆزەخانەی ئینڤێرنێس

٧. كاتێدراڵی ئینڤێرنێس

٨. کەناڵی کالیدۆنی

٩. قەڵای ئینڤێرنێس


سەرچاوەکان

35 بینین