پێرس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-15-21:28:00 - کۆدی بابەت: 10263
پێرس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پێرس یان پێرث (بە ئینگلیزی: Perth، بە عەرەبی: برث)، شارێکە لە ناوەڕاستی سکۆتلەندا، لەسەر بانکی ڕووباری تای (Tay). هەروەها ناوەندی کارگێڕی ناوچەی ئەنجوومەنی پێرس و کینرۆسە، و شارێکی گرنگی مێژوویی پێرسشایەرە. لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی بەنزیکەی ٤٧٫٤٣٠ کەس خەمڵێندرا و ڕووبەری شارەکە ١٧٫٥ کیلۆمەتر دووجایە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی پێرس لە سەدەی نۆزدەیەمەوە تا ئێستا ڕوو لە زیادبوونە، لە ساڵی ١٨٩١ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٣٠٫٧٦٨ کەس بوو و لە ساڵی ١٩٠١ـدا ٣٢٫٨٧٢ کەس بوو. پاشان وردەوردە ژمارەی دانیشتووان بەرزبوویەوە تا لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠١ـی شانشینی یەکگرتوودا گەشتە ٤٣٫٤٥٠ کەس. لە تازەترین خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٠٨ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ٤٤٫٨٢٠ کەس خەمڵێندرا. هەروەها زمانەکانی ئینگلیزی و سکۆتلەندی زمانی سەرەکی دانیشتووانی ئەم شارەن.

گەورەترین گرووپی دانیشتووان تەمەنیان لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٤ ساڵیدایە و بە ڕێژە ٢٢٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. تێکڕای تەمەنی ناوەندی نێر ٣٧ ساڵی و مێ ٤٠ ساڵییه، بە بەراورد بە ناوچەکانی تری سکۆتلەندا کە تێکڕای تەمەنی ناوەندی نێرەکان ‌٣٧ ساڵی و مێیەکان ٣٩ ساڵییە.

شوێنی لەدایکبوون

زۆرینەی دانیشتووانی شارەکە لە شانشینی یەکگرتوو لەدایکبوون کە بە ڕێژەی ٩٥٫٤٢٪ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن، لەنێو ئەم ڕێژەیەشدا ٨٧٫٨٠٪ـیان لە سکۆتلەندا لەدایکبوون. هەروەها ٠٫٥٢٪ ـی دانیشتووان لە کۆماری ئێرلەندا، ١٫١٨٪ لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپای و ١٫٨٨٪ـی دانیشتووان لە شوێنەکانی تری جیهان لەدایکبوون. بە بەراورد بە ناوچەکانی تری سکۆتلەندا، ڕێژەیەکی بەرزی هاوڵاتیان لە یەکێتی ئەورووپا لەدایکبوون و ژمارەی ئەو دانیشتووانانەی کە لە تەمەنی ٧٥ ساڵی بەرەو ژوورن زیاترە.

چالاکی ئابووری دانیشتووان

چالاکی ئابووری دانیشتووان لە تەمەنی ١٦ بۆ ٧٤ ساڵی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

  • ٥٧٫١٠٪ ـی دانیشتووان بە شێوەی فوڵ تایم دامەزراون
  • ١٢٫٩٠٪ـی دانیشتووان بە شێوەی پارت تایم دامەزراون
  • ٦٫٠٨٪ـی دانیشتووان خۆیان خۆیانیان دامەزراندووە
  • ٣٫٢٩٪ـی دانیشتووان دانەمەزراون
  • ٢٫٣٧٪ـی دانیشتووان خوێندکارن و کار دەکەن
  • ٢٫٨٤٪ـی دانیشتووان خوێندکارن و بێکارن
  • ١٤٫٧٥٪ـی دانیشتووان خانەنشینن
  • ٥٫٩٤ـی دانیشتووان پەککەوتەن
  • ٤٫٠٧٪ـی دانیشتووان بەهۆی هۆکارەکانی ترەوە ناچالاکن

ئایین

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، ئایینی سەرەکی دانیشتووانی شاری پێرس مەسیحییە. زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ئەنجومەنی پێرس و کینرۆس پەیڕەوکەرانی یەکێک لە ئایینە مەسیحییەکانن. بەپێی هەمان سەرژمێری، زیاتر ٤٠٪ـی دانیشتووانی شارەکە پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکەن و سەر بە هیچ ئایینێک نین.

مێژوو

پێرس لە سەدەکانی ناوەڕاستدا

پێرس لە سەرەتای سەدەی ١٢ـدا کرا بە شارۆچکە، بەڵام لەوانەیە پێش سەدەی ١٢ جێگیرگەی لێ بووبێت. یەکەم شوێن بوو کە توانرا پردی ڕووباری تای لێ دروست بکرێت، لە لایەکی تریشەوە کەشتییەکان دەیانتوانی بە ئاسانی بە ڕووبارەکەدا بەرەو پێرس بڕۆن. پێرس لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بەندەرێکی ناوخۆیی قەرەباڵغ بوو. پێستە، دار و ماسی لە پێرسەوە هەناردە دەکران. هەروەها پێرس ناوەندێکی بەرهەمهێنان بوو، وەکوو خوری و پیشەسازی چەرم. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پێرس هەفتەبازاڕی هەبوو، هەروەها ساڵانە پێشەنگای تێدا دەکرایەوە، پێشەنگاکان وەک بازاڕ وابوون بەڵام ساڵانە تەنها جارێک دەکرانەوە و کڕیار و فرۆشیاریان لە ناوچەکانی دەوروبەرەوە بەشدارییان لە پێشەنگاکاندا دەکرد.

لە ساڵی ١٢٣١ـدا ڕەبەنەکان هاتنە پێرس و ئامۆژگاری خەڵکەکەیان کرد و یارمەتی هەژارانیان دەدا. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، نەخۆشخانەکان تەنها لەلایەن کڵێساوە بەڕێوەدەبران. لە شاری پێرس پێنج نەخۆشخانە هەبوون، کە تێیاندا قەشەکان بە باشترین شێوە چاودێری نەخۆش و هەژارانیان دەکرد. لە ساڵی ١٢١٠ـدا بەهۆی لافاوەوە پێرس زیانێکی زۆری بەرکەوت. بەڵام شارۆچکەکە بەزوویی ئەم کۆسپەی تێ پەڕاند. سەرەتا ڕەنگە پێرس بە چاڵێک و شورەیەک کە بەشی سەرەوەی پەرژینێکی دارین بوو بەرگری لێکرابێت، لە ساڵی ١٢٩٦ تا ١٣١٣ پێرس لەلایەن ئینگلیزەکانەوە داگیرکرا، لە ساڵی ١٣٠٤ پادشای ئینگلیز فەرمانی دا دیواری بەردین لە دەوری پێرس دروست بکرێت. بەڵام کاتێک سکۆتلەندییەکان لە ساڵی ١٣١٣ـدا دووبارە پێرسیان گرتەوە ئەم دیوارانەیان وێران کرد بۆ ئەوەی ڕێگیری لە ئینگلیزەکان بکەن کە جارێکی دیکە پێرس داگیر نەکەنەوە.

پێرس لە سەدەکانی ١٦ تا ١٩

پێرس یەکێک بوو لەو شوێنانەی کە چاکسازی سکۆتلەندی کاریگەرییەکی تەواوی لەسەری هەبوو. لە سەدەی ١٦ـدا، ژمارەی دانیشتووانی پێرس شەش هەزار کەس بوو، بەپێی پێوەرەکانی ئەو سەردەمە شارۆچکەیەکی گەورە بوو. پاشان و لە سەدەی ١٧ـدا پیشەسازی کەتان لە پێرس گەشەی سەند و بەهۆیەوە ئابووری شارۆچکە بوژایەوە. وەکوو هەموو شارۆچکەکانی ئەو سەردەمە، پێرس بە دەست نەخۆشی تاعوونەوە دەیناڵاند، لە ساڵانی ١٥١٢، ١٥٨٥ بۆ ١٥٨٧، ١٦٠٨، ١٦٤٥ـدا نەخۆشی تاعوون لە ناوچەکەدا بڵاوبوویەوە، بەڵام هەموو جارێک پێرس کۆسپەکەی تێدەپەڕاند و بە هێواشی بەردەوام بوو لە گەشەی خۆی. لە سەدەی ١٨ـدا پێرس شارۆچکەیەکی گەوره و گەشەسەندوو بوو، هەریەک لە پیشەسازییەکانی کەتان و چەرم لەگەشەی خۆیان بەردەوام بوون. لە ساڵانی ١٧٠٠ـەکاندا ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارۆچکە بە نزیکەی ٩٫٠٠٠ کەس خەمڵێندرا و لە ساڵی ١٨٠١ ژمارەی دانیشتووان گەشتە ١٥٫٠٠٠ کەس.

پێرس لە سەدەی ١٩ تا ٢١

بەدرێژایی سەدەی ١٩، ژمارەی دانیشتووانی پێرس بەنزیکەیی دووهێندە بوو، بەڵام ژمارەی دانیشتووانی بەریتانیا چوارهێندە زیادی کرد. بۆیە گەشە و گرنگی پێرس بە شێوەیەکی ڕێژەیی کەمتر بوویەوە. بە هەمان شێوەی شارۆچکەکانی تری سەدەی نۆزدە، پێرس شارۆچکەیەکی پیس و پۆخڵ بوو. لە ساڵی ١٨٣٢ بۆ ١٨٣٣ـدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێراوە ١٤٨ کەس گیانیان لەدەستدا. لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا پێرس هەندێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی. لە ساڵی ١٨١٤ـدا نەخۆشخانەیەک دروستکرا و هێڵی ئاسن لە ساڵی ١٨٤٨ گەشتە پێرس و چەند بینایەکی تر درووستکران. هەروەها پیشەسازی کەتان بەردەوام بوو و پیشەسازییەکی بۆیاخکردن لە ناوچەکەدا هەبوو. سەرەڕای ئەوەش پیشەسازییەکی سپیکردنەوە لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە پێرس گەشەی کرد. دروستکردنی ویسکی لە شاری پێرس بۆ ماوەی چەند سەدەیەک بەردەوام بوو بەڵام لە سەدەی نۆزدەهەمدا، بوو بە پیشەسازییەکی سەرەکی و دواتریش پیشەسازی بیمە گەشەی سەند.

لە سەدەی بیستدا، بەندەری پێرس پووکایەوە بەڵام پیشەسازی بیمە و دروستکردنی ویسکی بەردەوام بوو. هەروەها پیشەسازییەکی شووشەسازی لە پێرسدا هەبوو. پێرس لە ساڵی ١٩٠١ کارەبای پێ گەشت و یەکەم مۆزەخانەی پێرس لە ساڵی ١٩٠٢ـدا دامەزرا. بەدرێژایی سەدەکان پێرس بەدەست لافاوەوە دەناڵێنێت. لە سەدەی بیست و یەک و لە ساڵی ١٩٩٣ـدا لافاوێکی مەترسیدار لە شارۆچکەکەی دا، لە ساڵی ٢٠٠١ چەند پلانێک بۆ ڕێگیریکردن لە دروستبوونی لافاو چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ـدا لافاوێکی دیکە لە پێرسی دا. پاشان لە ساڵی ٢٠١٢ـدا پێرس کرا بە شار. لە ئێستادا، شاری پێرس وەکوو ناوەندێکی بازرگانی وردە خزمەتی ناوچەکانی دەوروبەری دەکات و ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٤٧ هەزار کەس بوو.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای شاری پێرس ئۆقیانوسییە، بەگشتی کەشی شارەکە گەرم و مامناوەندە. پێرس یەکێکە لە مامناوەندترین شوێنەکانی سکۆتلەندا و بەشێوەیەکی بەرچاو باران لە شارەکەدا دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا باران دەبارێت. هەروەها تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ٨٫١ پلەی سەدییە، ساڵانە نزیکەی ١٠٥٧ مللیمەتر باران دەبارێت و بەگشتی نزیکەی ١٫٧٣٦٫٢٣ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

پێرس لە نیوەگۆی باکووردایە، هاوینی ئەم شارە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب و ئەیلوول. ڕێژەی شێ لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرزترینە ٨٨٫٩٦٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی ئایاردا نزمترینە ٧٥٫٣٩٪ـە.

مانگی نیسان وشکترین مانگی ساڵە و ڕێژەی دابارین نزمترینە، بە تێکڕایی ٧١ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی کانوونی دووەم باراناویترین مانگی ساڵە و بە تێکڕایی ١٠٩ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها، مانگی تەممووز گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٤٫٦ پلەی سەدییە، مانگی کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە ٢٫٥ پلەی سەدییە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لەم ساڵانەی دوایدا ٣١٫١ پلەی سەدی بوو کە لە ٢٨ـی حوزەیران ٢٠١٨ـدا تۆمارکرا. لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ١٧٫٨- پلەی سەدی بوو کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ـدا تۆمارکرا، هەروەها لە مانگی شوباتی ٢٠٢١ـدا پلەی گەرمی بۆ ١٨- پلەی سەدی دابەزی.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی

١. سکۆن پاڵاس

٢. قەڵای هەنتینگ تاوەر

٣. مەیدانی پێشبڕکێی ئەسپی پێرس

٤. پێشەنگای نیگارکێشی و مۆزەخانەی پێرس

٥. هۆڵی کۆنسێرتی پێرس

٦. قەڵا و مۆزەخانەی کاتژمێری ڕەش

٧. گەلەری فێرگسۆن

٨. پارکی ساوس ئینچ


سەرچاوەکان



165 بینین