چۆنیەتی ڕێکخستنی جلوبەرگ بۆ زانکۆ

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-09-15-22:39:00 - کۆدی بابەت: 10269
چۆنیەتی ڕێکخستنی جلوبەرگ بۆ زانکۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی ڕێکخستنی جلوبەرگ بۆ زانکۆ (بە ئینگلیزی: how to pair college outfits) زۆربەمان ڕۆژانە کاتێکی زۆر بەسەر دەبەین بۆ هەڵبژاردنی دەستە جلێک بۆ زانکۆ، کێشەمان لە ڕێکخستنی جلەکانمان هەیە، نازانین چی لەبەر بکەین یاخود سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێک جلی زۆرمان هەیە کە دەتوانین بە چەندین شێواز لەبەری بکەین هێشتا وا هەست دەکەین هیچمان نییە. سەرەتا پێویستە بزانیت کە دەبێت چی جۆرە جلێک دەگونجێت بۆ زانکۆ، بێگومان دەبێت ئاگامان لە شێوازی جل لەبەرکردن بێت بەپێی ئەو شوێنەی کە بۆی دەچین، زانکۆش ناوەندێکی ئەکادیمی و خوێندنە و چەند جلێک و ستایلێک هەن کە لەگەڵی ناگونجێت. هەروەها چەند پارچەیەکی سەرەتایی هەیە کە گرنگن بۆ زانکۆ هەتبن و هەڵبژاردنی دەستەجلەکانی ڕۆژانەت ئاسانتر دەکەن و گونجاون بۆ زانکۆ.

هەندێک جلی سەرەتایی و پێویست بۆ زانکۆ

بلوز و تیشێرت

تیشێرت و بلوزی کلاسیک و ڕەنگە سادەکان کە دەتوانیت لەگەڵ پانتۆڵی کابۆ، تەنورە، پانتۆڵی قوماش یاخود هەرچییەکی تر بێت بیانگونجێنیت. تیشێرت هاوینان و بەهار لەبەردەکرێت، بەڵام دەتوانیت لەسەر بلوزی ملداریشەوە بە وەرزی پاییز لەبەریبکەیت. ڕەنگەکانی سپی، ڕەش، بێجی، ڕەساسی ئەو ڕەنگانەن کە دەتوانیت هەموو کاتێک لەبەریان بکەیت و زۆر گونجاون. هەروەها بلوزی ملدار ( مجەسەم)یش پارچەیەکی تری گرنگە کە هەتبێت.

قەمیسی سپی

پارچەیەکی پێویستی جلەکانتە، گرنگە کە هەموو خوێندکارێکی زانکۆ هەیبێت. ڕەنگێکی شیاوە، فەرمییە، دەتوانیت بە چەندین شێواز لەبەری بکەیت و بۆ هەموو وەرزێکیش دەبێت. دەتوانیت بەشێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ پانتۆڵی قوماش لەبەری بکەیت ئەگەر باڵات نزمە وا باشترە قەمیسەکە بکەیتە تەنورە یاخود پانتۆڵەکەتەوە باڵات بەرزتر دەردەخات و بۆ باڵای بەرز بە پێچەوانەوە، شێوازێکی تر لەژێر بلوزەوە لەبەری بکە کە لەم کاتەدا تەنها ئێخەکەی و سەردەستەکەی دیار دەبێت بەڵام شێوازێکی جوان دەدات بە جلەکەت، لەسەر بلوزی ملدارەوە لەبەری بکە و چەند قۆپچەیەکی یەکەمی کراسەکە بەکراوەیی بەجێبهێڵە و دەتوانیت چەند ملوانکەیەکی سادەی لەگەڵ بکەیت، یاخود لەسەر تیشێرت لەبەری بکە و قۆپچەکاتی بەتەواوی بکەوە. ئەمانە تەنها چەند گونجاندنێکی قەمیسن و چەندین شێوازی تر هەیە. هەروەها بۆ کوڕیش گرنگە کە قەمیسی سپی و ڕەشی هەبێت لەگەڵ قاتی فەرمی بەکاردێن بۆ سیمینار و بۆنە فەرمییەکان، یاخود دەتوانیت وەکوو ستایلێکی ڕۆژانە بەکاریبهێنیت لەگەڵ پانتۆڵی کابۆ.

پانتۆڵی کابۆ

پانتۆڵی کابۆ بەشێکی گرنگی جلەکانتە کە کەم کەس هەیە نەیبێت. مەرج نییە هەمیشە جلی فەرمی و قات لەبەربکەیت بۆ زانکۆ تەنها لە کاتە پێویستەکاندا نەبێت، بەڵکوو ستایلی کاژوەڵ زۆر جوان و ئاسوودەبەخشە و کابۆش بەشێکی گەورەی جلی کاژوەڵە. چەندین جۆری پانتۆڵی کابۆ هەیە، لەکاتی کڕینی پێویستە بزانیت کام جۆر لەگەڵ شێوازی جەستەت دەگونجێت و ڕێکتر دەرتدەخات. 

پانتۆڵی قوماش

پانتۆڵی قوماش بەتایبەتی ڕەنگی ڕەش لەگەڵ زۆر جل دەگونجێت و ستایلەکەت زیاتر کەشخە و فەرمی دەردەخات، ئەمیش چەندین جۆری قوماش و ستایلی جیاوازی هەیە. پانتۆڵی بێجیش بە هەمان شێوە زۆر گونجاندنی هەیە، بەتایبەتی لە وەرزی پاییز چونکە ڕەنگی بێجی ڕەنگێکی پاییزەیە. 

جانتای تۆتێ

جانتای تۆتێ یەکێکە لەو جانتایانەی لەم ساڵانەی دوای و بەتایبەتی لەدوای ساڵی ٢٠٢٠ـەوە بەکارهێنانێکی زۆری هەیە، ئەم جۆرە جانتایە زۆر شیاویشە بۆ زانکۆ بەهۆی ئاسانی بەکارهێنانی، سادەیی، جوانی و هەروەها جێگەی هەموو پێداویستییەکانی زانکۆ دەبێتەوە. بەتایبەتی ڕەنگەکانی ڕەش و بێجی کە زۆر کلاسیکن و لەگەڵ زۆربەی جلەکان دەگونجێن. 

چاکەتی بلەیزەر

بلەیزەر زیاتر چاکەتێکی فەرمییە بۆ زانکۆ لەگەڵ قەمیس و پانتۆڵی قوماش وەکوو قات بۆ سیمینار، پێشکەشکردنی ڕاپۆرت و بۆنە فەرمییەکان لەبەردەکرێت. هەرچەندە چاکەتەکە فەرمییە بەڵام دەتوانیت گۆڕانکاری لە پارچەکانی تردا بکەیت و وای لێبکەیت کەمێک کاژوەڵ دەرکەوێت و زۆر گونجاوە بۆ لەبەرکردنی ڕۆژانەی زانکۆ بۆ کوڕ و کچیش، لەجیاتی قەمیس بلوزی ملدار، تیشێرت، یاخود بلوزی فانیلەیی بەکاربهێنە و لەجیاتی پانتۆڵی قوماش کابۆ بەکاربهێنە و کالە یان پووتی لەگەڵدا لەپێ بکە و دەشتوانیت لەجیاتی بلەیزەری سادە نەخشدار و نەخشی چوارگۆشەیی بەکاربهێنیت بەمشێوەیە ستایلەکەت زیاتر بەرەو کاژوەڵ دەچێت.

کۆتی درێژ و ترێنچ کۆت

ئەم جۆرە کۆتانە هەردووکیان درێژن و تا لای ئەژنۆن، زیاتر بۆ کەسانی باڵابەرز جوانترە چونکە وا لە قاچ ئەکات کورتتر دەرکەوێت. کۆتی درێژ لە ترێنچ کۆت ئەستوورترە و بۆ وەرزی زستان گونجاوترە بەڵام ترێنچ کۆت تەنکتترە و دژە بارانە و ڕێگری لە تەڕبوونی جلەکانی ژێرەوەی دەکات و بۆ وەرزی پاییز و بەهار گونجاوترە. هەردووکیان بۆ هەردوو ڕەگەز گونجاون، لەگەڵ پێڵاوی بەرز یان قۆنەرە و قات فەرمی ترن، لەگەڵ هوودی و کالە کاژوەڵن.

چاکەتی کابۆ یاخود چاکەتی چەرم

ئەم چاکەتانە هەر یەکێکیانت هەبێت شیاو و جوانن بۆ کوڕ و کچیش، ستایلێکی کاژوەڵن لەگەڵ هوودی زۆر گونجاون هەروەها دەتوانیت لەگەڵ بلوزی ملدار یان هەر شتێکی تر بیانگونجێنیت. زۆر ئەستوور نین دەتوانیت لە وەرزی پاییز و بەهاریش بەکاریانبهێنیت بەتایبەتی چاکەتی کابۆ. چاکەتی کابۆ ڕەنگەکانی شین و ڕەش لەگەڵ هەموو ڕەنگێکی تر ئەگونجێن. چاکەتی چەرم ڕەنگەکانی ڕەش و قاوەیی پەسەندترن.

کالەی سپی و پووت

کالەی سپیش بەشێکی تری گرنگی جلە، دەتوانیت لەگەڵ هەموو ڕەنگێک لەبەری بکەیت، بۆ هەموو وەرزێک گونجاوە و چەندین مارکە و جۆری هەیە، لەپێکردنی بێزارکەر نییە و زۆر گونجاوە بۆ زانکۆ. کالەی سپی هەمیشە لە مۆدێلدا هەیە و هیچ کاتێک مۆدێلی کۆن نابێ، بەڵام بۆ ڕۆژانی باراناوی لەپێی نەکەی باشترە چونکە زوو پیس دەبن، دەتوانیت لەجێی ئەوە پووتی ڕەش لەپێ بکەیت کە ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ هەموو ڕەنگێک گونجاوە پووتی درێژ زیاتر لەگەڵ عەزی و تەنورە گونجاوە یاخود دەتوانیت لەگەڵ پانتۆڵی کابۆی تەسک لەپێیبکەیت، پووتی کورت لەگەڵ هەموو جلێک گونجاوە. بۆ کوڕ پووتی کورت و پووتی چێڵسی (ئەو پووتانەی زنجیریان نییە) ستایلێکی جوانن بۆ وەرزی زستان.


سەرچاوەکان



1160 بینین