فاتیمەی کچی پێغەمبەر ﷺ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-09-17-18:21:00 - کۆدی بابەت: 10285
فاتیمەی کچی پێغەمبەر ﷺ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فاتیمەی کچی پێغەمبەر ﷺ یان فاتمەی زەهرا (بە عەرەبی: فاطمة الزهراء یان فاطمة بنت محمد ﷺ، بە ئینگلیزی: Fatimah bint Muhammad) کچی بچووکی پێغەمبەر ﷺـە کە لە یەکەمین هاوسەری خاتوو خەدیجەی کچی خوەیلدە، خێزانی عەلی کوڕی ئەبووتاڵیبی ئامۆزای پێغەمبەر ﷺـە، دایکی ئیمامی حەسەن و حسێنە و ڕەچەڵەکی پێغەمبەر ﷺ لە ڕێگەی فاتیمە خاتوونەوە بەردەوام بووە. فاتیمە خاتوون لەدوای زەینەب و ڕووقیە و ئوم کەلسووم بچووکترین کچی پێغەمبەر ﷺ بووە.

لەدایکبوونی خاتوو فاتیمە

ڕێکەوتی لەدایکبوونی خاتوو فاتیمە چەند ڕاجیاییەکی لەسەرە، پەیڕەوانی سوننە پێیان وایە کە بە پێنج ساڵ پێش پێغەمبەرایەتی لە شاری مەککە لەدایکبووە، لەو ساڵە لەدایکبووە کە قوڕەیشییەکان کەعبەی پیرۆزیان بنیاتناوەتەوە و نۆژەنیان کردووەتەوە و تەمەنی پێغەمبەر ﷺ ٣٥ ساڵ بووە، ئەم بۆچوونە پشت ڕاست کراوەتەوە و لە کتێبەکانی سیرە و ژیاننامەکان جێگیرکراوە، بەڵام بەپێی گێڕانەوەی شیعەکان فاتیمە لە ساڵی پێنجەمی دوای پێغەمبەرایەتی و دوای سێ ساڵ لە ڕووداوی ئیسرا و میعراج لەدایکبووە.

واتای ناوی فاتیمە

فاتیمە یان فاتمە (بە عەرەبی: فاطمة) ناوێکی کچانەیە و ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ زمانی عەرەبی و ڕەگی ناوەکە "فَطَمَ"ـە، واتاکەی بریتییە لە قەدەغەکردن یان پاراستن یاخود بڕینەوە، عەرەبەکان ئەو وشەیە بەکاردێنن بۆ منداڵێک کە لە شیر ببڕێتەوە. بەپێی گێڕانەوەکان پێغەمبەر ﷺ ئەم ناوەی لە کچە بچووکەکەی ناوە فەرموویەتی: (کە خوای گەورە لە ئاگری دۆزەخ دەیپارێزێت و ئاگری لێ قەدەغە دەکات).

نازناوەکانی خاتوو فاتیمە

  • زەهرا: فاتیمەی زەهرا (بە عەرەبی: فاطمة الزهراء) نازناوێکی دیاری خاتوو فاتیمەیە، هەندێک دەڵێن بەهۆی ئەوەی کە فاتیمە کەسێکی سپی پێست بووە دەموچاوی سپییەکی مەیلەوسوور بووە، لە ڕابردوودا عەرەبەکان هەر کچێک ئەم تایبەتمەندییانەی هەبووایە بە زەهرا واتا "گوڵ" ناوزەدیان دەکرد. هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن کە پێغەمبەر ﷺ خۆی ئەو نازناوەی پێ بەخشییە.
  • بەتوول: لە زمانی عەرەبیدا واتای پاکیزەیی و پاکی دەبەخشێت، هەروەها ئەو کچەی کە شوی نەکردووە و خۆی لە پیاوان بەدوورگرتووە پێی دەڵێن بەتوول، زۆرجار ئەو ژنەی کە لە دوای کۆچی دوایی پیاوەکەی هاوسەرگیری ناکاتەوە پێی دەڵێن بەتوول، لە ئیسلامدا بەتوول نازناوی خاتوو مەریەمی پاکیزە و خاتوو فاتیمەیە.
  • ڕاستگۆ: پێیان وتووە ڕاستگۆ چونکە فاتیمە خاتوون هەرگیز درۆی نەکردووە.
  • دایکی باوکی: أم أبيها کە واتای "دایکی باوکی" دەبەخشێت، بەو واتایەی لە ساتە دژوار و سەختەکاندا هاودەمی و هاوخەمی پێغەمبەر ﷺ بووە، نزیکترین منداڵەکانی بووە.

تایبەتمەندییەکانی خاتوو فاتیمە

فاتیمە لەو ژنانەی ئیسلامە کە بە زمانپاراو و زمانزانی ناسراوە، هەمیشە هاودەمی و هاوکاری ڕۆحی و مەعنەوی باوکی بووە و زۆر لێوەی نزیک بووە و پاڵپشتی تەواوی بانگەوازییەکەی کردووە، بۆیە نازناوی "أم أبيها" کە واتای "دایکی باوکی" دەبەخشێت، بەو واتایەی لە ساتە دژوار و سەختەکاندا ڕۆڵی دایکی گێڕاوە و هاودەمی و هاوخەمی پێغەمبەر ﷺ بووە.

بەپێی دەقی فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ فاتیمە خاتوون یەکێکە لە مەزنترین و باشترن ژنانی جیهانە، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (خيرُ نساءِ العالَمينَ: مَريمُ بنتُ عِمرانَ وخديجةُ بنتُ خُوَيلدٍ وفاطمةُ بنتُ مُحمَّدٍ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم وآسيةُ امرأةُ فِرعونَ) واتا " باشترین ژنانی جیهان مەریەمی کچی عیمڕان، خەدیجەی کچی خوەیلد، فاتیمەی کچی محەمەد و ئاسیەی ژنی فیرعەونە". هەروەها لەلای پەیڕەوانی ڕێبازی شیعە مەنزڵگەی تایبەتی هەیە.

هاوسەرگیری فاتیمە خاتوون

دوای ئەوەی فاتیمە خاتوون و خوشکەکانی بە یاوەری عائیشەی کچی ئەبووبەکر لەگەڵ هاوەڵ زەیدی کوڕی حاریسە کۆچی شاری مەدینەیان کرد، عەلی کوڕی ئەبووتالیب داوای فاتیمەی لە پێغەمبەر ﷺ کردووە و ئەویش بە هاوسەرگیرییەکەیان ڕازی بووە، لە دوای جەنگی بەدر هاوسەرگیرییان کردووە، بوونەتە خاوەن دوو کوڕ و دوو کچ بە ناوەکانی حەسەن و حسێن، زەینەب و ئوم کەلسووم، ڕەچەڵەک و نەوەکانی پێغەمبەر ﷺ لە ڕێگەی خاتوو فاتیمەی کچی بەردەوام بووە.

کۆچی دوایی

کات و بەرواری کۆچی دوایی فاتیمە خاتوون ڕاجیایی لەسەرە و دیاریکراو نییە، بەڵام بەپێی گێڕانەوەکان ماوەی نێوان کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ کۆچی دوایی فاتیمەی کچی چەند مانگێکی خایاندووە، یەکەم کەس بووە لە خێزانی پێغەمبەر ﷺ کە دوای ئەو کۆچی دوایی کردووە، هەندێک دەڵێن کە ٩٥ ڕۆژ لە نێوان کۆچی دواییان هەبووە، هۆکاری ئەم ڕاجیاییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کاتی لەدایکبوون و تەمەنی بە تەواوی دیاریکراو نییە.

شوێنی گۆڕەکەی نادیارە، هەندێک سەرچاوەی سوننە کە جێگیرکراوە و پشتڕاست کراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە گۆڕستانی بەقیع لە مەدینە نێژراوە، هەندێکی تر پێیان وایە لە ماڵەکەی خۆی نێژراوە، هەندێک سەرچاوەی تریش ئاماژە بەوە دەکەن کە شوێنی ناشتنی نادیارە و لەسەر وەسیەتی خۆی لەلایەن عەلی کوڕی ئەبووتالیبی هاوسەریەوە بە نهێنی نێژراوە.


سەرچاوەکان



2167 بینین