مەهسا ئەمینی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-09-19-23:17:00 - کۆدی بابەت: 10316
مەهسا ئەمینی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ژینا ئەمجەد ئەمینی یان مەهسا ئەمینی (بە ئینگلیزی: Zhina Amini، بە فارسی: مهسا امینی) کچێکی کوردی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە ڕۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە شاری تاران بە بیانووی نەبوونی حیجابەوە لەلایەن ھێزەکانی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بەھۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە چووە حاڵەتی کۆما. سێ ڕۆژ دواتر لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەی کەسرا لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد. دوابەدوای ڕووداوەکە لە هەریەک لە شارەکانی سەقز، سنە، دیواندەرە و تاران خەڵک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژی کوشتنی کچە کوردەکە.

هەواڵی کوشتنی ژینا کە بەهۆی توندوتیژیی حکوومەتی ئێرانەوە ڕوویدا، ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تووشی شۆک کرد و شەپۆلێکی توڕەیی لێکەوتەوە. کاردانەوەکانی کوشتنی ئەو لە شارەکانی ئێران و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وای کرد هاشتاگی فارسیی #مەهسا_ئەمینی بە زیاتر لە پێنج ملیۆن تویت و ڕیتویت ببێتە ڕەوتێکی جیهانی.

ژیان و دەستگیرکردن

ژینا ئەمینی، بە ناوی ناسنامەیی مەهسا ئەمینی، لە ٢٠٠٠/٧/٢٢ لە بنەماڵەیەکی کوردی شاری سەقز لەدایکبووە. ماوەیەک پێش کۆچی دوایی لە زانکۆ وەرگیرابوو و تاکە برایەکی هەیە بەناوی کیارش. ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ بە مەبەستی سەردانی بنەماڵەکەی لەگەڵ ماڵەوەیاندا گەشت بۆ تاران دەکات. لە نزیک کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە نزیک وێستگەی میترۆی شەهید حەقانی کە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی شەهید حەقانی لەگەڵ براکەی بووە و لەوێ لەلایەن پۆلیسی "گشت ارشاد" یان گەڕیدەی ڕێنوێنیی ئێران دەستگیر دەکرێت.

دوای ئەوەی براکەی ناڕەزایی دەردەبڕێت، پێی دەڵێن کە ژینا دەبرێتە ناوەندی دەستبەسەرکردن بۆ ئەوەی "وانەی ڕێنوێنی" پێ بوترێتەوە و دوای کاتژمێرێک ئازاد دەکرێت. شایەتحاڵان دەڵێن ژینا بە لێدان و سوکایەتییەوە دەستگیر کراوە. خێزانەکەی دەڵێن تەنانەت براکەشی لێدانی خواردووە. 

دوای دەستگیری

دوو کاتژمێر دوای دەسبەسەرکردن و گواستنەوەی ئەمینی بۆ بینای پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی تاران لە شەقامی وزەرائـ، بەهۆی برینداربوونی کەللەسەری بەهۆی هێرشەکانەوە، مێشکی گیانی لە دەست دا و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی کەسرا خەوێندرا. کاتێک براکەی لەبەردەم بینای پۆلیس چاوەڕێی خوشکەکەی دەکات دەبینێت ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن شوێنەکە بەجێدەهێڵێت. لە یەکێک لە سەربازەکان دەپرسێت بۆچی ئۆتۆمبێلەکە بیناکەی بەجێهێشتووە و پێی دەوترێت "یەکێک لە سەربازەکان بریندار بووە". دوای ئەوەی وێنەی خوشکەکەی پیشانی ئەو کچانەی دیکە دەدات کە لە دەستبەسەرکردنەکە ئازاد کراون، بۆی دەردەکەوێت کە ئۆتۆمبێلەکە تەرمی نیوەگیانی خوشکەکەی هەڵگرتووە.

کۆچی دوایی

ئەمینی دوای سێ ڕۆژ لە مردنی مێشکی لە ١٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەی کەسرا کۆچی دوایی کرد. بنەماڵەکەشی پشتڕاستیان کردەوە کە کچەکەیان بەتەواوی سەلامەت و تەندروست بووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە پێش ڕووداوەکە.

بەرەبەیانی ١٧ی ئەیلوول تەرمی ئەمینی بۆ سەقز دەگوازرێتەوە و بە ئامادەبوونی زۆری خەڵک و هێزەکانی ئاسایش لە گۆڕستانی ئایچی بەخاک سپێردرا. لەکاتی بەخاکسپاردنی ژینادا هەندێک لە خەڵکی دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"ـیان دەوتەوە. 

خۆپیشاندانی ناڕەزایی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی

دوای چەند کاتژمێرێک لە کوژرانی مەهسا ئەمینی، کۆمەڵێک کەس لە نزیک نەخۆشخانەی کەسرا گردبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە کوشتنی ناوبراو و دروشمەکانی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "گەشتی ئیرشاد، گەشتی کوشتار"، "ئەو کەسەی خوشکەکەمی کوشتووە دەیکوژم"، "سوێند بە خوێنی مەهسا بخۆن، ئێران ئازاد دەبێت"، "خامنەیی بکوژە، حکوومەتەکەی ساختەیە" و "لە کوردستان بۆ تاران، ستەم دژی ژنان"ـیان دەوتەوە. ئەم ناڕەزایەتیانە بە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران ڕووبەڕوو بووەوە. ژمارەیەک ژن لە کاردانەوە بە هێرشی هێزەکانی دژە یاخیبوون حیجابەکانیان داکەند و دروشمی "داعشی بێ شەرم"ـیان بەرزکردەوە.

زۆرێک لە خەڵکیش لە شەقامەکان دژی ئەم کردارە بە هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی. خەڵکی تارانیش لە گردبوونەوەیەکی شەوانەدا لە دەوری گۆڕەپانی ئەرجەنتین دروشمیان دژی حکوومەتی ئێران و حیجابی ئیجباری بەرزکردەوە. لەلایەکی دیکەوە لە گردبوونەوەیەکی دیکەی شەودا کۆمەڵێک ژن لەچکەکانیان داکەند و دروشمیان دژی ئەفسەرەکان وتەوە. 

ناڕەزایەتییەکان لەدژی کوشتنی ژینا لە چەند ڕۆژ دوای مردنی لە سەقز و سنە درێژەی هەبوو، ئەو ناڕەزایەتیانە بە تەقەی هێزە تایبەتەکان سەرکوت کران. لەم خۆپیشاندانانەدا ٣٨ کەس بریندار بوون و ١٣ کەسیش دەستگیرکران. ئەم ناڕەزایەتیانە بووە هۆی پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت لە سنە و سەقز. مەودای ئەم ناڕەزایەتیانە لە هەمان ڕۆژدا بۆ شارەکانی مەهاباد و کەرەج درێژ بوویەوە. لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە هەندێ شار لەوانە: سەقز، سنە، دیواندەرە، مەهاباد، کەرەج و تاران، خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد، بەڵام ئەو ناڕەزایەتیانە بووەتە هۆی توندوتیژیی هێزەکانی پۆلیس. لە هەمان ڕۆژ لە شاری دیواندەرە ٤ کەس بە فیشەکی هێزەکانی پۆلیس کۆچی دواییان کرد.

کاردانەوەکان

ده‌ستگیركردن و لێدانی مه‌هسا ئه‌مینی له‌لایه‌ن گەشتی ئیرشادەوە و دواتریش کۆچی دوایی کچەکە، تووڕه‌یی خه‌ڵكی له‌ كۆمه‌ڵگە و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا لێكه‌وتەوە. هاشتاگی #مەهسا_ئەمینی لە تویتەری فارسی بووە ترێند و زیاتر لە پێنج ملیۆن تویتی لەخۆی گرت. لەگەڵیشیدا کۆمەڵێک لە کەسانی سیاسی و حیزبەکان وتەی تایبەتیان دەربارەی بابەتەکە هەبوو:

  1. ئیبراهیم ڕەئیسیی سەرۆک کۆمار فەرمانی بە وەزیری ناوخۆ کرد کە بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە بکات. ڕەئیسی جێگری ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسای وەزارەتی ناوخۆی وەک کەسی بەرپرسیار لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕووداوە دەستنیشان کرد. هه‌روه‌ها له‌ په‌یوه‌ندییه‌كدا بۆ خێزانه‌كه‌ی ئه‌مینی وتی: كچه‌كه‌تان وه‌ك كچه‌كه‌مە و هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م ڕووداوه‌ به‌سه‌ر یه‌كێك له‌ ئازیزانه‌كه‌مدا هاتووه‌. من بە هاوبەشی بەدبەختی خۆتان بزانن.
  2. ڕەزا پەهلەوی (کوڕی محەمەد ڕەزاشا) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی: دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژنان لە کەس شاراوە نییە. داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە بە هەر شێوەیەک بتوانن لە دژی ئەم دڕندەییە بوەستنەوە و "پشتیوانی لە ژنانی ئازادیخوازی ئێران بکەن". 
  3. جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، پەشیمانی خۆی لە ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر مەهسا ئەمینی دەربڕی و وتی: ئەم ڕووداوە نیشانەی پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤە لە ئێراندا.
  4. رۆبێرت مالی، نوێنەری حکوومەتی جۆ بایدن بۆ کاروباری ئێران، مردنی مەهسا ئەمینی دوای ئەو برینانەی لە دەستبەسەری گەشتی ئیرشاد تووشی بوو، بە "ترسناک" ناو برد و وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی خۆی بۆ بنەماڵەکەی، وتی کە پێویستە ئێران کۆتایی بە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان و توندوتیژی دژی ئەوان بهێنێت.
  5. مۆرگان ئۆرتیگاس، وتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کاردانەوە بە مردنی مەهسا ئەمینی لە ئەنجامی لێدانی، داوای کرد ناوی ئەم کچە گەنجە بڵاوبکرێتەوە و نووسیویەتی: "ڕێگە نادەین حکوومەتی ئەمریکا ئەوەی بەسەر تۆدا هاتووە بپۆشێت و مردنت بێ سوود نابێت".
  6. سەید محەمەد خاتەمی، سەرۆکی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "ئایا ئەم کارەساتە و بەردەوام ڕووداوی هاوشێوە بەس نییە بۆ ڕاگرتنی ئەم ڕێگایە و ئەو ڕەفتارانەی کە پێچەوانەی یاسا و لۆژیک و شەریعەتە؟".

کەسایەتییە ناسیاسییەکان

  1. موحسین چاوشی هونەرمەندی ناوداری کورد و ئێرانی لە تۆڕی ئینستاگرام بە تەنزەوە نووسیویەتی: "ارشاد شد"، واتە "هیدایەت درا یان ڕێنوێنی کرا".
  2. حامید ئیسماعیلیون کە بەهۆی لێدانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە خێزانەکەی لەدەستدا، نووسیویەتی: "کۆماری پیس و گەندەڵ و پیاوکوژی ئیسلامی".
  3. عەلی دایی، ئەفسانەی تۆپی پێی ئێران و جیهان، لە کاردانەوەیەکدا سەبارەت بە کۆچی دوایی مەهسا ئەمینی نووسیویەتی: "چیتان هێنا بۆ ئەم خاکە؟" کچەکەم دەپرسێت چی ڕوویداوە؟ چ وەڵامێکم هەیە؟ بۆ چ گوناهێک؟".
  4. دەرهێنەر و سیناریۆنووس ئەسغەر فەرهادی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام وێنەیەکی مەهسا ئەمینی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئێمە لە بەرانبەر ئەم دڕندەییە بێکۆتایەدا خۆمان کردووە بە خەوتوو، ئێمە هاوبەشین لەم تاوانەدا”.
  5. گوڵشیفتە فەراهانی نووسیویەتی: "فڕی فڕی، ندا ئاغاسوڵتان فڕی، پویا بەختیاری فڕی، نەوید ئەفکاری فڕی، مەهسا ئەمینی فڕی، ژینای کوردستان فڕی .. کۆماری ئیسلامی نەفڕی!".

دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان

  • ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی داوای لێکۆڵینه‌وه‌ی تاوانکاری کرد له‌ کوژرانی گوماناوی مەهسا ئه‌مینی له‌ ئێران. بەپێی ئەم ڕێکخراوە، پێویستە "هەموو ئەفسەر و بەرپرسە بەرپرسەکان لەم دۆسیەیەدا بدرێنە دادگا و ئەو بارودۆخانەش کە دەبنە هۆی مردنی گوماناوی، کە بریتین لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نادروستی دیکە لە ناو دەستبەسەرکردنەکەدا، لێکۆڵینەوەی تاوانکارییان لەگەڵدا بکرێت".
  • ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ: "دەسەڵاتدارانی ئێران پێویستە یاسای ئیجباری حیجاب هەڵبوەشێننەوە و ئەو یاسایانەی تر کە ژنان لە سەربەخۆیی و مافەکانیان زەوت دەکەن لاببەن یان هەموار بکەنەوە".


سەرچاوەکان



982 بینین