خۆپیشاندانەکانی ئەیلوولی ٢٠٢٢ی ئێران

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-09-21-17:29:00 - کۆدی بابەت: 10333
خۆپیشاندانەکانی ئەیلوولی ٢٠٢٢ی ئێران

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ناڕەزایەتییەکانی ئەیلوولی ٢٠٢٢ی ئێران (بە ئینگلیزی: September 2022 Iranian protests، بە فارسی: اعتراضات شهریور ۱۴۰۱ ایران) زنجیرە خۆپێشاندانێکە کە لە ڕێکەوتی ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ دوای کوژرانی مەهسا ئەمینی بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئەخلاقیی ئێرانەوە لە شەقامی وزەرائی تاران دەستی پێکرد و لە شارەکانی سەقز، سنە، دیواندەرە، بانە، بیجار و شوێنەکانی تری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبووەوە. ئەم ناڕەزایەتیانە دوای ڕۆژێک بە خێرایی تەشەنەی کرد و تاران، مەشهەد، ئەسفەهان، شیراز، تەبرێز، قوم، ڕەشت، ساری، کەرەج، ئەراک، کرماشان، ورمێ، ئەردەبیل و زۆر شاری دیکەش پەیوەست بوون بەو ناڕەزایەتیانەوە.

هێزەکانی پۆلیس بە نەهێشتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت، دەستگیرکردنی بریندارانی خۆپێشاندان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی ساختە و تەقەکردن و لێدان و ڕژاندنی گازی فرمێسکڕژ و ئۆتۆمبێلی ئاوهاوێژ هەوڵی سەرکوتکردنی گردبوونەوەکانیان دا.

شوێن ڕۆژهەڵاتی کوردستان - ئێران
ناوچەکان ١١٥ شار لە ٣١ پارێزگا
هۆکار کوشتنی مەهسا ئەمینی
ئامانج جێگیربوونی دیموکراسی لە ئێران، لابردنی حیجابی ئیجباری
جۆر گردبوونەوەی سەرشەقام، کۆبوونەوە، مانگرتن
لایەنەکان

ناڕازییەکان

  • خەڵک
  • چالاکوانانی سیاسی
  • خوێندکارانی ناڕازی
  • ژنانی دژی حیجابی ئیجباری
  • پاشایی ویست و لایەنگرانی ڕەزا پەهلەوی

حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران

  • فەراجا
    • یەکەی تایبەت
    • یەکەی هاوکاری
    • پۆلیسی ئاسایشی گشتی
  • سوپای پاسداران
    • دەزگای زانیاریی سوپا
    • خۆبەخشانی بەسیج (جلوبەرگی مەدەنی)
سەرکردەکان
خەڵک، بەبێ سەرکردەیەکی دیاریکراو و لێشاوی ناڕەزایەتی کە خۆی ڕێبەری خۆپێشاندان دەکات
زیانەکان
زیاتر لە ٥٠ خۆپێشاندەر (زۆرینە لە کوردستان)
٤ بەسیجی و یەک پۆلیس

پاشخان

مەهسا ئەمینی کچێکی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ بوو کە لە ڕێکەوتی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە دەستبەسەر کرابوو، بەهۆی لێدان و برینداربوونی کەللەسەری مێشکی لەدەست دا و لە ڕۆژی ١٦ـی ئەیلوول گیانی لەدەست دا. دوای ئەم هەواڵە و پرسەی ناوبراو لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو. دوای ئەوە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ئەیلوول لە پارێزگای کوردستانەوە بۆ تاران بانگهێشتی مانگرتنی سەرتاسەری کرا. حیزبەکانی کوردستانی ئێران و چالاکانی مەدەنی و سیاسییانی کوردستان ڕۆژی دووشەممەیان بە ڕۆژی مانگرتنی گشتی ڕاگەیاند.

ناڕەزایەتیەکان

دوای چەند کاتژمێرێک لە کوژرانی، کۆمەڵێک کەس بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە کوشتنی لە نزیک نەخۆشخانەی کەسرا گردبوونەوە و دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "گەشتی ئیرشاد، گەشتی کوشتار"، "ئەو کەسە دەکوژم کە خوشکەکەمی کوشتووە". "سوێند بە خوێنی مەهسا، ئێران ئازاد دەبێت"، "خامنەیی بکوژە، حکوومەتەکەی بەتاڵە" و "ستەمکردن لە ژنان لە کوردستانەوە تا تاران"ـیان دەوتەوە. ئەم ناڕەزایەتیانە بە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران ڕووبەڕوو بووەوە. ژمارەیەک ژن لە کاردانەوە بە هێرشی هێزەکانی دژە یاخیبوون حیجابەکانیان داکەند و دروشمی "داعشی بێ شەرم"یان بەرزکردەوە.

زۆرێک لە خەڵکیش لە شەقامەکان دژی ئەم کردارە بە هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی. خەڵکی تارانیش لە گردبوونەوەیەکی شەوانەدا لە دەوری گۆڕەپانی ئەرجەنتین دروشمیان دژی حکوومەتی ئێران و حیجابی ئیجباری بەرزکردەوە. لەلایەکی دیکەوە لە گردبوونەوەیەکی دیکەی شەودا کۆمەڵێک ژن لەچکەکانیان داکەند و دروشمیان دژی ئەفسەرەکان وتەوە. 

لە ڕۆژی شەممەوە و دوای بەخاکسپاردنی مەهسا ئەمینی، لە شاری سەقز و زێدی خۆی و شاری سنە گردبوونەوەیەکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی دروست بوو، کە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک تەقەیان کرد و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا. 

١٨ی ئەیلوول

خەڵکی شاری سنە بۆ جارێکی دیکە شەوی یەکشەممە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە کۆچی دوایی مەهسا ئەمینی ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمەکانی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"ـیان دەوتەوە. هەندێک لە ژنانیش لەچکەکانی خۆیان فڕێ دا و دوای تێکڕژانی هێزەکانی پۆلیس دۆخەکە گرژی تێکەوت. ئەم خۆپیشاندانە لە دەوروبەری گۆڕەپانی ئیقبال دەستی پێکرد و هێزەکانی دژە ئاژاوە لە شەقامەکانی فێردەوسی و ٦ی بەهمەن لە شاری سنە تەقەیان لە خەڵک کرد. زۆرێک لە خەڵکی ڕایانگەیاند کە لە شارەکە ئینتەرنێت بە یەکجاری پچڕاوە.

لە شاری تارانیش خوێندکارانی زانکۆی تاران مانیان گرت و دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردەوە. لەم ڕۆژەدا هێزێکی زۆری ئاسایش و پۆلیس لە شارەکانی تاران و مەشهەد بڵاوکرایەوە. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ژمارەیەك لە بەكارهێنەران وەك نیشانەی توڕەیی و هاوسۆزی قژی خۆیان بڕی و تاشی.

١٩ی ئەیلوول

خوێندکارانی زانکۆی ئەمیرکەبیر لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە کوشتنی مەهسا ئەمینی گردبوونەوە و ژمارەیەک لە هێزەکانی بەسیجی هەوڵیان دا بە هێرشکردنە سەر خوێندکارەکان کۆتایی بە گردبوونەوەکە بهێنن، بەڵام شکستیان هێنا. لەگەڵیشیدا لە شارە جیاجیاکانی پارێزگای کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا وەک ناڕەزایەتی بە کوشتنی مەهسا ئەمینی مانگرتنی گشتی دەستیپێکرد و بازرگانان و دوکانداران دوکانەکانیان نەکردەوە. 

لە شاری تاران گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە یەکتربڕینی شەقامی حیجاب و بلواری کشاوەرز ڕوویدا کە لەلایەن هێزی پۆلیس و کەسانی تایبەتەوە هێرشی دڕندانە کرایە سەر خۆپیشاندەران و دەیان گازی فرمێسکڕێژ و فیشەک تەقێنران. بەڵام بەهۆی زۆریی خۆپێشاندەرانەوە زۆرێک لە یەکەکانی پۆلیس و ماتۆڕسوارانی جلوبەرگی مەدەنی کشانەوە. لە شاری بۆکان کچێکی ١٠ ساڵە بەهۆی فیشەکی هێزەکانی پۆلیسەوە بریندار کرا. 

لە زۆرێک لە شوێن و کۆڵان و ڕێگا سەرەکییەکانیش دروشمی جیاجیا بڵاو دەکرایەوە، وەک "پەیوەندی بە کێوە بکەین کاتێک پۆلیس بکوژە؟!". هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردنەوەی هاشتاگی مەهسا ئەمینی ملیۆنانی تێپەڕاند و هەزاران ڤیدیۆی توندوتیژییەکانی حکوومەت بڵاوکرانەوە. لە زۆرێک لە شوێنەکانیش بە سووتاندنی لەچک و ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی.

٢٠ی ئەیلوول

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ئەیلوول، خوێندکارانی زانکۆی شەهید بەهەشتی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی مەهسا ئەمینی و ستەم و زۆرداری کۆماری ئیسلامیی ئێران گردبوونەوە. چەندین دروشمی دژی حکوومەت لەوێ وترایەوە و خوێندکارانی کچی ئەم زانکۆیە وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە حیجابی ئیجباری ئاگریان لە لەچکەکانیان بەردا. دوابەدوای ئەو ناڕەزایەتیانە، زانکۆی تاران خوێندنی بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگرت. جیا لەو دوو زانکۆیە هەریەک لە زانکۆ و خوێندنگەکانی (دانشگاه علم و صنعت تهران، دانشگاه خوارزمی کرج، دانشگاه یزد، دانشگاه تبریز، دانشگاه علم و فرهنگ تهران، دانشگاه صنعتی اصفهان) گردبوونەوە.

لە شاری تاران گەورەترین خۆپێشاندان ڕوویدا کە ئەم گردبوونەوە ناڕەزایەتییە بەهۆی تەقەی زۆر و هێرشی بەربڵاوی هێزەکانەوە تێکچوو. ئاگرکردنەوە و هەڵواسینی وێنەی مەهسا لە چەندین شوێن بینرا. هەروەها خەڵکی بە هۆڕنلێدانی بەردەوام بۆ پشتگیری لە خۆپێشاندەران ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە زۆرینەی شوێنە گشتی و تایبەتەکان بە وتنەوەی دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" خەڵکی هەڵوێستیان وەرگرت. لە هەمان کات لە هەریەک لە شارەکانی (ئەسفەهان، زەنجان، تەبرێز، ئیلام، هەمەدان، مەشهەد، قەزوین، کرمان، خورەمئاباد، کرماشان، قوم، بەندەرعەباس، شیراز، ساری، سەبزوار، گورگان، کیش، بووشەهر، بیرجەند، ئورومییە، ڕەشت و پیرانشار) خۆپێشاندانی گەورە بەڕێوەچوو و لە زۆرێک لە شوێنەکان توندوتیژی ڕوویدا.

٢١ی ئەیلوول

لە ڕۆژی ٢١ی ئەیلوول لە زۆرینەی زانکۆ و کۆلێجەکانی تاران خۆپێشاندان ڕوویدا و خوێندن ڕاگیرا. بە وتنەوەی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "تۆپ و تانک و یاری ئاگرین، دەبێت ئاخوند ون ببێت"، "نە سەرپۆش، نە ناوپۆش، و ئازادی و دادگەری" خۆپێشاندانەکان بەردەوامی هەبوو. شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی ئەیلوول، هەشت کەس لە شنۆ، ورمێ، شاباد و ئیلام گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، بەوەش ژمارەی ئەوانەی لە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، گەیشتنە ١٦ کەس. لەگەڵیشیدا هێڵەکانی ئینتەرنێت یان بە تەواوی پچڕاوە یان زۆر خاوبووەتەوە. 

٢٢ و ٢٣ی ئەیلوول 

گروپی هاککردنی Anonymous لە هەڵمەتێکدا دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە توانی بنکەی لێکۆڵینەوەی پزیشکی یاسایی ئێران هاک بکات، ڕایگەیاند توانیویەتی ماڵپەڕی سەرۆک کۆماری ئێران هاک بکات. دوای چەند کاتژمێرێک ماڵپەڕی ئاژانسی پەخشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕووی نێودەوڵەتییەوە وەستا و تەنیا لە ناوخۆی ئێرانەوە دەتوانرا دەست پێی بگات. هاککەران ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی "ترس" لە هێرشی ئەم گرووپە، ماڵپەڕی سەدا و سیمای هەڵپەساردووە. 

نێتبلۆکس، ڕێکخراوێکی ناحکوومییە کە سەرپەرشتی ئینتەرنێت دەکات لە جیهاندا، ڕۆژی چوارشەممە پشتڕاستی کردەوە کە دەستڕاگەیشتن بە واتسئەپ و ئینستاگرام لە ئێران سنووردار کراوە، ئینتەرنێتی هەمراهئەوەل و ئێرانسێڵ تووشی پچڕانی ناوچەیی بوون لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، هەروەها ڕایگەیاند ئێران لە ژێر توندترین سنووردارکردنی ئینتەرنێتدایە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ـەوە.

لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لوتکەی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی جیهان بوو، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران بە باسکردنی قاسم سولەیمانی و باسکردنی کۆمەڵێک بابەت دوور لە خۆپێشاندەران وتەکانی بەکۆتا هێنا. دواتر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: "هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ هاووڵاتیان و ژنانی ئازای ئێران دەردەبڕین کە ئێستا خۆپیشاندان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان.". هەروەها سەرۆکی چیلی، گابرێل بوریچ وتی "پێویستمان بە ڕاگەیاندن نییە. ئێمە پێویستمان بە کردەوە هەیە بۆ ئەوەی هەوڵەکانمان لەسەر وەستاندنی توندوتیژی دژی ژنان چڕ بکەینەوە؛ جا چ لە ئێران بێت و بۆ یادی مەهسا ئەمینی بێت کە لە دەستبەسەری پۆلیسدا کوژراوە یان لە هەر شوێنێکی تری جیهان". 

لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ئەیلوول، دەوڵەتی ئێران گرووپی کۆمپانیاکانی مێتا و خزمەتگوزارییەکانی لە وڵاتی ئێران وەستاند، کە هەریەک لە بەرنامەکانی واتسئەپ، فەیسبووک و ئینستاگرام دەگرێتەوە. هەروەها بەشی گەڕانی گووگڵی وەستاند بۆ ئەوەی خەڵکی ئاگاداری دواهەمین هەواڵەکان نەبن، بەڵام گووگڵ دوای ماوەیەکی کەم کارا کرایەوە.

لە شەوی ٢٣ی ئەیلوول ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەر و خاوەنی هەردوو کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا رایگەیاند، ئاماده‌یه‌ خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت بگه‌یه‌نێته‌ ناوچه‌كانی ئێران و لە تویتێکدا ئاشکرای کرد، کە مانگی دەستکردی ستارلینک کارا کرا. ئەمەش دوای ئەوەی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا بۆ دابینكردنی ئینته‌رنێت له‌ ڕێگه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ به‌هۆی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانه‌وه‌، له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ هێڵی ئینته‌رنێتی تێدا سنوورداركراوه‌.

٢٤ی ئەیلوول

لە کۆتایی ٢٣ی ئەیلوول و سەرەتای ٢٤ی ٩ لە شەودا، کۆمەڵێک هەواڵ لەسەر داگیرکردنی شارستانی شنۆ لەلایەن خەڵکەوە بڵاو کرایەوە، هەروەها چەندین گرتەی تەقینەوەی بارەگایەکی سەربازی سوپای پاسداران بڵاو کرایەوە لەنێو شاردا کە ئاگرێکی گەورەی دروست کردبوو.  

تۆڕی کۆمەڵایەتی

ژمارەی هاشتاگ: زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن تویت و ڕیتویت.

لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا و بەتایبەت تویتەر، بەکارهێنەران بە هاشتاگی #مەهسا_ئەمینی و #ژینا_ئەمینی و #Mahsa_Amini ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرانبەر بەم ڕووداوە. هاشتاگی #مەهسا_ئەمینی لە تویتەر تا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ئەیلوول زیاتر لە ٤٠ ملیۆن تویت و ڕیتویتی تێپەڕاند، پێشتر لە ١٩ی ئەیلوول بە ١١ ملیۆن لایک، ژمارەی پێوانەیی هاشتاگی #اعدام_نکنید ـی شکاند کە لە ساڵی ٢٠١٩ بووە ڕەوتێکی جیهانی. 

هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئێران

گروپی هاککردنی Anonymous کە یەکێکە لە بەناوبانگترین گرووپەکانی هاککردن لە جیهاندا، دوای مردنی مەهسا ئەمینی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایانگەیاند کە لەگەڵ خەڵکی ئێرانن. دواتریش لە ڕۆژی ٢١ی ئەیلوول ئەم گرووپە ژمارەیەک ماڵپەڕی سەرەکییان لە ئێران هاک کرد. هه‌روه‌ها ماڵپه‌ڕی ئینته‌رنێتی حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن و پۆرتاڵی نیشتمانی حكوومه‌تی زیره‌ك له‌لایه‌ن دی ئۆ ئێسه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر و چه‌ندین جار په‌یوه‌ندییان پچڕاند و دووباره‌ گەڕانەوە.

لە ڕۆژی ٢٢ی ئەیلوول هەریەک لە ماڵپەڕی ڕابەری کۆماری ئیسلامی، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆمار، زیاتر لە ٢٠٠٠ کامێرای چاودێری ئاسایش و پۆلیس لەکار خران.

دروشمەکان

  • کوشتن له سه‌ر ڕووسه‌ری، تا کەی قوڕبه‌سه‌ری
  • گەشتی ئیرشاد بیانوویەکە، ئامانجی سەرەکی ڕژێمە
  • شەرمەزاری ئێمە، شەرمەزاریمان/ ڕابەرە گەمژەکەمان
  • مەرگ بۆ خامنەیی
  • سەقز بە تەنیا نییە، سنە لە پشتیەتی
  • ژن، ژیان، ئازادی
  • گەشتی ئیرشاد، گەشتی کوشتار
  • ڕەزاشا ڕۆحت شاد
  • ئەو کەسە دەکوژم خوشکمی کوشت
  • سوێند بە خوێنی مەهسا، ئێران ئازاد دەبێت
  • لە کوردستان بۆ تاران، ستەم دژی ژنان
  • هەموو ئێران خوێناوییە، لە کوردستان تا تاران
  • نە سەرپۆش، نە ناوپۆش، ئازادی و دادپەروەری
  • ئەمە کۆتا پەیامە، ئامانج خودی ڕژێمە
  • حیجابمان بە زۆر ناوێت، نامانەوێت
  • ئەم هەموو ساڵە تاوان، مەرگ بۆ ئەم ویلایەتە


سەرچاوەکان



1172 بینین