سەردەمی برۆنز

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-22-23:12:00 - کۆدی بابەت: 10415
سەردەمی برۆنز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاخی بڕۆنز یان سەردەمی برۆنزی (بە ئینگلیزی: Bronze Age، بە عەرەبی: العصر البرونزي) قۆناغێکی مێژووییە، لە پاش سەردەمی کاتی مس و سەردەمی بەردین دێت، لەم سەردەمەدا بۆ یەکەم جار مرۆڤ دەستی بە کارکردن بە کانزا کرد، چەک و ئامراز و ئامێری کانزایی جێگەی بەردینی گرتەوە، ڕەنگە سۆمەرییە کۆنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکەم کەس بووبن کە چووبنە سەردەمی برۆنزەوە، بەرواری دەستپێکردنی سەردەمی برۆنز لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاواز بووە، لە یۆنان و چین پێش ساڵی ٣٠٠٠ـی پێش زایینی دەستی پێکردووە، لە کاتێکدا لە بەریتانیا تا ساڵی ١٩٠٠ـی پێش زایینی دەستی پێ نەکردووە، لە سەردەمی برۆنزدا مرۆڤەکان پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای زۆریان بەدەست هێنا، لەوانە یەکەم سیستمی نووسین و داهێنانی چەرخ. 

دەربارەی سەردەمی برۆنز 

قۆناغی سەرەتای سەردەمی برۆنز هەندێک جار پێی دەوترێت سەردەمی مس و بەردینی، کە ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی سەرەتای مسی پوخت، سەرەتا بەکارهێنانی کەم بوو، تەنها بۆ شتە بچووکەکان یان بەنرخەکان بەکاردەهێنرا، بەکارهێنانی لە ئەنادۆڵ لە ساڵانی ٦٥٠٠ـی پێش زایینی ناسرا، زۆری نەخایەند بڵاو بوویەوە. 

لە ناوەڕاستی هەزارەی چوارەمدا کانزاسازی مس بەخێرایی گەشەی کرد، هۆکارێک بوو بۆ ئاوەدانکردنەوە و شارنشینی میزۆپۆتامیا. لە ساڵی ٣٠٠ بەکارهێنانی مس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناسراو بوو، پاشان بەرەو ڕۆژاوا بۆ ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست درێژبوویەوە، پاشان وردە وردە چووە سەردەمی بەردینی نوێوە لە ئەورووپا.

ئەم قۆناغە سەرەتاییەی مس بە بەشێک لە سەردەمی برۆنز دادەنرێت، برۆنزی ڕاستەقینە لە داڕشتەی مس و تەنەکەیە، لە سەرەتادا بە دەگمەن بەکاردەهێنرا. لە ماوەی هەزارەی دووەمدا بەکارهێنانی برۆنزی ڕاستەقینە زیادی کرد. 

بازرگانی لە سەردەمی برۆنز

بازرگانی و پیشەسازی ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە گەشەکردنی شارستانیەتەکانی سەردەمی برۆنزی کۆندا. لەگەڵ دۆزینەوەی شوێنەوارەکانی شارستانیەتی دۆڵی ئیندوس لە میزۆپۆتامیا و میسڕی کۆن، ڕوونە کە ئەم شارستانیەتانە تەنیا لە پەیوەندیدا نەبوون لەگەڵ یەکتردا بەڵکوو بازرگانییان لەگەڵ یەکتردا کردووە. بازرگانی مەودای دوور لە سەرەتادا تەنها بۆ کاڵاکانی وەکوو بەهارات، قوماش و کانزا بەنرخەکان بوو. ئەمە نەک هەر وایکرد ئەو شارانەی کە بڕێکی زۆر لەم بەرهەمانەیان هەبوو دەوڵەمەند بن بەڵکوو بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بووە هۆی تێکەڵبوونی کولتوورەکان.

ڕێگا بازرگانییەکان تەنیا لە ڕێگەی وشکانییەوە نەبوون بەڵکوو ڕێگای ئاویشی دەرگرتەوە. یەکەم و فراوانترین ڕێگای بازرگانی بەسەر ڕووبارەکانی وەک نیل و دیجلە و فوراتدا بوو، کە بووە هۆی گەشەکردنی شارەکانی کەناری ئەم ڕووبارانە. هەروەها ڕاگرتی وشترەکان یارمەتیدەر بوو بۆ هاندانی بەکارهێنانی ڕێگا بازرگانییەکان بەسەر وشکانیدا، دۆڵی ئیندوسی بە دەریای ناوەڕاستەوە بەستەوە. 

ئامرازەکانی سەردەمی برۆنز

ڕەنگە سۆمەرییە کۆنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکەم کەس بووبن بچنە سەردەمی برۆنزەوە، دەستیان کردبێت بە زیادکردنی تەنەکە بۆ مس بۆ دروستکردنی برۆنز. برۆنز لە مس ڕەقتر و بەهێزتر بوو ئەمەش وای کرد برۆنز کانزایەکی باشتر بێت بۆ دروستکردنی ئامێر و چەک. بەڵگە و شوێنەوارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕانکاری لە مسەوە بۆ برۆنز لە دەوروبەری ٣٣٠٠ ساڵی پێش زایینی ڕووی داوە.

داهێنانی برۆنز کۆتایی بە سەردەمی بەردین و سەردەمی مس هێنا کە سەردەمی پێش سەردەمی برۆنزن و بە شێوەیەکی گشتی لە ئامێرەکاندا بەرد بەکارهێنراوە و لە سەردەمی مسیشدا مس بەکارهێنراوە. کۆمەڵگە مرۆییە جیاوازەکان لە سەردەمی جیاوازدا چوونەتە سەردەمی برۆنزەوە، شارستانییەتەکان لە یۆنان لە ٣٠٠٠ ساڵی پێش زایینی دەستیان بە بەکارهێنانی برۆنز لە ئامێرەکانیاندا کرد، دوورگەکانی بەریتانیا و چین زۆر دواتر چوونە سەردەمی برۆنزەوە، کە لە دەوروبەری ١٩٠٠ ساڵی پێش زایینی و ١٦٠٠ ساڵی پێش زایینی بوو. 

شوێنەوارناسانی ئەورووپا کۆمەڵێک چەک و ئامرازی سەردەمی برۆنزیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە ٤٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بەشێک لە ئامرازە بەکارهاتووەکان ڕم، شمشێر، قەڵغان، تەور، تەورزین، خەنجێر و تیروکەوان و چەندانی ترن.

داهێنانەکانی سەردەمی برۆنز

داهێنانەکانی سەردەمی برۆنز ڕۆڵێکی گرنگیان لە گەشەسەندنی مرۆڤ هەبووە، لەم سەردەمەدا مرۆڤ چەندین داهێنان و ئامرازی بەرهەمهێناوە، کە نەک هەر یارمەتیدەر بوو لە پێشخستنی ژیانی ڕۆژانەیان بەڵکوو بنەمای نەتەوە و شارستانییەتی داهاتوویان پێکهێنا. بەشێک لە گرنگترین و دیارترین داهێنانەکان بریتین لە نووسین، سابوون، حەبل، چەتر، کۆلارە، قفڵ، شمشێر، تەور، شمشێری شێوە داس، تەوری برۆنز، گاسن، ویل و گالیسکە و چەندانی تر.

نەمانی سەردەمی برۆنز

سەردەمی برۆنز لە دەوروبەری ١٢٠٠ ساڵی پێش زایینی لەناکاو کۆتایی هات، مێژووناسان بە دڵنیاییەوە هۆکاری داڕمانی سەردەمی برۆنز نازانن، بەڵام زۆرێک پێیان وایە گواستنەوەی لەناوکاو و توندوتیژ و تێکدانی کولتووری بووە. ئەگەری ئەوە هەیە کە لە یەک کاتدا لەناوچوونی زۆرێک لە شارستانیەتی کۆن بەهۆی یەک ڕووداو یان کارەساتەوە نەبووبێت، بەڵکو هەر یەکەیان بەهۆی هۆکارێکەوە بووە. 

زانایان پێیان وایە تێکەڵەیەک لە کارەساتی سروشتی ڕەنگە چەندین ئیمپراتۆریەتی سەردەمی برۆنزی ڕوخاندبێت. بەڵگە شوێنەوارییەکان پێشنیاری یەک لە دوای یەک و وشکەساڵی توند لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکەن لە ماوەی ١٥٠ ساڵدا لە ١٢٥٠ تا ١١٠٠ ساڵی پێش زایینی ڕوویداوە. هەروەها ڕەنگە بومەلەرزە، برسێتی، نائارامی کۆمەڵایەتی، سیاسی و داگیرکردنی هۆزە کۆچەرەکان ڕۆڵیان هەبووبێت.

یەکێک لە تیۆرییەکانی داڕمانی سەردەمی برۆنزی کەمی تەنەکە بوو، ئەم هۆکارە کرێکارانی کانزای ناچارکرد بەدوای کانزایەکی جێگرەوەدا بگەڕێن، لێرەوە ئاسن بوو بە کانزای پەسەندکراوی داهاتوو.

لە ساڵی ١٠٠٠ـی پێش زایینی توانای گەرمکردن و دروستکردنی ئاسن سەری هەڵدا، بەمەش سەردەمی برۆنزی کۆتایی هات و سەرەتای سەردەمی ئاسن دەستیپێکرد. 


سەرچاوەکان



443 بینین