براندی گووچی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-03-14:47:00 - کۆدی بابەت: 10531
براندی گووچی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیای گووچی یان بڕاندی گووچی یاخود گووتچی (بە عەرەبی: غوتشي، بە ئینگلیزی: Gucci) بریتییە له براندێکی ئیتاڵی و یەکێکە لە براندە جیهانییە گرانبەهاکان، بەرهەمەکانی لە جیهاندا زۆر ناودار و بەربڵاوە و ناودرانی جیهان بەکاریدەهێنن، بە کۆنترین بڕاندی جیهانی دادەنرێت و مێژووییەکی دێرینی هەیە، لە ساڵی ١٩٢١ـەوە دامەزراوە و ماوەی سەدەیەکە وەکوو هێمای پیشەسازی مۆدەی بڕاندی ئیتاڵیا لە جیهاندا دادەنرێت.

بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیایە تایبەت و هەمەجۆرن بریتیین لە ئێکسسوارات و ئارایشت، بۆن و ماکیاج، خشڵ، چاویلکە، پۆشاک، جوانکاری ناوماڵ، جانتا و پێڵاو و بەرهەمە چەرمییەکان، هاوکات بەرهەمەکانیان بۆ ژنان و پیاوان و منداڵان بەردەستن. لە کۆتا داتا و تۆمارەکاندا گووچی خاوەن ٤٨٧ لق و فرۆشگایە لە جیهاندا کە نزیکە ١٧١٥٧ کارمەندی هەیە، داهاتی ساڵانەی بە زیاتر لە نۆ ملیار یۆرۆ دەخەمڵێندرێت، بە فەرمی بڕاندی گووچی سەر بە گرووپی کۆمپانیاکانی کێرینگی فەڕەنسییە کە بە PPR ناسراوە و تایبەتە بە بەرهەمی گرانبەها لە جیهاندا.

هاوکات لە یادی دامەزراندنیدا کۆمپانیای گووچی مۆزەخانەیەکی تایبەتی بە بەرهەمەکانی لە شاری فلۆرێنسای ئیتاڵیا کردەوە، کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٧١٥ مەتر دووجایە و پانتاییەکی فراوانی داگیرکردووە، مۆزەخانەکە مێژووی سەد ساڵەی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە دەخاتە ڕوو و ساڵانە گەشتیاران سەردانی دەکەن.

سەرەتا و مێژووی دروست بوونی

مێژووی دامەزراندنی گووچی دەگەڕێتەوە بۆ یەک سەدە پێش ئێستا و لە ساڵی ١٩٢١ لە شاری فلۆرێنسای وڵاتی ئیتاڵیا دامەزراوە. گووچی سەرەتا تەنیا فرۆشگایەکی بچووکی بەرهەمە چەرمییەکان بوو، لەلایەن گووچیۆ گووچی کە بازرگان و کاسبکارێک بوو کاری ئازادی دەکرد دامەزرا.

گووچیۆ هەر لە ساڵی ١٩٠٦ بۆ بەرهەمە لە چەرم دروستکراوەکان کارخانەیەکی بچووکی دامەزراند، لە ساڵی ١٩٢١ کارخانەکەی فراوان کرد و یەکەمین جانتای دەستی خانمانی بەشێوەیەکی جیاوازی لە چەرم دروست کرد و خستییە بازاڕەوە و زۆر بڵاوبووەوە، بۆیە جانتای چەرمی بە یەکەمین بەرهەمی کۆمپانیا گووچی دادەنرێت و بەوهۆیەوە بووە بڕاندێکی جیهانی.

ساڵ لە دوای ساڵ داواکاری لەسەر بەرهەمەکانی گووچی زیاتر دەبوو، بۆیە یەکەمین لقی فرۆشگای گووچی لە شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لە ساڵی ١٩٣٨ کرایەوە، پاشان لە ساڵی ١٩٥١ ناوەندێکی تری گووچی لە شاری میلانۆ کرایەوە و بووە دووەمین ناوەندی فرۆشتنی بەرهەمەکانی گووچی لە وڵاتی ئیتاڵیا. هەتاکوو ساڵی ١٩٥٣ بەڕێوبەر و سەرۆکی گشتی بڕاندەکە گووچیۆ گووچی خۆی بوو، دوای کۆچی دوایی سەرۆک، هەر سێ کوڕەکەی بوونە بەرپرس و بەڕێوبەری بڕاندەکە.

لە ساڵی ١٩٦١ یەکەمین لقی فرۆشگاکانی گووچی لە شاری لەندەنی بەریتانیا لە دەرەوەی وڵاتی ئیتاڵیا کرایەوە. لە ماوەی نێوان ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کۆمپانیا گووچی ڕووبەڕووی شکست بووەوە، سەرۆکی کۆمپانیا بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج ڕاپێچی زیندان کرا و بەوهۆیەوە بەرهەمهێنان سست و لاواز بوو و کۆمپانیاکە تووشی زیانی دارایی بووەوە. لە ساڵی ١٩٩٠ بەهۆی ئەوەی تۆم فۆڕدی دیزاینەری ناوداری ئەمریکی بووە ئەندام لە کۆمپانیاکە، بەهۆی دیزاینە ناوازە و سەرنجڕاکێشەکانییەوە دووبارە کۆمپانیاکە بووژایەوە.

هێما و لۆگۆکەی

گووچی هێمایەکی لاکێشەیی هەیە کە ڕەنگی پشت هێماکەوە سەوزێکی تۆخە و بە دوو پیتی G زمانی ئینگلیزی بەشێوەیەکی دیار نووسراون، بەهۆی ناوی دامەزرێنەرەکەی گووچیۆ گووچی ئەو پیتە بۆ هێماکەی هەڵبژێردراوە.

گرنکترین بەرهەمەکانی 

جانتا و پێڵاو

جانتا و پێڵاوی چەرم لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی بڕاندی گووچی بوون و هۆکاری ناوداربوونی ئەم مارکەیە بوون. جانتا و پێڵاوی چەرمی گووچی باشترین کەرەستەی خاوی چەرمی لە دروستکردنیدا بەکاردەهێنن. بەرهەمی جانتاکانی هەمەجۆرن و قەبارەیان جیاوازە، پێکدێن لە جانتای دەستی خانمان، جانتای پیاوانە، جانتای گەشت کردن و کیفی دەستی بچووک و چەندان تر. هاوکات پێڵاوی گووچی بۆ ژنان و پیاوان بەردەستە و زۆرێک لە بەرهەمەکانی لە چەرمی پتەو دروستکراون و بە قەبارە و شێوە و جۆری جیاواز بەردەستن.

کاتژمێری دەستی

کاتژمێرە دەستییەکانی گووچی بۆ هەردوو ڕەگەز بەردەستن، لە کانزای گرانبەها دروست دەکرێن و هێمای بڕاندەکە یان ناوەکەی لەسەر کاتژمێرەکە دەنەخشێندرێت، کاتژمێری خانمان و پیاوان لەم براندە بەردەستە و هاوکات نرخەکانیان زۆر گرانە.

بۆن

لە ساڵی ١٩٧٥ یەکەمین جۆری بۆنی تایبەت بە گووچی بەرهەمهێنرا، تاکوو ئێستا بەرهەمهێنانی بۆنی ئەو بڕاندە بەردەوامە و بۆنی گووچی بۆ هەردوو ڕەگەز بەردەستە.

ئێکسسوارات

گووچی ژمارەیەکی زۆر لە ئێکسسواراتی هەمەجۆری ژنانە و پیاوانە بەرهەم دەهێنێت نموونەی خشڵ و بازنگ و ملوانکە و گوارە، چاویلکە، پشتێن، کڵاو و شەپقە، ماکیاج و ئارایشتی خانمان و چەندان بابەتی تر بە کواڵێتی بەرز بەردەستن و هاوکات بەرهەمەکانی گووچی بە نرخی بەرز ناودارن.


سەرچاوەکان



568 بینین