گونجانی کەسەکان بەپێی بورجەکان

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-12-05-20:38:00 - کۆدی بابەت: 10557
گونجانی کەسەکان بەپێی بورجەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بورجەکان لە ئەستێرەناسی ڕۆژاوایی و فەلەکناسیدا، بورجەکان بەسەر ١٢ نیشانەدا دابەش کراون، کە هەر یەکەیان ٣٠ پلە لە هێڵی درێژیی ئاسمانیی درێژ دەبنەوە و دەگونجێن لەگەڵ ڕێکخستنی شێوەی ئەستێرەکانیاندا کە لەو ناوچەیەدا ئەستێرەکان لەسەر شێوەی ئاژەڵ، شتانی ئەفسانەیی و شتانی بێ گیانن، فەلەکناسەکان پێیان وا بووە ئەستێرەکان لە کاتی جووڵانیاندا شێوەی جیاوازیان هەیە و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ و گونجاندنیان لەگەڵ یەکتردا هەیە.

گونجانی کەسەکان بەپێی بورجەکان

گونجانی کەسەکان بەپێی بورجەکان یان کەڵووەکان (بە ئینگلیزی: Zodiac signs compatibility، بە عەرەبی: تطابق ابراج الفلکیة) لە ئەستێرەناسیدا تێڕوانینێکە گونجانی کەسەکان و کەسایەتییان بەپێی کاتی لەدایکبوون و جیاوازی بورجەکانیان لە یەکتر باس دەکات، هەر بورجێک لەگەڵ کۆمەڵە بورجێکی تردا پەیوەندی هاوڕێیەتی یان خۆشەویستی دابنێت کە دەگونجێت لەگەڵیدا، بە پێچەوانەشەوە هەندێکی تر لە بورجەکان باشترە پەیوەندی لەگەڵ یەکتر دروست نەکەن چونکە لە ئەستێرەناسیدا لەو پەیوەندییە سەرکەوتوو نابن و ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیانەوە، بورجەکان و گونجانیان لەگەڵ یەکتر هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و ڕەتکراوەیە بەهۆی ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی گونجاو نین بۆ وەسفکردنی گەردوون.

بورجی کاوڕ

لەدایکبووانی نێوان ٢١/٣ بۆ ٢٠/٤ دەگرێتەوە، بەگشتی لەدایکبووانی بورجی کاوڕ لەگەڵ یەکتر زۆر دەگونجێن، چونکە لەدایکبووی هەمان بورج لە زمان و خواستی یەکتر تێ دەگەن و لەگەڵ یەکتردا دەگونجێن و مەیلیان بۆ یەکتر هەیە، بورجی کاوڕ لەگەڵ بورجەکانی کەوان و شێریش گونجانێک زۆر لەنێوانیاندایە، لە ڕوانگەی ئەستێرەناسییەوە سەرکەوتن و گونجانی پەیوەندی خۆشەویستی بورجی کاوڕ لەگەڵ بورجی شێردا ٩٧٪، بورجی دووپشک ٩٣٪، بورجی تەرازوو ٨٥٪، بورجی دووانە ٨٣٪، هەروەها ناتوانێت بگونجێت و پەیوەندی خۆشەویستی دابنێت هەندێک بورجدا چونکە کەمترین لێکچوون و لێکتێگەیشتن هەیە لە نێوانیاندا کە بریتین لە بورجی گیسک ٤٧٪، بورجی قرژاڵ ٤٢٪، بورجی گا ٣٨٪.

بورجی گا

لەدایکبووانی ٢٠/٤ بۆ ٢٠/٥ دەگرێتەوە، زۆرترین گونجان و تێگەیشتن لەگەڵ ئەم بورجەدا بریتییە لە بورجی دووپشک چونکە هەندێک جار پێچەوانەکان یەکتر تەواو دەکەن، هەروەها لەگەڵ بورجەکانی گوڵەگەنم و قرژاڵ و گیسکیش زۆرباش هەڵدەکەن، ڕێژەی گونجانی ئەم بورجە لەگەڵ بورجی گیسک ٩٨٪، بورجی قرژاڵ ٩٧٪، بورجی گوڵەگەنم ٩٠٪، بورجی دووپشک ٨٨٪، بورجی نەهەنگ ٨٥٪، کەمترین گونجان و لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەم بورجە و بورجی دووانەدا هەیە کە بریتییە لە ٣٣٪، بورجی کەوان ٣٠٪.

بورجی دووانە

لەدایکبووانی ٢١/٥ بۆ ٢٠/٦ دەگرێتەوە، گونجاوترین کەس بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەم بورجەدا بریتییە لە بورجە هەواییەکانی (تەرازوو، سەتڵ) چونکە دەتوانن لە سروشت و دەروون و کەسایەتی یەکتر زۆرباش تێبگەن، هەروەها بورجە ئاگرییەکانیش وەک (کاوڕ، شێر، کەوان) چونکە هەمان ڕێژەی وزە هەڵدەگرن و لەگەڵ بورجی دووانە بەباشی هەڵدەکەن، ڕێژەی گونجانی ئەم بورجە لەگەڵ بورجی تەرازوو بریتییە لە ٩٣٪، بورجی شێر ٨٨٪، بورجی سەتڵ ٨٥٪، بورجی کاوڕ ٨٣٪، هەروەها کەمترین گونجان و لێکتێگەیشتن دەبینرێت لەنێوان ئەم بورجە و بورجی گا ٣٣٪، بورجی دووپشک ٢٨٪.

بورجی قرژاڵ

لەدایکبووانی ٢١/٦ بۆ ٢٢/٧ دەگرێتەوە، ئەو کەسانەی ئەم خاوەنی ئەم بورجەن دەتوانن زۆر بەباشی بگونجێن لەگەڵ بورجە ئاوییەکان (نەهەنگ، دووپشک) چونکە زمانی ناخییان هاوشێوەیە، هەروەها لەگەڵ بورجە خاکییەکانیش (گوڵەگەنم، گا، گیسک) پەیوەندی خۆشەویستی و هاوڕێیەتییەک قووڵ لەنێوانیاندایە و زۆربەی کات دەتوانن بەبێ گفتوگۆکردن پێویستییەکانی یەکتر بزانن، ڕێژەی گونجانی بورجی قرژاڵ لەگەڵ بورجی نەهەنگ ٩٨٪، بورجی گا ٩٧٪، بورجی دووپشک ٩٤٪، هەروەها لەگەڵ بورجی شێر ٣٥٪، بورجی سەتڵ ٢٧٪، بەهۆی کەمی تێگەیشتن و گونجان وا باشترە بورجی قرژاڵ لە بورجی سەتڵ و کەوان دوور بکەونەوە.

بورجی شێر

ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەنێوان ٢٣/٧ بۆ ٢٢/٨ لەدایکبوون، بە گشتی باشترین و گونجاوترین بورجەکان بۆ هاوڕێیەتی و پەیوەندی ڕۆمانسی لەگەڵ بورجی شێردا بریتییە لە بورجە ئاگرییەکان و هەواییەکانە وەک (کاوڕ، کەوان، دووانە، سەتڵ) لەبەر ئەوەی هەمان خولیا و گەرمییان هەیە لە پەیوەندییەکەیان، هەروەها ڕێژەی گونجانی بورجی شێر لەگەڵ بورجی تەرازوو بریتییە لە ٩٧٪، بورجی کاوڕ ٩٧٪، بورجی کەوان ٩٣٪، بورجی دووانە ٨٨٪، هەروەها کەمترین گونجانی لەگەڵ بورجی گیسک ٣٥٪، بورجی گوڵەگەنم ٣٥٪، بورجی قرژاڵ ٣٥٪ و لێک تێنەگەیشتنێکی زۆر لەنێوانیاندایە.

بورجی گوڵەگەنم

ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەنێوان ٢٣/٨ بۆ ٢٢/٩ لەدایکبوون، ئەستێرەناسان ئاماژە بە گونجان و لێکتێگەیشتنێکی زۆر دەکەن لەنێوان ئەم بورجە و بورجەکانی (دووپشک، قرژاڵ، گا، گیسک)، بەهۆی ئەوەی ئەم بورجە کەسانێکن گرنگی بە چواردەوریان دەدەن لەگەڵ زۆربەی بورجەکانی تر توانای خۆگونجاندیان هەیە، ڕێژەی گونجانی ئەم بورجە لەگەڵ بورجی گیسک بریتییە لە ٩٥٪، بورجی گا ٩٠٪، بورجی قرژاڵ ٩٠٪، بورجی دووپشک ٨٨٪، بورجی نەهەنگ ٨٨٪، هەروەها کەمترین گونجان لەنێوان ئەم بورجە و بورجی شێر ٣٥٪ و بورجی سەتڵ ٣٠٪ دەبینرێت.

بورجی تەرازوو

لەدایکبووانی ٢٣/٩ بۆ ٢٢/١٠ دەگرێتەوە، باشترین گونجاوترین بورجەکان. لەگەڵ ئەم بورجەدا بریتییە لە بورجەکانی (دووانە، سەتڵ، شێر) چونکە لە توانایاندایە لە سروشتی یەک تێ بگەن، ڕێژەی گونجانی ئەم بورجە لەگەڵ بورجی شێر بریتییە لە ٩٧٪، بورجی دووانە ٩٣٪، بورجی سەتڵ ٩٠٪، بورجی نەهەنگ ٨٨٪، کەمترین گونجان هەیە لەنێوان ئەم بورجە و بورجی قرژاڵ ٤٣٪، بورجی دووپشک ٣٥٪.

بورجی دووپشک

لەدایکبووانی ٢٣/١٠ بۆ ٢١/١١ دەگرێتەوە، باشترین کەسەکان بۆ پەیوەندی هاوڕێیەتی یان خۆشەویستی لەگەڵ ئەم بورجەدا بریتییە لە بورجە ئاوییەکان وەک (دووپشک، نەهەنگ) و بورجە خاکییەکانیش وەک (گوڵەگەنم، گا، گیسک) چونکە لە گرنگیدان و ڕێزگرتن لە ئاسوودەیی و ئارامی یەکتردا هاوشێوەن، ڕێژەی گونجانی بورجی دووپشک لەگەڵ بورجی نەهەنگ بریتییە لە ٩٧٪، بورجی گیسک ٩٥٪، بورجی قرژاڵ ٩٤٪، بورجی گا ٨٨٪، بورجی گوڵەگەنم ٨٨٪، کەمترین گونجان لەنێوان ئەم بورجە و بورجی کەوان و دووانەدا هەیە بریتییە لە ٢٨٪.

بورجی کەوان

لەدایکبووانی ٢٢/١١ بۆ ٢١/١٢ دەگرێتەوە، ئەم بورجە دەتوانن پەیوەندییەکی زۆرباش دروست بکەن لەگەڵ بورجە ئاگرییەکان وەک (کاوڕ، شێر) چونکە دەتوانن لە زمانی یەکتر تێ بگەن، هەروەها بورجە هەواییەکانیش وەک (دووانە، سەتڵ، کەوان) لەبەر ئەوەی لە بنچینەدا هەمان ڕێژەی هێز و زیرەکییان هەیە، ڕێژەی گونجانی ئەم بورجە لەگەڵ بورجی سەتڵ ٩٠٪، بورجی شێر ٩٣٪، بورجی کاوڕ ٩٣٪، بورجی تەرازوو ٧٣٪، هەروەها کەمترین تێگەیشتن هەیە لەنێوان ئەم بورجە و بورجەکانی گا ٣٠٪ و بورجی دووپشک ٢٨٪.

بورجی گیسک

ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەنێوان ٢٢/١٢ تاکوو ١٩/١ لەدایکبوون، ئەم جۆرە کەسانە دەتوانن پەیوەندییەکی دۆستانە یان ڕۆمانسییانە لەگەڵ بورجە خاکییەکان دروستبکەن وەک (گیسک، گوڵەگەنم، گا) چونکە بە خاوەنی هەمان هەست و بیروڕان، هەروەها بورجە ئاوییەکانیش وەک (قرژاڵ، نەهەنگ، دووپشک) کە هەست و سۆز بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە، ڕێژەی لێکتێگەیشتنی ئەم بورجە لەگەڵ بورجی گوڵەگەنم ٩٥٪، بورجی گا ٩٨٪، بورجی نەهەنگ ٨٨٪، بورجی دووپشک ٩٥٪، هەروەها ئەم بورجە زۆر بە دەگمەن دەتوانن لەگەڵ بورجی کاوڕ بگونجێن چونکە کەمترین تێگەیشتن و خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە بەڕێژەی ٤٧٪ و بورجی شێریش ٣٥٪، بەهۆی ئەمەشەوە ئەستێرەناسان پێشنیار دەکەن بورجی گیسک لەگەڵ ئەم دوو بورجە دوور بکەونەوە.

بورجی سەتڵ

لەدایکبووانی ٢٠/١ بۆ ١٨/٢ دەگرێتەوە، لە ئەستێرەناسیدا ئەو کەسانەی لە بورجی سەتڵدا لەدایکدەبن پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی و سۆزداری لەگەڵ بورجە هەواییەکانی (دووانە، تەرازوو، سەتڵ) کۆیان دەکاتەوە بەهۆی ئەوەی خاوەنی هەمان زمانی عەقڵین، هەروەها لەگەڵ بورجە ئاگرییەکان (شێر، کەوان، کاوڕ) زۆر بەباشی دەگونجێن، ڕێژەی گونجانی بورجی سەتڵ لەگەڵ بورجی دووانە لەگەڵ بورجی کەوان ٩٠٪، بورجی تەرازوو ٩٠٪، هەروەها لەگەڵ گوڵەگەنم ٣٠٪ و بورجی قرژاڵیش ٢٧٪ و نەگونجانێکی زۆر لەنێوانیاندا دەبینرێت.

بورجی نەهەنگ

لەدایکبووانی ١٩/٢ بۆ ٢٠/٣ دەگرێتەوە، ئەو کەسانەی لەدایکبووی ئەم بورجەن پەیوەندییەکی ڕۆمانسی و هاوڕێیەتی لەگەڵ لەدایکبووانی بورجەکانی (نەهەنگ، قرژاڵ، دووپشک) کۆیان دەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی هەموویان گیانەوەری ئاوین و لە هەست و سۆزی یەکتر تێ دەگەن، هەروەها لەگەڵ بورجەکانی (گیسک، گا، کاوڕ) دەگونجێن و پەیوەندییەکی دۆستانە دەیانبەستێتەوە، ڕێژەی گونجانی بورجی نەهەنگ لەگەڵ بورجی دووپشک بریتییە لە ١٠٠٪، لەگەڵ بورجی گیسک ١٠٠٪، لەگەڵ بورجی قرژاڵ ١٠٠٪، لەگەڵ بورجی گا ٨٣٪، لەگەڵ بورجی نەهەنگ ٧٨٪، هەروەها کەمترین گونجانی هەیە لەگەڵ بورجی دووانەدا کە بریتییە لە ٤٩٪.


سەرچاوەکان



4528 بینین