قەڵەوی لە منداڵاندا

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-09-21:51:00 - کۆدی بابەت: 10598
قەڵەوی لە منداڵاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قەڵەوی لە منداڵاندا (بە ئینگلیزی: Obesity in children، بە عەرەبی: السمنة عند الأطفال) قەڵەوی (Obesity) کێشەیەکە نەک تەنها گەورەکان بەڵکوو ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی تەمەنە جیاوازەکان دەگرێتەوە. قەڵەوی لە منداڵاندا گرفتێکی زۆر دروست دەکات، ئەمەش ڕەنگە دەرئەنجامەکانی نەک لە ماوەیەكی كوتخایەندا، بەڵکوو لە تەمەنی گەورەییدا بەرە بەرە دەربكەوێت. کێشەکانی وەک نەخۆشی شەکرە، بەرزی پەستانی خوێن و بەرزی کۆلیسترۆڵ، چەند ئاڵۆزیەکی ناسراون لەقەڵەوی منداڵیدا، كە لە منداڵییەوە دەست پێدەکات و تا تەمەنی گەورەیی بەردەوام دەبێت. زۆرێک لە منداڵانی قەڵەو تا تەمەنی گەورەبوون بە قەڵەوی دەمێننەوە، بەتایبەت ئەگەر یەکێک یان هەردوو دایک و باوکیان قەڵەو بن. قەڵەوی منداڵیش لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون و خەمۆکی.

نیشانەکانی قەڵەوی لە منداڵاندا

هەندێک لە نیشانە باوەکانی قەڵەوی منداڵان بریتین لە:

  • گۆڕانکاری لەڕووی دەرەوەدا لەوانە: کشانی پێستی سک و ڕەشبوونەوەی پێستی دەوروبەری مل
  • زیادبوونی کەڵەکەبوونی چەوری لە ناوچەی سنگ
  • كەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون
  • تێکچوونی ئارەزووی خواردن
  • تەنگەنەفەسی لە کاتی چالاکیی جەستەیی
  • نەمانی هەناسەدان لە كاتی خەودا
  • قەبزی
  • گەڕانەوەی ترشی گەدە بۆ سورێنچک
  • باڵغبوونی پێشوەختە و ناڕێکی سوڕی مانگانە لە کچاندا
  • دواکەوتنی تەمەنی باڵغبوون لە کوڕاندا
  • تەخت بوونی پێ
  • داكەوتنی شان

قەڵەوی منداڵان چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

حیسابکردنی پێوەرەکانی بارستەی جەستە (BMI) بە پێوانی باڵا و کێش باوترین ڕێگایە بۆ هەڵسەنگاندنی مەودای کێشی منداڵان و گەورەکان. بە یارمەتی ئەم پێوەرە مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی کێشی زیادە و قەڵەوی منداڵەکەی بزانێت و ڕێکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی کێشی بگرێتەبەر. هەروەها پزیشک دەتوانێت جگە لە حیسابکردنی پێوەرەکانی بارستەی جەستە، کەڵک لە هێڵکاری گەشەکردن و پشکنینی تر وەربگرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا کێشی منداڵەکە دەتوانێت کێشە بۆ تەندروستی دروست بکات یان نا.

هۆکاری قەڵەوی منداڵان چییە؟

منداڵان بە هۆکاری جۆراوجۆر قەڵەو دەبن. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە:

  • هۆکارە بۆماوەییەکان
  • ناچالاکی جەستەیی
  • شێوازی خۆراکی ناتەندروست یان تێکەڵەیەک لەم هۆکارانە

قەڵەوی لە منداڵاندا بەهۆی بارودۆخی پزیشکی وەک کێشەی هۆرمۆنەکان دەگمەنە. پشکنینی جەستەیی و پشکنینی خوێن ئەم کێشەیە دەستنیشان دەکات. هەرچەندە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەواوی ئەندامانی خێزانێك کێشەی کێشیان بۆ دەمێنێتەوە، بەڵام مەرج نییە هەموو منداڵێکی خێزانێکی قەڵەو کێشی زیادە بێت. ئەو منداڵانەی دایک و باوک، برا یان خوشکەکانیان قەڵەون مەترسی زۆریان لەسەرە کە کێشیان زیاد بێت، بەڵام ئەم قەڵەوییە لەوانەیە لە ڕەفتاری خێزانییەوە سەرچاوەی گرتبێت وەک خۆراک و وەرزشکردن.

ئایا دەكرێت قەڵەوی منداڵان بۆماوەیی بێت؟

بۆماوەیی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە قەڵەوی منداڵاندا. ئەو منداڵانەی ئەندامانی خێزانەکانیان کێشیان زیادە، زیاتر تووشی قەڵەوی دەبن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بۆماوەیی لەگەڵ هۆکارە ڕەفتار و ژینگەییەکان کاردەکات. ئەمەش بەو واتایەیە کە لە دەستنیشانکردنی کێشی منداڵدا، خواردن و چالاکیی جەستەیی بەقەد مێژووی خێزانەکەی گرنگە.

ئایا کێشی زیادەی منداڵەکەم لە کاتی گەشەکردندا وردە وردە کەم دەبێتەوە؟

کێشی زیادەی منداڵەکەت كەم نابێتەوە، مەگەر یارمەتیبدەیت تا فێربێت چۆن هەڵبژاردنێكی تەندروستتری هەبێت. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو منداڵانەی قەڵەون یان کێشیان زیادە، ئەگەری زۆرە لە تەمەنی گەورەیشدا قەڵەو بن.

ئایا پێویستە ڕێجیمێکی دابەزاندنی کێش بۆ منداڵەکەم لەبەرچاو بگرم؟

پێش ڕاوێژکردن بە پزیشک پلانی ڕێجیم بۆ منداڵەکەت دامەنێ، منداڵ بۆ گەشەکردن و فێربوون پێویستی بە بڕێکی دیاریکراو لە کالۆری و ماددە خۆراکییەکان هەیە.

وەک دایک و باوک چۆن دەتوانین یارمەتیدەر بین لە چارەسەرکردنی قەڵەوی منداڵەکەمان؟

منداڵەکەت فێر بکە کە خواردنی تەندروست و چالاکیی جەستەیی ڕێك و پێك کلیلی کێشێکی ئاسایی و تەندروستن. هەروەها ئەم خووە باشانە ڕێگری لە کێشە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکان دەکەن کە لەوانەیە لە ئەنجامی زیادبوونی کێشدا سەرهەڵبدەن. وەک دایک و باوک یان چاودێرێکی سەرەكی، کاریگەرییەکی زۆرت لەسەر منداڵەکەت هەیە. منداڵەکەت چاو لە ڕەفتارەكانی تۆ دەکات بۆیە نمونەیەکی باش بە بۆی. پێویستە هەموو ئەندامانی خێزان یاسای خواردنی تەندروست و چالاکیی جەستەیی جێبەجێ بکەن و ئەم یاسایە تەنها بۆ منداڵێک سنووردار نەبێت کە کێشی زیادە. بیر لە ڕێجیم و پلانی کاتی مەکەرەوە. بەم یاسایە خووی تەواوی ژیانت دادەمەزرێنیت کە سەلامەتی هەموو خێزانەکە زیاد دەکات.

ڕێگاكانی خۆپاراستن لە قەڵەوی منداڵان كامانەن؟

بە جێبەجێکردنی هەندێک لەم ڕێکارانەی خوارەوە و هەروەها وەرگرتنی یارمەتی لە پزیشک، دەتوانیت بە ئاسانی ڕێگری لە قەڵەوی منداڵان بکەیت:

  • سنووردارکردن و کەمکردنەوەی شیرینی.
  • یارمەتیدانی منداڵان بۆ زیادکردنی چالاکیی جەستەیی، یاریکردن یان وەرزشکردن.
  • کەمکردنەوە یان سنووردارکردنی خواردنی خێرا و زیانبەخش.
  • چارەسەرکردنی کێشە پزیشکییەکانی منداڵ کە دەبێتە هۆی قەڵەوی.
  • یارمەتیدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکانی منداڵان وەک خەمۆکی، بێزاری، نەبوونی متمانە بەخۆبوون.
  • هاندانی منداڵان بۆ خواردنی سەوزە و میوەی تازە.
  • سەیرکردنی تەلەڤزیۆن و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و مۆبایل سنووردار بکە.


سەرچاوەکان



510 بینین