نەمانی ئارەزووی خواردن لای منداڵان

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-09-23:12:00 - کۆدی بابەت: 10602
نەمانی ئارەزووی خواردن لای منداڵان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەمانی ئارەزووی خواردن لای منداڵان (بە ئینگلیزی: loss of appetite in children، بە عەرەبی: فقدان الشهية عند الأطفالمنداڵان لە پێش هەموو شتێكەوە پێویستیان بە خواردن، جلوبەرگ، شوێنی حەوانەوە و هەروەها خەوی پێویست هەیە. جگە لەوەش هەندێک لە دایک و باوکان نیگەرانی نەمانی ئارەزووی خواردنی منداڵەكانیانن. لەوانەیە منداڵەکە برسێتی خۆی دەرنەبڕێت یان لە کاتێکی دیاریکراودا خۆراکی پێویست نەخوات. ئەم بابەتە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کێشی منداڵەکە هەبێت. لەم حاڵەتەدا دایک و باوک زیاتر نیگەرانن لە گەشەکردنی منداڵەکەیان.

هۆكارەكانی نەمانی ئارەزووی خواردن لای منداڵ

باوترین هۆكارەكانی نەمانی ئارەزووی خواردن لای منداڵ بریتین لەمانەی خوارەوە:

- نەخۆشی و بەکارهێنانی دەرمان

لە هەندێک حاڵەتدا نەخۆشی یان خواردنی هەندێک دەرمان کاریگەری نەرێنی لەسەر ئارەزووی خواردنی منداڵەکە دەبێت. لەکاتی نەخۆشییەکەدا هەموو کارەکانی لەش بە هەرسکردنیشەوە ڕووبەڕووی كێشە دەبنەوە. لە ئەنجامدا منداڵەکە ئارەزووی خواردنی نامێنێت. تەنانەت دوای چاکبوونەوەش ڕەنگە ماوەیەکی پێبچێت تا کۆئەندامی هەرس بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی. بەكارهێنانی دژە زیندەیی کاریگەری لەسەر ئارەزووی خواردنی منداڵ دەبێت. هەروەها زۆرێک لە دەرمانەکانی تر دەبنە هۆی نەمانی ئارەزووی خواردن لە منداڵدا.

- کەمی زینک لە جەستەی منداڵدا

یەکێک لە ماددە گرنگەکان بۆ هەرسکردنی خۆراک لە گەدەدا بریتییە لە ترشی هایدرۆکلۆریک. هەروەها ئەم مادەیە کاریگەرە لە زیادکردنی ئارەزووی خواردن. توخمێکی زینک دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ئەم ترشە لە جەستەدا. بۆیە دەکرێت كەمی ئارەزووی خواردن لە منداڵدا بەهۆی کەمی زینک لە جەستەدا بێت. بە گۆڕینی خۆراک، دەتوانرێت کەمی ئەم توخمە بە ئاسانی قەرەبوو بکرێتەوە. ئەو خۆراکانەی کە بڕێکی زۆر زینکیان تێدایە بریتین لە مریشک، گازۆ، گەنم و ناوكە كولەكە.

- کێشە لە كاری هەرس و هەزمكردنی خۆراک

بۆ هەرسکردنی خۆراک لە گەدەدا پێویستی بە وزە هەیە. درەنگ هەرسكردن، غازاتی ناو ڕێڕەوی هەرس و ئاوسانی سك کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەم وزەیە هەیە. هەروەها نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان دەتوانن کێشە لە هەرسکردندا دروست بکەن و ببنە هۆی نەمانی ئارەزووی خواردنی منداڵ.

- خاوبوونەوەی ڕێژەی گەشەی منداڵ

نەمانی ئارەزووی خواردن لە هەموو حاڵەتەکاندا ئاماژەیەك نییە بۆ کێشەیەک لە جەستەی منداڵەکەدا. بەزۆری ئارەزووی خواردنی منداڵ لە مانگەکانی یەکەمی ژیانیدا زۆرە، بەڵام دوای ٤ یان ٥ مانگ ڕێژەی گەشەی لەش کەم دەبێتەوە و لە ئەنجامدا بڕی وزەی پێویست بۆ گەشەی منداڵەکەش کەم دەبێتەوە. نەبوونی ئارەزووی خۆراك لە منداڵدا لەم بارەدا تەواو ئاساییە.

- نەبوونی جۆراوجۆری لە خۆراکدا

پێویستە دایک و باوک چاودێری بڕ و جۆری ئەو خۆراکانە بکەن کە منداڵەکە دەیخوات. هەمەجۆریی لە خۆراکی منداڵدا زۆر گرنگە. ئەگەر منداڵەکە بڕێکی زۆر لەو خۆراکانە بخوات کە دانەوێڵەی تەواویان تێدایە، ئەگەری ئەوەی هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە برسێتی نەکات. دانەوێڵە تەواوەکان ڕیشاڵیان تێدایە و کاتێکی زۆری دەوێت تا بە تەواوی هەرس دەبێت. هەروەها زیادەڕۆیی لە خواردنی شیری مانگا یان شیری وشك دەبێتە هۆی نەمانی ئارەزوی خواردنی منداڵ.

- فشار

فشاری دەروونی زۆر کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان هەیە، لەنێویشیاندا لەدەستدانی ئارەزووی خواردن. فشاری دەروونی دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ ئارەزووی خواردنی نەمێنێت و کێشەی خەوتنی هەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە دایک و باوک هۆکاری فشارە دەروونییەكە دیاری بکەن و چارەسەری بكەن. هەندێک لە هۆکارە باوەکانی فشاری دەروونی لە منداڵاندا بریتین لەمانەی خوارەوە:

  • ڕوودانی کێشە لە خێزانەکەدا، لەوانە مردنی ئەندامێکی خێزانەکە یان مردنی ئاژەڵێکی ماڵی، هەروەها لەدایکبوونی منداڵی دووەم.
  • ئازاردانی منداڵەكە.
  • بێ توانایی لە مامەڵەکردن لەگەڵ فشار، کێشەی فێربوون خوێندن و چاوەڕوانییە نالۆژیكییەكانی دایک و باوک.

- خەمۆکی

هۆکارێکی تری تووشبوون بە نەمانی ئارەزووی خواردنی منداڵان خەمۆکییە. زۆربەی دایک و باوکان جیاوازی ناکەن لە نێوان خەمۆکی و دڵتەنگی. هەستکردن بە دڵتەنگی لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا نامێنێت، بەڵام خەمۆکی بە سادەیی لەناو ناچێت. خەمۆکی نەک هەر منداڵ ناڕەحەت دەکات، بەڵکو ژیانی ڕۆژانەی منداڵیش تێکدەدات. خەمۆکی دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ حەزی لە چالاکییەکانی ڕۆژانەی نەمێنێت. هەروەها گۆڕانکاری لە خواردنیش دەكرێت ئاماژە بێت بۆ خەمۆکی. لەم جۆرە حاڵەتانەدا باشترە بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی منداڵەکە ڕاوێژ بە دەروونناسی منداڵ بکرێت.

- کەمخوێنی

یەکێکی تر لە هۆکارەکانی نەمانی ئارەزووی خواردن لە منداڵاندا کەمخوێنییە. منداڵانی کەمخوێن بەزۆری بێهێز، ماندوو و توڕە دەبن. کەمخوێنی ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت کاریگەری لەسەر گەشەکردن و ئەدای منداڵ لە قوتابخانەدا هەبێت. باشتر وایە پشکنینی خوێن بەکاربهێنرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی منداڵەکە کەمخوێنی هەیە یاخود نا.

- قەبزی

ناڕێکی جووڵەی ڕیخۆڵە دەبێتە هۆی قەبزی. هەروەها نەمانی ئارەزووی خواردنی منداڵیش دەكرێت كاریگەر بێت لە كاتی دروستبوونی قەبزیدا.

جگە لەو هۆکارانەی ئاماژەیان پێکراوە، هۆکارەکانی تر وەک بڕی خواردنی خۆراك، باری ئابووری کۆمەڵایەتی و ترس لە خواردنی خۆراکی نوێ دەبنە هۆی تووشبوون بە نەمانی ئارەزوی خواردن لە منداڵاندا.

چارەسەری نەمانی ئارەزووی خواردن لە منداڵاندا

ڕێگای جیاواز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەمانی ئارەزووی خواردن لە منداڵدا. هەندێک لەو شێوازانە ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرن:

- خواردنی خۆراکی بەسوود و جۆراوجۆر بۆ نانی بەیانی

لەڕووی کاتەوە جەستە زۆرترین وزەی پێویستە لە سەرەتای ڕۆژدا. خواردنی خۆراکی بەسوود و بەتام لە ژەمی بەیانیاندا جەستەی منداڵ ئامادە دەکات بۆ چالاکییەکانی بەدرێژایی ڕۆژ و میتابۆلیزمی جەستەی زیاد دەکات.

- ژمارەی ژەمەکان بگۆڕە

بەزۆری گەورەكان ڕاهاتوون ڕۆژانە سێ ژەم بخۆن. بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە گەشەی منداڵ پێویستی بە وزەیەکی زۆر هەیە، لەبەر ئەم هۆکارە باشترە ژمارەی ژەمەکانی منداڵان بگۆڕدرێت. بۆ ئەم مەبەستە باشترە لەبری سێ ژەم هەر چەند کاتژمێر جارێک خواردن بخوات. لە ئەنجامدا منداڵ لە ڕۆژدا وزەی زیاتری دەبێت و هەروەها هاوسەنگی ئەو ماددە خۆراکیانەی کە منداڵەکە دەیخوات ڕێکدەخرێت.

- خواردنەوەی ئاو پێش ژەمەکان

خواردنەوەی ئاو پێش خواردن ئاوی لەدەستچووی جەستە دابین دەكات و هەروەها کۆئەندامی هەرس بۆ خواردن ئامادە دەکات. ئەم دوو هۆکارە ئارەزووی خواردنی منداڵ زیاد دەکەن و جارێکی تر منداڵ هەست بە برسێتی دەکات.

- خواردنی ژەمە بچووکەکان

بەزۆری لە نێوان ژەنەكاندا خۆراکی وەک بسکیت یان چپس دەخۆن. باشتر وایە لەبری خواردنی ئەو خۆراکانەی کە بەهای خۆراکی زۆریان نییە و دەبنە هۆی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، ساندویچی بچووک یان خۆراکی بەسوود بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی هەستی برسێتی نەمێنێت و پێداویستییەکانی جەستەش دابینبکرێت.

- شیر بە تەنیا ژەمێکی تەواو نییە

شیر مادەی خۆراکی زۆری تێدایە، بەڵام بە تەنیا ژەمێکی تەواو نییە. زۆر خواردنی شیر ئارەزووی خواردن بۆ ژەمی داهاتوو کەمدەکاتەوە. بۆیە پێویستە شیر بەڕێژەیەکی مامناوەند بخورێت. لەبری شیر دەتوانرێت بەرهەمە شیرەمەنیەکانی تر بەکاربهێنرێت.

- خواردنی بستە بۆ زیادکردنی ئارەزووی خواردن

بستە یەکێکە لەو خۆراکانەی کە چارەسەری نەمانی ئارەزووی خواردن دەکات. بستەی سورکراوە بەزۆری بۆ زیادکردنی ئارەزووی خواردن بەکاردێت. ئەگەر منداڵەکەت ئارەزووی خواردنی نان و کەرە دەکات، باشترە لەبری کەرەی ئاسایی کەرەی بستە بەکاربهێنێت.

- چالاکیی جەستەیی

وەرزشکردن سوودێكی زۆری بۆ منداڵان هەیە. چالاکیی جەستەیی دەبێتە هۆی بەكارهێنانی وزە لە جەستەدا. بەکارهێنانی وزە دەبێتە هۆی هاندانی کۆئەندامی هەرس و ئارەزووی خواردنی منداڵ زیاد دەکات. بەزۆری ئەو منداڵانەی زۆر وەرزش دەکەن و چالاکیی جەستەیی زۆریان هەیە، بە دەگمەن دووچاری نەمانی ئارەزووی خواردن دەبن.

- کاریگەری پلەی گەرمی دەوروبەر لەسەر ئارەزووی خواردنی منداڵ

پلەی گەرمی دەوروبەر کاریگەری لەسەر ئارەزووی خواردنی گەورەکان و منداڵان دەبێت. منداڵان بەزۆری لە هاویندا و لە کەشوهەوای گەرمدا ئارەزووی خواردنیان نامێنێت. لە کاتێکدا وا دیارە كە لە زستاندا و لە کەشوهەوای سارددا ئارەزووی خواردنی منداڵان زیاد دەکات. پلەی گەرمی دەوروبەر کاریگەری لەسەر بڕی وزەی بەکارهێنراو هەیە بۆ گەرمکردنی جەستە. بە فێنک ڕاگرتنی پلەی گەرمی ژینگە، میتابۆلیزمی جەستەی منداڵ بەخێراییەکی سروشتی ئەنجام دەدرێت و لە ئەنجامدا ئارەزووی خواردنی منداڵ زیاد دەکات.

- بەكارهێنانی زینک بۆ نەهێشتنی كەمی ئارەزووی خواردن لە منداڵدا

خواردنی زینک پێویستە بۆ باشترکردنی كاری هەرس. ئەگەر ڕێژەی ترشی هایدرۆکلۆریک لە گەدەدا ئاسایی بێت، ئەوا پرۆسەی هەرسکردن ڕێكخراو دەبێت. جگە لە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە زینکیان تێدایە، دەتوانرێت تەواوکەری زینک بە پێی ڕێنمایی پزیشکیش بەکاربهێنرێت.

- ئامادەكردنی خواردنی دڵخوازی منداڵ

هەندێکجار باری دەروونی منداڵ کاریگەری لەسەر ئارەزووی خواردنی دەبێت. ئەگەری ئەوە هەیە منداڵ لە خواردنی خۆراکی دووبارەبووەوە بێزار بووبێت یان لە بابەتێكی تر ناڕەحەت بێت. دایک و باوک بە ئامادەکردنی خواردنی دڵخوازی منداڵ، وا لە منداڵەکە دەکەن هەست بە برسێتی بکات و ئارەزووی خواردنی زیاد دەکات.

ئەو خۆراکانەی کە چارەسەری نەمانی ئارەزووی خۆراك دەكەن لە منداڵدا

ئەو خۆراکانەی کە ئارەزووی خواردنی منداڵ زیاد دەکەن بریتین لە:

- ئاوی لیمۆ

لیمۆ ئارەزووی خواردنی منداڵ زیاد دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش منداڵ دەتوانێت بە ئەندازەی پەرداخێک ئاوی لیمۆ بخوات بۆ نەهێشتنی كەمی ئارەزووی خواردن. بەم شێوەیە کۆئەندامی هەرسکردنی منداڵ دەست بە کارکردن دەکات و منداڵەکە هەست بە برسێتی دەکات.

- هەڵوژە

خواردنی هەڵوژە ئارەزووی خواردن زیاد دەکات. ڕێژەی ماددە خۆراکیەکان لە هەڵوژە لەگەڵ تامە تایبەتەکەی وا دەکات ئەم میوەیە ببێتە یەکێک لە خواردنە دڵخوازەکانی منداڵان. خواردنی هەڵوژە هەستی برسێتی لە منداڵاندا زیاد دەکات.

- قۆخ

قۆخ بڕێکی زۆر ڕیشاڵی تێدایە. ڕیشاڵی ناو قۆخ هەرس و هەزمی خۆراك باشتر دەکات، بەمەش ڕێگری لە قەبزی دەكات. قۆخ میوەیەکی زۆر بەتامە و زۆر بەسوودە بۆ زیادکردنی ئارەزووی خواردنی منداڵ.

- ماست و نەعنا

دەتوانرێت گەڵای نەعنا بەکاربهێنرێت بۆ زیادکردنی ئارەزووی خواردنی منداڵ. بۆ ئەم مەبەستە هەندێک گەڵای نەعنا لەگەڵ هەندێک ماست تێکەڵ بکە و بڕێک خوێی تێبکە. ئەم ماددە خۆراکییە ئارەزووی خواردنی منداڵ زیاد دەکات و تەنانەت بۆ منداڵانی سەرووی یەک ساڵیش بەسوود و کاریگەرە.

- ناوکە کوله‌‌كە

ناوكە كولەكە ڕیشاڵی تێدایە. ڕیشاڵی ناو ناوكە كولەكە کۆئەندامی هەرس بە تەندروستی دەهێڵێتەوە. هەروەها بەهۆی بوونی زینکەوە، ناوكە كولەكە کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەرسکردنی خۆراک لە جەستەدا هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە خواردنی هەندێک ناوكە كولەكە ئارەزووی خواردن زیاد دەکات و وا دەکات منداڵ هەست بە برسێتی بکات.

- شەربەتی گێزەر

گێزەر سوودێکی زۆری هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی لەش و یەکێک لەو سوودانە نەهێشتنی كەم خواردنە. بۆ ئەم مەبەستە منداڵ دەتوانێت ٣٠ خولەک پێش خواردن كوپێكی بچووک شەربەتی گێزەر بخوات. شەربەتی گێزەر وا دەکات منداڵ هەست بە برسێتی بکات و ئارەزووی خواردن زیاد دەکات. 

- بستە

زینک ئارەزووی خواردنی منداڵ زیاد دەکات. ئەم توخمەش بە ڕێژەیەکی زۆر لە بستەدا هەیە. منداڵانی خوار یەک ساڵ نابێت بستە بخۆن، چونکە هەستیاری بە بستە لەنێو زۆر کەسدا باوە و ئەگەری هەیە منداڵەکەش ئەم جۆرە هەستیاریەی هەبێت. سەرەتا دەبێت منداڵ بۆ ماوەی هەفتەیەک ئەم خۆراکە بخوات بۆ ئەوەی دایک و باوک دڵنیابن لەوەی کە منداڵەكە هیچ هەستیاریەکی نییە. خواردنی بستە بە هەر شێوەیەک بێت، بە کەرەكەشییەوە، بۆ منداڵان سوودی هەیە.

- زەنجەفیل

زەنجەفیل لەگەڵ ئەو بەرهەمەی کە لە تێکەڵکردنی شیر و سرکە یان ئاوی لیمۆ بەدەست دێت بەکاردێت بۆ گەڕاندنەوەی وزەی هەرس و ئارەزووی خواردن.

- زەردەچەوە

زەردەچەوە جگە لەوەی ئارەزووی خواردنی منداڵ زیاد دەکات، هەوکردن لەناو دەبات و هەرسکردن باشتر دەکات. تێکەڵەیەک لە زەردەچەوە و بڕێک زەیتی ئاژەڵ زۆر بەسوودە بۆ چارەسەرکردنی كەمی ئارەزووی خواردن لە منداڵدا.

- دارچینی

بەهۆی بوونی مادەی هایدرۆکسیچالکۆن لە دارچینیدا، خواردنی ئەم بەهاراتە لەگەڵ خۆراکی جیاوازدا دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی نەمانی ئارەزووی خۆراك لە منداڵاندا.


سەرچاوەکان

128 بینین