کێشەی ئەو منداڵانەی شەڕی نێوان دایک و باوکیان دەبینن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-11-21:30:00 - کۆدی بابەت: 10619
کێشەی ئەو منداڵانەی شەڕی نێوان دایک و باوکیان دەبینن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەمەقاڵێ و شەڕکردن بەشێکە لە ژیانی ئاسایی و هیچ چارەسەرێکی نییە کە بتوانرێت بەتەواوی ڕێگری لێبکرێت، بەڵام وەکوو دایک و باوک ئەرکە کە بابەتەکانی کار و خێزان لەیەکتری جیابکەنەوە، بۆئەوەی بتوانن ژیانێکی ئارامتر بۆ منداڵ دابین بکەن، جگە لەوە شەڕی دایک و باوک لەبەردەم منداڵ، دەتوانێت کاریگەری خراپی لەسەر دابنێت.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕی دایک و باوک لەپێش منداڵ

١. فشاری سۆزداری

ئەو خێزانانەی کە لەبەردەم منداڵەکانیان دەمەقاڵێ دەکەن، جۆرێک لە فشار دەخەنە سەر منداڵ، شەڕی دایک و باوک دەتوانێت کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر لایەنی سۆزداری منداڵ و ئەمەش وادەکات منداڵ هەست بە پارێزراوی نەکات، لەئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لە داهاتوودا تووشی هەندێک کێشەی وەکوو فشار و خەمۆکی ببێت.

٢. هەڵچوون

ئەو خێزانانەی کە لەبەردەم منداڵەکانیان شەڕ دەکەن، لەڕاستیدا منداڵەکەی خۆیان فێری ئەوە دەکەن کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت تووڕە بێت و شەڕ بنێتەوە، بەم پێیەش منداڵ هەوڵ دەدات کێشەکانی بەو ڕێگایە چارەسەر بکات، لەئەنجامدا ئەم ڕووداوە دەبێتە هۆی هەڵچوونی بەردەوام و تێکدانی پەیوەندییەکانی. 

٣. شکستهێنان لە پەیوەندییەکانی

منداڵ هەوڵ دەدات لە پەیوەندییەکانیدا وەکوو دایک و باوکی ڕەفتار بکات، ئەگەر ئێوە بەردەوام خەریکی شەڕکردن بن، منداڵەکەشتان لە داهاتوودا هەمان ڕەفتاری دەبێت و لە ئەنجامدا پەیوەندییەکانی شکست دەهێنن و ئەویش بەردەوام لەم شکستانە زیانی پێدەگات. 

٤. کێشە جەستەییەکان

بینینی شەڕی دایک و باوک دەتوانێت ببێتە هۆی هەستی خەمۆکی، فشار، ناڕەحەتی و بێزاری لە منداڵدا و ئەم هەستە نەرێنییانە کاریگەری دەکەنە سەر تەندروستی مرۆڤ و لە هەندێک منداڵدا دەبێتە هۆی نان نەخواردن، لە هەندێکی تردا دەبێتە هۆی زۆرخۆری کە هەموو ئەمانە زیانی دەبێت بۆ سەلامەتی جەستەیی منداڵ.

٥. تێکچوونی خەو

شەڕی دایک و باوک کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر خەوی منداڵ و وادەکات کە نەتوانێت بەئارامی بخەوێت، دەبێتە هۆی زوو ڕەنجان و بیانووگرتنی منداڵ.

٦. لاوازی سەرنجدان لە خوێندن

شەڕکردن لەپێش منداڵ دەبێتە هۆی ئەوەی کە مێشکی بەردەوام سەرقاڵ بێت بەو شەڕانەوە، لەئەنجامدا ناتوانێت سەرنجی بخاتە سەر وانەکانی و ئاستی لە خوێندندا دادەبەزێت. 

٧. متمانەبەخۆبوونی لاواز

تێکەڵبوونی هەستەکانی وەکوو تاوان، شەرمەزاری، بێسوودی و نائومێدی لەم جۆرە منداڵانەدا دروست دەبێت  دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشێوەیەکی گشتی هەستی متمانە بەخۆبوونی زۆر نزم بێت.

٨. کێشەکانی پەیوەندی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی

کێشەکانی دایک و باوک منداڵان خەمبار، تووڕە، کەللەڕەق و ئاڵۆز دەکەن و وادەکەن کە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی خۆیدا کێشەی هەبێت.

ئەو نیشانانەی کە دەریدەخەن شەڕەکانی دایک و باوک کاریگەری کردووەتە سەر منداڵ

- هەر لەگەڵ دەست پێکردنی شەڕی دایک و باوک دەست دەکات بە گریان.
- لەکاتی شەڕکردنی ئەواندا بەتەواوی بێدەنگ دەبێت.
- بەشێوەیەک ڕەفتار و قسە دەکات وەکوو ئەوەی هەست بە نائارامی بکات.
- منداڵ لەکاتی شەڕ و دەمەقاڵێ زۆر دەترسێت.
- منداڵیش هەمیشە هەوڵ دەدات لەگەڵ هاتەمەنەکانی خۆیدا شەڕبکات و هەرگیز لەگەڵیاندا ڕێک ناکەوێت.
- هەندێک ڕەفتاری نائاسایی ئەنجام دەدات.
- لەکاتی شەڕی دایک و باوک نیشانەی وەکوو شەرمەزاربوونی تێدا دەردەکەوێت.
- نیشانەکانی خەمۆکی هەیە.
- لە قوتابخانە لاوازە و ناتوانێت لە چالاکییە بەکۆمەڵەکاندا بەشدار بێت.
- هەمیشە پێی خۆشە لە دایک و باوکی دوور بێت.
- بەردەوام لە کێشەکانی وەکوو سەر ئێشە، سک ئێشە و کێشەکانی تری سەلامەتی و لە گرنگی پێنەدانی گلەیی دەکات.

ئەو خاڵانەی کە پێویستە لەکاتی شەڕکردن لەبەردەم منداڵاندا لەیادتان بێت

- هاوسەرەکان نابێت بە وشەی ناشرین بانگی یەکتری بکەن و بەسەر یەکتریدا هاوار بکەن، دووربکەونەوە لە هەڕەشەکردن لەیەکتری چونکە کاریگەری زۆر خراپ لەسەر منداڵ دادەنێت.

- زۆر ئاساییە کە لەگەڵ هاوسەرەکەت دەربارەی بابەتێک بۆچوونی جیاوازتان هەبێت، بەڵام هەرگیز منداڵەکەتان تێکەڵی ئەو کێشەیە مەکەن.

- هەوڵبدەن ڕێگری بکەن لە بەرزکردنەوەی دەنگی یەکتری و داوای ئارام بوونەوە لەیەکتری بکەن، بۆئەوەی ڕێگری بکەن لە دروست بوونی کێشەی جدی.

- هەرگیز شەڕەکەتان درێژ مەکەنەوە و ئەگەر هەستتان کرد کە بە دەمەقاڵێ ناگەن بە ئەنجام، بێدەنگی هەڵبژێرن و درێژەپێدانەکەی بۆ کاتێکی تر دوابخەن.

- منداڵ مەخەنە بارودۆخێکەوە کە ناچاربێت لایەنگیری یەکێک لە دایکی یان باوکی بکات.

- بۆ ئەوەی هاوسەرەکەت قسەکانت قبوڵ بکات منداڵەکەتان بەکارمەهێنە.

- تەنانەت ئەگەر بابەتی شەڕەکە منداڵەکەتان، بێت هەرگیز سەرزەنشتی ئەو مەکەن.

- داوا لە منداڵ مەکەن کە لە کێشەکانی ئێوەدا ڕۆڵی دادوەر ببێنێت.

- داوا لە منداڵەکەتان مەکە پەیامی تۆ بە هاوسەرەکەت بگەیەنێت.

- لەکاتی شەڕدا هەڕەشەی جێهێشتنی ماڵەکە لە هاوسەرەکەت مەکە، چونکە زیاتر لەوەی کە کار بکاتە سەر ڕەفتاری هاوسەرەکەت، لەسەر هەستی پارێزراوی و ئارامی دەروونی منداڵ کاریگەری دادەنێت.

- دڵنیاببنەوە لەوەی کە منداڵەکەتان بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری شەڕەکەتان نەبێت و تێکەڵاوی نەبێت.

- کارێک مەکەن منداڵ ناچار بێت یەکێکتان هەڵبژێرێت، چونکە ئەوە هەستی شکستهێنانێکی زۆری پێدەبەخشێت.

- لەبەردەم منداڵدا کۆنتڕۆڵی خۆتان لەدەست مەدەن جنێو مەدەن و قسەی ناشرین مەکەن چونکە ئەویش فێر دەبێت هەرکاتێک نەیتوانی کێشەیەک چارەسەر بکات، دەست دەکات بە جنێودان.

ئەو ئامادەکارییانە چین کە دەبێت لەکاتی دروستبوونی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەتان ئەنجامی بدەن

- ئەگەر زانیتان قسەکانتان بەرەو دەمەقاڵێ و شەڕکردن دەڕوات، داوا لە منداڵ بکەن کە ئێوە بەجێبهێڵێت.
- لەبەر پاراستنی ئارامی خێزآن لێبوردەبن و کۆنتڕۆڵی ڕەفتارەکانتان بکەن.
- کاتێک بۆ منداڵەکەتان تەرخان بکەن بۆئەوەی دەربارەی نیگەرانییەکانی لەم شەڕانەی ئێوە قسەتان لەگەڵ بکات. 
- پەیوەندی منداڵەکەتان لەگەڵ دایەگەورە و بابەگەورەی بەهێز بکەن، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لەکاتی شەڕکردنی دایک و باوکی زیانی کەمتری پێبگات.
- لەکاتی شەڕکردندا بە منداڵەکەتان بڵێن ئەمە کێشەی ئێوەیە کە چارەسەر دەبێت و ئێوە ئەوتان خۆش دەوێت.
- ئەگەر لەگەڵ هاوسەرەکەتان شەڕتان کردووە و کێشەتان هەیە ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی بۆ ئەنجامدانی ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە منداڵەکەتانەوە هەیە هاوکاری یەکتری نەکەن.


سەرچاوەکان



348 بینین